بە شارەزابوون لە کاراتی فێری هونەری خۆپاراستن دەبن

سەرەڕای ئاستەنگییەکانی سنووردارکردنی کۆمەڵگە، منداڵانی کچی شاری قامیشلۆی کانتۆنی جزیرە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا هەوڵی فێربوونی کاراتی دەدەن بۆ خۆپاراستن و بەشداریکردن لە پاڵەوانێتییەکان.

شیرین محەمەد

 

قامیشلۆ-لەم دواییانەدا باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا شایەتی زیادبوونی ئارەزووی منداڵانی کچ و ژنان بووە بۆ فێربوونی وەرزشەکانی بەرگری کردن و خۆپاراستن وەک کاراتی و تایکۆواندۆ کە پێشتر بۆ ژنان ئاشنا نەبوون.

 

بەهیە ڕێزان، یاریزانی کاراتی و ڕاهێنەر لە تەمەنی ٨ ساڵییەوە دەستی بە فێربوونی کاراتی کردووە، ئەوەی سەرنجی ڕاکێشاوە خۆشەویستی باوکی بووە بۆ ئەم وەرزشە، وتی: خێزانەکەم هانیان دام بۆ فێربوونی هونەری کاراتی، چونکە باوکم ڕاهێنەر بوو من هەوڵدەدەم زیاتر پەرە بە تواناکانم بدەم بە بەشداریکردن لە هەموو پەروەردەکاندا.

 

 کاتێک بەهیە گەیشتە تەمەنی گەورەیی، لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا دەستیکرد بە بەشداریکردن لە یارییەکان لەسەر ئاستی سووریا، لەو ماوەیەدا ٥ مەدالیای بەدەستهێنا، هەوڵدەدات بگاتە بەرزترین ئاست بۆ بەشداریکردن لە پاڵەوانێتییەکانی ڕۆژئاوای ئاسیا و جیهان.

 

"هونەری کاراتی تەنها بۆ فێربوونی بەرگریکردن نییە بەڵکو یارمەتیدەرە بۆ پاراستنی تەندروستی لە جەستە"

بەهیە ڕێزان پێی وایە ژنان لە هەموو بوارەکاندا هەوڵی پەرەپێدانی خۆیان دەدەن و ئەمە هەنگاوێکی باشە، جەختیشی لە گرنگی چالاککردنی ڕۆڵی منداڵانی کچ لە بواری وەرزشیدا کردەوە، ئەمەش پێویستی بە هەوڵ و ئیرادەیەکی بەهێز هەیە. سەبارەت بە گرنگی فێربوونی هونەری بەرگری، تەکنیکە جیاوازەکانی خۆپاراستن یارمەتیدەر دەبێت بۆ پەرەپێدانی هێزی جەستەیی و پاراستنی لەشجوانی، هەروەها هونەری کاراتی تەنها بۆ فێربوونی بەرگریکردن نییە، بەڵکو یارمەتیدەرە بۆ پاراستنی تەندروستی لە جەستە.

 

" دەبێت بەربەستی ترس بشکێنن و خۆیان پەرەپێبدەن"

فاتمە حسێن تەمەنی ١٤ ساڵە، ئاماژەی بەوەدا لە منداڵییەوە خولیای بۆ کاراتی هۆکارێک بووە بۆ ئەوەی پەیوەندی بە یانەیەکەوە بکات بۆ پەروەردەی کاراتی و وتی: لە تەمەنی ٧ ساڵییەوە دەستم بە فێربوونی کاراتی کرد و ئێستاش هەروا هێشتا بەردەوامە، پشتگیری سەرەکی دایک و باوکم بوون، خێزانەکەم شانازییم پێوە دەکەن، چونکە توانیم شارەزا بم و فێری بەهرەکەم بم، کە زۆرم خۆشدەویست، ئەو کچانەی خاوەنی هەر بەهرەیەکن دەبێت بەربەستی ترس بشکێنن و خۆیان پەرەپێبدەن.