گرنگی و هێزی دیبەیت لە هەڵبژاردندا

ڕووبار مەجید - دكتۆرا لە یاسای دەستووری

دیبەیت واتە ئەنجامدانی دیالۆگ یان  مشتومڕێكی ئاشكرا و دژ بە یەك لەنێوان  دووان لە بەربژێرە نەیارەكانی پارتە سیاسییەكان یان لیستە جیاوازەكان یان كاندیدە سەربەخۆكان، بەبەرچاوی جەماوەر یان لە رێگەی كەناڵەكانی راگەیاندنەوە بە ئامانجی خستنەڕووی بەرنامە و پرۆژەكانی  هەڵبژاردن "لە ئەگەری بردنەوەیان" و گەنگەشەكردنی كێشە و ئاریشە گشتییەكان بە شێوەیەكی روون و ئاشكرا، تا دەنگدەر بتوانێت بڕیارێكی هۆشیارانە بدات لەو بارەیەوە.


 ئەم رێگەیەش لە زۆربەی سیستمە دیموكراتەكاندا كاری پێدەكرێت، وەكو ئەمریكا و فەڕەنسا و تونس، وەكو رێگەیەك بۆ چەسپاندنی شەفافیەت و لێپرسینەوەی یاسایی، دیبەیت بە بەشێكی دانەبڕاو دادەنرێـت لە هەڵبژاردنەكانی ئەمریكادا، كە دەرفەتێكی ناوازە دەدات بە دەنگدەران تا بتوانن پێش دەنگدان هەڵسەنگاندن بۆ كاندیدەكان بكەن، گرنگی دیبەیت خۆی لە پێدانی زانیاری بە دەنگدەران دەبینێتەوە، لە بارەی دیدگەی كاندیدەكان لەڕووی كەسایەتی و لێهاتوویی و هەڵوێستی كاندیدەكان لە چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكاندا و ئەوەی كە تا چەند كەسایەتییەكی سەركردە و لە خۆبوردوویان هەیە، هەروەها كاریگەریی دەبێت لەسەر گۆڕینی بۆچوونی دەنگدەر و بەدەمەوەچوونی بۆ پرۆسەی دەنگدان، هەرچەندە هەندێ لە دەنگدەران بەربژێری خۆیان دیاری كردووە، بەڵام دیبەیت بۆچوونی دەنگدەرە دوو دڵەكان یەكلایی دەكاتەوە لە دەنگدان یان دەنگ نەدان، بە بەربژێرێكی دیاریكراو، ئەمەش دەبێت بەهۆی زیادكردنی بەشداریكردن لە سیاسەت لە رێگەی دەنگدانەوە، ئەویش بە هاندانی بەشداریكردن لە دەنگداندا بەتایبەتی لەلای ئەوانەی شارەزاییەكی كەمتریان لە سیاسەتدا هەیە، هەرچەندە رەنگە دیبەیت نەبێت بەهۆی ئەوەی كە بە شێوەیەكی رەگ و ریشەیی دەرەنجامەكانی هەڵبژاردن بگۆڕێت، بەڵام بەرچاوی دەنگدەران رۆشن دەكاتەوە و هۆشیار و رۆشنبیریان دەكات، بۆ دەنگدان بە كاندیدی شیاو و گونجاو، چونكە لە دیبەیتدا ئەدای بەهێزی بەربژێرەكان یان هەڵە گەورەكانیان كاریگەری درێژخایەن و دوورمەودای دەبێت لەسەر هەڵسەنگاندنیان لەلایەن دەنگدەرانەوە، چونكە بە شێوازێكی راستەوخۆ و بێ ناوەندگیر پەیوەندیان لەگەڵ دەنگدەر دەبێت ئەمەش بە جێبەجێكردنێكی راستەقینەی دیموكراسی دادەنرێت.


ئێستا لە عیراق و كوردستاندا، لەسەروبەندی بانگەشەی هەڵبژاردنەكانی عیراقداین كە دەكرێت ئەم رێگەیە تاقیبكرێتەوە بۆ گەرم و گوڕتركردنی بانگەشە و راكێشانی هاووڵاتیان بۆ گوێگرتن لە دیبەتی كاندیدە دژ بەیەكەكان، و هەرچەندە لەبەر كەمیی لیستەكان و گەشەكردنی زیاتری دیموكراسی لە كوردستان، دەتوانم بڵێم لە كوردستان ئەنجامدانی دیبەیت واقیعیتر و ئاسانترە، بەڵام ئەوەی تێبینیم كردووە، ئەمساڵ لە هەرێمی كوردستان بانگەشەكان بە شێوەیەكی گەرموگوڕ بەڕێوەناچن و راگەیاندنەكان تەنها میوانداریی یەك بەربژێر  یان چەند بەربژێرێكی یەك لیست دەكەن، بەمەش كێبڕكێی دیموكراسیانە دروست نابێت، لەلایەكی ترەوە بوونی جەمسەرگیریی سیاسی كە دیبەیت و گفتوگۆ بە ئاقاری ململانێ و گرژی و ئاڵۆزیدا دەبات، هەروەها لاوازیی هۆشیاری گفتوگۆی دیموكراسیانە لای  هەندێ لە بەربژێرەكان و لایەنگریی راگەیەندنەكان بۆ یەكێك لە بەربژێرەكان.


لە بارودۆخێكدا ئەگەر دیبەیتی هەڵبژاردن ئەنجامدرا لە كوردستان بۆ هەڵبژاردنەكانی عیراق، واپێویستە كات لەچوارچێوەی یاسای هەڵبژاردن و لەژێر چاودێریی كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و زانكۆكاندا بێت، تا بێ لایەنیی دیبەیتەكە پارێزراو بێت، هەروەها لەڕووی چۆنێتی ئەنجامدانی، پێویستە ماوەی هەر لێدوانێكی بەربژێرەكان دیاریكراوبێت و دەرفەتی گونجاو بدرێت بە هەردووكیان و ژمارەی پرسیارەكان دیاریكراوبن و  دیبەیتەكە كەم و پوخت بێت.