گوڵە نێرگز و سیمبولی ژنان

سۆما خالید - ڕۆژنامەنووس

گوڵی نێرگز جوان و بۆنخۆشە کە لە شێوەی ڕەنگی زەرد و سپیدایە و لە وەرزی بەهاردا و لە ناوچە مامناوەندە سارەدەکان دەروێت و گەشە دەکات. ئەو گوڵە لە ناو کوردا بە یەکێک لە بەناوبانگترین گوڵە ڕازاوەکان دادەنرێت کە هاوشێوەی جوانی چاو بریقەدارە.

 

گوڵی نێرگز لە کەلتووری کوردیدا بە مانای هێمای جوانی ،ئازایەتی،پاکی، خۆشەویستی و دڵسۆزی دێت و بە مژدەی هاتنی وەرزی بەهار دادەنرێت،هەر بۆیە لە نێو شیعری کوردیشدا بە سیمبولی هاوشێوەی جوانی سرووشت و خۆشەویستی هاتووە.
 

گوڵی نێرگز جگە لەوەی هەستی جیاواز بە ژنان دەبەخشێت، لە کەلتوور و ئەدەبدا بە شێوەیەکی سیمبولی بە تایبەتمەندییەکانی ژنان بەراورد کراوە، لەبەر ئەوەی بە هۆکاری جۆراوجۆر لە تایبەتمەندی ژنان دەچێت کە لە ڕووی جوانی ،ناسکی،نەرمی و هەستیاری لەگەڵ ژن لێکچوونی هەیە و لە هەمانکاتدا هەستی خۆشەویستی و سۆز بە ژنان دەدات، بە هێمای پاکی دادەنریت و پەیوەندییەکی ڕۆحی لەگەڵ ژناندا هەیە و هەر وەک چۆن ژنان لە کۆمەڵگەکاندا بە سیفەتی مێهرەبانی ناسراون.
 

نێرگز یەکێکە لە گوڵەکانی بەهارە کە ئاماژە بە تازەگەری و بەڵێنی وەرزی نوێ دەدات بۆیە هەستی هیوا و سەرەتایەکی نوێ لەژناندا دروست دەکات،هێمای خۆڕاگری و ئازایەتییە کە دەتوانرێت بە تایبەتمەندی ژنانی خۆڕاگر و بەهێز بەراورد بکرێت کە لە بارودۆخە سەختەکانی ژیاندا بە پێوە وەستاون.
 

گوڵی نێرگز لە لای ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان مانایەکی تایبەتی هەیە و نێرگز وەک هێمای ئازادی و تێکۆشان و هیوا باس کردووە، لە شۆڕشە کوردییەکاندا بە هێمای خوڕاگری و ئازایەتی و بەرخۆدانیش نیشان داوە، بەتایبەتی لە سەردەمی زیندانیکردنی ڕیبەری گەلی کورد گوڵی نێرگز بۆتە سیمبولی بەرخۆدان لە دژی ستەم و خواستی ئازادی بۆ کورد،هەروەها دەکرێت گوڵ، سیمبولی پەیوەست بوون بە خاک و سروشت بێت کە لە فەلسەفەی سیاسی و کەلتووری عەبدوڵا ئۆجالان گرنگە بەتایبەتی لە چوارچێوەی ئایدیاکانی ئازادی و ژینگە.
 

ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان گوڵی نێرگز پێشکەش بە ژنان دەکات، چونکە سیمبولی تایبەتی بەرخۆدان و ئازادی و ڕۆڵی ژنان لە خەباتی کۆمەلایەتی و سیاسیدا هەیە، ئەم تایبەتمەندییانە لەگەڵ خەباتی ژنان لە شۆڕشی ڕزگاریخوازەکاندا دەگونجێت، چونکە نێرگزهێمای بەرخۆدان و چەوساندنەوەیە لە تێکۆشانی ئازادیخوازیدا بە تایبەتی لە خەباتی کورددا، ژنان هەمیشە ڕۆڵی سەرەکییان هەبووە لە بزووتنەوەکانی ڕزگاریخوازیدا و ئەم گوڵە نیشانەی دڵسۆزی بۆ خەباتی ژنان و گرنگییان لە بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکاندا بووە.
 

ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان گرنگییەکی تایبەت بە ڕۆڵی ژنان لە شۆڕش و خەباتی سیاسی دەدات ئەو جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئازادی ژنان یەکێکە لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی هەر کۆمەڵگایەکی ئازاد و نێرگز وەک هێمای جوانی، هێز و خۆڕاگری ژنان لە خەباتی کۆمەڵایەتیدا دەبینێت،لەگەڵ ئەوەشدا وەک وزەی نوێ و هیوا بۆ ژنان و تێکۆشانیان بۆ ئازادی و یەکسانی دادەنێت، هەر بۆیە بەرێز عەبدوڵا ئۆجالان بە بەخشینی گوڵی نێرگز بە ژنان دەیەوێت ڕێز و دڵسۆزی خۆی نیشان بدات بۆ ڕۆڵی گرنگیان لە تێکۆشانی ئازادی و لە هەمانکاتدا تیشک دەخاتە سەر گرنگی پێگەی ژنان لە گەڕان بەدوای ئازادی و دادپەروەریدا.