دوای ١١ ساڵ لە کۆمەڵکوژی پرسوس، کاریگەرییەکانی هێشتا بەردەوامە - ٤

سەرحات دەڤریم تەمەن ١٩ ساڵ، بە مەبەستی بردنی یاری بۆ منداڵانی کۆبانێ چوو بوو بۆ پرسوس، لە هێرشە خۆکوژییەکەی داعشدا لە ساڵی ٢٠١٥دا کوژرا، داپیرە شوکریە دەڤریم، بانگەواز بۆ دادپەروەری دەکات و دەڵێت: بۆ کۆتاییهاتنی ئازارەکان دەبێت ئاشتی پێکبێت.

مەميهان هیلبين زەيدان

 

موش-سەرحات دەڤریم یەکێک بوو لەو ٣٠٠ کەسەی کە لە ٢٠ی تەمووزی ٢٠١٥ لە ناوەندی چاندی ئامارا لە پارێزگای پرسوس کۆبوونەوە بۆ ئەوەی یاری و هاوکاریی مرۆیی بگەیەننە منداڵانی کۆبانێ.

 

ئەو یەکێک بوو لە بچووکترین کەسەکان، تەمەنی ١٩ ساڵ بوو بەڵام شایەتحاڵی خۆپیشاندانەکانی پارکی گەزیێ بوو و بەشداربوو تێیاندا، وەک گەنجێکی کورد، لە بەرامبەر ئەو کارانەی بەرامبەر گەلەکەی دەکران بێدەنگ نەبوو و ویستی پشتگیری لە بەرخۆدانی کۆبانێ بکات، سەرحات دەڤریم کە بۆ بەشداریکردن لە دووبارەئاوەدانکردنەوەی شارێکی وێرانکراو کەوتبووە ڕێ، لە کاتی خوێندنەوەی ڕاگەیاندراوێکدا لە ناوەندی چاندی ئامارا لە هێرشێکی خۆکوژیی داعشدا گیانی لەدەست دا، لە کۆمەڵکوژییەکەدا ٣٣ کەس گیانیان لەدەست دا و زیاتر لە ١٠٠ کەسیش بریندار بوون.

 

تێکۆشانی لە ئیستەنبوڵ

سەرحات دەڤریم، لە تەمەنی ١٤ ساڵیدا لە شارەکەی خۆی موش دەرچوو و لە ئیستەنبوڵ ژیانی بەڕێوە برد، لە پێشڕەوی خۆپیشاندانەکانی پارکی گەزیێ دا بوو، لە بەردەم ئەو نەخۆشخانەیەی کە بەرکین ئەلڤان تێیدا چارەسەر دەکرا بەشداریی خۆپیشاندانەکەی کرد.

 

”سەرحات منداڵێکی زۆر تایبەت بوو”

داپیرەی سەرحات دەڤریم، شوکریە دەڤریم، نەوەکەی بەم وتانە پێناسە کرد وتی: سەرحات منداڵێک بوو کە بۆ ئەو هەموو کەسێک وەک خوشک و برایەک بوو، زۆر گەرموگوڕ و دلۆڤان بوو، کاتێک منداڵێکی دەبینی، ماچی دەکرد، باوەشی پێدا دەکرد و هەمیشە شتێکی بۆ دەکرد، سەرحات منداڵێکی زۆر تایبەت بوو، کاتێک نەدەهاتەوە ماڵەوە، زۆر دەترسام، دەموت لەوانەیە شتێکی خراپ بەسەر ئەودا بێت.

 

شوکریە دەڤریم، ئاماژەی بەوە دا، کە سێ کوڕی هەیە، حەسرەتی خۆی بۆ نەوەکەی دەربڕی و وتی: نەوەکەم جیاواز بوو، تازە کاری پەیدا کردبوو و دوو مانگ بوو کاری دەکرد، کاتێک موچەکەی وەرگرت، بە دەستی پڕەوە دەگەڕایەوە ماڵەوە، وتم: دەبوو ئەمەت بۆ دایکت، بۆ ماڵەکەت بکردایە، ئەویش لەوەڵام دا دەی وت: من ئەوەم بۆ تۆ کردووە، نەک بۆ دایکم.

 

”لە ئیستەنبوڵ هیچی ڕووی نەدا، لە پرسوس کوژرا”

شوکریە دەڤریم، لەسەر بڕیاری نەوەکەی بۆ ژیان لە ئیستەنبوڵ وتی: دەترسام کە لە ئیستەنبوڵ شتێک بەسەر ئەودا بێت، بەڵام لە ئیستەنبوڵ هیچ ڕووی نەدا، لە پرسوس روویدا و کوژرا، چەند ساڵە هێشتا دادپەروەری پێکنەهاتووە.

 

شوکریە دەڤریم ڕوونیکردەوە، کردکە هێشتا دادپەروەری بۆ ئەو ٣٣ کەسە جێبەجێ نەکراوە و وتی: منداڵەکانمان کوژران، ئاگریان لە ماڵەکانمان بەردا، ماڵەکانمانیان وێران کردن، دوو کچ و کوڕێکی کوڕەکەم هەبوون، کوڕەکەیان کوشت بەڵام ئەوانەی منداڵەکانمانیان کوشت هیچ شتێکیان لێ بەسەر ناهات.

 

بانگەواز بۆ ئاشتی و دادپەروەری

شوکریە دەڤریم، جەختی لەوە کردەوە، کە ئاشتی بۆ پێشگرتن لە ئازارەکانی تر گرنگە و وتی: با ئاشتی هەبێت، تاوەکو کەسێکی تر ئەو ئازارەی ئێمە چێشتمان نەیچێژێت، ئەگەر باسی ئەو ئازارە بکەم کە دەیچێژم، شەو و ڕۆژ بەس نابن، ئەم ئازارە بەسە، با کۆتایی پێ بێت، ئاشتیمان دەویست بەڵام متمانەمان ڕۆژ بە ڕۆژ لاواز دەبێت.

 

کۆتایی هات