"نا بۆ تێکدانی دەستکەوتی ژنانی عێراق"

چالاکوانانی عێراق جەختیان لەوە کردەوە کە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانی و کۆمەڵایەتییە.

نور مەرسومی

 

عێراق-هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنی گفتوگۆکان لە دەوری هەمووارکردنی پێشنیارکراوی یاسای باری کەسیی عێراق، چالاکوانانی ژنان و مافی مرۆڤ هۆشداری دەدەن لە کاردانەوەکانیان لەسەر ڕاستی ژنان و کچان لە کۆمەڵگەدا، ئەم هەموارکردنانە تەنها لە لایەنە یاساییەکانەوە سنووردار نین، بەڵکو درێژدەبنەوە بۆ کاریگەریکردن لەسەر داهاتووی منداڵی و ڕۆڵی ژنان لە خێزان و بنەمای یەکسانی لەبەردەم یاسادا.

 

ژنانی چالاکوانانی عێراق لە دانیشتنێکی ڕاوێژکاریدا جەختیان لەوە کردەوە کە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم هەمووارانە تەنیا شەڕێکی یاسایی نییە؛ بەڵکو خەباتێکە بۆ کەرامەتی ژنان، دەستەبەرکردنی داهاتوویەکی پاریزراو بۆ منداڵانی کچ، پاراستنی یەکێتی کۆمەڵگە لە پارچەبوون و دابەشبوون و ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و کچان، جا یاسایی بێت یان کۆمەڵایەتی، بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانییە کە پێویستی بە هەوڵی هاوبەش هەیە لە هەموو ئاستەکاندا.

 

ئەمال کەباشی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری تۆڕی ژنانی عێراق وتی: دانیشتنەکە بەشێک بوو لە هەڵمەتی داکۆکیکردن کە لەلایەن تۆڕی ژنانی عێراقییەوە ڕێکخرابوو بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژی دژی ژنان، ئێمە هەڵمانبژارد کە دانیشتنەکە لەسەر جێبەجێکردنی یاسای هەموارکراوی باری کەسی و کاریگەرییەکانی لەسەر مافەکانی ژنان و مافی دەستڕاگەیشتن بە دادپەروەری و دەسەڵاتی دادوەری چڕ بکەینەوە،  لای خۆمانەوە پێمانوایە هەموارکردنەوەی یاساکە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر مافەکانی ژنان هەبووە کە بەپێی یاسای ئێستای باری کەسی ژمارە ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩ دابینکراوە، ئەمەش پێویستی بەوەیە لەو ئاڵەنگاری و کاریگەرییانە تێبگەین کە ژنان ڕووبەڕووی دەبنەوە لە دەستڕاگەیشتن بە دادپەروەریدا.

 

دەنگدان لەسەر هەمووارکردنەکە بەبێ دەرکردنی کۆد

بوشرا ئەبو عیس، چالاکوانی مافی مرۆڤ و خێزان و مافی منداڵان ڕایگەیاند، دانیشتنەکە "جیاوازە" بۆ تۆڕی ژنانی عێراق، بە کۆردیناسیۆن لەگەڵ هاوپەیمانی ١٨٨ کە بەرگری لە یاسای باری کەسێتی دەکات، دادوەرەکانی ئەنجومەنی باڵای دادوەری و کۆمەڵێک ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی و پارێزەرانی کۆکردەوە، گفتوگۆکە کە زیاتر لە چوار کاتژمێری خایاند، باسی لە ئاڵەنگاری و بۆشایی و کاردانەوەکانی جێبەجێکردنی یاسای باری کەسی ژمارە یەک لە ساڵی ٢٠٢٥ کرد.

 

وتی: دەسەڵاتی دادوەری چەندین "پەیامی دڵنیاکەرەوە"ی سەبارەت بە جێبەجێکردنی یاسای باری کەسی ناردووە، بەڵام گەورەترین ئاڵەنگاری و کەلێن دەرکردنی ئەم یاسایە و دەنگدانی لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە بەبێ دەرکردنی کۆدێک بۆ ئەم هەمووارکردنە دەمێنێتەوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە یاساکە لەسەر دوو بەش دامەزراوە: هەمووارکردنەوەی دوو ماددەی یاسای پێشوو و دەرکردنی کۆدێک کە تایبەتە بە سەرچاوەی جەعفەری، ئێمە وەک ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، نیگەرانییەکانی خۆمان لەگەڵ دادوەرەکان گفتوگۆ کرد، ئەویش نەزانینمان لە ناوەڕۆکی کۆدەکە، دادوەرەکانیش لە بەرامبەردا سەرسوڕمانی خۆیان لە دواکەوتنی دەرکردنی کۆدەکە دەربڕی.

 

بوشرا ئەبو عیس ڕوونیشیکردەوە، بۆ یەکەمجار لە عێراق دەسەڵاتی یاسادانان یاسای هەموارکردنەوەی یاسایی دابەشکردووە، دوای چوار مانگیش کۆدەکە دەردەچێت، ئەمەش نیگەرانی گەلی عێراقە، بەو پێیەی ئەم بابەتە زۆر ڕوون نییە و دەسەڵاتی دادوەریش لەسەر بنەمای هەموارکردنەکە، بەردەوام هەموارکردنەکە ئاراستەی ئەنجومەنی زانستی ماڵی فەتوای شیعە دەکات، ئەوەی لە دانیشتنەکەدا باسمان کرد، گواستنەوەی بەشێک لە دەسەڵاتی دادوەری بوو بۆ دەسەڵاتی جێبەجێکردن لە ئەنجامی پەسەندنەکردنی کۆدەکە،  بۆیە ڕۆژێکی گرنگ بوو بۆ دادوەران و گروپەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کە پێکەوە باسی شتەکان بکەن و هێڵەکان ببڕن.

 

چڕکردنەوەی دانیشتنەکان بۆ چارەسەرکردنی پرسەکان

ئایا کمونە، جێگری ئەنجومەنی ڕاوێژکاری ژنانی عێراق ڕایگەیاند، دادوەرەکان چەندین خاڵی گرنگیان ڕوونکردەوە سەبارەت بە هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسی و یاسای، پێویستمان بەو جۆرە دانیشتنانە هەیە، هەروەها زۆرێک لە چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی پێویستیان بەو دانیشتنانە هەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتانەی لە شەقامی عێراقی ڕوودەدەن و وە بۆ وەستانەوە بەرامبەر ئاڵەنگاریەکان چونکە ئەم گفتوگۆیە ئێستا خەریکە بۆچوونی گشتی دەوروژێنێت، لە ئێستادا پێویستە لە ڕێگەی ئەم دانیشتنانەوە بۆچوونی گشتی هێور بکەینەوە.

 

ئایە کەمونە داوای لە سەرجەم ڕێکخراوەکانی ژنان کرد کە پەیوەندییان بە هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسییەوە هەیە، ئەو جۆرە دانیشتن و وۆرکشۆپانە چڕتر بکەنەوە، لەگەڵ وتاردەرەکاندا دادوەری پراکتیککار و گفتوگۆکردن لەسەر میکانیزمی جێبەجێکردنی یاساکە لەناو دادگاکانی عێراقدا.

 

چالاکوانان ترسی ئەوەیان هەیە کە ئەم دەستکەوتانە تێکبچن و سیستمی تائیفی جێگەیان بگرێتەوە کە بتوانێت نایەکسانی بەردەوام بکات و پارێزگاری یاسایی بۆ ژنان و منداڵان لاواز بکات، ڕێگەدان بە هاوسەرگیری کەم تەمەن و فرەژنی ڕێکنەخراو و جیاکاری لە سەرپەرشتیکردن و میراتدا نەک هەر پێشێلکردنی ڕوونی مافەکانی مرۆڤە، بەڵکو مەترسی لەسەر سەقامگیری خێزان و کۆمەڵگە دروست دەکات.