بەرزکردنەوەی سکاڵای دادی، ئەرکێکی نیشتمانی و ئەخلاقییە
نیان خەسرەو - نووسەر

لە هزری قوربانیاندا، تاوانەکان بە تێپەڕبوونی کات بیرناچنەوە. تاوانبار عەجاجی کوڕی حەردان، کە بە دڕندەییەکەی ناسراوە لە سزادانی خەڵکی بێ تاوان و دەستدرێژیکردنی بەرنامە بۆ داڕێژراو دژ بە کچانی کورد، ئێستا تەنها ناوێک نییە لە لاپەڕەکانی مێژوودا، بەڵکو بووەتە ناونیشانی جەنگێکی دادپەروەری کە دەبێت رزگاربووان و کەسوکاری قوربانیان و هەموو کۆمەڵگە سەرلەشکری ئەم جەنگە بن.
داواکردنی دادگاییکردنی عەجاج، تۆڵە سەندنەوە نییە بە ئەندازەی ئەوەی کە هەڵوێستێکی ئەخلاقییە کە کەرامەتی قوربانییان دەپارێزێت و رێگری دەکات لەوەی ئازارەکانیان تەنها ببێت بە “چیرۆک”.
دادپەروەری ئەو پەیامە روونەیە کە پێمان دەڵێت، کاتێک کەسێک ستەم دەکات نابێت بە بێدەنگی پاداشت بکرێت.
لە ئازارەوە بۆ کردار
ئەرکی سەرەکی لە رێڕەوی لێپرسینەوە، دەکەوێتە سەر رزگاربوان و کەسوکاری قوربانییان. وتە زیندووەکانیان و بەڵگە یاساییەکانیان چەکی راستین لە جەنگی گەڕانەوەی ماف، کاتی ئەوە هاتووە ئازارەکان بکرێن بە “دۆزی رەسمی پرسەکان”، بکرێنەوە لەبەردەم دادگا نیشتمانی و نێو دەوڵەتییەکان.
دەربازبوون لە سزادان تاوانێکی ترە، کاتێک ستەمکار سزا نادرێت، تاوانەکەی رێگەپێدراو دەبێت، بە بێدەنگی کۆمەڵگە، هەڵاتن لە سزادان، تەنها کەموکووڕییەکی یاسایی نییە، بەڵکو تاوانێکی ترە بەرامبەر بە قوربانییان، شوورەییشە بۆ شکۆی کۆی کۆمەڵگە.
تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی بەسەر ناچن و سزادان و دەستدرێژیکردنی بەرنامە بۆ داڕێژراو لە چوارچێوەی تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتین بەپێی یاسای نێودەوڵەتی، ئەو تاوانانەشن کە کۆتاییان نایەت بە تێپەڕبوونی کات. تاوانباران چەند هەوڵبدەن هەڵبێن، یاسا ناهێڵێت مافی قوربانییان لەناو بچێت. رۆڵی راگەیاندن و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، ئەرکێکیی ئەخلاقی هەیە لە بەزیندوویی هێشتنەوەی تاوانەکان لە هۆش و هزری هەموواندا، پێویستە لەسەر رێکخراوەکانی مافی مرۆڤیش کە داکۆکی یاسایی لە قوربانیانی ئەم دۆزە بکەن.
لە جەنگێکی ئاوهادا، تەنها تووڕەبوون بەبێ دەنگی بەس نییە، بەڵکو دەبێت بکرێت بە جووڵەیەکی یاسایی و جەماوەریی بەردەوام.
دادپەروەری ئەرکە نەک هەڵبژاردن
بێدەنگی لەسەر تاوانەکانی عەجاج بەشداریکردنی نا راستەوخۆیە لە ملکەچبوون بۆ ستەم، بۆیە بەرزکردنەوەی سکاڵای یاسایی ئەرکێکە، دواخستن و نەرمی نواندن هەڵناگرێت و لەپێناوی تۆڵە سەندنەوە نییە، بەڵکو لەپێناوی شکۆی قوربانییانە و رێگریکردنە لە دووبارەکردنەوەی ئەم کارەساتە لە ئایندەدا. ئەم جەنگە تەنها تایبەت نییە بە قوربانییان، بەڵکو بەرۆک و ویژدانی هەموو کۆمەڵگە دەگرێت.