شۆڕشی دیجیتاڵی ژنان
لە مێژووی کۆمەڵگەی کوردیدا، پێگەی ژن لە نێوان شار و گونددا جیاوازییەکی ریشەیی هەبووە، لە کاتێکدا لە کۆمەڵگەی گوندنشیندا ژنی کورد بەشێکی دانەبڕاوی هێزی کار و ئابووریی خێزان بووە، بەڵام لە کۆمەڵگەی شارنشیندا نەریتە داخراوەکان و تێڕوانینە کۆمەڵایەتییەکان رێگر بوون لە بەشداریی کارای ژن لە کەرتی تایبەت و بازرگانیدا، تا ئەو رادەیەی کارکردنی ژن و خاوەندارێتیکردنی پرۆژەی بازرگانی وەک کارێکی نەگونجاو سەیر دەکرا، ئەمڕۆ بە هاتنی شۆڕشی دیجیتاڵی و بەکارهێنانی سۆشیال میدیا، دیوارە ئەستورە داخراوەکانی کۆمەڵایەتی شکاون و پەیجە ئۆنلاینەکان بوونەتە دەروازەیەک بۆ ئەوەی ژنان و کچان لە ناو ژوورەکانی خۆیانەوە دەست بەکار بکەن و بەهرە و دەستڕەنگینییەکانیان لە کاری دەستیی و پیشەگەریدا بەشێوەیەکی مۆدێرن نمایش بکەن، ئەم دیاردەیە تەنها رێگەیەک نییە بۆ پڕکردنەوەی کات، بەڵکو گۆڕانکارییەکی بنەڕەتییە لە سەربەخۆیی ئابووریی ژندا، چونکە ژنان چیتر تەنها بەکارهێنەری دارایی نین، بەڵکو خۆیان دەبنە بڕیاردەر و هاوبەشێکی سەرەکی لە بەڕێوەبردنی ژیاندا، ئەم جۆرە لە کارکردنیش چانسێکی زێڕینی بەو ژنانە بەخشی کە بەهۆی پابەندیی خێزانیی یان چاودێریکردنی منداڵەوە نەیانتوانیوە بچنە دەرەوەی ماڵ و کار بکەن. لەم نێوەندەشدا، پشتیوانیی خێزان دەبێتە خاڵی وەرچەرخان و هاندانی ژنان لەلایەن کەسوکاریانەوە هۆکارێکی سەرەکیی سەرکەوتنیانە، چونکە کاتێک ژنێک لە ناو ماڵەوە پاڵپشتی دەکرێت، زیاتر متمانە بەخۆی دەبەخشێت و زیاتر هەوڵ بۆ گەشەپێدانی کارەکەی دەدات، بەڵام بە پێچەوانەوە، رێگریی و کۆسپە کۆمەڵایەتییەکان دەبنە هۆی کوشتنی ئیرادە و لەناوبردنی ئەو بەهرە و توانایەی لە دەستی ژنانی کورددا هەیە، لەلایەکی دیکەوە، کوردستان خاوەنی ناوچەی گەشتیاریی زۆر و دڵڕفێنە کە ساڵانە ژمارەیەکی زۆری گەشتیاری عەرەب و بیانی رووی تێدەکەن، ئەمەش دەرفەتێکی زێڕینە بۆ ئەوەی ئەو کارە دەستییانە بگەیەندرێنە ئەو ناوچانە و وەک بەرهەمی رەسەنی کەلتوریی بە گەشتیاران بفرۆشرێن.
بۆ ئەوەی ئەم دەستڕەنگینییە فراوانتر ببێت، پێویستە دەرفەتی زیاتریان بۆ بڕەخسێنین، بۆیە ئەرکی حکومەت ئەوەیە بە رێکار و یاسای ئاسان پشتگیری لەو ژنانە بکات و ئاسانکاری بۆ گەیاندنی بەرهەمەکانیان بکات، هاوکات کەرتی تایبەت دەتوانێت بە کردنەوەی وێبسایت و پلاتفۆرمی تایبەت یارمەتییان بدات تا بەرهەمەکانیان بە شێوەیەکی رێکخراوتر بفرۆشن، کاتێک ژنانی خاوەن کار پشتیوانیی خێزان و ئاسانکاریی سیستمی ئابوورییان هەبێت، نەک تەنها داهاتی خۆیان زیاد دەکەن، بەڵکو دەبنە خاوەن کاری گەورە و بەرهەمە جوانەکانی دەستیان وەک کەلتوری کوردی بە جیهان دەناسێنن، ئەمەش ئەو شۆڕشەیە کە ژنی کورد لە کاری بچووکی ناو ماڵەوە بەرەو سەربەخۆییەکی ئابووریی گەورە و دیار دەبات