ژنانی پەرلەمانتاری هەرێم لە هەوڵی زیادبوونی ڕێژەوە بۆ خەونی دانیشتنی پەرلەمان
لەکاتێکدا جیهان یادی ڕۆژی پەرلەمانتاری دەکاتەوە، ژنان لەهەموو وڵاتانەوە هەوڵی کارکردن بۆ یاسای باشترو زیادبوونی ڕێژەی ژنان دەدەن، لە هەرێمی کوردستان ژنانی پەرلەمانتار کە بۆ خولی شەشەم هەڵبژێردراون، زیاتر لە ٦٠٠ ڕۆژە خەون بەیەکەم دانیشتنی ئەم خولەوە دەبینن
هێڤی سەڵاح
سلێمانی_ ڕۆژی ٣٠ی حوزەیرانی هەموو ساڵێک لەسەر ئاستی جیهان یادی "ڕۆژی جیهانیی پەرلەمانتاری" دەکرێتەوە کە هاوکاتە لەگەڵ ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی پەرلەمانی جیهانی لە ساڵی ١٨٨٩دا و ئەم یادە دەرفەتێکە بۆ هەڵسەنگاندنی سیستمی پەرلەمانی و تیشکخستنە سەر ئەو ڕۆڵە گرنگەی پەرلەمانەکان دەیگێڕن لە پاراستنی مافەکانی گەل و چەسپاندنی دیموکراسی.
پەرلەمانی کوردستان لە کاتێکدا پێشوازی لەم یادە دەکات کە قۆناغێکی سەختی چەقبەستوویی تێپەڕاندووە دوای ئەوەی بۆ ماوەیەک بەهۆی دواکەوتنی هەڵبژاردنەکانەوە لە بۆشاییەکی یاساییدا بوو، سەرەنجام لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤دا پرۆسەی هەڵبژاردن ئەنجامدرا و خولێکی نوێی تەشریعی دەستیپێکرد، کە ئێستا لە ساڵی ٢٠٢٦دا وەک دەستکەوتێکی گرنگ بۆ گەڕانەوەی شەرعییەت سەیر دەکرێت، لە پاڵ ئەمەشدا مێژووی پەرلەمانی کوردستان لایەنێکی گەش و پڕشنگداری هەیە کە ئەویش کاروان و ڕۆڵی ژنانی پەرلەمانتارە لە ساڵی ١٩٩٢ەوە کە توانیویانە لە ڕێگەی کۆتای یاسایی و خەباتی بەردەوامەوە پێگەی خۆیان لە ناوەندی بڕیاردا بچەسپێنن.
مێژووی دامەزراندن و قەیرانی شەرعییەت ٢٠٢٢ – ٢٠٢٤
مێژووی دامەزراندنی پەرلەمانی کوردستان کە لە سەرەتادا پێی دەگوترا ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردستانی عێراق دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای ساڵانی نەوەدەکان و دەرەنجامی ڕاستەوخۆی گۆڕانکارییە سیاسی و سەربازییەکانی ئەو سەردەمە بوو چونکە لە بەهاری ساڵی ١٩٩١دا کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دژی ڕژێمی بەعس ڕاپەڕین و زۆربەی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستانیان ڕزگار کرد و دوای ئەم ڕاپەڕینە و کشانەوەی دامودەزگا کارگێڕی و خزمەتگوزارییەکانی حکومەتی بەغدا لە تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٩١دا هەرێمی کوردستان کەوتە ناو بۆشاییەکی گەورەی یاسایی و کارگێڕی و سیاسییەوە و بۆ پڕکردنەوەی ئەم بۆشاییە بەرەی کوردستانی بڕیاریدا سیستمی بەڕێوەبردنی هەرێم لە شێوازی شۆڕشگێڕییەوە بگۆڕێت بۆ دامەزراوەیی و یاسایی، بۆ یەکەمجار لە مێژووی باشووری کوردستاندا لە ١٩ی گوڵانی ساڵی ١٩٩٢دا پڕۆسەیەکی سەرانسەری و ئازاد بۆ هەڵبژاردنی نوێنەرانی گەل بەڕێوەچوو و لەم پڕۆسەیەدا خەڵک بە پەرۆشەوە ڕوویان لە سندوقەکانی دەنگدان کرد بۆ هەڵبژاردنی ١٠٠ ئەندامی پەرلەمان لە پاڵ ٥ کورسی کە داڕژابوو بۆ کەمایەتییە مەسیحییەکان کە کۆی گشتی کورسییەکان بووە ١٠٥ کورسی، دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان لە ڕۆژی ٤ی حوزەیرانی ساڵی ١٩٩٢دا یەکەمین خولی پەرلەمانی کوردستان یەکەمین کۆبوونەوەی مێژوویی خۆی ئەنجامدا و لەم دانیشتنەدا پەرلەمانتاران سوێندی یاساییان خوارد و بە فەرمی تەمەنی ئەم دامەزراوەیە دەستیپێکرد و لە یەکەمین بڕیارەکانیشیدا پەرلەمان یاسای ژمارە ١ی ساڵی ١٩٩٢ی دەرکرد کە تایبەت بوو بە شێوازی کارکردنی خۆی و لە تشرینی یەکەمی هەمان ساڵدا فیدڕاڵییەتی وەک پێوەندییەکی یاسایی نێوان هەرێم و بەغدا ڕاگەیاند و ئەم دامەزراوەیە لەو کاتەوە بووە بەرزترین دەسەڵاتی یاسادانان و چاودێری لە هەرێمی کوردستاندا
کاروانی ژنان لە پەرلەمانی کوردستان
خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی ٢٠٢٢دا تەمەنی یاسایی خۆی درێژکردەوە بەڵام دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لە ئایاری ساڵی ٢٠٢٣دا ئەو درێژکردنەوەیەی بە نادەستووری لەقەڵەمدا و پەرلەمانی هەڵوەشاندەوە و ئەم بڕیارەش هەرێمی کوردستانی خستە ناو بۆشاییەکی گەورەی تەشریعییەوە کە نزیکەی دوو ساڵی خایاند سەرەنجام دوای چەندین گۆڕانکاری لە یاسای هەڵبژاردن و گۆڕینی سیستمی بازنەکان لە ٢٠ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٤دا هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدرا کە تێیدا شەرعییەت بۆ دامەزراوەی یاسادانان گەڕایەوە و متمانە بە پڕۆسەی دیموکراسی بەخشرایەوە، ئەگەرچی بارودۆخی سیاسیی هەرێم بە هەوراز و نشێوی زۆردا تێپەڕیوە بەڵام ناتوانرێت باسی مێژووی ئەم دامەزراوەیە بکرێت بەبێ ئاماژەکردن بەو شۆڕشە بێدەنگەی کە ژنانی کوردستان لە ناو هۆڵی پەرلەماندا بەرپایان کرد کە لە دوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ەوە قۆناغی نوێی بەخۆوە بینی.
لە یەکەمین خولی پەرلەمانی کوردستاندا لە ساڵی ١٩٩٢دا بەشداریی ژنان زۆر سنووردار بوو ، بە شێوازێک لە کۆی ١٠٥ کورسی پەرلەمان تەنها ٥ ژن توانیان ببنە پەرلەمانتار کە دەکاتە نزیکەی ٤.٧٪ و ئەم نوێنەرایەتییە کەمە ڕەنگدانەوەی کۆمەڵگەیەکی تەقلیدی بوو بەڵام ئەو پێنج ژنە بوونە پێشەنگ و ڕێگەکەیان بۆ نەوەکانی دوای خۆیان خۆش کرد.
دواتر ژنان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بە پاڵپشتی لۆبییەکی بەهێز درکیان بەوە کرد کە بەبێ یاسایەکی تایبەت پێگەی ژنان لە کایەی سیاسەتدا ناچەسپێت و دوای خەباتێکی زۆر لە ساڵی ٢٠٠٤دا یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هەمووارکرایەوە و ڕێژەی ٢٥٪ وەک کۆتا بۆ ژنان جێگیرکرا پاشان لە ساڵی ٢٠٠٩دا ئەم ڕێژەیە بەرزکرایەوە بۆ ٣٠٪، ئەم هەمووارە یاساییە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی دروستکرد بە جۆرێک لە خولەکانی دواتردا ژمارەی ژنانی پەرلەمانتار گایشتە زیاتر لە ٣٣ پەرلەمانتار لە کۆی ١١١ کورسی و تەنانەت لە خولی پێنجەمدا ژنان توانیان پۆستی باڵای سەرۆکایەتی پەرلەمان بەدەستبهێنن کە خۆی لە پۆستەکانی سەرۆکی پەرلەمان و سکرتێری پەرلەماندا دەبینییەوە
خشتەی گەشەکردنی پێگەی ژنان لە خولە جیاوازەکانی پەرلەماندا
|
خولی پەرلەمانی |
ساڵی هەڵبژاردن |
ڕێژەی کورسیی ژنان |
پۆستە سەرەکییەکانی ژنان |
|
خولی یەکەم |
١٩٩٢ |
٤.٧٪ (٥ کورسی) |
ئەندامی لێژنەکان |
|
خولی دووەم |
٢٠٠٥ |
٢٥٪ (٢٧ کورسی) |
جێگری سەرۆکی لیژنەکان |
|
خولی سێیەم و چوارەم |
٢٠٠٩ / ٢٠١٣ |
٣٠٪ (٣٤ کورسی) |
سەرۆکایەتی لێژنە گرنگەکان |
|
خولی پێنجەم |
٢٠١٨ |
٣٠٪ (٣٤ کورسی) |
سەرۆکی پەرلەمان و سکرتێر |
دەستکەوتەکانی ژنانی پەرلەمانتار لە بواری یاساداناندا
ژنانی پەرلەمانتار تەنها ژمارە نەبوون بەڵکو لە ڕێگەی لێژنەی داکۆکیکردن لە مافەکانی ئافرەتان و هاوپەیمانیی فراکسیۆنە جیاوازەکانەوە توانیان چەندین یاسای مێژوویی دەربکەن کە ڕاستەوخۆ ژیانی خێزان و کۆمەڵگەی گۆڕی، بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانی لە ڕێگەی دەرکردنی یاسای ژمارە هەشتی ساڵی ٢٠١١ کە یەکێکە لە یاسا پێشکەوتووەکان لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ پاراستنی ژنان و منداڵان لە ناو خێزاندا جێبەجێ کرا و هاوکا ت هەموارکردنی یاسای باری کەسێتی عێراقی لە هەرێمی کوردستاندا وایکرد فرەژنی بە توندی سنووردار بکرێت و مافەکانی ژن لە کاتی جیابوونەوەدا پارێزراوتر بێت و لە پاڵ ئەمەشدا قەدەغەکردنی خەتەنەکردنی مێینە لە ڕێگەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانییەوە تاوانبار کرا و هەموارکردنی یاسای سزادانی عێراقی بووە هۆی لابردنی ئەو بڕگانەی کە کەمکەرەوەی سزا بوون بۆ ئەو پیاوانەی بە ناوی پاراستنی شەرەفەوە ژنانیان دەکوشت.
ڕەخنە و بەربەستەکان لە بەردەم کاروانی ژنانی پەرلەمانتاردا
سەرەڕای ئەو دەستکەوتە مێژووییانەی کە ژنانی پەرلەمانتار لە خولە جیاوازەکاندا بەدەستیان هێناون بەڵام کارکردنی ئەوان لە کایەی یاساداناندا بێ کەمکوڕی و ڕەخنە نەبووە بە جۆرێک چاودێرانی سیاسی و ڕێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافەکانی ژنان هەمیشە چەند ڕەخنەیەکی جدی ئاڕاستەی ئەدای ئەوان دەکەن، یەکێک لە گەورەترین ڕەخنەکان پاشکۆیەتییە بۆ بڕیاری حیزب چونکە زۆربەی پەرلەمانتارە ژنەکان نەیانتوانیوە لەژێر هەژموونی سەرکردایەتی پیاوسالاری حیزبەکانیان بێنە دەرەوە و لە کاتی ململانێ توندە سیاسییەکاندا زۆرجار پێشینەیان داوە بە کارنامە و بەرژەوەندیی حیزبەکەیان نەک ئەو پرسانەی کە تایبەتن بە مافەکانی ژنان و خێزان و ئەمەش وایکردووە لۆبی نێوان ژنانی فراکسیۆنە جیاوازەکان کەمبێتەوە.
هاوکات دیاردەی کۆتا ڕەخنەیەکی تری جدییە بەوپێیەی بەشێک لەو ژنانەی لە ڕێگەی سیستمی کۆتاوە دەگەنە پەرلەمان تەنها وەک ژمارەیەک بۆ پڕکردنەوەی کورسییەکان دەبینرێن و لە ماوەی چوار ساڵی خولەکەیاندا کەمترین چالاکی یان پێشنیازەیاسا یان تەنانەت قسەکردنیان لە ناو هۆڵی پەرلەماندا دەبێت کە ئەمەش زیانی بە وێنەی تواناکانی ژن گەیاندووە، هەروەها گرنگینەدانی پێویست بە پرسە گشتییەکان بووەتە هۆی ئەوەی کار و چالاکیی پەرلەمانتارانی ژن تەنها لە چوارچێوەی لیژنەی ژنان یان پرسە کۆمەڵایەتییەکاندا قەتیس ببێت و کەمتر خۆیان لە قەرەی دۆسیە گەورەکانی وەک بودجە و نەوت و غاز و چاکسازیی ئابووری و ئاسایش بدەن کە ئەمەش وا دەکات لە کایە سەرەکییەکانی دەسەڵاتدا کەمتر کاریگەر بن.
ئەمە وێڕای شەرمنیی لە ڕووبەڕوبوونەوەی عورفی کۆمەڵایەتیدا کە بەهۆی ترسیان لە کاردانەوەی کۆمەڵایەتی یان هێرشی لایەنە کۆنەپارێزەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەشێک لە پەرلەمانتارانی ژن نەیانتوانیوە بە دەنگێکی دلێر بەرگری لە هەموارکردنەوەی ئەو یاسایانە بکەن کە مافە مەدەنییەکانی ژنان دەپارێزن یاخود لە بەرامبەر کەیسەکانی کوشتنی ژناندا هەڵوێستی ڕادیکاڵ و یەکلاکەرەوە وەربگرن، دەرەنجامی ئەم قۆناغە نیشانیدەدات کە چەندایەتی و زیادبوونی ژمارەی ژنان لە پەرلەماندا بە تەنها بەس نییە بەڵکو لە خولەکانی داهاتوودا پێویستە جەخت لەسەر کوالێتی و سەربەخۆیی پەرلەمانتارانی ژن بکرێتەوە تا بتوانن ببنە هێزێکی ڕاستەقینەی گۆڕانکاری.
بەربەستە سەرەتاییەکان لە بەردەم یەکەمین ژنانی پەرلەمانتاردا
کاتێک لە ساڵی ١٩٩٢دا یەکەمین پێنج ژن پێدەنێنە ناو هۆڵی پەرلەمانی کوردستانەوە ڕێگەکەیان بە چیمەنتۆ و فەرشی سوور ڕانەخرابوو بەڵکو ڕووبەڕووی کۆسپ و تەگەرەی قورس بوونەوە کە بەرهەمی کۆمەڵگەیەکی پۆست دیکتاتۆری و شەڕی ناوخۆیی و عەقڵییەتێکی باوی خێڵەکی بوو کە گرنگترینیان بریتی بوون لە باڵادەستیی توندی عەقڵییەتی پیاوسالاری و خێڵەکی کە لەو سەردەمەدا سیاسەت و یاسادانان وەک مەیدانێکی پیاوانە تەماشا دەکرا و کۆمەڵگە و تەنانەت سەرکردایەتی حیزبەکانیش بە چاوێکی کەممتمانەییەوە سەیری توانای ژنیان دەکرد لە بەڕێوەبردنی دەوڵەت و دەرکردنی یاسادا بۆیە یەکەمین پەرلەمانتارە ژنەکان دەبوو لە ناو هۆڵێکدا کار بکەن کە نزیکەی ٩٥٪ی پیاو بوون و زۆرجار ڕاکانیان بە جدی وەرنەدەگیرا، نەبوونی پاڵپشتی یاسایی لە پێش سەردەمی کۆتادا چونکە لە سەرەتادا هیچ یاسایەک نەبوو کە ڕێژەیەکی دیاریکراو بۆ ژنان دەستەبەر بکات و ژنان ناچار بوون لە ناو سیستمی ناوخۆیی حیزبەکاندا کێبڕکێ لەگەڵ پیاواندا بکەن کە ئەمەش بەهۆی پێکهاتەی تەقلیدیی حیزبەکانەوە نزیک بوو لە مەحاڵ و ژنانی سەرەتا تەنها بە منەتی حیزب یان بۆ ڕازاندنەوەی سیمای دیموکراسی کاندید دەکران نەک وەک مافێکی سروشتی و ڕەوا، هاوکات توندوتیژی و ناسەقامگیریی سیاسی و سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆ لە نێوان ساڵانی ١٩٩٤ بۆ ١٩٩٨ فەزای مەدەنی و یاسایی بە تەواوی پەکخست و دەسەڵاتی دایە دەست لۆژیکی چەک و هێزی سەربازی پیاوانە کە لە ژینگەیەکی ئاوها شێواودا دەنگی ژنان بۆ ئاشتی و یاسا لە ناو دەنگی گوللەدا تیاچوو و بە تەواوی پەراوێزخران.
لەلایەکی ترەوە کۆتوبەندی کۆمەڵایەتی و ئابووری ڕێگرێکی تر بوو چونکە ژنانی پەرلەمانتار لە ڕووی داراییەوە سەربەخۆ نەبوون و حیزب و خێزانەکان سەرچاوەی داراییان کۆنترۆڵ دەکرد و تێکەڵاوبوونی ژن لەگەڵ پیاوان لە کۆبوونەوە سیاسییە درەنگانەکانی شەودا لە ڕووی عورفی کۆمەڵایەتیی ئەو سەردەمەوە وەک سەرپێچی تەماشا دەکرا کە ئەمەش فشارێکی دەروونی و کۆمەڵایەتی گەورەی لەسەر خێزانی ئەو ژنانە دروست دەکرد، ئەمە وێڕای کەمیی ئەزموونی پێشوەختەی سیاسی بەهۆی ساڵانێکی درێژ لە ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی بەعس و باڵادەستیی پیاوان لە خەباتی چەکداری شاخدا کە وایکرد ژنان لە دوای ڕاپەڕین ئەزموونێکی پێشوەختەی کارگێڕی یان یاسادانانیان نەبێت و ناچار بن لە سفرەوە دەستپێبکەن و لە ناو پرۆسەکە خۆیدا فێری تەکنیکەکانی یاسادانان و لۆبیکردن ببن، دەرئەنجام ئەم بەربەستە سەرەتاییانە گەورەیی ئەو دەستکەوتانە دەسەلمێنن کە دواتر لە ڕێگەی چەسپاندنی کۆتای ٣٠٪ و سەرۆکایەتیکردنی پەرلەمانەوە لەلایەن ژنانەوە بەدیهاتن چونکە بە ڕوونی نیشانیدەدات پێگەی ئێستای ژنی پەرلەمانتار بەرهەمی قوربانیدان و ململانێیەکی سەختی مێژوویی بووە.
دەرەنجام و ئاسۆکانی داهاتوو: قەیرانی بەردەوامی پێکنەهێنانی حکومەت
لە ڕۆژی جیهانیی پەرلەمانتاریدا پەرلەمانی کوردستان دوای تێپەڕاندنی قۆناغی چەقبەستوویی لە ڕێگەی هەڵبژاردنەکانی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ەوە پێ دەنێتە قۆناغێکی نوێی کارکردنەوە و مێژووی ٣٤ ساڵەی ئەم دامەزراوەیە نیشانیدەدات کە سەرەڕای بەربەستەکان پەرلەمان هەمیشە سەکۆیەک بووە بۆ گۆڕانکاری بەتایبەت لە ڕێگەی بەشداریی کارای ژنانەوە، بەڵام لە پشت ئەم دیمەنەوە، ڕاستییەکی تاڵ هەیە کە بێهیوایی لای شەقام دروست کردووە چونکە لە کاتێکدا کە پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت لە دوای قەیرانەکانی ٢٠٢٢ و درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان پەکخرابوو و دواتریش لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤دا هەڵبژاردن کرا بەڵام ئێستا کە لە ساڵی ٢٠٢٦داین هێشتا لایەنە سیاسییەکان نەگەیشتوونەتە هیچ ڕێککەوتنێک بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت.