لە جەزائیر خەباتی ژنان بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان بەردەوامە

فەریدە ‌غەمرە، پەرلەمانتاری جەزائیری سەبارەت بە پرۆژەی درێژکردنەوەی مۆڵەتی منداڵبوون بۆ ژنانی کرێکار، ڕایگەیاند، درێژکردنەوەی ئەم مۆڵەتە دەستکەوتێکی نوێیە بۆ ژنانی جەزائیر.

ڕابیعە خەریس

 

 جەزائیر – لە ساڵی ١٩٦٢ مۆڵەتی منداڵبوون لە جەزائیر بۆ یەکەمجار بۆ ماوەی ٦ هەفتە سنووردار کرا، ئەمەش پێش ئەوەی ژنان مافی نوێی مۆڵەتی منداڵبوون وەربگرن، ساڵی ۱۹٨۳ هەمووارکردنەوەی نوێ بۆ ئەم یاسایە کرا و ژنان ۱٤ هەفتە مۆڵەتیان پێدرا، بەپێی دوایین ئاماریی وەزارەتی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی، ژمارەی ئەو ژنە کرێکارانەی لە جەزائیر لە ساڵی ۲۰۱۳سوودمەند بوون لە مۆڵەتی منداڵبوون، ۹٤ هەزار کەس بووە، هەروەها ئەم ژمارەیە لە ساڵی ٢٠٢٤دا گەیشتووەتە ١٣١ هەزار کەس.

 

 "درێژکردنەوەی مۆڵەتی منداڵبوون دەستکەوتێکی نوێیە"

 فەریدە غەمرە پەرلەمانتاری جەزائیر پێشنیارێکی بۆ درێژکردنەوەی مۆڵەتی منداڵبوون بۆ کرێکارانی ژن پێشکەش کرد و وتی: درێژکردنەوەی مۆڵەتی منداڵبوون بۆ ژنانی جەزائیر دەستکەوتێکی گرنگ و نوێیە بۆ ژنانی کرێکار، ئەم یاسایانە بۆ داننان بە هەوڵەکانی ژنانی جەزائیر لە منداڵبوون و بەشداریکردنیان داڕێژراون، هەروەها بۆ بەهێزکردنی پێگەی ژنان لە کۆمەڵگەی جەزائیر و باشترکردنی ئاستی کارکردنیان.

 

 جەزائیر ویستی یاساکانی خۆی بەم مافەی ژنان بەهێزتر بکات

فەریدە غەمرە ئاماژەی بەوەدا کە زۆرێک لە وڵاتان یاساکانیان سەبارەت بە درێژکردنەوەی مۆڵەتی منداڵبوون گۆڕیوە و وتی: ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی یونیسێف ویستویەتی مۆڵەتی منداڵبوون درێژ بکرێتەوە بۆ ئەوەی منداڵەکە سوود لە مافی شیرپێدانی دایکی وەربگرێت، بۆیە جەزائیریش ویستی لەم بارەیەوە هەنگاو بنێت، جەزائیر بە پێدانی ئەم مافە بە ژنان هەوڵی بەهێزکردنی یاساکانی دا، ئەم پڕۆژەیە دەرفەتێکە بۆ شیرپێدان، هەروەها بۆ تەندروستی دایکان و سەقامگیری خێزان.

 

 "ڕێژەی شیرپێدان کەمی کردووە، ئەمەش مەترسییەکە"

 فەریدە غەمرە ئاماژەی بەوەدا کە لە گرنگترین هۆکارەکانی ئەم گۆڕانکارییە، دابەزینێکی گەورە لە ڕێژەی شیرپێداندا سەریهەڵداوە و وتیشی: لە ساڵانی ڕابردوودا بەپێی تۆمارەکان تەنها ١٣٪ی دایکان لە جەزائیر شیری خۆیان بە منداڵەکانیان دەدەن، بەو پێیەی مۆڵەتی منداڵبوون تەنها ٩٨ ڕۆژە، و ئەوەش بەس نییە، توێژینەوە زانستییەکان کە لەسەر کاریگەرییەکانی شیرپێدان ئەنجامدراون، دەریدەخەن کە ماوەی گونجاو بۆ شیرپێدان ٢ ساڵە، بەپێی یاسای ئێستا زۆرێک لە ژنانی کرێکار دوای گەڕانەوە بۆ سەر کارەکانیان و کۆتاییهێنان بە مۆڵەتی منداڵبوون، بەهۆی کورتی ماوەی مۆڵەتەکە، ناتوانن دەرفەتیی شیرپێدانیان ئاوا بکەن، بە تایبەتی بەپێی یاسای ۱۲ی فەرمانی ژمارە ۱۷-۹٦ی ساڵی ۱۹٨۷ تایبەت بە ئاسایشی کۆمەڵایەتی.