لە ڕێگەی وێنەکانیانەوە ژنانی هونەرمەند مێژوو تۆمار دەکەن

ژنانی هونەرمەند ئاماژە بەوەدەدەن لە ڕێگەی وێنەکێشانەوە توانیویانە ڕاستی ژیانی ژنان لە قۆناغە جیاوازەکانی کۆمەڵگەدا لە مێژووەوە تا ئێستا تۆماربکەن و بیگوازنەوە بۆ نەوەکانی داهاتوو.

یوسرا ئەحمەد

 

ڕەققە- لە سەردەمی کۆنەوە ژنان لە هەموو جۆرەکانی هونەر و داستانە ئەفسانەییەکاندا ڕۆڵیان هەبووە، لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە لە ئەدەب و هونەردا، بە هونەری شێوەکاریشەوە، بە شێوەیەک ڕۆڵیان هەبووە کە تیشکیان خستووەتە سەر تواناکانی خۆیان، بەتایبەتی لە بەرجەستەکردن و تۆمارکردنی مێژوو و شارستانییەتە هاوچەرخەکاندا کاریگەریان هەبووە.

 

پشتڕاستی دەکەنەوە ڕۆڵیان لە هەموو لایەنەکانی ژیاندا و بوونیان بە تایبەت لە هونەرە شێوەکارییەکاندا هەبووە، ئەمەش دژی ئەو تێڕوانیناە بووە کە لە مێژوودا کۆمەڵگە لەسەر ژن هەیبووە، بەڵام ژنان سەرەڕای بوونی کۆمەڵگەیەکی بەرتەسک هەمیشە پێگەی خۆی پاراستووە، سەرچاوەی سەرەکی پێشکەوتن و گەشەسەندن بوون، لە ڕێگەی هونەرەوە توانیویانە مێژووی خۆیان تۆمار بکەن.

 

هونەر، بە دوو جۆرەکەی، نیگارکێشی و پەیکەرسازی بەرد، بە شایەتحاڵێکی مێژوویی لەمێژینەی ڕاستی شارستانییەت و سەردەمە کۆنەکان دادەنرێت، هەربۆیە ژنە هونەرمەندان هونەر بە ئامرازێک بۆ دەربڕینی بیرکردنەوەکانیان، هێز و ئیرادەیان دەزانن، لە ڕێگەیەوە توانیویانە لاپەڕەکانی مێژوو تۆمار بکەن و هەموو سەردەمێک و ئەوەی لەخۆدەگرێت لە یاسا، ئەفسانە و کولتوورە جیاوازەکانەوە بەرجەستە بکەن.

 

"هونەر وەک دەرخەری ڕاستی هەر سەردەمێک بەکاردێت"

ڕەسمیە ئەرسان، ڕایگەیاند، مێژووی ئەم شێوازی هونەرە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی کۆن، کە هونەرمەندان بەکاریان دەهێنا بۆ تۆمارکردنی ڕووداوەکانی شارستانیەت و شەڕەکان کە لە هەموو قۆناغێکی مێژووییدا ڕوویداوە، جگە لەمەش ژنان لە ڕێگەی هونەری شێوەکارییەوە ئازارەکانیان تۆمار کردووە و نیشانی کۆمەڵگەیان داوە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، هونەری شێوەکاری بە ئاوێنەیەکی بنەڕەتی دادەنرێت کە ڕەنگدانەوەی هەموو سەردەمێکە، هەموو ناوچەیەکی جیهان بەکاریهێناوە، وتی: ئەمڕۆ چەندین پەیکەر لەسەر دیوارەکانی شاری دیمەشق دەبینین، کە شارستانیەتیان بەرجەستە کردووە لە ناوچەکەدا، جگە لەو پەیکەرانەی لە ئەشکەوت و پەرستگاکاندا نەخشێندراون، کە چەندین واتا و هێمایان هەیە، هەندێکیان ئاماژەن بۆ ئەوەی پاشا چۆن حوکمڕانی بەسەر گەلەکەیدا لەو سەردەمەدا کردووە، هەندێکیشیان ئاماژەن بۆ شێوازی ژیانیان.

 

"هەوڵ دەدەم ئازاری ژنانی ئەمڕۆ لە ڕێگەی هونەرەوە بۆ مێژوو تۆمار بکەم"

سەبارەت بە گرنگی هونەر لە نیشاندانی ڕاستی شۆڕشەکان و کاردانەوەی نەرێنیان لەسەر کۆمەڵگە و ژنان، باسی لەوەکرد، ئەگەر بوونی ئەو وێنەکێشانە نەبوایە لە سەردەمی ئێستادا، کە بە کولتوورێکی مێژوویی دادەنرێت، کەس نەیدەتوانی بزانێت بە درێژایی مێژوو مرۆڤ و بەتایبەت ژنان بە چ ژیانێکدا تێپەڕبوون.

 

ڕەسمیە ئەرسان، هەوڵدەدات ئازار، نادادپەروەری و زەوتکردنی مافەکانی ژنان کە ئەمڕۆ ڕووبەڕووی دەبنەوە  لە ڕێگەی هونەرەوە تۆمار بکات، وتی: لە وێنەکێشانەکانمدا سەرنج دەخەمە سەر پرسەکانی ژنان لە کۆمەڵگە و بەرەنگاربوونەوەی ژنان دژی ئەقڵیەتی پیاوسالاری، هەوڵدەدەم تیشک بخەمە سەر هێزی ژن و ڕۆحی بەرخۆدان بە مەبەستی شکاندنی ئەو سنووردارکردنانەی کە بەسەریاندا سەپێندراوە بۆ گەیشتن بە خەون و ئامانجەکانیان.

 

"پێویستە ژنان پەرە بە بەهرەکانیان بدەن"

لە درێژەی قسەکانیدا ڕەسمیە ئەرسان ئاماژەی بەوەکرد، ژنان گەورەترین ڕۆڵیان هەیە لە وەرگرتنی بەرپرسیارێتی تۆمارکردن و نەمرکردنی ئەو شتانەی کە لە هەموو قۆناغەکانی ژیانیاندا کە مرۆڤایەتی ئەزموونی کردووە هەیە، بەو پێیەی زۆرێک لە ژنە هونەرمەندەکانی هونەری شێوەکاری بەدرێژایی کات ڕۆڵی دیار و گرنگیان لە تۆمارکردنی مێژووی خۆیاندا نیشانداوە، دەشڵێت: ئێمەش تا ئێستا قۆناغ و ڕووداوەکانی مێژوو لە ڕێگەی وێنەکێشانەوە دەگەیەنین بە نەوەی ئێستا و داهاتوو.

 

داوای لە ژنان کرد ئەو تێڕوانینە هەڵانە بشکێنن کە ناهێڵن ژن هونەرمەند بێت و لە ڕێگەی هونەرەوە ڕاستی ژیان دەربخات، وتی: هەموو ژنێک هەر جۆرە بەهرەیەکی هەیە پێویستە گرنگی پێبدات و پەرەی پێبدات، بەتایبەت بەهرە هونەرییەکان، چونکە هونەر ڕۆڵی سەرەکی هەیە لە گەیاندنی پەیامی جیاواز لە کۆمەڵگەدا.

 

"سیستم و دەسەڵات ڕۆڵی ژنیان لە کۆمەڵگەدا ون کردووە"

هونەرمەند سەحەر عەبدولڕەحمان، ڕوونی کردەوە کە ژنان لە سەرەتای کۆمەڵگەی سروشتی 'کۆمەڵگەی نیۆلیتیک'ەوە بە هێز و ئەقڵیەتی تەندروست ناسراون ئەوان پێشەنگ، جەنگاوەر و ڕۆشنبیر بوون، زانیارییەکی بەرفراوانیان لە هەموو هونەری و پزیشکی و بوارەکانی ئەندازیاری هەبووە بەڵام لەگەڵ تێپەڕبوونی کات و سەرهەڵدانی وڵاتانی بەناو سەرمایەداری و دیکتاتۆر، ڕۆڵی ژنان لەناو کۆمەڵگەدا ونکراوە بۆیە دەیانەوێت دەربخەن ژنان لە مێژوودا ڕۆڵ و کاریگەریان چۆن بووە، ئاماژەی بەوەشکرد، پاراستنی هونەری شێوەکاری بۆ ئەوەی ببێتە شایەتحاڵی هەموو قۆناغ و مێژوویەک کە ژنان پێیدا تێدەپەڕن گرنگە.

 

سەبارەت بە بەشداری هونەری شێوەکاری لە هاندانی ژنان بۆ وەرگرتنی وزە و سەلماندنی خۆیان، ڕوونیکردەوە هونەری شێوەکاری ڕۆڵێکی گرنگی لە تیشک خستنە سەر هێزی ژنان و ڕۆحی خۆڕاگرییان و ئەو سیفەتانەی کە بە درێژایی ژیان خاوەنی بوون هەیە، ئەو هونەرە توانیویەتی کولتوور و ڕاستی ژیان بەرجەستە بکات.