جیابوونەوە دزێوە، یان تاوانی کوشتن؟

کەژاڵ ئەحمەد- هۆنەرو نووسەر

لەم رۆژانەدا تاوانی کوشتنی چوار ئەندامی خێزانێک لەلایەن زاواکەیانەوە، تەواوی کۆمەڵگەی کوردیی راچڵەکاند و هەموومانی غەمبار کرد، تاوانبار پزیشکێکی ناسراوی شاری هەولێرە، بەڵام بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە، کۆتایی بە ژیانی خەسووی و خەزووری و هاوسەرەکەی و خوشکی هاوسەرەکەی هێنا، ئەم دوو قوربانییە هەردووکیان پزیشکن، لەبەرئەوەی کۆمەڵگەی ئێمە زۆرجار بە چاوی مەحرەم و جێی متمانە سەیری توێژی پزیشکان دەکات دووچاری شڵەژان بووە لەو راستییەی پزیشکیش وەک هەر کەسێکی دیکە لەوانەیە لە ساتێکی تووڕەبوون و لە دەستدانی کۆنترۆڵدا تاوانی گەورە و قێزەون بکات.


لە دنیاو لای خۆشمان ئەو چیرۆکە تراژیدییانەمان بیستووە کە تێیدا پزیشکەکان پشتیان لەو سوێندە کردووە کە پابەندیان دەکات بە ئەمانەت و پاراستنی ژیانی مرۆڤەکانەوە، روویداوە هەندێکیان دەستدرێژییان کردووەتە سەر نەخۆشی خۆیان لە کاتی بێهۆشیدا یان گێچەڵیان بە نەخۆشەکانیان کردووە یان بوونەتە بکوژ. 


ئەوەی وادەکات تاوانی پزیشک لە تاوانی هەر کەسێکی دیکە گەورەتر بێت ئەو لێپرسراوێتییە رەوشتی و مرۆڤایەتییەیە کە هەمووان لە پزیشکەکانی چاوەڕوان دەکەین، کاتێک پێچەوانەی ئەمە روودەدات هەموومان شۆک دەبین کە ئەمە راست نییە، لەبەرئەوەی تاوان دەبێت لە هەر کەسێک، چاوەڕوان کراوبێت، بە تایبەتی کە ئێمە لە کۆمەڵگەیەکی پیاوسالاردا دەژین و نێرەکان مێیەکان وەک کاڵایەکی تایبەت بە خۆیان سەیر دەکەن. ئەگەر ژن وەک موڵک و شەرەفی پیاو سەیر ناکرێت، ئەی بۆچی دەکوژرێت؟ لە کاتێکدا شەرع تەڵاقی پێشنیاز کردووە بۆ ئەو ژن و پیاوانەی چیدی ناتوانن بە یەکەوە بژین.


ئەگەر جیابوونەوە بە سەخت دەزانن لەبەر قسەی خەڵک ئەی باشە کە دۆخەکە دەتەقێتەوە و تاوانی لێ دەکەوێتەوە، ئایا هەردوو بنەماڵەی پیاوەکە و ژنەکەش نابن بە چیرۆکی سەر زمانی خەڵک؟ دەبێت پیاوان و ژنانیش شەرم لەو پرسیارە نەکەن کە ئایا کامیان دزێوترە، جیابوونەوە یان تاوانی کوشتن؟.


لێرەدا پرسیارێکی دیکەش دەکەم و وەڵامەکەی بۆ ویژدانی پیاوان بەجێ دەهێڵم، بۆچی دەبێت پیاو دکتۆریش بێت هەر چەکی هەبێت و هەڕەشەکەی بۆ سەر ژیانی دەوروبەری بیست و چوار سەعات پێ بێت؟ رووخسەتی چەک هەڵگرتن بۆچی هێندە ئاسانە لە هەرێمەکەماندا؟ چەک دەبێت بە تەنیا لەلای ئەوانە بێت کە هەرێمەکەمان یان ئاسایشی ناوخۆمان دەپارێزن نەک لای ئەو پیاوە نەخۆشانەی لە هەلێک دەگەڕێن بۆ کوشتنی ژنێک و هەموو ئازیزانی ژنەکەش، ئەوە چ رەفتارێکی نا عەقڵانیی بوو کە وایکرد کۆمەڵگەکەمان، سێ پزیشک لە چەند چرکەیەکدا لە دەست بدات؟