نەسرین ئاسیابانی بە دەستەکانی فەرش و بەڕە دەنەخشێنێت

نەسرین ئاسیابانی دەڵێت: کاری فەرشچنی سەربەخۆیی ئابووریی بۆ دەستەبەر کردووم، لە شارەکاندا پێشەنگا دەکەمەوە و زۆرێک لە ژنانم ڕاهێناوە بۆ ئەوەی بچنە ناو بازاڕی کارەوە.

سارا کەریمی

 

مهاباد- بەڕە جۆرێکە لە فەرش کە بە تێکەڵبوونی دەزووەکان نەخشی لەسەر دەچنرێت، لە هەر وڵاتێک ناوێکی لێنراوە بۆ نمونە، گلیم لە ئەفغانستان - گیلیم لە ئۆکراینا - بداس لە قەفقاز - لیات لە سووریا و لوبنان - چیلیم لە ڕۆمانیا و لە وڵاتانی تورکیا و پۆڵەندا و هەنگاریا و سعودیەش پێی دەوترێت کیلیم.

 

مێژووی بەڕەچنی

لە کۆنەوە مرۆڤ پێستی ئاژەڵی بەکارهێناوە بۆ داپۆشین و پاراستنی لەش لە گۆڕانی کەشوهەوا و وەکو جلوبەرگ دروستیان کردووە، وردە وردە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی بەخێوکردنی ئاژەڵ و کۆکردنەوەی خورییەکانیان، دروستکردنی بەرگی دیکە بووەتە جێی بایەخی خێڵە سەرەتاییەکان و یەکێکە لە یەکەم هونەرە خێڵەکییەکان و کاری دەستییەکانیان، دروستکردنی بەڕە و فەرش و ڕاخەرە بە خوری و مووی ئاژەڵی.

 

کاری دەستی، لەوانەش فەرش و بەڕەچنی تا ئێستاش بە هونەرێکی ناوازە دادەنرێت کە کاری دەستی ژنانی بەتوانایە و بە تێکەڵکردنی هونەر و داهێنان ئەنجام دەدرێت و ژنان ڕێگریان لە لەناوچوونی ئەم هونەرە دێرینە کردووە و بە هەوڵەکانیان بە زیندووی هێشتوویانەتەوە.

 

نەسرین ئاسیابانی یەکێکە لەو ژنە بەتوانایانەی کە لە بواری فەرشچنیدا کار دەکات ، ماوەی ١٥ ساڵە بەردەوام فەرشچنی کردووە و هەناردەی وڵاتانی دەرەوەی ئێرانیشی کردووە، وەک خۆی دەڵێت ڕۆژانە نزیکەی ٧ کاتژمێر کار دەکات.

 

سەبارەت بە بازاڕی کارەکەی دەڵێت: بەرهەمەکانم زیاتر لە ڕێگەی ناسیاوەکانم و هاوشارییەکانمەوە دەفرۆشرێن، ئەوان لە نزیکەوە کارەکانم دەبینن و زۆر ڕازین بە کوالێتی کارەکە، زۆرتریش خەڵک وەک دیاری بۆ کەسوکاریان لە دەرەوەی وڵات دەیانکڕن، لە ناوخۆی ئێران و شارەکانەوە کڕیارم هەیە، خەڵک زۆر حەزیان لە دیزاینە کولتووریەکانی فەرشەکانە.

 

لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: ژنان دەتوانن ئەم کارە لە ماڵەوە ئەنجام بدەن، هەروەها پێویست ناکات فرۆشگا یان شوێنێکی تایبەت بە کرێ بگرن، من پێشنیار دەکەم ژنان کار بکەن، چونکە بە دڵنیاییەوە سەرکەوتوو دەبن، هەموو کارێک سەختی خۆی هەیە، بەڵام من ئەم کارەم خۆشدەوێت، هەر بۆیە فێری زۆربەی ژنان دەکەم.

 

سەبارەت بە کەرەستەی پێویست بۆ فەرشچنی دەڵێت: دیزاینی فەرشچنی بۆ هەزاران ساڵ دەگەڕێتەوە و دیزاینەکانی کولتووری و  باخچەی ئاژەڵان و خەیاڵی هەیە، هەندێک دیزاین تەمەنیان سێ هەزار ساڵە و بۆ سەر مێز و تەلەفیزیۆن بەکاردێت، دیزاینەکانی فەرش تایبەت نییە بە یەک شار، ئەم دیزاینانەش لە زۆربەی شارەکانی ئێران وەک قەشقەی، بابۆڵ و زەنجان دروست دەکرێن، بەڵام لە بنەڕەتدا فەرشچنی دیزاینێکی کوردییە و کۆچەریەکانیش دیزاینی جوانیان هەیە.

 

لە درێژەی قسەکانیدا نەسرین ئاسیابانی دەڵێت: ئەم دیزاینانە بۆ ملوانکە و جانتا و دیکۆر و تەوقە بەکاردێت، فەرشچنی پێویستی بە چوارچێوەیەکی ئاسن و دەزوو و داسی چنین هەیە و بەشێکی کارەکەش بە نینۆک دەکرێت، پێویستی بە ئامێری زۆر نییە، هەروەها دەتوانرێت هونەری جوان بخوڵقێنرێت بە تێکەڵکردنی ڕەنگەکان، خەڵک زۆر بە باشی پێشوازی لێدەکەن و زۆر لە کوالیتیەکەی ڕازین، هەروەها پشتگیری لە پیشەسازی دەستی دەکەن لە پێشانگەکاندا.

 

لە کۆتاییدا دەڵێت: من بەڕێوەبەری ماڵم و ئەم کارە سەربەخۆیی ئابووریی بۆ دەستەبەر کردووم، لە شارە جیاوازەکاندا پێشانگا دەکەمەوە و زۆرێک لە ژنانم ڕاهێناوە بۆ ئەوەی بچنە ناو بازاڕی کارەوە، بە هەموو ژنان دەڵێم هەوڵبدەن بۆ ئارەزو و ئامانجەکانتان و بۆ سەرکەوتن لەو بوارەی کە خۆشت دەوێن.