ئاڤان بە هونەرەکەی پێشەنگاکانی دەوڵەمەندتر کردووە

ئاڤان سدیق، دەرچووی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانییە و نمونەی ئەو ژنە هونەرمەندانەیە، کە توانیویانە بە کارە هونەرییەکانیان وێنای "ژن، ژینگە، کۆمەڵگە" بەرجەستە بکەن.

نیهایەت ئەحمەد

 

سلێمانی- هونەری شێوەکاری بە واتای نوێبوونەی ژیان دێت، ژنانیش لە بواری هونەردا وەک پەیامبەرێک هونەر لە هزریاندا گەڵاڵە بووە، کە دەتوانن کۆکراوەی بەهرە و تواناکانی خۆیان لەسەر ڕووپەڕی کاغەزێک ڕەنگڕێژ بکەن، وەڵامی هەموو ئازار و مەرگەسات و خۆشییەکان تێکەڵ بە جیهانبینی خۆیان دەکەن و دەیگوازنەوە سەر تابلۆکانیان و نمایشی دەکەن.

 

 

ئاڤان سدیق، هونەرمەندی شێوەکار، لە ساڵی ١٩٧٤ لە شاری سلێمانی لەدایکبووە، بەشی هونەری شێوەکاری لە پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانی تەواو کردووە، دواتر لە زانکۆی هەنس گۆتنبێرگ لە ئەڵمانیا درێژە بە خوێندن دەدات و ماوەی ١٠ ساڵە گەڕاوەتەوە بۆ کوردستان، وەک خۆی دەڵێت، کاری شێوەکاری و نەخشاندنی یەکەمین تابلۆکانی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٩٩.

 

"وێنەکێشان خولیای زۆرێک لە ژنانە"

ئاڤان سدیق ئاماژەی بەوەکرد، وێنەکێشان خولیای زۆرێک لە ژنانە و خۆیشی سەرەتا بە وێنەکێشان دەستی پێکردووە، دواتر دەستی بە هونەری شێوەکاری کردووە، هەروەها باس لە جیاوازی ئیشی هونەری دەرەوەی کوردستان دەکات و دەڵێت: لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەگشتی، هونەر و وەرزش بوونەتە دوو فاکتەرێکی لاوەکی و ەو گرنگییەی نییە، هیچ کاتێک بە پێی پێویست نەکراوە بە بابەتی سەرەکی لە خوێندنگەکاندا، هاوکات لەگەڵ ئەوەی هونەرمەندان کاری هونەرییان بە باشی بەرجەستە کردووە، بەڵام هونەری شێوەکاری مێژوویەکی تازەیە و سەردەمی سەرهەڵدانی نزیکە، ئەگەر بەراورد بکرێت بە مێژووی نووسین کە ساڵی چل و پەنجاکان کۆمەڵێک هونەرمەند دروست دەبن لە عێراقدا، لەبەر ئەو هۆکارانەیە کە ناتوانرێت هونەری شێوەکاری بەراورد بە ئەوروپا بکرێت، هونەری شێوەکاریش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا مێژوویەتی سەربەخۆی نییە، بەڵام بەو واتایە نییە کە بوونی نەبووبێت، تەنها ئەوەیە لەسەر ئاستی دامودەزگا و ئەکادیمیاکان هونەر لەسەر سەردەمی کۆنەوە سەری هەڵنەداوە.

 

هونەری شێوە جیاواز و نوێ لە کاری هونەرمەندانی ژندا بەدی دەکرێت

ئاڤان سدیق، یەکەم هونەرمەندی ژن بووە کە کاری هونەری لەسەر ڤیدیۆئاڕت نمایش کردووە، وەک داهێنەرێکی هونەری شێوەکاری هەمیشە بە کارە جیاواز و ناوازەکانی بینەرانی سەرسام دەکات، هەوڵدەدات هونەری نوێ بهێنێتە کایەوە، کە بە کەرەستەی تایبەت و سادە تابلۆکانی دەکێشێت و کاری هونەری بە ئامڕازی بلوری بەرجەستە دەکات.

 

لە وێنەکانی ئاڤاندا چیرۆکێک خۆی نیشان دەدات، کە ژن، ژیان و کۆمەڵگە دەنەخشێنێت، لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بە ئەرشیفکردنی کارە هونەرییەکان کرد، بۆ ئەوەی بچتە گەنجینەی وڵات و بۆ مێژوو بمێنێتەوە، "پێویستە کاری هونەرمەندان کۆبکرێتەوە و خوێندنەوەی بۆ بکرێت و کار لەسەر چۆنیەتی و ئامانجی دروستکردنی بکرێت، دواتر کار بۆ ئەرشیفکردنیان بکرێت و هەڵبگیرێن بۆ نەوەکانی دوای ئێمە، تا ئاشنای مێژووی هونەر و شارستانییەتی خۆیان بن".

 

هەر ژنێک کە دێتە کایەیەکی جیاوازەوە ڕەنگدانەوەی ژیانی و چۆنیەتی پەروەردەکردنی دەردەخات، نیشانی دەدات کە ئەو کەسە هەر لە منداڵیەوە بەهرەیەک یان خولیایەکی هەڵگرتووە لە هزریدا، ئاڤان کە باوکی زەرەنگەربووە و کاری نەخشاندنی کردووە، هاندەری بووە تا خولیای هونەریی لەلا گەڵاڵە ببێت و لەو ڕێگەیەوە ئارەزووی بۆ وێنەکێشان و شێوەکاری بۆ دروستدەبێت، دەشبێتە بناغە وتیشی: ژنان لە ئێستادا دەرفەتێکی باشیان بۆ ڕەخساوە لە بواری هونەریدا ڕۆڵیان هەبێت و بەشداری کردنەوەی پێشەنگا هونەرییەکان بکات.

 

ئاڤان سدیق، وەک ژنە شێوەکارێک دوا پەیامی ئاڕاستەی ژنان کرد و وتی: ژنان لە ڕووی ژیانی کۆمەڵایەتیەوە، ڕێگری لە توانا هونەریەکانیەوە دەکرێت، بەڵام مانای ئەوە نییە ژنان ئیتر کۆڵبدەن و لە ماڵەوە بمێننەوە، لەو ڕووەوە پێویست دەکات ژنان بەردەوام لە هەوڵدابن بە خۆپەروەردەکردن لە فاکتەرە جیاوازەکاندا، ژنان دەتوانن خۆیان زیاتر پتەو بکەن، بۆ ئەوەی بتوانن لە هەموو بوارەکاندا بەشدار بن، "داوا دەکەم ژنەکان خۆیان بە لاواز نەبینن و تواناکانی خۆیان پەرە پێبدەن".