هەموو شۆڕشێک لە خەونی گەنجێکەوە دەستپێدەکات
هێما شەهید کارزان شەقڵاوەیی- نووسەر
رۆژگار ئەوەی سەلماندووە کە هیچ گۆڕانکارییەکی گەورە، هیچ شۆڕشێکی کاریگەر و هیچ نەتەوەیەک بەرەوپێش نەچووە، ئەگەر لەسەر شان و ئیرادەی گەنجەکانی نەبووبێت. لە هەموو جیهاندا، کاتێک کۆمەڵگەکان لە نائومێدی و شکست وەستاون، ئەوە گەنجان بوون کە دەرگای قۆناغێکی نوێیان کردووەتەوە.
گەنجی پێگەیشتوو تەنها تەمەنێک نییە، بەڵکو بیرکردنەوەیە، هێزێکە کە ئەوە قبووڵ ناکات واقیع ببێتە کۆتایی خەونەکانی. هەر بۆیە شۆڕشە مەزنەکانی جیهان، لە شۆڕشی زانستی و فکرییەوە تا شۆڕشە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان، لە دڵی گەنجاانەوە سەریانهەڵداوە.
نەتەوەیەک کە گەنجەکانی بێدەنگ بن، هێواش هێواش بەرەو پیربوونی خەونەکانی دەڕوات، بەڵام نەتەوەیەک کە گەنجەکانی قسە دەکەن، بیردەکەنەوە، دەخوێننەوە و خەون بە ئایندەیەکی باشترەوە دەبینن، ئەو نەتەوەیە هەرگیز نامرێت.
ئێمە دەبێت گەنجان وەک کێشە و داواکار نەبینین، وەک چارەسەر و هاوبەش بیانناسین، چونکە ئەوان خاوەنی ئەو وزە و ئیرادەیەن کە دەتوانێت دەروازەی گۆڕان بکاتەوە، ئەو دەستانەن کە دەتوانن بنیات بنێن و ئەو مێشکانەن کە دەتوانن رێگا بدۆزنەوە بۆ دواڕۆژ.
کوردستانیش لە هەر کاتێکی تر زیاتر پێویستی بە گەنجەکانی هەیە، بە گەنجانی باوەڕبەخۆ، بە گەنجانی زانستخواز و ئازا کە لە بەرامبەر نائومێدی دەوەستنەوە، چونکە ئایندە بە چاوەڕوانی دروست نابێت، بەڵکو بە ئیرادە دروست دەبێت.
ئەگەر ئێستا هەندێک جار تاریکی بەسەر ئاسۆی گەنجاندا باڵ بکێشێت، پێویستە ئەو راستییەمان لەبیر نەچێت، هەموو بەیانییەک لە تاریکترین کاتەکانی شەوەوە لەدایک دەبن. هەموو گۆڕانێکی گەورەش لە خەون و ئیرادەی گەنجێکەوە دەست پێدەکات.
گەنجان تەنها ئایندەی وڵات نین، گەنجان خۆیان ئایندەن، ئەوان داینەمۆی هەر شۆڕشێکن، گیانی هەر نوێبوونەوەیەکن و ئەو هێزەن کە دەتوانێت نەتەوەکان لە قۆناغی وەستانەوە بگوازێتەوە بۆ قۆناغی شکۆ و پێشکەوتن.
ئەمڕۆش هەرچەندە ئاستەنگ و ناڕوونی زۆرن، بەڵام تا کاتێک گەنجێک لەو خاکەدا باوەڕی بە گۆڕان هەبێت، هیوای نەتەوەش زیندووە، هەروەک وتمان گەنجان تەنها ئایندەی وڵات نین، گەنجان هۆکاری دروستبوونی ئایندەن. ئەوان داینەمۆی هەر گۆڕانێکن، ڕۆحی هەر شۆڕشێکن و ئەو هێزە شاراوەیەن کە دەتوانێت نەتەوەکان لە تاریکییەوە بەرەو رووناکی ببەن.