كۆنفرانسەكەی ئامەد و ماڵی ئەسكەندەر پاشا

که‌ژاڵ ئه‌حمه‌د -هۆنەرو نووسەر

بۆ ئەمساڵ كە (پێنی) كورد بە هاوكاریی شارەوانی گەورەی ئامادە و پێنی نێودەوڵەتیی، لە رۆژانی 10 و 11ی ئەم مانگەدا، كوردانی هەموو بەشەكانی كوردستان و دیاسپۆراشی بانگهێشت كردبوو بۆ كۆنفرانسی زمانی كوردی، كە پانێلستەكان و ئامادەبووانی گفتوگۆكانیش هەریەكەیان بە شێوەزار یان بنزارەكەی خۆیان دەدوان بە (كرمانجی ژوور، زازاكی، سۆرانی، بادینی، لەكی، كەلهوڕی، هەورامانیی و هتد) دەدوان و دەردە دڵیان دەكرد.

 

وەك بەشداربوویەك و بەڕێوەبەری پانێلەكانی دانیشتنی دووەمی ئەو كۆنفڕانسە، ئامانجی چالاكییەكە و گەرموگوڕیی بەشدارەكان سەرنجی راكێشام. ئاخر ئەو ئامەد(دیاربەكر)ەی ساڵانێكی زۆر بە كوردی قسەكردن تێیدا قەدەغەبوو، سەیرە ئەمڕۆ كۆنفرانسێك بۆ زمانی كوردی لە ئامێزگرتووە. ژمارەیەك لە نووسەران نامەیان بۆ دەناردم دەیان پرسی: ئەرێ ئەوە راستە یان هەواڵێكی دروستكراوە؟ ئازیزان باوەڕبكەن نەك هەر راستە، بەڵكو ئێوارەی یەكەم رۆژی چالاكییە بەرفراوانەكە، ئەوكاتەی سەرۆكی شارەوانیی گەورەی ئامادە لە ئێوارەخوانێكی ئامەدیانە لە ماڵی دیرۆكیی ئەسكەندەر پاشا وتەیەكی پێشكەش كرد، لە وتەكەیدا لەگەڵ ناوهێنانی پرۆسەی ئاشتی بەڕێزەوە ناوی ئۆجالان-ی هێنا و ئامادەبووان چەپڵەبارانیان كرد، ئەم گۆڕانكارییە بەرچاوە و گەلێك گۆڕانكاریی دڵهەژێنی دی لەسەر رووخساری پڕ ئومێدی خەڵك و شارە كوردییەكانی باكووری كوردستان، بەرهەمی خەباتی لە مێژینەی كوردی باكوور و پارچەكانی دیكەی كوردستانە و خێرێك نییە بە كورد كرابێت، وەلێ ئەم بەرەوپێشچوونەی دۆزی كورد بۆ هەر كوردێك لە هەر شوێنێكی دنیا جێگەی خۆشحاڵییە، بۆ هەموو مرۆڤێكی ئاشتیخواز و مافپەروەریش ئینجا سەر بە هەر نەتەوەیەك بێت، هاتنەدی خەونێكە خەباتیان بۆ كردووە و دەكەن. لەنێو وتار و وتەی هەندێ لە بەشداربوواندا شاندی هەرێمی كوردستان گوێی لە بە پایتەخت بوونی ئامەد دەبوو، وەلێ ئەو ئومێدەیان نەك جێگەی نیگەرانیی نەبوو بۆ ئێمە بەڵكو  وایكرد چاوەڕوانییەكی زۆرمان هەبێت لەو گۆڕانكارییانەی كە ئەگەر هەیە لە توركیا رووبدەن.ئەگەر لە هەر بەشەی كوردستان وەك لای خۆمان دوو پایتەختیش هەبێت، یەكێكیان پایتەختی ئیداری و ئەوی دیكەیان پایتەختی رۆشنبیریی بێت ئەوە دڵخۆشمان دەكات.

 

هەر لەماڵە دێرینەكەی ئەسكەندەر پاشا، چەند دەنگبێژێكی كورد بە دەنگە زوڵاڵەكەیان ئاوێتەی ئەو كۆڵانە كۆن و هەژارنشینەی

دیاربەكریان كردین و گروپێكی گەنجی كوڕان و كچانیش بە ئاواز و گۆرانییەكانیان ئایندە ئامەدیان بە رابردوویەوە گرێدا، نزیك خانمێكی ئەندامی شارەوانیی دانیشتبووم هەستم بە پەیوەستبوونی ئەو خانمە كرد بە دەنگ و هونەری هەردوو سەردەمەكەوە، لەكاتی وێنەگرتنی هەموو زمانزان و نووسەر و لێكۆڵەرانی كورد لەگەڵ سەرۆكی شارەوانی كە ئەویش بە كوردییەكی رەوان وتی: با بەیەكەوە بڵێین «بژی یەكگرتوویی كورد». لە كۆتایدا ئومێدەوارم رێكخراوی پێن ئەم كۆنفرانسەی زمان بباتە بەشەكانی دیكەی كوردستان و لە ناوەندە ئەكادیمییەكان و بە هاوكاریی پسپۆڕانی زمانی كوردی وتووێژی قووڵتر و سەردەمی لەخۆبگرێت.