دەرکەوتنی چەند نیشانەیەک لە لەشدا ئاماژەن بۆ کەمبوونەوەی ڤیتامین و کانزاکان

پزیشکانی تایبەت بە بواری خۆراک ئاماژەیان بەوەکردووە، ئاماژەکانی لەش دەریدەخەن کە چ گرفتێکی تەندروستیت هەیە بەتایبەت کەمبوونەوەی ڤیتامین وکانزاکان، کە هۆکارن بۆ زیادبوونی گرفتەکانی لەش.

 

ناوەندی هەواڵ- گەنی گلاینی، پسپۆڕی خۆراک ئاماژەی بەوە کردووە، دەرکەوتنی ئەم نیشانانە لە لەشدا دەریدەخەن ڤیتامین و کانزاکان کەمبووەتەوە، ئەوانیش:

- زوو سپیبوونی قژ، نیشانەی کەمبوونەوەی ئاسن و سیلینیۆم و ڤیتامین دییە، کە دەتوانرێت لە ڕێگەی خواردنی سپێناخ و گۆشتی سور و پاقلەمەنییەکان و چەرەس و هێلکە چارەسەری ئەو گرفتە بکرێت.

- بەرزبوونەوەی فشاری خوێن، لە هەندێک حاڵەتدا نیشانەی کەمبوونەوەی پۆتاسیۆم و مەگنیسیۆم و کالسیۆم و ڤیتامین دییە، دەتوانرێت لە ڕێگەی خواردنی مۆز و لیمۆ و پەتاتە و شوکولاتە و بەرهەمەکانی شیر چارەسەر بکرێت.

- نەرمبوونی نینۆک، ئاماژەن بۆ کەمبوونەوەی ئاسن و زینک، بە خواردنی چەرەس و خواردنە دەریاییەکان و گۆشتی سور و پاقلەمەنی و گۆشتی مریشک چارەسەر دەکرێت.

- گرژبوونی ماسولکەکان، ئاماژەن بۆ کەمبوونی ڤیتامینەکان و ئاسنەکانی وەک مەگنیسیۆم و پۆتاسیۆم و کالسیۆم، لە رێگەی خواردنی بەرهەمە دانەوێڵەکان و ئەڤۆگادۆ و پەتاتەی شیرین و فاسۆلیایەوە چارەسەر دەبێت.

- رووتانەوەی قژ، نیشانەیەکی شاراوەی بایۆتین و ئاسن و ڤیتامین دییە لە جەستە، ئەم ماددانە لە خواردنەکانی زەردێنەی هێلکە و چەرەس و قارچک و پاقلەمەنییەکان و ماسیدا دابین دەبێت.

- قڵیشانی دەم، ئاماژەیە بۆ کەمبوونەوەی ڤیتامین بی شەش، کە لە پەتاتەی شیرین و سپێناخ و گێزەر و گۆشتی قەل و قۆخی وشککراو و ماسی تونە و نیسکدا دەست دەکەوێت.