"وەرزش باشترین ڕێگایە بۆ یەکسانی ڕەگەزی و بەهێزکردنی ژنان"

سەمیە م.، یەکێک لە ڕاهێنەرە وەرزشییەکان و چالاکوانی مافی ژنانە و دەڵێت: وەرزشی ژنان هێشتا جێگەی ڕاستەقینەی خۆی لە کۆمەڵگەدا نەدۆزیوەتەوە و کاریگەری ڕۆڵی ڕەگەزی دیاریکراوی لەسەرە.

هاوژین شێخی

 

دیواندەرە- هەرچەندە ئەمڕۆ وەرزشی ژنان پێشکەوتنی گەورەی بەخۆوە بینیوە و تا ڕادەیەک توانیویانە بگەنە پێگەی خۆیان، بەڵام هێشتا ئاستەنگی زۆر لەبەردەمیاندایە، لە پارێزگای سنە شوێنی تایبەت بە وەرزشی ژنان زۆر کەمن و هیچ ئاسانکارییەکی تایبەت لەم بوارەدا نییە.

 

سەمیە م.، یەکێک لە ڕاهێنەرە وەرزشییەکان و چالاکوانی مافی ژنانە و دەڵێت: وەرزشکردن تایبەتمەندیەکانی وەک زیادبوونی متمانە بەخۆبوون، باوەڕبوون بەخۆبوون، ناسینەوەی تواناکان و هێزی کەسی لە مرۆڤدا دروستدەکات، بەڵام ئەمە بۆ ژنانی شارەکانی پارێزگاکەمان ئەوەندە ئاسان نییە و ڕووبەڕووی کێشە دەبنەوە، بۆ نموونە لە دیواندەرە تەنها دوو هۆڵی وەرزشی هەن، کە بە کرێ بەڕێوەدەبرێن و جگە لەوەی تێچووی زۆریان هەیە، ئاسانکارییان بۆ زۆرێک لە وەرزشەکانیش نییە، لەگەڵ ئەوەشدا ژنانی ئەم شارە بە خۆشەویستییەوە وەرزش دەکەن.

 

هەروەها باسی لەوەکرد، پابەند نەبوون و بە گرنگی سەیرکردنی بوارەکە بۆ ژنان یەکێکە لە هۆکارەکانی گەشەنەکردنی وەرزشی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، وتیشی: لە هەندێک حاڵەتدا بە مەبەست ئاسانکاری و هۆڵەکان بۆ ژنان تەرخان ناکرێت، لە کاتێکدا ژنان هەمیشە مەدالیای زیاتر لە پیاوان بەدەستدەهێنن، هەرچەندە ژمارەشیان کەمترە، بەڵام بە بەراورد بەو بارودۆخە و جیاکارییەی ئێستا، تەنانەت لە چوارچێوەی ئەو سنووردارکردنانەی کە سەپێنراون، ژنانی وەرزشکار توانیویانە ئاستەنگییەکان تێبپەڕێنن و پێشبکەون.

 

سەمیە ئەزموونی خۆی لە بواری دژایەتی خێزانی بۆ یەکێک لە وەرزشەکانی خوێندکارەکانی باس دەکات و دەڵێت: یەکێک لەو کچانەی کە ڕاهێنەری وەرزشییان بووم، لە گوند بوو و زۆر حەزی لە فوتساڵ بوو، هەرچەندە ڕووبەڕووی دژایەتییەکی زۆری خێزانەکەی بووەتەوە، بەڵام توانی سەرکەوتن بەدەستبهێنێت لەسەر ئاستی نیشتمانی، بۆیە گرنگە هەنگاو بنێین لەو سنووردارکردنە مەبەستدارانەی کە بۆ ژنان هەن و هەوڵی گەیشتن بە ئامانج و ئامانجەکانمان بدەین، تێبپەڕین.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، وەرزش باشترین ڕێگایە بۆ بەدیهێنانی یەکسانی ڕەگەزی و بەهێزکردنی ژنان، بۆ ئەوەی بە هیچ شێوەیەک خۆیان بە کەمتر لە پیاوان نەزانن و تەنانەت بە بەشداریکردن لە پێشبڕکێ نیشتمانییەکان دەتوانن هەموو ئەو هاوکێشە ئایینی و سیاسیانە بگۆڕن، کە حکومەت بۆ نەبوونی ژنانی داناوە، بۆ نموونە لە ئۆڵۆمپیادی ئەمساڵدا وەرزشوانانی ژن چەندین میدالیا و خەڵاتیان بەدەستهێنا.

 

سەمیە م. لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: دۆخی وەرزشی لە هەموو پارێزگاکانی سنە وەک یەکە و زۆربەی هۆڵەکانی وەرزش و بەشەناوخۆییەکانی وەرزشوانان ڕادەستی کەرتی تایبەت کراون و بە شێوەی نیوەکاتی بەڕێوە دەبرێن، کە زۆربەیان لەلایەن پیاوانەوە بەکرێ دەگیرێن بۆ ڕاهێنان، هەرچەند هەلومەرجی ژن و پیاو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا وەک یەکە، بە بەراورد لەگەڵ شارەکانی تر و سەرەڕای ئەوەی خاوەنی بەهرە و توانایەکی زۆرن، بەڵام هێشتا وەرزشی ژنان جێگەی ڕاستەقینەی خۆی لە کۆمەڵگەدا نەدۆزیوەتەوە و زۆر کاریگەری لەسەرە بەهۆی ڕۆڵی ڕەگەزیی دیاریکراوەوە، لە بەرامبەردا ژنان زۆر گۆڕانکارییان لە بوارەکەدا ڕەخساندووە و ژمارەیەکی زۆر لە ژنان لەناو پاڵەوان و وەرزشکارە پیشەگەرەکاندان، بەڵام بەپێی هەیکەلی ئاینی، زۆر کۆت و بەند هەیە وەک ڕەچاوکردنی جلوبەرگی ناچاری و تەرخان نەکردنی پێداویستی و هۆڵی وەرزشی، نەبوونی ڕووماڵی هەواڵ، نەبوونی سپۆنسەری دارایی، نەبوونی ڕەزامەندی لە هەندێکدا خێزانەکان و ...هتد.

 

لە کۆتاییدا دەڵێت: ئەم کێشانە وایکردووە وەرزشی ژنان پەراوێز بخرێت، هەرچەندە لەم چەند ساڵەدا میدالیا و پاڵەوانێتی ژنان زۆر بوون، بەڵام تا ئێستاش وەک پێویست بە جددی وەرناگیرێت، هەروەها ژنان وەرزش بە یەکێک لە ڕێگاکانی بەرەنگاربوونەوەی هەڵاواردنی ڕەگەزی دەزانن، نموونەی ئەو وەرزشانە ڕەتکردنەوەی بەشێک لە وەرزشوانان بووە لە پۆشینی جلوبەرگی ناچاری یان ڕەتکردنەوەی سروودی نیشتمانی لە کاتی ناڕەزایەتییەکاندا، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ژنان دەتوانن لە هەموو بوارەکاندا خەبات بکەن بۆ مافەکانی خۆیان، بۆ شکاندنی چەشنە کۆنەپەرستانەکانی ڕەگەزی و ڕزگارکردنی کۆمەڵگە لە عەقڵیەتی ژنکوژی.