٦٤ نوێنەری ئەمریکا داوای ڕێوشوێنی بەپەلە بۆ ئێران دەکەن

ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا نامەیەکیان بۆ مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا نووسیوە و داوایان لێکردووە سزای نوێ لەدژی لەسێدارەدانی سیاسی لە ئێران بسەپێنێت و مافی مرۆڤ بخاتە ناوەندی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تاران.

ناوەندی هەواڵ

 

 ٦٤ ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، لە هەردوو پارتی کۆماری و دیموکرات، نامەیەکیان بۆ مارکۆ ڕوبیو وەزیری دەرەوەی ئەمریکا نارد و نیگەرانی خۆیان لە زیادبوونی لەسێدارەدانی زیندانیانی سیاسی لە ئێران دەربڕی و داوایان لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کرد هەنگاوی کۆنکرێتی دژی لەسێدارەدانەکان بنێت.

 

ئەندامان داوایان کرد ئەم چوار هەنگاوە بنرێت

 

بەگوێرەی نامەکە، ئەو نوێنەرانە داوایان لە وەزارەتی دەرەوە کردووە ئەم چوار هەنگاوە کۆنکرێتییە بنێت.

 

یەکەم - پێویستە ئەمریکا بە ئاشکرا ئەم لەسێدارەدانانە لە بەرزترین ئاستدا ئیدانە بکات.

 

دووەم - پرسی مافی مرۆڤ لە هەر دانوستانێک یان پەیوەندییەکی دیپلۆماسی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێراندا جێگیر بکرێن. نوێنەران جەختیان لەوە کردەوە کە بارودۆخی مافی مرۆڤ بەتایبەتی لەسێدارەدانی زیندانیانی سیاسی و سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان نابێ لەو پرسانەی دیکە جیا بکرێتەوە کە لە نێوان واشنتۆن و تاران باسی لێوە دەکرێت.

 

سێیەم - ئەمریکا لەگەڵ هاوپەیمانەکانی و دەزگاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان هاوکاری بکات بۆ کۆکردنەوە و بەڵگەنامەکردنی زانیاری لەسەر  لە سێدارەدان و دەستبەسەرکردن و سەرکوتکردن لە ئێران و لێپرسینەوە لە بەرپرسان.

 

چوارەم- ئەو بەرپرس و بەرپرسانەی ئێران کە دەستیان لە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و سەرکوتکردنی هاووڵاتیان هەیە، سزا بدرێن. ئەو نوێنەرانە داوایان لە ئەمریکا کرد کە میکانیزمەکانی سزاکانی بۆ سزادانی ئەو کەسانە بەکاربهێنێت کە بەرپرسیارن لەو کردەوانە.

 

داوای ڕێوشوێنی بەپەلە دەکرێت

 

لە بەشێکی دیکەی نامەکەدا، نوێنەران سەرنجیان بۆ داخستنی بەربڵاوی ئینتەرنێت و سنووردارکردنی ئینتەرنێت لە ئێران ڕاکێشا و داوایان لە حکومەتی ئەمریکا کرد هەنگاو بنێت بۆ دڵنیابوون لەوەی گەلی ئێران دەستڕاگەیشتن بە ئینتەرنێت و ئامرازە سەلامەتەکانی پەیوەندیکردن. نوێنەران ئاماژەیان بەوەدا کە دەستڕاگەیشتن بە پەیوەندییەکان زۆر گرنگە بۆ پاراستنی پەیوەندی مرۆڤ بە مرۆڤ، هاوبەشکردنی زانیاری و بەڵگەنامەکردنی پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ.

 

هەروەها لە نامەکەدا ئاماژە بە ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ سەبارەت بە ڕێژەی زۆری لە سێدارەدانەکان لە ئێران کراوە و بە تایبەتی ئاماژە بە زیاتر لە ٩٠٠ لە سێدارەدان  گوکراوە کە لە نێوان کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ تا ئەیلولی ٢٠٢٦ ڕوویانداوە.

 

بەگشتی نامەکە کە لەلایەن ٦٤ ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکاوە نووسراوە، داوا دەکات وەڵامی واشنتۆن بۆ لەسێدارەدان و فشارە سیاسییەکان لە ئێراندا تەنها لە ئیدانەکردنی زارەکیدا سنووردار بێت. هەروەها جەخت لەوە دەکاتەوە کە مافی مرۆڤ و بارودۆخی زیندانیانی سیاسی لە سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامی پێگەیەکی تایبەتی هەبێت. هەروەها نوێنەران جەختیان لە سەر پێویستی کەڵک وەرگرتن لە کەناڵە دیپلۆماسییەکان و هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان بۆ زیادکردنی فشار لەسەر ئەو کەسانەی کە بەرپرسیارن لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ.