"بێدەنگی هەرێم و عێراق داگیرکارییەکانی زیاد کردووە"

داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا تا دێت زیاد دەکات، زیندانێکی سیاسیش هۆکارەکەی دەگەڕێنێتەوە بۆ بێدەنگی حکومەتی هەرێم و عێراق.

سلێمانی

 

دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا هێرش و داگیرکارییەکانی لە ناوچە سنورییەکان قەتیس نەماوە و هەموو ناوچە و ناوەندی شارەکانی گرتووەتەوە و هێرشەکانیشی چڕکردووەتەوە، بۆ ئەمەش حکومەتی هەرێم و دەوڵەتی عێراق بێدەنگی هەڵبژاردووە، ڕێککەوتنی نێوان دەوڵەتی تورکیا و عێراقیش یەکەم هەنگاوی بە بەئامانجگرتنی ڕۆژنامەنووسان کەوتە بواری جێبەجێ کردنەوە.

 

لە ٢٣ی ئابی ئەمساڵدا، لە نزیک گوندی تەپە ڕەش لە سنووری شارۆچکەی سەیدسادق سەر بە پارێزگای سلێمانی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی دەوڵەتی تورکیا ئۆتۆمۆبێلێکی ڕۆژنامەنووسانی بە ئامانج گرت، بەهۆی بۆردوومانەکەوە گوڵستان تارا خەڵکی باکووری کوردستان، کە لە ساڵی ٢٠٠٠ەوە کاری ڕۆژنامەنووسی دەکات، هێرۆ بەهادین کاری مۆنتێری لە کۆمپانیای چەتر دەکرد، گیانیان لەدەستدا و ڕۆژنامەنووسێکیش بە ناوی ڕێبین بەکر دانیشتووی شاری سلێمانی و سەرپەرشتیاری دیجیتاڵ میدیای کۆمپانیای چەتر بریندار بوو.

 

"دەوڵەتی تورکیا ئامانجیەتی دەسەڵاتی عوسمانیی زیندوو بکاتەوە"

میهرەبان عەلی، زیندانی سیاسیی، دەربارەی تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسان و بەئامانج گرتنیان هەروەها داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا و هاتنە ناوەوەیان بە درێژایی ٧٠ کم بۆ ناو خاکی باشووری کوردستان و بێدەنگی حزب و لایەنە پەیوەندیدارەکان و حکومەتی عێراقی دەڵێت: نەفرەت دەکەم لە ڕژێمی تورکیای داگیرکەر کە ئامانجیەتی سەردەمی تورکی مەغۆڵ بهێنێتەوە کوردستان و بە یەکجاریی داگیرکاری بکات، بۆ ئەو مەبەستەش دەستی خستووە ژیانی کەسانی ئازادیخواز لە باشووری کوردستان.

 

میهرەبان عەلی باسی لەوەکرد، دەوڵەتی تورکیا ڕۆژانە هێرش دەکاتە سەر گوندەکان و خاکی باشوور دەسوتێنێت، تەقینەوە ئەنجام دەدات و خەڵکی سڤیل دەکاتە ئامانج، وتی: ئەگەر ئێمە سەر بە عێراقین بۆچی عێراق نایەتە دەنگ و قسە لەسەر خاکی باشوور ناکات، هەروەها حکومەتی هەرێم لە ئاست ئەو داگیرکاریانەدا کەڕە ڵاڵە و بێ گوێیە بۆیە تورکیاش توانیویەتی لە ٪٧٥ی خاکی دهۆک داگیر بکات، جگە لەوەش توانیویەتی بگاتە سلێمانی و داگیرکاری بکات.

 

"میتی تورک لە هەموو شوێنێک بوونیان هەیە"

 لە درێژەی قسەکانیدا میهرەبان عەلی باسی لەوکرد لە ئێستادا دۆخەکە بە جۆرێکە سێ کەس کۆببنەوە یەکێکیان میتی تورکە و سیخوڕی دەکات لە سلێمانی و ناوچەکانی دیکەشدا، بۆیە نابێت گەلی کورد لە ئاست ئەو سیخوڕی و هێرشانە بێدەنگ ببێت و قبوڵی بکات، وتی: دەوڵەتی تورکیا چاوی بە گەلی کورد و ئازادیخوازاندا هەڵنایەت بۆیە لە هەر کوێ بیانبینێت دەیانکاتە ئامانج، بۆیە گرنگە هەڵوێستمان هەبێت و ئەم داگیرکاریانە قبوڵ نەکەین  و خەبات و تێکۆشانی ئازادیخوازان درێژە پێبدەین.

 

لە کۆتاییدا بە پێویستی زانی کە گەل بە جۆرێک هەڵوێستیان هەبێت کە حکومەتی هەرێم و عێراق ناچار بکەن بێنە دەنگ، وە کارێک بکەن کە ئەو شوێنانەی داگیرکراوە پێیان چۆڵ بکەن و چیتر داگیرکارییەکانیان بەردەوامی پێ نەدەن، هاوڵاتیانی هەرێم پێویستە ببنە فشار بۆسەر دەسەڵات و حکومەت ناچار بکەن بێنە دەنگ.