"ئۆڵۆمپیادی پاریسی ٢٠٢٤" سەردەمێکی نوێیە بۆ ژنان لە وەرزشدا، عێراق ژنانی پەراوێز خست

یارییەکە لە گۆڕاندایە و بۆ یەکەمجار لە مێژوودا، لە یارییەکانی ئۆڵۆمپیاد و پارالۆمپیکی پاریس ٢٠٢٤، ژمارەیەکی یەکسان لە ژن و پیاو بەشداری کێبڕکێ دەکەن، بەڵام عێراق بەبێ بەشداری پێکردنی وەرزشکاری ژن چووە پاڵەوانێتییەکەوە.

لاڤە کوردە

 

ناوەندی هەواڵ- وەرزش تواناسازییەکی گەورەیە بۆ فێرکردنی ژنان بۆ ئەو لێهاتووییانەی کە پێویستیان پێیەتی بۆ ئەوەی لە ژیاندا پێشبکەون، ئەو ژنانەی کە وەرزش دەکەن پەرە بە متمانە بەخۆبوون و خۆڕاگری دەدەن و فێری کارکردن بە تیم دەبن.

 

جیهانی وەرزشی ژنان لە گۆڕانکاریدایە، سەرنج و ناساندنی بێ وێنە بەدەست دەهێنێت، ئەمساڵ ئۆڵۆمپیادی پاریس یەکسانترین ئۆڵۆمپیادی ڕەگەزی دەبێت لە مێژوودا، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر هەوڵە بێوچان و دەستکەوتە سەرنجڕاکێشەکانی وەرزشکارانی ژن کە خەریکی شکاندنی ژمارەی پێوانەیی و شکاندنی چەشنە کۆنەپەرستانەکانن، ئیلهامبەخشن بۆ نەوەکانی داهاتوو.

 

بینەرانی وەرزشی ژنان لە گەشەکردندان

بەپێی ڕاپرسییەک، لە ئێستادا وەرزشی ژنان بەرزبوونەوەی بێ وێنە لە سەرنجدان بەخۆیەوە دەبینێت، کە هەم هاندەرانی دڵسۆز و هەم وەبەرهێنەرانی بۆ خۆی ڕادەکێشێت، نزیکەی ٣٥ شرۆڤەکاری ژن لەلایەن خزمەتگوزاری پەخشی ئۆڵۆمپی بۆ پاریس ٢٠٢٤ دامەزراون، ئەمەش ڕێژەی شرۆڤەکاری ژن بۆ نزیکەی ٤٠٪ بەرزکردووەتەوە، نزیکەی ٨٠٪ زیادیکردووە بە بەراورد بە تۆکیۆ ٢٠٢٠و زیاتر ٢٠٠٪ لە ڕیۆی ٢٠١٦.

 

ئەگەر ڕەوتی ڕووماڵکردن بەم ڕێژەیەی ئێستای گەشەکردن بەردەوام بێت، ئەوا پشکی ڕووماڵکردنی ژنان دەتوانێت تا ساڵی ٢٠٢٥ بگاتە ٢٠٪، هەروەها گفتوگۆکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ وەرزشی ژنان لە ساڵی ٢٠٢٢دا بۆ ١٨.٥٪ زیادیکردووە، کە تێکڕای ساڵانەی پشکەکان بە ڕێژەی ٢.٥٣٪ زیادیکردووە.

 

مۆندیالی فیفای ژنان لە ساڵی ٢٠٢٣ زۆرترین بینەری هەبوو بۆ وەرزشی ژنان لە مێژوودا و بینەری جیهانی نزیکەی دوو ملیار بینەری هەبوو، ئێستا لە هەر ١٠ کەس ٧ کەس سەیری وەرزشی ژنان دەکەن.

 

توندوتیژی دژی ژنان لە وەرزشدا

ژنان لە سەرانسەری شوێن و ژینگە وەرزشییەکان و لە ڕۆڵی جۆراوجۆردا تووشی توندوتیژی دەبن، لەوانە وەک وەرزشکار، ڕاهێنەر، پەیامنێر، چارەسەرکەر، ناوبژیوان و هاندەران، لە کاتێکدا هەوڵەکان بۆ بەدواداچوونی ئەم جۆرە حاڵەتانە لە سەرانسەری جیهاندا لە زیادبووندایە، بەڵام بۆشایی ئامارەکان سەبارەت بە قەبارە و بڵاوبوونەوەی توندوتیژی لە وەرزشدا هەیە، سەرەڕای ئەوەش، لێکۆڵینەوە بەردەستەکان، بەڵگەی چیرۆکئامێز و گێڕانەوەی ئەزموونەکانی ژیانی ڕاستەقینە تیشک دەخەنە سەر ئەوەی کە ژنانی هەموو کولتوورەکان لە شوێنە وەرزشییەکان ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە، لە هەراسانکردنەوە تا دەستدرێژی زایەندی، هەر بەپێی ڕاپرسییەکان، نزیکەی ١٢٪ی پیشەگەری ژن لە منداڵیدا تووشی دەستدرێژی زایەندی بوون.

 

هەروەها ئەو پارێزبەندیانەی کە بۆ پاراستنی وەرزشکارانی ژن لە دەستدرێژی زایەندی و دەروونی داڕێژراون، بودجەیەکی کەمیان هەیە و زۆرجار بێکاریگەرن یان بە تەواوی پشتگوێ دەخرێن.

 

هەراسانکردن و سووکایەتیکردن بە شێوەی ئۆنلاین

 کاتێک وەرزشکارانی ژن سەرکەوتوو دەبن، بەردەوام ڕووبەڕووی کاردانەوەی ژەهراوی ئازاردان دەبنەوە لە ڕێگەی ئۆنلاینەوە و تەنانەت لە میدیای سەرەکیشدا, ئەمەش لە سەرووی ئەو هەراسانکردن و ئازاردانەیە کە لە کاتی ڕاهێنان و کێبڕکێدا ڕووبەڕوویان دەبێتەوە, کاتێکیش دەوێرن قسە بکەن، زۆرجار ڕووبەڕووی تۆڵەسەندنەوەی توند دەبنەوە. توێژینەوەیەکی وەرزشی جیهانی دەریخستووە ٨٥٪ی خراپ بەکارهێنانی ئۆنلاین لە پێش ئۆڵۆمپیادی تۆکیۆ و لە کاتی ئۆڵۆمپیادی تۆکیۆدا ئاڕاستەی ژنان بووە.

 

توێژینەوەیەکی بەدواداچوون لەسەر تویتەر و ئینستاگرام کە لە کاتی پاڵەوانێتی جیهانی وەرزشی ئۆریگۆن ٢٢ ئەنجامدراوە، دەرکەوتووە ٤٠٪ی پۆستە توندوتیژەکان زایەندی بوون، کە زۆربەیان ئاراستەی ژنان بوون.

 

لە وەڵامی ئەو خراپ بەکارهێنانەی کە لە کاتی ئۆڵۆمپیادی تۆکیۆدا تۆمارکراون، لیژنەی ئۆڵۆمپی نێودەوڵەتی خزمەتگوزاری پاراستنی خراپ بەکارهێنانی ئەلیکترۆنی لە یارییەکانی ئۆڵۆمپیاد و پارالۆمپیک پاریس ٢٠٢٤ جێبەجێکردووە کە بەردەستە بۆ هەموو وەرزشکارانی ڕکابەر کە کەناڵی تۆڕی کۆمەڵایەتی ڕووبەڕووی گشتییان هەیە.

 

عێراق بە سیمایەکی پیاوانە بەشداری ئۆڵۆپمیادی پاریسی ٢٠٢٤ی کردووە

هەرچەندە بەشێوەیەکی گشتی پاش ١٢٨ ساڵ لە دەستپێکردنی یارییە ئۆڵۆمپییە مۆدێرنەکان، ئەمە یەکەمین جارە بەرزترین ڕێژەی بەشداری وەرزشکارانی ژنان لە ئۆڵۆمپیادی پاریسی ٢٠٢٤دا هەبێت و یەکسان بێت بەرامبەر پیاوان.

 

ماری سالۆیس، بەڕێوەبەری کۆمیسیۆنی یەکسانی ڕەگەزی لە لیژنەی ئۆڵۆمپی نێودەوڵەتی، ڕایگەیاند یەکسانی ڕەگەزی بۆ یەکەمجار لە مێژووی یارییەکانی ئۆڵۆمپیاددا بەدەست هاتووە، ئەم دەستکەوتە دەرئەنجامی هەوڵە درێژخایەن و هەمەلایەنەکانە بۆ بەرزکردنەوەی بەشداری ژنان لە هەموو یارییەکانی ئۆڵۆمپیدا، کە ڕەنگدانەوەی ڕەوتی جیهانییە بەرەو یەکسانیی و دادپەروەریی.

 

٢١ وڵاتی عەرەبی بە زیاتر لە ٤٢٠ وەرزشکار بە شدارییان لە  لە ئۆلۆمپیادی پاریس ٢٠٢٤ کردووە، بە کۆی گشتی عێراق بە ٢٦ وەرزشکار بۆ پاڵەوانێتییە جیاوازەکان بەشداری کردووە کە سەرجەمیان پیاون.

 

پاش عێراق کە هیچ وەرزشکارێکی ژن لە ڕیزەکانیدا نییە، سۆماڵ، یەمەن، جەزرقەمەر، لیبیا، سوودان و سووریا دێن کە تەنها یەک وەرزشکاری ژن لە هەڵبژاردەکانیاندا هەن.

 

دیە نزار، یاریزانی گۆڕەپان و مەیدان و خاوەنی مەدالیای زێڕ لە ڕاکردنی ١٠٠ مەتر و ٢٠٠ لە مەتر لە عێراق و هەرێمی کوردستان، وتی: هەموو دوەلی عەرەبی شانازی بە کچە ڕاکەرەکانیەوە دەکات کە بەشدار بوون لە ئۆڵۆمپیادی پاریس لە یاری ١٠٠مەتری، منیش کە پاڵەوانێکی عێراقیم دانيشتووم لە ماڵەوە لە رێی شاشەی تیڤی بینەر دەبم، لە کاتێکدا لە هەموو ئەو کچە پاڵەوانانەی عەرەبم بردووەتەوە زیاتر لە جارێكيش کە بەشدارن لە ئۆڵۆمپیادی پاریس، بەڵام ئەوان خاوەنیان هەیە.

 

دیە نزار بۆ ئاژانسەکەمان ئاماژەی بەوەکرد، عێراق هیچ یاریزانێکی ژنی بۆ گۆڕەپان و مەیدان نەبردووەو، بۆ یارییەکانی تریش بەهەمان شێوەیە ژنانی بەشداری پێ نەکردووە.

 

بەشداری پێنەکردنی ژنانی وەرزشکار لەلایەن عێراقەوە، جیاکاری ڕەگەزی لەناو کۆمەڵگەیەکی پیاوسالاری زیاتر زەق دەکاتەوە، عێراق بەدەر لەوەی لە بوارە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا هەمیشە ژنانی پاشخستووە، ئەگەریش کرانەوەیەک هەبێت، بە پێداگیری ژنان خۆیان بووەو لەگەڵ ئەوەشدا هەمیشە ڕووبەرووی فشارو هەراسان کردن دەبنەوە، لە بواری وەرزشیشدا دەبینین لە جیهاندا عیراق سیمایەکی پیاوانەی پیشاندا.

 

لەگەڵ ئەوەی بۆ ئۆڵۆمپیادی پاریس ٢٠٢٤، یەکسانی ڕەگەزی پەیڕەو کرا، کاتی ئەوە هاتووە، جیاکاری عێراق و چەند وڵاتێکی دیکە بەرامبەر ژنانی وەرزشکار هەڵوەستەی لەسەر بکرێت.