سەروەریی یاسا دادپەروەریی کۆمەڵایەتی بەدیدەهێنێت

ساهیرە مەحمود- نووسەر

ئەگەر بنەماکانی یاسا بە شێوەیەکی دادپەروەرانە جێبەجێ بکرێت، هەموو ھاووڵاتییەک لەناخەوە هەست بە ئاسوودەیی دەکات، بەپێچەوانەوە ئەگەر وانەکرێت ئەوا کاریگەریی خراپی لەسەر کۆمەڵگە دەبێت. بۆ نموونە کەسێک دەچێت سکاڵا لەسەر کەسێکی دیکە تۆمار دەکات، کەچی بەبێ دیراسە و لێکۆڵینەوە یەکسەر لەلایەن بەڕێز دادوەرەوە فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ئەو کەسە دەردەکرێت و دەخرێتە کونجی زیندانەوە، بۆ ماوەیەک بەند دەکرێت و لێپرسینەوە و پرسیاری سەرسوڕھێنەری لێ دەکرێت، هەندێکجار خۆشی نازانێت بۆ بەند کراوە و ھیچ ئاگا و زانیارییەکی لەسەر ئەو تۆمەتە نییە؟ پاشان لە دوای ماوەیەک ھیچ بەڵگەیەک لەسەری ساغ نابێتەوە، ئیتر زۆر بە ئاسایی و سادەیی ئازاد دەکرێت. ئەمە خۆی لەخۆیدا مرۆڤ تووشی رەوشێکی ناسروشتیی و بارودۆخێکی دەروونی ناهەموار دەکات و کەسێتیی بەندکراو لەناو کۆمەڵگەدا لەکەدار دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا لە ماوەی بەندکردنی لە زیندان تووشی بارودۆخێکی خراپی دەروونی دەبێت، لەولاشەوە گەلێک ئیشوکاری رۆژانەی خۆی لە دەستداوە و رەوشێکی ئاڵۆزیش لەناو خێزان و خانەوادەکەیدا هاتۆتە ئاراوە، بەو هۆیەوە منداڵەکانیشی لەناو خەڵکدا شەرم دەکەن کە نازانن باوکیان یان براکەیان لەسەر چی دەستگیرکراوە و تەنانەت خەڵک بە چاوێکی دیکەوە سەیریان دەکات.


لەو تێڕوانینەوە دەردەکەوێت بۆ ئەوەی یاسا سەروەربێت و بنەماکانی یاسا دادپەروەرانە جێبەجێ بکرێت، پێویستە دەسەڵاتی دادوەری لە عیراق و هەرێمی کوردستاندا بە وردی رەچاوی دۆخی کۆمەڵایەتی خەڵک لە کۆمەڵگەدا بکەن و بە بەڵگەوە سکاڵا لە کەسی سکاڵاکەر وەربگرن و بەدواداچوون بۆ کەیسەکەی بکرێت و بیسەلمێنن، ئەگەر سکاڵاکە بەڵگەدار بوو یاخود تاوانێکی زەق بوو ئەوکات فەرمانی بەندکردن بۆ کەسی سکاڵالێکراو دەربکرێت، هەروەک چۆن لە وڵاتانی ئەوروپا لە نزیکەوە بنەماکانی چاودێریکردن و بەدواداچوون و ئاگاداربوون لەسەر مامەڵە و هەڵسوکەوتی ئەو تۆمەتبارە پەیڕەو دەکرێت، دواتریش ئەگەر بەڵگەیەکی راست و رەوان لەسەری ساغ بووەوە ئەوا بەپێی یاسا و بەبڕیاری دادوەر تۆمەتبار دەستگیر دەکرێت و یاسا سەروەر دەبێت، هەروەھا لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکاندا ئەگەر ھیچ  بەڵگەیەک لەسەری ساغ نەبووەوە ئەوا بەپێی یاسا و لەلایەن دەسەڵاتی دادوەرییەوە داوای لێبووردنی لێ دەکرێت و قەرەبووی ماددی و کەسێتی و دەروونی بۆ دەکرێتەوە.


داواکارین دادپەوەری یاسایی و کۆمەڵایەتی لە وڵاتی ئێمەشدا بگاتە ئاستی وڵاتانی دیکە، بۆئەوەی بە شێوەیەکی دادپەروەرانە سەروەریی یاسا و بنەماکانی لەسەر هەموو کەس و لایەک جێبەجێ بکرێت و مافی کەس پێشێل نەکرێت، بۆ ئەوەی کەسێتی ھیچ کەسێک لەکەدار نەبێت و تاکەکانی کۆمەڵگە بە ئاسوودەیی بژین