شنە عەلی: شەهیدکردنی دەنگێکی ئازاد دەبێتە هەوێنی سەرهەڵدان

چالاکوانان و ئازادیخوازان سوورن لەسەر ئەوەی درێژە بە خەباتی دەنگی ئازاد بدەن و ڕایدەگەیەنن شەهیدکردنی ڕۆژنامەنووسان، نابێتە هۆی بێدەنگکردنی دەنگی ئازاد و بەردەوام دەبین لە شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی".

سلێمانی

 

دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا هێرش و داگیرکارییەکانی لە ناوچە سنورییەکان قەتیس نەماوە و هەموو ناوچە و ناوەندی شارەکانی گرتووەتەوە و هێرشەکانیشی چڕکردووەتەوە، بۆ ئەمەش حکومەتی هەرێم و دەوڵەتی عێراق بێدەنگی هەڵبژاردووە، ڕێککەوتنی نێوان دەوڵەتی تورکیا و عێراقیش یەکەم هەنگاوی بە بەئامانجگرتنی ڕۆژنامەنووسان کەوتە بواری جێبەجێ کردنەوە.

 

لە ٢٣ی ئابی ئەمساڵدا، لە نزیک گوندی تەپە ڕەش لە سنووری شارۆچکەی سەیدسادق سەر بە پارێزگای سلێمانی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی دەوڵەتی تورکیا ئۆتۆمۆبێلێکی ڕۆژنامەنووسانی بە ئامانج گرت، بەهۆی بۆردوومانەکەوە گوڵستان تارا خەڵکی باکووری کوردستان، کە لە ساڵی ٢٠٠٠ەوە کاری ڕۆژنامەنووسی دەکات، هێرۆ بەهادین کاری مۆنتێری لە کۆمپانیای چەتر دەکرد، گیانیان لەدەستدا و ڕۆژنامەنووسێکیش بە ناوی ڕێبین بەکر دانیشتووی شاری سلێمانی و سەرپەرشتیاری دیجیتاڵ میدیای کۆمپانیای چەتر بریندار بوو.

 

"دەسەڵات لە دەنگی ئازاد دەترسێت"

شنە عەلی، مامۆستا و ڕۆژنامەنووس، دەربارەی تیرۆرکردنی هەردوو ژنە ڕۆژنامەنووس هێرۆ بەهادین و گوڵستان تارا ئاماژەی بەوەکرد، داگیرکەر و دەسەڵات هەمیشە لە دەنگی ئازاد ترساوە، هەمیشە هەوڵیان داوە ئەوانە بێدەنگ بکەن کە ڕووماڵی ڕاستەقینەی ڕووداوەکان دەکەن و دەدەن بە گوێی هاوڵاتیاندا، بەتایبەتی کە ژنان دەکرێنە ئامانج مەترسییەکی گەورە دروست دەبێت لەسەر کۆمەڵگە، وتیشی: هێز و دەسەڵات هەمیشە سڵی لە توانای ژن کردووەتەوە، لە کاتێکدا ژنان بتوانن ئازایانە بێنە سەر شەقام و کاری ڕۆژنامەوانی بکەن و دەنگی ڕاستی بگەیەنن، بێگوومان زیاتر سڵیان لێدەکەنەوە.

 

شنە عەلی باسی لەوەکرد، ترسی دەسەڵات وایکردووە هەمیشە لە هەوڵی کپکردنی دەنگی ناڕازیدا بن، دەشڵێت: لە ساڵانی ڕابردوو شێوازی جیاوازیان بەکاردەهێنا بۆ بێدەنگکردنی ئازادیخوازان، بەڵام لە ئێستادا دەستیان کردووە بە تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسانی ئازاد و دەنگی ئازاد، ئێمە بە تەواوی ئیدانەی ئەم هەوڵانە دەکەین و پێیان ڕادەگەیەنین کە شەهیدکردنی دەنگێکی ئازاد نابێتە هۆی کپکردنی دەنگە ئازادەکان، بەڵکو دەبێتە هەوێن بۆ ئەوەی جارێکی دیکە بێینە مەیدانەوە و شۆڕش بە پێشەنگایەتی ژینا ئەمینی، گوڵستان و هێرۆ دەستپێبکەینەوە.

 

"بۆ ڕووبەڕووبوونەوە هەڵوێست و ڕای زۆرینە گرنگە"

مامۆستا شنە باسی لەوەکرد ڕای زۆرینە بۆ پاڵپشتی لە دەنگی ئازاد پێویستە، دەشڵێت: ئەوەی گرنگە لە ئێستادا یەکگرتووی کۆمەڵگە و ڕۆژنامەنووسانە بۆ داکۆکیکردن لە دەنگی ئازاد، پێویستە هەموو ڕۆژنامەنووسان و ڕاگەیەندکاران لەوە تێبگەن، کە ئەم هێرشە بۆسەر هەمووانە بێ جیاوازی، چونکە داگیرکەر لە هەر شوێنێک دەنگێک هەبێت هەوڵی ئاشکراکردنی ڕاستییەکان، بدات بێگوومان هێرشی دەکەنە سەر.

 

لە کۆتایدا شنە عەلی ئاماژەی بەوەکرد یەکگرتووی ڕۆژنامەنووسان پێویستە، بەتایبەت ئەوانەی سەر بە میدیای ئازادن نەک هەندێک میدیا کە کار بۆ دەسەڵات دەکەن و لە ژێر چەتری ئەواندا هەوڵی ناشرینکردنی هاوپیشە و هاونیشتیمانیانن، وتیشی: داوا لە هەموو ئازادیخوازان و ڕۆژنامەنووسان دەکەم ڕێگەی ئازادی بەرنەدەن و لە هەوڵەکانیان بەردەوام بن بۆ گەیاندنی دەنگی ڕاستی، دڵنیایان دەکەینەوە لەوەی کۆمەڵگە لە پشتانە و پێکەوە بەردەوامین لە گەیاندنی دەنگی ئازاد.