بە کولتوورکردنی ژینگەپارێزیی

چرۆ ڕەشید - مامۆستا

لە قۆناغی پێشکەوتنی خێرای مرۆڤایەتی بەگشتیی و بەشارستانیبوونی کۆمەڵگە بەتایبەتی، لە هەموو روویەکەوە پێویستمان بە پەروەردەکردنی نەوەیەکی هۆشیارە کە تەواو راهێنراو و ئاشنابن بە بەهاکانی پاراستنی ژینگە و خاوێن راگرتنی، بێگومان ئەم ئەرکە سەرەتا لە خێزانەکانەوە دەستپێدەکات پاشان ناوەندە پەروەردەییەکان، قۆناغی باخچەی منداڵان بە بنەمای بنیاتنانی کەسایەتیی منداڵان و پەرەپێدانی ئەم هۆشیارییە دادەنرێت، چونکە بە درێژایی تەمەنیان هاوەڵییان دەکات، چاندنی چەمک و بەها ژینگەییەکان لە منداڵاندا پشت بە ئامۆژگاریی راستەوخۆ نابەستێت، بەڵکو پشت بە ئەزموونکردن و راهێنان و رەفتاری رۆژانە دەبەستێت، لەبەرئەوەی منداڵان لە رێگەی لاساییکردنەوەوە زیاتر فێردەبن، بۆیە رەفتار و هەڵسوکەوتی گەورەکان چ لە ماڵەوە بێت یاخود ناوەندە پەروەردەییەکان، دەبن بە نموونە و لە رەفتاری منداڵەکاندا رەنگدانەوەی دەبێت، کاتێک منداڵ مامۆستاکەی  دەبینێت هەست بە بەرپرسیارێتی دەکات بەرامبەر پاراستنی ژینگەی باخچەکەی،  یاخود کە ببینێت دایک و باوکی سەرچاوەکانی ئاو، وزە دەپارێزن، ئەو کاتە خۆڕسکانە ئەم رەفتار و هەڵسوکەوتانە لە منداڵەکانیشدا دەبینرێت، بۆیە یەکێک لە کاریگەرترین شێوازە پەروەردەییەکان تێکەڵکردنی چەمکە ژینگەییەکانە لە چالاکییەکانی رۆژانەدا لەبری ئەوەی چەمکەکان بەشێوەی تیۆری بخرێنە روو، دەتوانرێت بگۆڕێت بۆ ئەزمونێکی پراکتیکی، بەنموونە بەشداریپێکردنی منداڵێک لە چاندنی نەمامێک، پاککردنەوەی شوێنی یاری و پارک، یاخود کۆکردنەوەی پاشماوەی دوای گەشتەکان، ئەم چالاکییانە هەر چەندە سادەن، بەڵام هەستکردن بە بەرپرسیارێتی ژینگەیی لە منداڵاندا دەچەسپێنن، بۆیە پەروەردەی ژینگەیی سنوردار نییە تەنیا لە ماڵەوە، یاخود ناوەندە پەروەردەییەکان، بەڵکو ئاوێتە دەبێت بە ژیانی رۆژانەوە، دیارترینیان کاتی گەشت و سەیرانەکانە، دەرفەتێکی گەورە بۆ پەروەردەی ژینگەیی دەرەخسێنێت، بۆ بەرەوپێشبردنی رەفتاری ژینگەیی لە منداڵاندا، منداڵان فێربکرێن زبڵ و خاشاک لە شوێنی گشتی فڕێ نەدەن، پاراستنی سروشت و باخ و دارستانەکان، پاراستنی سەرچاوەکانی ئاو، جێهێشتنی شوێنەکان وەکو خۆی یان باشتر، بەشداریکردن لە چالاکییە سادەکان، کاریگەریی لەسەر دەروونی منداڵ جێدەهێڵن و راستەوخۆ بەشداردەبن لەبنیاتنانی کەسایەتییەکی بەرپرسیار کە رێز لە ژینگە بگرێت و لە بەهاکەی تێبگات، لەم نێوەندەشدا رۆڵی خێزان و ناوەندە پەروەردەییەکان تەواوکەری یەکتر دەبن. 


لە کۆتاییدا پەروەردەکردنی منداڵێکی هۆشیاری ژینگە ئەرکێکی کورتخایەنە، بەڵام بەرهەمەکەی درێژخایەنە، هەر رەفتارێکی سادەی ئێستای منداڵ دەبێتە (کولتوور) و خوویەکی چەسپاو، بەشدار دەبێت لە پاراستنی ژینگە و داهاتووماندا.