بە ڕەوشتەوە کاربکە!؟

ڕەنگین مەلا سەمەد -نووسەرو ڕۆژنامەنووس

کارکردن بۆ هەردوو ڕەگەز جیاوازیی نییە، بۆ ئەمەش ویژدان پێویستە هەموو کات بەکاربهێندرێت و ڕەچاو بکرێت و بکرێتە خاڵی سەرەکیی، لەوەش گرنگتر بوونی ئەخلاقییەتە لە کارو کاردانەوەی بە پێشکەشکردنی نموونەیەکی جوان و دروست و پەروەردەکراو بە کۆمەڵگە.

 

کارکردن بەو پێیەی فاکتەری سەرەکیی ژیانی مرۆڤە، ئامانجێکی گرنگ و باڵاشەو، بە ژیری و دانایی دەپێکرێت و بەرپرسیاریەتییە، ئاگایی تیایدا هۆشیارییە، سەلماندنی ئازادییە، ناهێڵێت ئازادییەکان ئیستغلال بکرێت و بقۆزرێتەوە بۆ هەڵەو تاوانی نەخوازراو.

 

ژنان بەو پێیەی هەموو کات کۆمەڵگە بە چاوی حەزەرەوە لێی ئەڕوانێت، کولتووری دەقبەستوو بەسەریدا دەسەپێندرێت، هەمووکات تووشی تەشەرو پلار بووەتەوەو ئازادییەکانی سنووردار کراوەو  مافەکانی پێشێلکراوه، بۆیە سەرنج و سەیرکردن و چاودێرییەکان زیاتر لەسەر ئەخلاقی ژن بووەو کردوویانەتە عەیب و عار و، بەردەوام باجی ئەم تێڕوانینه لێڵەی کۆمەڵگەی داوه، بێ بیرکردنەوە لەوەی مرۆڤانە سەیری شتەکان بکرێت و هەڵسەنگاندنێکی دروست و شیاوی بۆ بکرێت. 

 

ژنانی زۆر هەن لە بوارەکان خاوەن پێگەو پایەی باڵاو سەنگن، خاوەن دەسەڵات و بڕیارن، تاودەدەن و هەوڵدانیان بووەتە سەلمێنەری واقعییەتی ڕاستەقینەی ژنان لە ڕووی هێزو تواناو وزەیانەوە، دەستکەوتی باشیان بەدەستهێناوە، لە بوارەکانی ( سیاسەت، پەروەردە، کۆمەڵایەتی، ئیداریی، بەپرسیارییەتی خێزانیی ..... هتد) کاردەکەن و کەسایەتییەکی جیاوازو تایبەتیان بونیاتناوە، پێویستە ئەم دەستکەوت و جوانی و باڵاییەی بونیاتنراوە بپارێزرێت و، گەیشتن بە لووتکەکانی جوانیی ڕەوشتی لەگەڵدا بێت، گەر کارکردن ڕەوشتێکی پاکی لەگەڵدا بێت هەرگیز شکست بوونی نابێت و مەودای تاودانی ئاسۆش تیایدا بۆ باڵابوون زیاتر فراوان دەبێت، سنوورەکانیش تێناپەڕن و پارێزراو دەبن.


بۆیە گرنگە لە هەموو بوارێک کار پیشەییانەو ئەخلاقییانە بکرێت بۆ پاراستنی بەها باڵاکانی کۆمەڵگەو پێشکەکردنی نموونەیەکی جوان لەو بوارە بە ڕووانینی دەوروبەر، بۆ ئەوەی سڵنەکرێتەوە لە کارو هەڵبژاردنی بوارە جیاوازەکان.

پاراستنی ڕەوشت و پابەندبوون پێوەی لە کاردا، سەنگی پیشەیی دروستدەکات و متمانەی کۆمەڵگا لە هێنانە پێشەوەی تاکەکان بەتایبەت خانمان، بەدەستدەهێنێت، تەمی ڕەشی بیرە داخراوەکان ئەڕەوێنێتەوەو ئاراستەیان بەرەو گۆڕانێکی باش و ئەرێنی دەبات.