"دەوڵەتی داگیرکەر شەڕی دژی تاک بە تاکی گەلی کورد دەستپێکردووە"

ناڕەزایەتییەکان دژی تیرۆرکردنی دوو ڕۆژنامەنووسی ئازاد تا دێت زیاد دەبێت و چالاکوانان و ئازادیخوازان ئیدانەی دەکەن، جگە لەوەش داوا دەکەن یاساکانی تایبەت بە پاراستنی ڕۆژنامەنووسان کاریان پێبکرێت.

سلێمانی

 

داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا تاک بە تاکی گەلی کوردی گرتووەتەوە، هەرچەندە یاسای تایبەت هەیە بە پاراستنی مافی تاک و ئازادی ڕا دەربڕین بەڵام هیچیان کاری پێناکرێت بەڵکو تا دێت دۆخەکە خراپتر دەبێت و زیاتر ئازادیخوازان و ڕۆژنامەنووسانی چاپەمەنی ئازاد دەکرێنە ئامانج، لە درێژەی هێرش و داگیرکارییەکانی دەولەتی تورکیا لە ٢٣ی ئابی ٢٠٢٤ هەردوو ڕۆژنامەنووسی ڕێگای ئازادی گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین کرانە ئامانج و تیرۆر کران.

 

"وڵاتانی زلهێز سنووری عێراق و هەرێم دەبەزێنن"

پەریان ئەحمەد، ڕۆژنامەنووس، ئاماژەی بەوەکرد کە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان کە تایبەتن بە پاراستنی ژیان و مافی هاوڵاتیانی مەدەنی و ڕۆژنامەنووس کە عێراقیش دەگرێتەوە و بەشێکە لەو ڕێکخستنانە، بەدەر لەوەش ڕێککەوتن هەیە لە نێوانیان کە ژیانی ڕۆژنامەنووسان لە کاتی جەنگ و ململانێکاندا پارێزراو بێت، بەڵام دۆخی ئەمڕۆی عێراق لەو لایەنەوە بۆشایی هەیە، دەبیندرێت کە وڵاتان سنوور و سەروەری خاکی عێراق دەبەزێنن، ئەمەش بەرپرسیارێتی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانە کە بەرپرسیارن لە پاراستنی.

 

پەریان ئەحمەد، وتی: عێراق بەشێکە لەو ڕێککەوتنانەی کە بەرپرسیارە لە پاراستنی ماف و گیانی ڕۆژنامەنووسان بەڵام دەبینین خۆی لێ بێدەنگ کردووە، هەر ئەمەشە وایکردووە ئەمڕۆ ململانێ هەبێت لە ناو خاکی عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست، ئەو ململانێیانەش بە زەقی لە هەرێمی کوردستاندا دەبیندرێت، چونکە ڕۆژنامەنووسان و چاپەمەنی ئازاد دەکەنە ئامانج و هەوڵی بێدەنگکردنیان دەدەن.

 

"تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسان دەستپێکی خەباتێکی نوێیە"

پەریان ئەحمەد باسی لەوەکرد، هێز و توانای ئەو ڕۆژنامەنووسانە وایکرد ترس لای دەسەڵاتداران دروست ببێت، بۆیە ئەوانی کردە ئامانج، وتی: دەبینین کە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا تەنها لەوەدا نەماوەتەوە شەڕی دوو هێز بکات بەڵکو جەنگی لە دژی تاک بە تاکی گەلی کورد دەستپێکردووە، ئەوەی لەسەر ئێمە گرنگە ئەوەیە بە هیز و ئیرادەوە نیشانی بدەین کە لەسەر ڕێگە و ڕێبازی خۆمان بەردەوام دەبین، ئەو ئازارەی بە تیرۆرکردنی دوو ڕۆژنامەنووس لە دڵیاندا دروست کردین دەبێتە دەستپێکی خەباتمان و تەواوکردنی ئەو ڕێبازەی ئەم ڕۆژنامەنووسانە دەستیان پێکردبوو.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا باسی لەوەکرد کە دەستووری عێراقی ئاماژەی بەوەداوە کە ژیانی هەموو تاکێک لەسەر خاکی عێراق پارێزراو دەبێت، بەدەر لەوە یاسا هەیە کە ڕێگە بە ئازادی ڕا دەربڕین دەدات ئەمەش بەو واتایە دێت کە تاک دەبێت پارێزراو بێت، بەڵام دەبیندرێت کە کار بەو یاسایانە ناکرێت و یاسایەکی ڕوون نییە کە گیانی ڕۆژنامەنووسان لە عێراقدا پارێزراو بێت ئەمەش بۆشایی دروستکردووە و پێویستە پێداچوونەوەی پیادا بکرێت.