قەسران بووەتە ئیلهام بۆ زۆرێک لە ژنان

قەسران محەمەد عەلیوی کە خاوەن پێداویستی تایبەتە، لەسەر پێشنیاری ژنێک کە ناسیویەتی دەستی بە ژیانی وەرزشی کردووە و بەو سەرکەوتنانەی بەدەستی هێناوە، بووەتە سەرچاوەی ئیلهام بۆ زۆرێک لە ژنان.

ڕەجا حەمید ڕەشید

 

عێراق- قەسران محەمەد عەلیوی کە خاوەن پێداویستی تایبەتە و لە شاری نەجەفی عێراق دەژی، هەموو سەختییەکانی ژیانی تێپەڕاندووە و گەیشتووەتە لوتکەیەکی گرنگ لە بواری وەرزشدا، هەروەها بووتە دەرگای ئومێد بۆ زۆر کەسی خاوەن پێداویستی تایبەت.

 

منداڵییەک کە لە هەژاریدا بەسەری بردووە

قەسران محەمەد عەلیوی کە لە شاری دیوانییە لە دایکبووە، لە ساڵی ٢٠٠٨ بە هۆی ڕووداوەکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ بنەماڵەکەی ڕوویان لە نەجەف کردووە، لە تەمەنی ١٨ ساڵییەوە دەستی بە خوێندن کردووە، بە بەشێک لەو مووچەیەی لە هاوکاری کۆمەڵایەتی وەریدەگرت، خەرجی خوێندنی دابین کردووە، وتی: بەهۆی هەژاری لە ساڵانی منداڵیدا، خێزانەکەم نەیانتوانی کورسی گەڕۆکم بۆ بکڕن، نەمتوانی دەست بە خوێندن بکەم، لە بەنزینخانەیەک دەماینەوە، بەو پێیەی لە وێستگەکەدا دەرگا و پەنجەرە نەبوو، پارچە قوماشمان وەک پەردە بەکارهێنا، ئێمە بەزەحمەت داهاتمان بەدەستدەهێنا، کاتێک وێستگەکە دروستکرا و ئامادە بوو بۆ بەکارهێنان، خێزانەکەم ناچار بوون بچنە شوێنێکی تر.

 

"بە تێنس دەستم بە وەرزشکردن کردووە"

قەسران محەمەد عەلیوی باسی لە دەستپێکی وەرزش کردنی کرد و وتی: ڕۆژێک هەلێکی باشم بۆ ڕەخسا، ژنێکم ناسی، کچەکەی وەک من خاوەن پێداویستی تایبەت بوو، دایکی بە وەرزشی ناساندبوو، پێی وتم تۆش دەتوانیت وەرزش بکەیت، خێزانەکەم لە سەرەتادا ئەم بیرۆکەیەیان قبوڵ نەکرد، بەڵام لە ئەنجامی پێداگری من، ناچار بوون قایل ببن. کچی ئەو ژنە یاریزانێکی پیشەگەری تێنس بوو، ناوی بەنین کەریم بوو.، لەگەڵیدا ڕاهێنانی تێنسم دەکرد، لە ڕێگەی ئەوەوە ڕاهێنەری تێنس و سەرۆکی فیدراسیۆنی لیژنەی پارالۆمپیکم ناسی. دوای مەشق و ڕاهێنان بەشداریم لە پاڵەوانێتی عێراق کرد کە لە بەغدا بەڕێوەچوو، پاشان لەبەر هۆکاری دارایی لەبری تێنس تایکواندۆم هەڵبژارد، تایکواندۆ بۆ من باشە و ئەنجامدانی ئاسانترە، بۆیە پێویستە سەرکەوتن بەدەستبهێنم.

 

لە پاڵەوانێتی جیهانیدا مەدالیای زێڕی بەدەستهێنا

قەسران محەمەد عەلیوی کە لە نەجەف و بەغدا زۆر مەشق و ڕاهێنانی کردووە، لە زۆرێک لە یارییەکانی بەغدا بەشداری کردووە و دوو جار پلەی سێیەم و دووەمی بەدەستهێناوە، پاشان لە نەجەف بەشداری پاڵەوانێتییەکی کردووەو لە دوو تۆڕدا پلەی یەکەم و دووەمی لەم وەرزشەدا بەدەستهێناوە، بەشداری لە پاڵەوانێتی جیهانی تایکواندۆ لە بەحرەین کرد کە تێیدا ژن و پیاو بەشدارییان کرد، لەوێ مەدالیای زێڕی بەدەستهێنا، وتی: دایکم و باوکم گرنگترین لایەنگرانی منن، لە هەموو ئاستەکانی کارەکەمدا لەگەڵمن، ڕۆژانە سێ کاتژمێر ڕاهێنان دەکەم. بە ئیرادە و پشتگیرییەکی بەهێز سەرکەوتنم بەدەستهێنا..

 

"کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت لەلایەن کۆمەڵگەوە دەچەوسێنرێنەوە"

قەسران محەمەد عەلیوی ئاماژەی بەوەشکرد، کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت لەلایەن کۆمەڵگەوە دەچەوسێندرێنەوە، ژنان بە گشتی لە عێراق بەدەرن لە وەرزش بەتایبەت ئەوانەی کە خاوەن پێداویستی تایبەتن، پاڵپشتی کۆمەڵگە و لایەنە بەرژەوەندخوازەکان وەرناگرن، ئەم پاڵپشتیەش لە بنەماڵە و لیژنەی پارائۆڵۆمپیکەوە دێت.