دوای ١١ ساڵ لە کۆمەڵکوژی پرسوس، کاریگەرییەکانی هێشتا بەردەوامە -٣
سەرەڕای بەردەوامیی داواکاری بۆ دادپەروەری، ئازاری کەسوکاری قوربانییانی کۆمەڵکوژیی پرسوس، بەتایبەت دایکی سولەیمان ئەکسو دوای ١١ ساڵ، هێشتا وەک برینێکی ساڕێژنەکراو ماوەتەوە.
"ناتوانم بخەوم... لە ماوەی ١١ ساڵدا حەوت جار هێرشیان کردە سەر گۆڕەکەی"
ئاژین دیلەک ئۆنجەل
جۆلەمێرگ ـ لە ٢٠ی تەمووزی ٢٠١٥، نزیکەی ٣٠٠ گەنجی کوڕ و کچ لە ناوەندی کولتووری ئامارا لە شاری پرسوس سەر بە پارێزگای ڕەحا لە باکووری کوردستان کۆبوونەوە، بەمەبەستی ئامادەکاری بۆ چوون بەرەو شاری کۆبانێ لە ڕۆژئاوای کوردستان، بە هەڵگرتنی یاری و هاوکاری مرۆیی بۆ ئەو منداڵانەی کە بەهۆی شەڕەوە زیانیان بەرکەوتبوو، لە کاتی خوێندنەوەی ڕاگەیاندڕاوێکی ڕۆژنامەوانیدا، هێرشێکی خۆکوژی لەلایەن ڕێکخراوی داعشەوە ئەنجامدرا، کە بووە هۆی کوژرانی ٣٣ کەس و برینداربوونی زیاتر لە سەد کەسی دیکە.
یەکێک لە کوژراوەکان "سولەیمان ئەکسو"ی تەمەن (٢٦ ساڵ) بوو کاتێک کوژرا، کە مامۆستای زمانی ئینگلیزی بوو لە شاری گەڤەری سەر بە پارێزگای جۆلەمێرگ.
لە ١١هەمین ساڵڕۆژی کۆمەڵکوژییەکەدا، ئاژانسەکەمان چاوی بە دایە قودرەت ئەکسو کەوت، کە ڕایگەیاند کوژرانی کوڕەکەی کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر تەندروستی و ژیانی بەجێهێشتووە، وتی: ١١دە ساڵ تێپەڕی، هەموو ئەو نەخۆشیانەی کە پێیانەوە دەناڵێنم دوای لەدەستدانی سولەیمان دەرکەوتن.
سولەیمان ئەکسو لە ٢٢ی کانوونی دووەمی ١٩٩٠ لە شاری گەڤەر لە نێو خێزانێکی پێکهاتوو لە ١٠ منداڵ لەدایکبووە، بەشی مامۆستایەتی زمانی ئینگلیزی لە زانکۆی گەڤەر لە ئەزەنە تەواو کردووە، بۆ ماوەی سێ ساڵ وەک مامۆستا کاری کردووە پێش ئەوەی لە کۆمەڵکوژیی پرسوسدا بکوژرێت.
"منداڵانی زۆر خۆشدەویست و حەزی بە یارمەتیدانیان بوو"
پێش ئەوەی دایەکە دەست بە قسەکردن بکات، وێنەیەکی کوڕەکەی هێنایە دەرەوە و وتی: کەسێکی میهرەبان و بەبەزەیی بوو، یەکەم ڕۆژی خوێندنی بەبیرهێنایەوە و وتی: لەکاتی تەمەنی ٥ ساڵیدا ڕەوانەی قوتابخانەم کرد، لە ڕۆژی یەکەمدا دوای چوونە ژوورەوەی بۆ قوتابخانە گەڕامەوە ماڵەوە، بەڵام دوای چەند خولەکێک گەڕایەوە، لێم پرسی بۆچی، وتی مامۆستاکە ناردوومەییەوە، چونکە زۆر بچووکەم بۆ ئەوەی بخوێنم، دەستم گرت و بردمەوە بۆ قوتابخانە، بە مامۆستاکەم وت کە دەمەوێت فێربێت، دوای گفتوگۆیەکی دوور و درێژ، مامۆستاکە باوەڕی کرد، سولەیمان لە قوتابخانەکەدا مایەوە.
ئاماژەی بەوەدا، کە کوڕەکەی بە خۆشەویستی بۆ یارمەتیدانی کەسانی دیکە ناسرابوو، بەتایبەتی ئەو منداڵانەی کە دایک و باوکیان لەدەستدابوو، وتی: هەموو شتێکی لە توانایدا بوو بۆ منداڵان دەکرد و بە قووڵی گرنگی بە منداڵانی بێ باوک دەدا، ١١ ساڵە بیری دەکەم، کاتێک وەرگیرا لە زانکۆ گریام، چونکە بیرم دەکرد، بەڵام هەرگیز بە خەیاڵمدا نەدەهات ئەم جیابوونەوە بۆ هەمیشە بێت.
وەک مامۆستایەک کە بڕوای بە گرنگی خوێندن هەبوو، سولەیمان بڕیاری دا بەشداری لە کاروانی هاوکارییەکان بەرەو کۆبانێ بکات دوای ئەوەی ئاگاداری دەستپێشخەرییە مرۆییەکە بوو، دایکی وتی ئەو پێی وتووە: هاوکارییەکان دەگەیەنین، لەوێ پەرتوکخانەیەک بۆ منداڵان دەکەینەوە، بەم وشانە هەوڵی دەدا دڵنیایی پێبدات و ڕازی بکات بۆ گەشتەکەی.
وتیشی: هاوکارییەکانیان بارکرد و بەڕێکەوتن، بەڵام ڕێگەی گەڕانەوەیان بۆ سولەیمان نەهێشتەوە، کاتژمێر پێنجی ئێوارە لەمێژە ڕۆیشت، کاتژمێر ١٠ی بەیانی ڕۆژی دواتر هەواڵی کوژرانییمان پێگەیشت، لەو دوور بووم، برینەکانی سەخت بوون، نەمتوانی لە کاتی خۆیدا بگەمە لای، بینیم و سەیری برینەکانیم کرد.
وتی: ئازاری لەدەستدانی وەک خۆی ماوەتەوە لەم ١١ ساڵەدا، لە هەموو گۆشەیەکی گەڤەر هاوار دەکەم، تا دەنگم گەیشتە چوار پارچەی کوردستان... بەڵام ئایا گەیشتە سولەیمان؟
داواکارییەکان بۆ لێپرسینەوە لە بەرپرسیارانی کۆمەڵکوژییەکە
دایە قودرەت ئەکسو ئاماژەی بەوەشکرد، کە ئازارەکەی تەنها بە لەدەستدانی کوڕەکەی سنووردار نییە، بەڵکو هەموو قوربانیانی کۆمەڵکوژییەکە دەگرێتەوە، وتی: هەموویان برای سولەیمان بوون، تەنها بۆ ئەو ناگریم، بەڵکو بۆ هەموویان دەگریم، ئەم ٣٣ کەسە لەبیر ناکەم، بەردەوام دەبم لە بەرزڕاگرتنی بیرەوەریان.
ژیانی خێزانەکە دوای کوژرانی ئەو بەتەواوی گۆڕا، ئەمەش بەوە ڕوون دەکاتەوە کە سولەیمان وەک گەورەی خێزانەکە بوو، ئامادەکاری بۆ هاوسەرگیری دەکرد، هەروەها بژێوی دایک و باوک و خوشکەکانی دابین دەکرد، براکەشی دوای کۆمەڵکوژییەکە دەستگیرکرا و حەوت ساڵ لە زینداندا مایەوە.
دایە قودرەت ئەکسو، وتی: کە ئەمڕۆ ١١ ساڵ بەسەر شەهیدبوونی سولەیماندا تێپەڕ دەبێت، لەم ماوەیەدا حەوت جار هێرشیان کردە سەر گۆڕەکەی، ئەو یاری بۆ منداڵان هەڵگرتبوو، تاکە چەکی ئەو یاری و دەفتەر و پێنوس بوون، "هیچ گوناهێکی نەکردبوو و بۆیە دەمەوێت بکوژانی کوڕەکەم لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت، پۆلیس لە پرسوس، پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە)، ئەحمەد داودئۆغڵو هەموویان ئاگاداری ئەوە بوون کە چی ڕوودەدات، ئەوان بەرپرسیارێتی ئەو ڕووداوە هەڵدەگرن.
دایە قودرەت ئەکسو ژیانی خۆی لە دوای لەدەستدانی کوڕەکەی بەم شێوەیە پێناسە دەکات وتی: ساڵانێکە دەگریم، لە هەموو کۆڵانێکدا بەدوایدا دەگەڕێم، پاشان دەگەڕێمەوە ماڵەوە و نایدۆزمەوە، کاتێک هاوڕێ مامۆستاکانی سەردانمان دەکەن نامەوێت بڕۆن، ئەگەر لە هاتنیاندا دواکەوتن لێیان دەپرسم: ئایا سولەیمانتان لەبیرچوو؟ هێشتا ڕۆژانە دوو جار سەردانی گۆڕەکەی دەکەم، لەگەڵ ئەوەشدا پێم وایە دەگەڕێتەوە، ناتوانم بڕوا بکەم کە ئەو ڕۆیشتووە.
سەرەڕای هەموو ئەو شتانەی کە چەشتیویەتی، دایە قودرەت ئەکسو جەختی لەوە کردەوە، کە ئەو هێشتا داوای "ئاشتییەک لەسەر بنەمای کەرامەت" دەکات، "متمانەی تەواومان بە بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان هەیە، ئەو ئەوەی بە پێویستی دەزانی ئەنجامی دا، بەڵام لایەنی بەرامبەر هیچ هەنگاوێکی نەنا، دایکان ئاشتییان دەوێت، دڵمان سوتا، نامانەوێت دڵی دایکانی دیکە بسوتێت، کاتێک تەرمی سولەیمان لەنێو باوەشمدا بوو، هاوارم دەکرد و داوای ئاشتیم دەکرد، ئەو ئاگرەی لە دڵمدا کڵپەی سەندووە بۆ ساتێکیش هێور نەبووەتەوە، لەو کاتەوەی سولەیمان ڕۆیشتووە ڕووم لە ئارامی نەکردووە.