پەیامنێرە وێنەگرەکان
نەرمین عوسمان محەمەد- نووسەر
یەکێک لە کارە سەخت و بەپێزەکانی دونیای راگەیاندن پیشەی پەیامنێرییە، ئەم پیشەیە لە سەردەمی ئاشتیدا سەرچاوەی هەواڵە گرنگەکانی رۆژن و لە سەردەمی جەنگیشدا ئەم پیشەیە سەرچاوەی هەواڵ و رووداوەکانی جەنگن و بەخێراترین شێوە دەیانگوێزنەوە، یاساکانی ئەم پیشەیە لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە دەگۆڕێت، بەڵام بنەما سەرەکییەکانی یاسای هەموو دەوڵەتەکانی جیهان سەبارەت بەم پیشەیە یەک دەگرنەوە و بریتین لە ئازادیی، بێلایەنی، پیشەگەرێتی، نهێنی و پاراستنی سەرچاوەکان، رەوشتەکانی رۆژنامەنووسی، رەچاوکردنی یاسا ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان، هەندێک کات ئەو پەیامنێرانەی لە ناوچە کێشە لە سەرەکاندا کار دەکەن دەکەونە ژێر رکێفی رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانی پاراستنی رۆژنامەنووسان وەک "رێککەوتننامەکانی ژنێف"، ئەمانە بە کورتی ئەو یاسا و رێسایانەن پارێزگاری لە پەیامنێران و پیشەکەیان دەکات لە جیهاندا بە شێوەیەکی گشتی.
سەبارەت بە هەرێمی کوردستانیش هەوڵدراوە هەندێک لەو یاسایانە بچەسپێنرێت و پەیڕەو بکرێت، قسەی ئێمە لێرەدا لەسەر یاساکانی تایبەت بە پەیامنێران نییە لە هەرێمی کوردستاندا یاخود لەسەر شێوازی کارکردنی ئەم پەیامنێرانە، کە زۆرجار لێرە و لەوێ رەخنە لە شێوازی کارکردنیان دەگیرێت، بەڵکو دەمانەوێت لە دیاردەیەک بدوێین لەناو پەیامنێران و هەندێک لە رۆژنامەنووسانیشدا بڵاوبۆتەوە و خەریکە تەشەنە دەستێنێت، ئەویش دیاردەی چرکاندنی سێڵفی یاخود وێنەی تاکەکەسی ئەم پەیامنێرانەیە، هەڵبەت مەبەستمان لە کاتی کارکردندا نییە، بەڵکو لە دوای ئەنجامدانی کارەکەیان و لە هەژماری تایبەتی خۆیاندا، ئێمە باوەڕمان بەوه هەیە وێنەی کەسی یەکێکە لە ئازادییەکانی هەرتاکێک ئیتر ئەو تاکە خاوەنی هەر پیشەیەک بێت، ئەوەی ئێمە دەمانەوێت تیشکی بخەینەسەر لێرەدا ئەو وێنانەیە خاوەنەکانیان پەیامنێرن، بەڵام هاوشێوەی مۆدێلێک، یاخود نمایشکارێک، یان وەرزشەوانێک چرکێنراوە و لەوانەیە شێوازی ئەو خۆگۆڕین و ئارایشتکردنە یاخود خۆدەرخستنەی لەوێنەکەدا هاتووە بۆ کەسێکی ئاسایی گرفت نەبێت، بەڵام بۆ پەیامنێرێک ببێتە مایەی گرفتێکی گەورە، چۆن؟
بە پێداچوونەوەیەکی خێرا بەو سەرنجانەی لەژێر وێنە کەسییەکانی پەیامنێراندا نووسراوە، بۆمان دەردەکەوێت تا چەند ئەم وێنانە بوونەتە مایەی سەرئێشە بۆ خاوەنەکانیان تا ئەو ئاستەی باس لە ژیانی تایبەتی هەندێک لەو پەیامنێرانە کراوە لە هەندێک لەو سەرنجانەدا تەنها لەبەرئەوەی هەندێک خوێنەر یاخود وەرگر شوێنکەوتووی ئەو کەناڵە نییە کە ئەم پەیامنێرە کاری تێدا دەکات یاخود سەر بە بەرەیەکی دژ بەو کەناڵەیە ئەمە لەلایەک، لەلایەکی دیکەوە شێوازی پیشەیی خۆگۆڕین و دەرکەوتنی پەیامنێران لەهەموو جیهاندا شێوازێکی پڕۆفیشناڵانە و کردارییە زیاتر لەوەی خۆدەرخستن بێت و فۆکەسی زیاتر لەسەر کارەکانیانە، تاچەند توانیویانە ئامانجەکانیان بپێکن بە بەڵگەی دەرکەوتنی هەندێک پەیامنێر وەک ناوێکی درەوشاوە لە هەموو جیهاندا وەک خاتوو کریستیان ئامانپور پەیامنێری "کەناڵی سی ئێن ئێن" و خاوەنی خەڵاتەکانی "ئیمی ئەوەردس" بۆ باشترین راپۆرتە هەواڵسازییەکان و خەڵاتی "پیبۆدی ئەوەرد" بۆ راپۆرتی ململانێ نێودەوڵەتییەکان و چەند خەڵاتێکی دیکە، هەروەها "پیرەس مۆرگان"ی بەریتانی کە بە یەکێک لە پەیامنێر و پێشکەشکارە دیارەکانی جیهان هەژمار دەکرێت و هەندێک پەیامنێری دیکەش کە جۆری کارەکانیان بە ناوبانگی کردوون زیاتر لە شێوازی دەرکەوتنیان و وێنەگرتنیان، بۆیە لێرەوە هیوادارین پەیامنێرانی هەرێمی کوردستانیش زیاتر جەخت لە کارەکانیان بکەنەوە وەک لە وێنەگرتن و خۆدەرخستنی خۆیان.