لە مەغریبەوە بۆ ئەفریقا... سەرەتای هاوپشتییەکی نوێی ژن
ئەفریقا بە کولتوور و نەریتە جۆراوجۆرەکانییەوە، شوێنی تێکەڵەیەکی زیندوو لە ژنانی باکوور و باشوورە، کە هاوکاری دەکەن و پردی هاودەنگی ژنان دروست دەکەن، بەشداری دەکەن لە بەرەوپێشبردنی کولتوور و بەهێزکردنی کۆمەڵایەتی.
حەنان حارت
مەغریب-پەیامەکەی کەوسەر موەفەق لە سنوورەکانیشەوە درێژدەبێتەوە. کاتێک ژنانی ئاوارە کۆدەبنەوە، بیرۆکەی نیشتمان نوێ دەبێتەوە، دەزووی خەباتی هاوبەش بۆ ئایندەیەک کە ژنان پێکەوە دەچنن بەهێزتر دەبێت.
لە دڵی کۆچی ژنانی ئەفریقیدا، کە جوگرافیا لەگەڵ ناسنامەدا یەکتر دەبڕێت و ژنانی کۆچبەر ڕووبەڕووی ئاڵەنگاریەکانی پەراوێزخستن و ناسەقامگیری دەبنەوە، چیرۆکەکانی پێناسەکردنەوەی هیوا و کردەوەی بەکۆمەڵ لەلایەن ژنانەوە سەرهەڵدەدەن. لە نێویاندا کەوسەر مووەفەق، ژنە بازرگانێکی مەغریبی کە لە کۆت دیفوار نیشتەجێیە،پاراستنی میراسی مەغریبی کردووە بە ئامرازێک بۆ بەهێزکردنی ناسنامە، هەروەها پشتگیریکردنی ژنانی کۆچبەر وەک دەروازەیەک بۆ هاودەنگی و بەهێزکردن.
لە کۆچکردنەوە بۆ بەهێزکردن
کەوسەر مووەفەق گەشتی خۆی وەک ژنێکی کۆچبەر بۆ ئاژانسرکەمان دەگێڕێتەوە،کە توانی هاوسەنگی لە پاراستنی میراس و کرانەوەی بەڕووی کولتوورێکی نوێدا، لەگەڵ کاری ئابووری و ڕۆڵێکی کۆمەڵایەتیدا هاوسەنگ بکات.
سەرەتا بە ئەرکێکی بازرگانی لەگەڵ کۆمپانیایەکی مەغریبی گەشتی بۆ کۆت دیڤوار کرد، هیچ نیازێکی نەبوو لەوێ نیشتەجێ بێت. بەڵام بە تێپەڕبوونی کات وردە وردە خۆی بینیەوە لە کۆمەڵگەیەکدا نوقم بوو کە گۆڕانکارییەکی ئابووری گەورەی بەسەردا هات، سەرەتای هاوکاری بەهێزی باشوور و باشوور لە نێوان مەغریب و کۆت دیڤواردا بوو.
کەوسەر مووەفەق لە کۆت دیڤوار هاوسەرگیری کردووە،لەگەڵ هەندێک لە داب و نەریتە کۆمەڵایەتییە ناوخۆییەکان کە تەواو جیاواز بوون لەوانەی کە لەگەڵیدا پەروەردە بووە، تووشی کێشە بووە. بەڵام هەر زوو درکی بە گرنگی تێکەڵبوون و گونجاندن لەگەڵ کۆمەڵگەی نوێدا کرد. توانی هاوسەنگییەک لە نێوان پاراستنی ناسنامەی کولتووری مەغریبی و کراوەیی بەڕووی کولتووری هاوژینەکەیدا بدۆزێتەوە، ئەمە یارمەتیدەر بوو بۆ بنیاتنانی ژیانێکی پڕ لە لێکتێگەیشتن و ڕێزگرتنی یەکتر.
ئەو پڕۆژەی خۆی بەناوی "دار مەغریب" دامەزراندووە، کە لەڕێگەیەوە هەوڵدەدات تیشک بخاتە سەر کولتوری مەغریبی لە کۆت دیڤوار، لە جل و بەرگەوە دەستپێدەکات و بەردەوام دەبێت لە خواردنە نەریتیە مەغریبییەکان. باسی لە ئەزموونەکەی دەکات ،دەڵێت "کاتێک بڕیارمدا پڕۆژەکە دابمەزرێنم، زانیم بەهۆی جیاوازی ژینگەی کولتووری و ئابوورییەوە ڕووبەڕووی ئاڵەنگاری بەرچاو دەبمەوە. یەکێک لە گەورەترین ئاستەنگەکان بەدەستهێنانی ئەو بەرهەمە مەغریبیانە بوو کە پێویستم بوو، بۆ پێشکەشکردنی خواردنە نەریتیەکان، بەو پێیەی پێداویستیەکانیان لێرە بە ئاسانی دەستناکەوێت، هاوردەکردنی ئەم بەرهەمانە لە مەغریبەوە پێویستی بە باجی گومرگی زۆر هەیە، ئەمە بارگرانییەکی دارایی زیادە پێکدەهێنێت.
هەروەها گەیشتن بە بارکردنەکان دوادەکەون، ئەمە هەندێکجار ڕێگری لە ڕەوتی کارەکان دەکات”.
ئاماژەی بەوەشکرد، "سەرەڕای هەموو ئەم ئاڵەنگاریانە، باوەڕێکی بەهێزم هەبوو کە ئەم پڕۆژەیە سەرکەوتوو دەبێت، ئەمە بەهۆی بەها کولتووری و مرۆییەکانییەوە. کاتێک دەستم کرد بە پێشکەشکردنی خواردنە مەغریبییەکان و ئاهەنگگێڕان بە نەریتە مەغریبییەکان، دەستم کرد بە بینینی کارلێکی ئەرێنی لەلایەن کۆمەڵگەی ناوخۆییەوە. خواست لەسەر بەرهەمە مەغریبییەکان ڕۆژ بە ڕۆژ زیادیکرد، ئەمە یارمەتیدەر بوو بۆ بەردەوامبوونی پڕۆژەکە. وەک چۆن لە هەر پڕۆژەیەکی نوێدا لە کۆمەڵگەیەکی جیاوازدا، ناچار بووم خۆم لەگەڵ کولتوورێکی نوێدا بگونجێنم.
ئەم ئەزموونە ئاسان نەبوو، بەڵام بۆمی سەلماند کە کارکردنی بەردەوام و خۆبەخشی بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکی کوالیتی بەرز، لەگەڵ بەشداریکردن لەگەڵ کولتوری ناوخۆیی، دەتوانێت بەشداربێت لە سەرکەوتنی هەر پڕۆژەیەک لە ژینگەیەکی نوێدا.
پشتیوانی بۆ ژنانی کۆچبەر
کەوسەر مووەفەق جەختی کردەوە کە ژنانی مەغریبی، و ژنانی کۆچبەری باکووری ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی، لە ساڵانی ڕابردوودا دەستیان کردووە بە جێگیرکردنی بوون و ناسنامەی خۆیان لە کۆمەڵگەکانی ئەفریقادا، ئەمە لە سایەی کردنەوەی پەیوەندییەکان و پتەوکردنی ئاڵوگۆڕی کولتووری و ئابووری. هەمیشە خۆم بە باڵیۆزی وڵاتەکەم زانیوە و هەموو ژنێکی مەغریبی لێرە ڕۆڵی هەیە لە پاڵپشتیکردنی ئەوانی دیکە، بەتایبەتی ئەوانەی لە بێدەنگیدا ئازار دەچێژن.
کەوسەر مووەفەق بە شێوەیەکی بەرفراوان سوودی لە پەیوەندی جێگرەوە وەرگرتووە بۆ ئەوەی ببێتە خاڵێکی سەرەکی پەیوەندی بۆ ژنانی کۆچبەری مەغریبی، بەتایبەتی ئەو ژنانە گەنجانەی کە بۆ یەکەمجار دەگەنە ئەو وڵاتە یان ئەوانەی لە بارودۆخێکی سەختدا دەژین بەهۆی هاوسەرگیری، توندوتیژی، یان نەبوونی بەڵگەنامە.
لەڕێگەی ماڵپەڕی ئینستاگرامەکەمەوە سەرەتا پشتگیری بەردەوامم پێشکەش بە ژنانی دووگیان کرد لە کۆت دیڤوار، بەتایبەتی ئەوانەی کە قورسی خواردنی مەغریبییان دەدۆزیەوە.
ماڵپەڕی سۆشیال میدیاکەی بووەتە خاڵی کۆبوونەوەی زۆرێک لە ژنانی مەغریبی لە دەرەوەی وڵات، لەوێ ئارەزووی خواردنی خواردنە نەریتییە مەغریبییەکانن کە نیشتمانەکەیان بیردەخاتەوە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو بینەری زۆرەی ماڵپەرکەی بەدەستی دەهێنێت، ئێستا توانای ئەوەی هەیە بگاتە زۆرێک لەو ژنانە و پێداویستیەکانیان دابین بکات.
کەوسەر مووەفەق دووپاتی کردەوە کە بە شێوەیەکی خۆبەخشانە دەستی کردووە بە دابینکردنی ئەم خواردنە بەناوبانگانەی مەغریبی، وەک 'کوسکوس' و 'تاگین' و 'شیرینی مەغریبی'، هاوکاری لەگەڵ دوکانەکانی مەغریبی لە کۆت دیڤوار کردووە بۆ بەدیهێنانی ئەو ئارەزووانە. دەڵێت "هەست دەکەم ئەم بڕە کەمەی هاوکارییە ڕەهەندێکی دەروونی و پاڵپشتی ئەخلاقی بۆ ژنانی دووگیان هەڵگرتووە، کە ڕووبەڕووی ئاڵەنگاریەکانی ژیانی دەرەوەی وڵات دەبنەوە، بەو پێیەی خواردنی مەغریبی نەک تەنها ئامرازێکە بۆ تێرکردنی ئارەزووەکان، بەڵکو جۆرێکە لە پاراستنی پەیوەندی کولتووری و ناسنامەی مەغریبی لە کۆچبەر دا.
بە تێپەڕبوونی کات هاوکارییەکانی بۆ ژنان فراوانتر بووە، دەستیکردووە بە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ژنانەی کە تووشی کێشەی یاسایی و کۆمەڵایەتی بوون، ئەمە وای لێکردووە کە بازنەی پشتگیرییە خۆبەخشییەکانی فراوانتر بکات.
زۆرێک لەو ژنانەی کە لە ژیانیاندا ڕووبەڕووی ئاڵەنگاریانە بوونەتەوە، جا بە هۆی کێشە لە شوێنی کار، یان لە پەیوەندی خێزانی، یان تەنانەت بابەتی یاسایی پەیوەست بە هاوسەرگیری و کۆچبەران، کە زۆر پێویستیان بە کەسێک هەبووە ئامۆژگاری و ڕێنمایییان بۆ دابین بکات.
دەستیکردووە بە ڕێنماییکردنی ئەو ژنانە، جگە لەوەی یارمەتیان دەدات لە تێگەیشتن لە مافە یاساییەکانیان لەو وڵاتانەی تێیدا دەژین، بۆ ئەوەی ژینگەیەکی پاڵپشت و سەلامەت دابین بکات کە هاوکاریان دەبێت بۆ تێپەڕاندنی کاتە سەختەکان. هۆشداریشی دا لەو مەترسیانەی کە ژنانی کۆچبەر ڕووبەڕووی دەبنەوە، بەتایبەتی ئەوانەی لە دۆخێکی لاوازدا دەژین یان منداڵیان هەیە لە ئەنجامی هاوسەرگیری تێکەڵاو لە نەبوونی پشتیوانی یاسایی و کۆمەڵایەتیدا.
ئەو تیشک دەخاتە سەر ئەو پرسانەی پەیوەستن بە هاوسەرگیری بێ بەڵگەنامە، کە مەترسی لەسەر مافە یاساییەکانی دایکان و منداڵەکانیان دروست دەکەن. دەڵێت "کاتێک دایکێک مەغریبی بێت و لە دۆخێکی لاوازدا دەژی، لەوانەیە منداڵێکی مەغریبی لەدەست بدەین کە دەیتوانی ئاڵا بۆ وڵاتەکەی هەڵبگرێت.
کەوسەر مووەفەق چەندین دەستپێشخەری خۆبەخشی دەستپێکردووە بە ئامانجی بەهێزکردنی ژنان و یارمەتیدانیان بۆ باشترکردنی دۆخی کۆمەڵایەتییان. پشتگیری کەسی پێشکەش بە ژنان دەکات لە کاتی پێویستی بەپەلەدا، لەوانە ڕێنمایی، ڕاوێژکاری و پشتگیری ،چاودێری تەندروستی.
لە ئێستادا، کەوسەر مووەفەق یارمەتی ژنێکی گەنجی مەغریبی دەدات کە لە ئەنجامی پرسی خێزانی لەگەڵ هاوژینەکەی، ئێستا لە کاتی منداڵبووندایە، ڕووبەڕووی پرسی بەرچاو دەبێتەوە. ڕۆڵی ئەو لە پێشکەشکردنی هاوکاری تیۆری تێدەپەڕێت، ڕێنمایی ئەم ژنە گەنجە دەکات بەرەو چارەسەری گونجاو، ئەمە ڕەنگدانەوەی پابەندبوونی قووڵی ئەو بە پرسەکانی ژنانە لە چوارچێوەیەکی تەنها مرۆڤدۆستانەدا.
گرنگی کۆمەڵە و پشتیوانی لە ژنانی کۆچبەر
کەوسەر مووەفەق جەختی لە گرنگی ڕۆڵی کۆمەڵەکان کردەوە لە پاڵپشتیکردنی ژنانی کۆچبەردا، داوای فراوانکردنی پشتیوانی دامەزراوەیی مەغریبی بۆ ئەم گرووپە کرد. بەداخەوە هیچ کۆمەڵەیەک لە کۆت دیڤواردا نییە کە گرنگی بە مافەکانی ژنانی مەغریبی یان عەرەب بدات.
لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەگەر کۆمەڵە و ڕێکخراوێک نەبێت کە هاوکاری ئەو ژنە کۆچبەرانە نەکات، زۆرێک لە کچەکانمان لەدەست دەدەین، من ئەوەی لە توانامدا بێت بە ئارەزووی خۆم دەیکەم، بەڵام پێویستمان بە هەوڵی زیاترە".
لە لایەکی دیکەوە، کەوسەر مووەفەق دەستخۆشی لە ئامادەبوونی بەهێزی ژنانی مەغریبی لە کایەی ئابووری لە کۆت دیڤوار دەکات، بەتایبەتی لەنێو ژنانی مەغریبی و تونس، ژنانی مەغریبی هێزێکی بزوێنەری بنیاتنانی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی نێوان وڵاتانی باکوور و باشوورن، پردی گرنگی هاودەنگی لەگەڵ ژنانی ئەفریقا پێکدەهێنن، کە ڕووبەڕووی ئاڵەنگاری هاوبەش دەبنەوە کە پێویستیان بە هاوکاری،یەکگرتن لە نێوان هەموو لایەنەکاندا هەیە.
چاوپێکەوتنی ئەم دواییەی لەگەڵ ژمارەیەک لە ژنانی مەغریبی و تونس لە فێستیڤاڵێکی ڕۆشنبیری لە سەنیگال بەبیر دێنێتەوە، کە چالاکییەکە وەک شوێنێک بوو بۆ ئاڵوگۆڕی بیرۆکە، سەکۆیەک بۆ هاودەنگی ژن لە نێوان ژنانی باشووری جیهانیدا کاری بکات.
سەبارەت بە ژنانی ئیڤۆری، دەڵێت "ژنانی ئێرە بەهێز و ماندوونەناسن، شانبەشانی خوێندنیان دەست بە کارکردن دەکەن، جا چ لە بواری فرۆشتن یان بازرگانی بچووکدا. چاوەڕێی پشتیوانی پیاو ناکەن، بەڵکو لە زووەوە سەربەخۆیی خۆیان دروست دەکەن.
کولتوورو دروستکردنی پرد
کەوسەر مووەفەق پێی وایە کە کولتوور ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە دروستکردنی پردی پەیوەندی لە نێوان کۆمەڵگەی کۆچبەر و خانەخۆیدا، “ئەگەر ژنان بەشێک بن لەم ئاڵوگۆڕە کولتوورییە، نەک تەنها ئەزموونی کەسیی خۆیان لەگەڵ خۆیاندا هەڵدەگرن، بەڵکو میراسێکی دەوڵەمەندی داب و نەریتیشیان لەگەڵدایە کە دەتوانن بەشداری بکەن لە بەرەوپێشبردنی فرەچەشنی کولتووری.”
سەرەڕای کراوەیی بەرامبەر بە کولتوورەکانی دیکە، جەختی لەسەر پێویستی پاراستنی ناسنامەکەی لەناو خێزانە بچووکەکەیدا کردەوە. "من سەرەڕای ئەوەی لە ژینگەیەکی فرە کولتوریدا دەژیم، دەستم بە ناسنامەی کولتووری و ئایینی خۆمەوە گرت. لە خێزانەکەمدا دەستم بە زمان و ئایین و کولتوورەکەمەوە گرت، حەزم دەکرد لە ماڵەوە ئەم بەهایانە بپارێزم.
بیر لە گۆڕینی هەوڵە خۆبەخشییەکانی دەکاتەوە بۆ کۆمەڵەیەکی فەرمی، ئەمە یارمەتیدەر دەبێت بۆ پێشکەشکردنی پشتگیری بە شێوەیەکی یاسایی و ڕێکخراو. "هەبوونی کۆمەڵەیەکی فەرمی ئاسانکاری دەکات بۆ دەستڕاگەیشتن بە پشتیوانی، بە مەبەستی دامەزراندنی پڕۆژەیەک کە پشتگیری لە ژنانی کۆچبەر بکات.
کەوسەر موەفەق لە کۆتایی قسەکانیدا بە پەیامی پشتیوانی و هاندان بۆ ژنانی کۆچبەر وتی: ئامۆژگاریم ئەوەیە کە بەردەوام بن لە فێربوون، سەبر بگرن، خۆڕاگر بن. ئێمە لە ساڵی ٢٠٢٥داین، و هەموو شتێک بەردەستە و دەستڕاگەیشتنە پێی لە ڕێگەی زانست و پەروەردەوە، دەتوانن بەسەر ئاڵەنگاریەکاندا زاڵ بن و ژیانێکی باشتر بنیات بنێن.