سارا ڕەزا: مێژووی ژن مێژوویەکی نەنوسراوەیە
سارا ڕەزا، چاودێری سیاسی، دەڵێت: هەمیشە ڕێبەرعەبدوڵا ئۆجالان بەدوای ئازادی ژنەوە بووە و خەباتەکەشی لەسەر ژن بووە.

هێرۆ عەلی
سلێمانی- ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجەلان لە دوورگەی ئیمرالییەوە لە ٣٠ی ئایاردا نامەیەکی بۆ ئەکادیمیایی ژنۆلۆژی نارد، دەڵێت: لە منداڵیمەوە هەوڵم داوە ببمە باشترین هەڤاڵ و هاوبەشی ژنان، تەنانەت لە پەیوەندیم لەگەڵ دایکمدا بە دوای ژنی ئازاد دا گەڕاوم، پابەند بە خەونەکانمەوە ژیاوم و خەباتی ئازادیی ژنم خستووەتە ڕوو، لەگەڵ نامەكەشدا گەڵای ڕووەکێکی بە دیاری نارد بۆ تەواوی ژنانی ئازادییخواز، کە ئەو ڕووەكەش لە باخچەی زینداندا شین ببوو، هەروەها لە ٢٧ی شوباتی ئەم ساڵیشدا ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجەلان پەیامی ئاشتی ڕاگەیاند، کە لە ئێستادا پرسێکی گرنگ وسەرەکیە بۆ کورد و تەواوی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەم بارەیەشەوە سارا ڕەزا، چاودێری سیاسی، دەربارەی پرسی ئاشتی و نامەکەی ڕێبەرعەبدوڵا ئۆجەلان بۆ ناوەندی ئەکادیمیایی ژنۆلۆژی بۆ ئاژانسەکەمان قسەی کرد.
"مێژووی ژن مێژوویەکی نەنوسراوەیە"
سارا ڕەزا، چاودێری سیاسی، باسی نامەکەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجەلانی بۆ ئەکادیمیایی ژنۆلۆژی کرد، وتی: بەڕیزعەبدوڵا ئۆجەلان لە ٢٧ی شوباتدا پەیامی ئاشتی بڵاوکردەوە، هەروەها بۆ ٨ی مارسیش پەیامی بۆ ژنان نارد، دواتریش بۆ ئەکادیمیایی ژنۆلۆژی پەیامی نارد، بێگومان پەیامەکانی ڕێبەرعەبدوڵا ئۆجەلان هەمووی بەشێوەیەکی گشتی گرنگە، ئەو پەیامانەشی کە بۆژنانی ناردوە بەلای ئێمەی ژنانەوە زۆر گرنگە، لەبەرئەوەی پەیامی ٨ی مارس پەیامێکی زۆرگرنگبوو، ژنانیش هەموویان بەپراکتیک بەدەم پەیامەکەی ڕێبەرعەبدوڵا ئۆجەلانەوە چوون، پەیامەکەش چوار خاڵی گرنگیتێدابوو، لەوانەش، باسی خوداوەندی ژنی کردوە، بۆئەوەی ئێمە زیاتر لە مێژووی خۆمان قوڵبینەوە، چونکە مێژووی ژن مێژوویەکی نەنوسراوەیە، هەروەها باسی ئەو ژنانەی کردوە کە لەناو کۆشکەکاندان، دواتر باسی کەلتوری ساتی کردوە، کە تائێستا لە زۆربەی ناوچەکانی هندستان ئەوکەلتورە بەڕێوەدەچێت و ژنان زیندەبەچاڵ دەکرێن، هەروەها باسی ژنانی ئازادی کردبوو کە لە ئێستادا لەم قۆناغەداین، دواتریش بۆئەکادیمیایی ژنۆلۆژی پەیامێکی نارد، بۆیە دەتوانم بڵێم لە هەردێڕێکی ئەو پەیامانەی کە ڕێبەرعەبدوڵا ئۆجەلان ناردویەتی شیکردنەوەی قوڵ هەڵدەگرێت، هەروەها دەتوانرێت پەروەردەیەکی باشی ژنان بکرێت بەتایبەتی ژنانی باشووری کوردستان و تەواوی ژنانی کورد و جیهان لە ڕێگەی ئەو پەیامانەوە.
"ڕێبەرعەبدوڵا ئۆجلان دەڵێت: من ویستومە کە ژنان ژیان بکەن و بەزیندۆتی بمێننەوە و لەهەرکاتێکیشدا ژنێک شەهیدبووبێت ئازاری داوم"
ڕاشیگەیاند: ڕێبەرعەبدوڵا ئۆجەلان دەڵێت: هەرلەمنداڵیەوە ویستومە ببمە هەڤاڵ و هاوبەشی ژنان، ئەو پەیوەندیەشی کە لەگەڵ دایکمدا هەمبوە تێیدا بەدوای ژنی ئازادا گەڕاوم، هەروەها لەقسەیەکیشیدا دەڵێت: من ویستومە ڕۆڵەیەکی شایستەی ژنانبم، بۆیە دەتوانم بڵێم ئەمانە فەلسەفەیەکە، چونکە ڕێبەرعەبدوڵا ئۆجەلان دەڵێت: کاتێک چومە دورگەی ئیمڕاڵێ هەستم بەوەکرد ئەو پرۆژەیەی ژنان بە نیوە ناچڵی بە جێمهێشتوە، بەڵام لە ئێستادا ئەو پرۆژەیە تەواوبوە، بۆیە ئەوەی دەبێت بکرێت جێبەجێکردنەکەیەتی، چونکە لە خەباتی ئازادی ژناندا میراتێکی گرنگی دروست کردوە و ئەم میراتەش بە خوێنی هەزارەها شەهیدە، هەروەها لە قسەیەکیشیدا دەڵێت: من ویستومە کە ژنان ژیان بکەن و بەزیندۆتی بمێننەوە و لەهەرکاتێکیشدا ژنێک شەهیدبووبێت ئازاری داوم.
"هەمیشە ڕێبەرعەبدوڵا ئۆجالان بەدوای ئازادی ژنەوە بوە و خەباتەکەشی لەسەر ژنبوە"
ئەم چاودێرە سیاسیە لە درێژەی قسەکانیدا، وتی: ڕێبەرعەبدوڵا ئۆجەلان بونیادنانی خەباتی پارتی کرێکارانی کوردستانی لەسەر شۆڕشی ژن بونیادناوە و ژن پێشەنگایەتی تێداکردوە، بۆیە ئەم خەباتە ڕەنگدانەوەی هەیە، هەر لەکۆنگرەی یەکەمەوە کە ژنان تێیدا پێشەنگایەتیان کردوە، هەروەها لەناو زیندانەکان و شاخیشدا ژنان ڕۆڵی پێشەنگایەتیان گێڕاوە بۆ ئازادی ژن، بۆیە هەمیشە ڕێبەرعەبدوڵا ئۆجەلان بەدوای ئازادی ژنەوە بوە و خەباتەکەشی لەسەرژنبوە، بۆیە خەباتەکەی لەهەموو خەباتێکی تر جیاوازتربووە، هەروەها لەبەرئەوەی بەدوای دۆزی ژنەوە بووە هەمیشە دووژمنایەتی کراوە، بۆیە لە هەرشوێنێک ژنێکی هۆشیارو ئازاد هەبێت تەنانەت دەوڵەتە زلهێزەکان و سیستەمی سەرمایەداری و ئەقڵیەتی پیاو سالاری دوژمنایەتی دەکەن، لەبەرئەوە ڕێبەرعەبدوڵا ئۆجەلان لەو چوارچێوەیەدا ئەم نامەی ناردوە بۆ ئەکادیمیای ژنۆلۆژی، هەروەها لەسەر چەند فەیلەسوفێک قسەدەکات، وەکو بودە دەڵێت: هەتا ئەو خەنجەرەی کە لە پشتی کۆمەڵگەدا هەیە و دەرنەهێنرێت ناتوانین کۆمەڵگەیەکی ئازاد بونیادبنێین، ڕاستە کۆمەڵگە خۆی کێشەی زۆرە بەڵام لە ئێستادا ئێمەش دەزانین کێشەی سەرەکی و ئەساسی ناو کۆمەڵگە کۆیلایەتی ژنە و ئەقڵیەتی ژن داگیرکراوە، بۆیە ڕێبەرعەبدوڵا ئۆجەلان دەڵێت: تاوەکو ژن ئازاد نەبێت کۆمەڵگە ئازاد نابێت، بۆیە پێویستە ژنان لێگەڕێنی تەواویان هەبێت، هەروەها سیمۆن دی بۆڤواریش دەڵێت: مرۆڤ وەک ژن لەدایک نابێت، دەکرێت بە ژن، بۆیە پێویستە ناسنامەی بونیادنراوی ژن لە توخمەکانی ڕەگەزگەرایی-سێکسیزم پاک بکرێتەوە، ژنان دەبێت لەسەر ئەوە قاڵ ببنەوە، بۆیە پێویستە لێکۆڵینەوەی وورد لەسەرئەمە بکەن، هەروەها ڤێرجینا دەڵێت: ژن پێویستی بەوە هەیە ژورێکی خۆی هەبێت، بۆیە دەتوانم بڵێم ئەمە بۆخۆی شیکردنەوەیەکی قوڵ هەڵدەگرێت، لەبەرئەوەی لەم جیهانەی ئێمەی تێداین شوێنێک نەماوەتەوە بۆ خەباتی ژن، لەبەرئەوەی ئەقڵێتی دەسەڵاتداریەتی پیاوهەموو سێکتەرەکانی کۆمەڵگە و جیهانی گرتۆتەوە، بۆیە ئێمە پێویستمان بە ژورێکە ئەو ژورەش ژنۆلۆژیە کە زانستی ژنە، واتە پێویستە ئێمە لەوێوە خۆمان بونیادبنێین و بەدوای ناسنامەی خۆماندا بگەڕێین و خۆمان پەروەردە بکەین، بۆئەوەی ببین بە ژنێکی هۆشیار و بەهێز، بۆئەوەی هەم کۆمەڵگە وهەم ژنانیش بەڕێکخستن بکەین، هەمیشەش ڕێبەرعەبدوڵا ئۆجەلان دەڵیت: من دەمەوێت پیاو بگۆڕم و ژن و کۆمەڵگە پێکەوە ئازاد بکەم، ئەمەش خەباتێکی زۆری دەوێت، چونکە کاتێک تۆبێت و بتەوێت ئەقڵیەتی پیاو بگۆڕیت ئەمەش بەچی دەکرێت بێگومان بە ژنی هۆشیاردەکرێت، ئەمەش بەو خەباتە دەبێت کە ئێستا دەستی دراوەتێ، هەروەها بینیمان چۆن ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان بە شۆڕشی ژنان توانیان پەرپەچی داعش بدەنەوە و داعش تێکبشکێنن، بۆیە بۆئەوەی کۆمەڵگە ئازاد بکەین پێویستمان بە تێکۆشان هەیە.
"ژنان هەمیشە پێشەنگایەتیان بۆ ئاشتی کردوە"
سارا ڕەزا، چاودێری سیاسی، وتی: ژنان هەمیشە پێشەنگایەتیان بۆ ئاشتی کردوە، دەبینین لە دانوستانەکانی ئیمڕاڵیدا پەروین گوڵدان پێشەنگایەتی بۆ پرۆسەی ئاشتی دەکات، هەمیشەش ژنان بونیەتێکیان هەیە کە لە بونی ژندا شەڕنیە، ژن ئاشتی خوازە، ئەو شەڕانەشی ئێستا لە جیهاندا بەڕێوەدەچێت لە ژێرئەقڵیەتی دەسەڵاتداریەتی و پیاوی سەردەست بەڕێوەدەچێت، بۆیە ژن شەڕەکان بەڕێوەنابات و هەمیشە ئاشتیخوازە، بۆیە لە پرۆسەی ئاشتیدا ژنان هەم بەدەم بانگەوازی ئاشتیەوەن هەم لەناو پرۆسەکەشدان، بۆیە ڕێبەرعەبدوڵا ئۆجەلان دەڵێت: لە نیوە زیاتری ئەو سەرکەوتنانەی کە بەدەستهێنراون ژنان بەدەستیان هێناوە.
"پرۆسەی ئاشتی یەکلایەنە ناکرێت و دەبێت دوولایەنەبێت"
ڕاشیگەیاند: لە ٥-٧ی ئایاردا ڕێبەرعەبدوڵا ئۆجەلان بانگەوازی کرد و داوای کۆبونەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکەی کرد، کەتێیدا داوای هەڵوەشاندنەوە و بێدەنگکردنی چەکەکانی کرد، پەکەکەش بە ورەیەکی بەرزەوە پێشوازیان لە بانگەوازەکەی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجەلان کرد، بۆیە لەوێدا پێشکەوتنێکی بەرچاوهەبوو لە پرۆسەی ئاشتیدا، بەڵام بەداخەوە دەوڵەتی تورکیا تاوەکو ئێستا لە چوارچێوەی قسەدا ماوەتەوە، ڕەنگە هەنگاوی نابێت بەڵام لە ئاستی پێویستدا نییە، هەروەها ڕێبەرعەبدوڵا ئۆجەلان وتویەتی: پێویستمان بە کۆمیسیۆنێک هەیە کە لە ناو پەرلەماندا بکرێت، کە تێیدا ١٦ پارت بەشداری تێدابکەن و ١٠٠ ئەندامیشی تێدابێت، هەروەها باخچەلەریش جەختی لەو بانگەوازە کرد، بەڵام بەداخەوە تاوەکو ئێستا پەلەمان بە ئەرکی خۆی هەڵنەستاوە، بۆیە پرۆسەی ئاشتی یەکلایەنە ناکرێت و دەبێت دوولایەنەبێت، بۆیە دەتوانم بڵێم تاوەکو ئێستا پەرلەمانی تورکیا هەنگاوی جدی نەداوە وهەنگاوەکانیش بە سستی دەڕۆن، بۆیە لەسەر ئێمەی ژنان و تاک بە تاکی کۆمەڵگە پێویستە خاوەنداریەتی لە پەیامەکەی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجەلان و پرۆسەی ئاشتی بکەین، هەروەها ژنان دەتوانن وەکو چۆن لە پێوشوتردا پێشەنگایەتیان کردوە ئاواش دەتوانن زیاترهەنگاوبنێن، بۆئەوەی لە پرۆسەی ئاشتیدا هەنگاوی زیاتر و جدیتربنرێت.
"ئەوەی زەرەرمەندی یەکەم دەبێت لە شەڕەکاندا ژن و منداڵە"
لەدریژەی قسەکانیدا، وتی: ئێمە پەیمانامەی ١٠٠ساڵی لۆزانمان تێپەڕاند، لە ئێستاشدا پرۆسەی ئاشتی بەتاڵکردنەوەی ئەو پلانگێڕە نێودەوڵەتیە جیهانی وهەرێمیەیە کە بەرامبەر کورد وهەرچوار پارچەی کوردستان دەکرا، بێگومان پەیامەکەی ڕێبەرعەبدوڵا ئۆجەلان پلانگێڕیەکانی بەتاڵ کردەوە، لە ئێستاشدا پێویستە هەموو پارتە کوردیەکان لە هەرچوار پارچەی کوردستان بێنە لای یەکتری، بۆئەوەی جارێکی تر پەیمانامەیەکی وەک پەیمانامەی ١٠٠ساڵە لۆزانی بەسەردا نەیەتەوە، بۆیە پێویستە هەنگاوی جدی بنێین ئەویش بە یەکبون و ڕێکخستنی پارتە کوردیەکان.
وتیشی: پەیامی ئاشتی نەک تەنها بۆ گەلی کورد بەڵکو بۆگەلی تورک و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرنگە، چونکە شەڕهەمیشە ماڵ وێرانی و قاتوقڕی بەدوای خۆیدا هێناوە، ئەوەشی زەرەرمەندی یەکەم دەبێت لە شەڕەکاندا ژن و منداڵە، لەبەرئەوە لە هەرشوێنێک شەڕهەبێت ئەوا هەژاریش دەبێت، ژنانیش دەکەونە دۆخێکی ناهەموارەوە و کوشتن دەبێت، هەروەها ئێمە ١٠٠ ساڵە لەناو شەڕداین، ئەو شەڕانەشمان بۆئەوەکردوە تاوەکو ئاشتی بەرپابێت، بۆیە دەبێت کورد بەدەم بانگەوازیەکەی ڕێبەرعەبدوڵا ئۆجەلانەوە بێت و پێویستیشە کۆمەڵگە و تاک بە تاکی کۆمەڵگە لەم پرۆسەی ئاشتیەدا هەنگاوبنێن بەتایبەتی ژنان، چونکە پێویستمان بەوەیە ژنانی هەرچوار پارچەی کوردستان ڕۆڵی پێشەنگایەتی بگێڕن، مەرجیش نیە لە پارت و ڕێکخراودابن، گرنگ ئەوەیە ژنانی بە ئیرادە و هۆشیار بێنە لاییەک و ببنە هاوبەشی یەکتری بۆ پرۆسەی ئاشتی، بۆیە لە ئێستادا ڕێخستنبونی ژنان و ژنانی هۆشیار و بە ئیرادە لە چوارپارچەی کورستاندا پێویستە.
"من لێرەوە بانگەوازی دەکەم لەهەموو ژنانی چوارپارچەی کوردستان، بەتایبەتی ژنانی باشوری کوردستان کە بەدەم پرۆسەی ئاشتیەوەبن"
لە کۆتایی قسەکانیدا، پەیامی خۆی ڕاگەیاند، وتی: من لێرەوە بانگەوازی دەکەم لەهەموو ژنانی چوارپارچەی کوردستان، بەتایبەتی ژنانی باشوری کوردستان کە بەدەم پرۆسەی ئاشتیەوەبن، بۆئەوەی ئـێمەی ژنان لە باشوری کوردستان بتوانین کۆنگرەی ژنانی نەتەوەی کورد ببەستین و ڕۆڵی پێشەنگایەتی بگێڕین بۆ کۆمەڵگەیەکی ئاشتی و ئازاد و دیموکرات و پێکەوە ژیانی گەلان و گەلی کورد.