هونەرمەندێکی فەڵەستینی لە ڕێگەی تابلۆکانییەوە ئازارەکانی گەلەکەی نیشان دەدات

ڕیهام شقورە هەوڵ دەدات لەڕێگەی تابلۆ هونەریەکانییەوە، وێنەی ڕاستەقینەی ئەو ئازارانە بکێشێت کە خەڵکی غەززە پیایدا تێپەڕ دەبن، بەشێک لە بەرهەمەکانیشی هیوای خەڵکی غەززەی تیادا بەدی دەکرێت.

نەغم کەراجە

 

غەززە-لە بەردەوامی شەڕی کەرتی غەززەدا کە نزیكەى ١٢٠هەزار كەس زیانیان بەرکەوتووەو بە هەزارانی دیكەش ئاوارە بوون، ماڵوێرانییەکی بەرفراوانی بەدوای خۆیدا هێناوە، لە کاتێکدا خێزانە پەنابەرەکانی غەززە لە پەناگەدا هەوڵدەدەن لە هێرشی ئاسمانی و تۆپباران ڕزگاریان بێت، ڕیهام شقورە وەک هونەرمەندێکی فەڵەستینی لەڕێگەی تابلۆکانیەوە هەوڵ دەدات چیرۆکی گەلەکەی و ئەو ئازارانەی دەیبینن بەهۆی جەنگەوە نیشانی بدات.

 

تابلۆکانی ڕیهام شقورە وەک بەڵگەیەک بۆ ئەو توندوتیژی و جینۆسایدە دەردەکەون کە گەلی فەڵەستین ئەزموونی دەکەن، بە فڵچەیەکی تیژ و ڕەنگی تۆخ، ئەو وێرانکارییە نیشان دەدات کە بەسەر ماڵەکاندا هاتووە، ڕێگا ڕووخاوەکان و بینا وێرانەکان، کە ترس و نائومێدی لە چاوی ئەو منداڵانەی ون بوون نیشان دەدات، یاری و قوتابخانە و ماڵەکانیان ئەو هەستە دژبەیەکانە بەرجەستە دەکەن کە خێزانەکانی غەززە لە نێوان هیوای خۆڕاگری، ڕووبەڕووبوونەوە ئەزموونی دەکەن.

 

"لە تابلۆکانمدا هیواو ئیرادەی گەلەکەم نیشان دەدەم"

ڕیهام شقورە ئاماژەی بەوەکرد، لە تابلۆکانیدا تەنها کار لەسەر وێرانکاری و نیشاندانی جەنگ ناکات بەڵکو هەوڵ دەدات ئیرادەی گەل نیشان بدات، وتیشی: تەنها سەرنجم لەسەر وێرانکاری نییە، بەڵکو ئەو ڕۆحی بەرخۆدان و ئیرادەیەش نیشان دەدەم کە فەڵەستینییەکان ڕۆژانە بەرجەستەی دەکەن، تابلۆکانم هەستی پەیوەندی و هاوکاری نێوان تاکەکان نیشان دەدەن، کە توانای زاڵبوون بەسەر وزەی نەرێنی و نوێکردنەوەی هیوا بۆ داهاتوویەکی باشتریان هەیە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، هونەر ئامرازێکی بەهێزە، وا دەکات ڕاستی ئەو شتانە نیشان بدرێت کەخەڵک تیایدا دەژی، لە ڕێگەی تابلۆکانەوە خەڵکی لە تەواوی جیهان دەتوانن بزانن لە کەرتی غەززە چی دەگوزەرێت، چونکە هونەر دەتوانێت بە چەندین زمان قسە بکات.

 

"بینەر دەتوانێت درک بە ئازاری گەلی فەڵەستین بکات"

لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەشکرد، بینەر دەتوانێت هەست بە ئازاری ئەو منداڵە بکات کە ماڵەکەی لەدەستداوە، ئازاری ئەو دایکەی منداڵەکەی لەدەستداوە، هەروەها ئازاری ئەو گەنجەی کە لە چاوتروکانێکدا خەون و داهاتووی لەدەستداوە، لەگەڵ ئەوەشدا خۆڕاگری گەلی فەڵەستین و توانای گونجاندنیان لەگەڵ ئەم بارودۆخەی ئێستادا کە کەس لە جیهاندا بەرگەی ناگرێت.

 

ڕیهام شقورە، توانی ئەوڕاستییە تراژیدییە بەرجەستە بکات کە منداڵە فەڵەستینییەکان تێیدا دەژین، لەیەکێکی دیکە لە تابلۆیەکانیدا نیشانی دا ژن بەشێکی دانەبڕاوە لە دۆزی فەڵەستین، بە کێشانی ژنێک کە جلی کۆڵبەری لەبەردایە خەونی گەڕانەوەی بۆ خاکەکەی نیشان دەدات.

 

"هونەرەکەم چەکی منە"

سەرەڕای ئەو فشارە دەروونییە سەختانەی کە هونەرمەند ڕیهام شقورە ڕووبەڕووی دەبێتەوە، بەڵام ئیرادەی ئەو بۆ نیشاندانی ڕاستی کەرتی غەززە ڕێگری لێنەکرد، جەختی لەوە کردەوە، هونەرەکەی چەکی دەستیەتی، وتی: هونەر دەتوانێت جیهان بگۆڕێت.

 

ڕوونیشیکردەوە، دوای تەواوکردنی کاری ڕۆژانە کە لە کۆکردنەوەی دار و یارمەتیدانی خێزانەکەی بۆ دابینکردنی کەمترین پێداویستییەکانی ژیان دەست پێدەکات، کەڵک لە کاتەکانی وەردەگرێت، بیرلە دەرفەتێک دەکاتەوە بۆ کێشانی وێنەو ئارامیدان بە دەروونی و دەربازبوون لەڕاستیە پڕ لە ئازارەکان.

 

"پشتگیری کردنی هونەرمەندان پشتگیری کردنی بەرخۆدانە"

لە کۆتایدا ئاماژەی بەوەکرد، ڕەنگە هونەر تەنها ئامڕازێکی دەربڕین بێت بۆ هەندێک، بەڵام بۆ گەلی فەڵەستین ئامڕازێکە بۆ مانەوە و ڕووبەڕووبونەوە، گەلی فەڵەستین هیوا و ئیرادەی خۆیان بەکاردەهێنن بۆ ئەوەی بە ئاشتی بژین و چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن، وتیشی: پشتگیریکردنی هونەرمەندان لە غەززە پشتگیریکردنە بۆ خۆڕاگری و بەرخۆدان، هەروەها بیرخستنەوەیە بۆ جیهان لە گرنگی هاودەنگی مرۆڤ لە بەرامبەر نادادپەروەری و شەڕانگێزیدا.