چالاکوانی مۆریتانی: زاڵبوونی بیروباوەڕی خێڵەکی و لاوازی یاساکان بووەتە هۆی نەبوونی خەباتی ژنان
ئامیناتو کچی موختار،چالاکوانی مافی مرۆڤ دووپاتیکردەوە کە تەڤگەری ژنان لە مۆریتانیا لاوازە یان بوونی نییە، بەهۆی کاریگەریی هێزی هۆز و سەرکردە ئاینییەکانەوە ،کە ئازادکردنی ژنان و دەستەبەرکردنی مافەکانیان وەک جۆرێک لە گەندەڵی کۆمەڵایەتی دەڕوانن.
زهور مەشرقی
تونس-ژنان لە مۆریتانیا ڕووبەڕووی ئاستەنگی بەرچاو دەبنەوە کە پەیوەندی بە ماف و ئازادییەکانیانەوە هەیە، لە کۆمەڵگەیەکدا کە داب و نەریتی خێڵەکی زاڵن.
سەرەڕای هەندێک پێشکەوتنی دیار لە بەهێزکردنی ژنان لە هەندێک پۆستدا، بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە ژنان ڕووبەڕووی دۆسیەی بەرچاو دەبنەوە لە بەدەستهێنانی مافە سەرەتاییەکانیان، چ لە شوێنی کار، چ لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا، دەگەڕێتەوە بۆ لاوازی یاسای پاراستنی مافەکانی ژنان، جگە لە هەژموونی ئەو بیروبۆچونە پیاوانەی کە زاڵن بەسەر زۆر لایەنی ژیانی ڕۆژانەدا، هەژاری و جیاوازی ڕەگەزی ڕێگرین لە بەردەم پێشکەوتنی ژنان لە بوارە جیاجیاکاندا.
ئامیناتو کچی موختار، چالاکوانی مافی مرۆڤی مۆریتانیا و سەرۆکی کۆمەڵەی ژنانی سەرۆک ماڵەکان، کە ڕێکخراوێکی مافی مرۆڤە و بە نوێنەرایەتی ژنان و منداڵان کاردەکات، بەتایبەتی لە بەرەنگاربوونەوەی کۆیلایەتیدا، بە هۆی بڵاوبوونەوەی بیروبۆچونی خێڵەکی و نەبوونی خواستی سیاسی ،بۆ باشترکردنی ژیانی ژنان لە وڵاتێکدا کە ساڵانە نزیکەی هەزار ژن دەستدرێژی دەکرێنە سەر، دۆخەکە بە سەخت دەزانێت. ئامارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ڕەنگە دۆسیەکانی دەستدرێژی سێکسی لە ڕۆژێکدا بگاتە چوار کەیس ، هەندێک جار دۆسیەکان دەگاتە یانزە کەیس.
لە ساڵی ٢٠٢٤دا کۆمەڵەکە ٩٢٤ کەیسی دەستدرێژی سێکسی تۆمارکردووە، ڕەنگدانەوەی قەبارەی مەترسیدار و بڵاوبوونەوەی ئەو دیاردەیە. بەڵام ئەم تاوانانە بە شێوەیەکی گونجاو بەتاوان ناکرێن، وڵات تەنها لە دۆسیە دەگمەنەکاندا شایەتحاڵی ناڕەزایەتی یان لێدوانی فەرمیی دەدەن ، وەک دۆسیەی کچێک لە بنەماڵەیەکی دیار کە ڕەهەندێکی سیاسی وەرگرتووە.
سەرەڕای بوونی هەندێک کۆمەڵە تەڤگەری ژنان لە مۆریتانیا لاوازە یان بوونی نییە. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ کاریگەریی بەهێزی عەشیرەت و شێخە ئایینییەکان کە ڕزگارکردنی ژنان و دەستەبەرکردنی مافەکانیان وەک جۆرێک لە گەندەڵی بۆ کۆمەڵگە دەبینن. ژنانی مۆریتانیا لە دۆخێکی "ئازار"دا دەژین و بەدەست جیاوازی و دوورخستنەوە بەتایبەتی بەهۆی ئاگادارنەبوون لە مافەکانیان،بەهاکانی دادپەروەری، یەکسانی دەناڵێنن.
"زۆرێکیان پێیان وایە کە دۆخی ئێستا باشترینە بۆیان، بەهۆی نەبوونی هۆشیارییەوە، تەنانەت بەشداری دەکەن لە بەردەوامکردنی ئەم دۆخە".
ئامیناتو کچی موختار جەختی لە گرنگی یاساکانی پاراستنی ژنان لە توندوتیژی و دەستەبەرکردنی مافەکانیان لە کاری سیاسی و حزبیدا کردەوە، سەرسوڕمانی خۆی دەربڕی کە زۆرجار ژنان لەسەر بنەمای پەیوەندی خێڵەکی یان سیاسی، بەبێ ڕەچاوکردنی لێهاتوویی و ئەزموون، بۆ پۆستی سەرکردایەتی دادەمەزرێنرێن.
ئەو ڕوونیکردەوە کە زۆرێک لە ژنان لە پۆستەکانی بڕیاردان هیچ کاریگەرییەکی ڕاستەقینەیان نییە، بەڵکو تەنها بۆ ڕازاندنەوەی دیمەنی سیاسی دامەزراون، وەک هیچی تر لە ڕازاندنەوە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.
هەرچەندە ٥٢.٩٣%ی ژنانی مۆریتانیا خوێندەوارن، بەڵام دەرفەتەکانیان بۆ گەیشتن بە پۆستی سەرکردایەتی سنووردارە، ئەمەش کاریگەریی بیروبۆچوونی خێڵەکیی باوی ڕەنگدەداتەوە".
ئەوەی لە مۆریتانیا ڕوودەدات ناتوانرێت بە "تەڤگەری ژنان" هەژمار بکرێت، بەو پێیەی هیچ تەڤگەرێکی ژنانی ڕاستەقینە لەو وڵاتەدا نییە کە کار بۆ گەیشتن بە ئامانجی ڕوون بۆ پرسەکانی ژنان بکات.
بەداخەوە پۆستەکان لە مۆریتانیا وەک دیاری لەلایەن پیاوانەوە درابوون، بەڵام پۆستی ڕاستەقینە لە ڕێگەی خەباتەوە بەدەستدەهێنرێت، ژنان دەنگێکی بەهێز و کاریگەریان هەبێت. دەزانین لە هەندێک کاتدا دامەزراندن تەنها هەنگاوێکی سیاسییە بە ئامانجی هێورکردنەوەی هەندێک لایەن و ناردنی پەیامێک بۆ جیهان کە ژنانی مۆریتانیا سەرکردایەتی لەگەڵ پیاوان هاوبەش دەکەن".
ڕژێمی نواکشۆت ڕۆڵی ژنان لە کایەی ئابووریدا سنووردار دەکات و مافەکانیان تەنیا لەم ڕوانگەیەوە چارەسەر دەکرێت.
ژنان لە مۆریتانیا زیاتر لە پیاوان بەدەست هەژارییەوە دەناڵێنن، وەک دۆسیەی کۆمەڵایەتی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.
کاریگەریی کۆمەڵگەی خێڵەکی کە بە داب و نەریت و ئایین بەڕێوەدەبرێت لەسەر پێگەی ژنان، چالاکوانی مافی مرۆڤ جەختی کردەوە کە نەبوونی دیدێکی ژنان پشتیوانی لە یەکسانی و چەسپاندنی مافەکان لە یاساکاندا،بەشدار بووە لە بەهێزکردنی هەژموونی خێڵەکی. "نەبوونی دەنگی بەهێزی ژنان کە داکۆکی لە مافەکان بکەن و ئاراستە و دیدگای جیاواز لەنێو ژناندا یارمەتیدەر بووە بۆ بەردەوامبوونی باڵادەستی خێڵەکی."
خێڵەکی بوون وایکردووە ژنان سەرنجیان لەسەر پرسە ماددیەکان بێت، پرسی مافەکانی پەراوێزخستووە، کە بۆ زۆرێکیان بووەتە شتێکی بێ بایەخ و تەنانەت ناڕەوا بۆ کۆمەڵگە و پێچەوانەی بەرژەوەندییەکانی وڵات.
جیاکاری ڕەگەزی لە بازاڕی کاردا
ئاماژەی بە نایەکسانییەکی ڕوونی ڕەگەزە کرد، کە پیاوان دەرفەتی زیاتریان پێدەدرێت بەبێ گوێدانە ئاستی خوێندنیان. "ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ لاوازی هەماهەنگی نێوان هێزی کاری ژنانی وڵات، بەو پێیەی زۆربەی ڕێکخراوەکان بە شێوەیەکی سەربەخۆ کاردەکەن و لەسەر دیدگا و ئامانجێکی هاوبەش ڕێکناکەون".
ئاماژەی بە یاسای پاراستنی ژنان کرد ،کە بڕگەکانی پاراستنیان لە توندوتیژی و دەستدرێژی و هاوسەرگیری منداڵان لەخۆدەگرێت. “لە ساڵی ٢٠١٢ەوە بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە، سەرەڕای پەسەندکردنی سەرۆک و پەسەندکردنی لە ئەنجومەنی پیران لە ساڵی ٢٠١٨.
” پەرلەمان بەهۆی وشەی "ڕەگەز"ەوە پڕۆژە یاساکەی ڕەتکردووەتەوە، کە دەسەڵاتدارانی ئایینی و خێڵەکی بە تابوی دەزانن. ئەمەش ڕەنگدانەوەی نەبوونی خواستی سیاسییە بۆ جێبەجێکردنی ئەو یاسایانەی کە ژنان دەپارێزن.
تیشکی خستە سەر دیاردەی هاوسەرگیری منداڵان لە مۆریتانیا، کە لە هەندێک دۆسیەدا بەهۆی تاوانەکانی دەستدرێژی سێکسییەوە توندتر دەبێتەوە. " یەکێکە لەو پرسە دیارانەی کە ڕووبەڕووی ژنان دەبێتەوە لە مۆریتانیا، هەندێک خێزان پەنا بۆ هاوسەرگیری منداڵانی کچیان دەبەن بۆ پاراستنی 'ناوبانگ' یان بەهۆی دۆخی سەختی ئابووریەوە. هەندێک پڕوپاگەندەی ئایینی توندڕەویش دەقۆزرێتەوە بۆ پاساوهێنانەوە بۆ ئەم کارانە".
ئەم دۆخە پێچەوانەی ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکانە سەبارەت بە مافەکانی منداڵان، زیاتر مافی ژنان و منداڵانی کچ لە کۆمەڵگەدا پەراوێز دەکات.
سەبارەت بە دۆسیەکانی جیابوونەوە لە مۆریتانیا ئاماژەی بەوەدا کە ڕێژەی جیابوونەوە دەگاتە ٧٩%، بەتایبەتی لە خێزانە هەژارەکاندا کە ژنان بەدەست نەزانینی یاسای خێزانەوە دەناڵێنن و ڕێگەیان پێنادرێت بچنە بازاڕی کارەوە، بە تەواوی وابەستەی پیاوان دەبن. دەستی خستەسەر نەبوونی سندوقی پاراستن بۆ ژنانی جیابووەوە و منداڵەکانیان کە ئەمەش ئازارەکانیان زیاتر دەکات.
ڕوونیشی کردەوە، ترسێکی بەردەوام لە وتاری ئایینی هەیە کە هێرش دەکاتە سەر ژنانی بەدوای ڕزگاری و ڕزگاریخوازی. "من بە شێوەیەکی تایبەتی بووم بە قوربانیی فەتوایەکی ئایینی کە داوای سەربڕینمی دەکرد، بەهۆی خەباتم بۆ ئازادی ژنان".
سەبارەت بە هاوکاری ژنان لە مەغریب و ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئامیناتو کچی موختار،چالاکوانی مافی مرۆڤ پێی وایە ژنانی مۆریتانیا بەرژەوەندییەکی تەواویان نییە بۆ ئاڵوگۆڕی ئەزموون لەگەڵ ژنان لە وڵاتانی دیکە، بەتایبەتی لە بواری ئازادی و مافەکاندا.پشتگیری لە پرسی ژنان دەبێت هەمەلایەنە بێت و بەپێی ڕەگەز و ڕەنگ دابەش نەکرێت. بەڵکو دەبێت هەوڵەکان لەسەر بنەمای ستراتیژێکی هاوبەش بن کە پشتیوانی و پێشخستنی پرسەکانی ئازادی و یەکسانی بکات.