یەکەم دادگای کەیسی ئاڤان جەزا کە لە لایەن هاوژینەکەیەوە سوتێندرا لە ٢ی شوباتدا بەڕێوەچوو
شایەتحاڵەکانی کەیسی ئاڤان جەزا، باس لە هۆکاری سوتانی دەکەن، دەڵێن: دوو لە شایەتحاڵەکان لە زاری ئاڤانەوە دەگێڕنەوە کە هاوژینەکەی خیانەتی لێکردووە بۆیە سوتاوە، خاڵۆزایەکی لە زاری ئاڤانەوە دەڵێت ئاڤان خیانەتی لێکراوە.
![](https://test.jinhaagency.com/uploads/so/articles/2025/02/20250209-jpgddab71-image.jpg)
هێلین ئەحمەد
سلێمانی_ لە شاری سلێمانی ژنیک بە ناوی، ئاڤان جەزا جەوهەر ئەمین، کە لە تشرینی یەکەمی ٢٠٠٧ لە تەکییە لە دایک بووە، تا پۆلی هەشتی سەرەتای خوێندووە، لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا لە ساڵی ٢٠٢٢دا ژیانی هاوژینی پێکهێناوە، ماوەی دوو ساڵ لە گەڕەکی کازیوەی شاری سلێمانی نیشتەجێ بوو، ئێوارەی ڕۆژی ٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ لە ماڵەکەی خۆیدا سوتێندرا، لەکاتێکدا بە دوو منداڵ دووگیان دەبێت، پاشان دەگەیەندرێتە نەخۆشخانەی سوتاوی شاری سلێمانی، بەپێی وتەی خێزانەکەی بەهۆی ئەوەی کچەکەیان هەڕەشەی لەسەر بووە نەیتوانیوە ڕاستەکان بدرکێنێت، لە لێدوانەکانیاندا چەندین ڕاستی دەخرێتە ڕوو پاشان خێزانی تاوانبەر تاوانەکە دەخەنە سەر ئاڤان جەزا، بەڵام چەند ڕۆژ پێش سوتاندنی لە لایەن هاوژینەکەیەوە قژی و برۆکانی دەتاشرێت و ئەشکەنجەی دەدات، پاشان بە ڕێژەی ٨٥٪ جەستەی دەستوتێت و لە ١٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٤دا گیان لەدەستدەدات، لە گۆڕستانی سەیزەنوور لە شارەدێ بەخاک دەستپێردرێت، لە ڕێگەی لێکۆڵینەوەکان ٧ کەس لە کەیسی کوشتنیدا لە لایەن پۆلیسی بەشی نەهێشتنی تاوانی سلێمانییەوە دەزگیر دەکرێن.
کەیسی ئاڤان جەزا لە دادگای سلێمانی لە لایەن دادوەران و پارێزەرانەوە لە ٢ی شوباتی ساڵی ٢٠٢٥دا یەکەم خوێندنەوەی یاسای بۆ ئەنجامدرا، بە بەشداری بنەماڵەی ئاڤان جەزا و بنەماڵەی تاوانبار و چەندین شایەتحاڵی ڕوداوەکە، یەکەم دادگای ئەنجامدرا.
"ئاڤان ناوی کچێکی دەهێنا کە هاوژینەکەی خیانەتی لێکردووە"
لە دادگاییەکەدا چەندین شایەتحاڵ بەشداریان لە خستنەڕووی ڕاستییەکان کرد، یەکێک لە شایەتحاڵەکان کە دراوسێی ماڵی ئاڤان بوو، لە بەردەم دادگا و لە کاتی سوێندخواردن بۆ دروست وتنی ڕووداوەکە باس لەوەدەکات، ئاڤان ماوەی چەندین ساڵە لەو گەڕەکەدا دەژیا، بەڵام زۆر کەم دەبیندرا یان بڵێین هەر نەیان دەبینی، وتی: ئاڤان ماوەی دوو ساڵە بووکی ئەو ماڵەیە زۆر بە کەمی بمانبینیایە، کاتێک گوێمان لە دەنگی ماڵی ئاڤان بوو لەگەڵ هاوژینەکەم یەکەم کەس گەیشتینە لایان، لە ڕێگەمان بۆ نەخۆشخانە ئاڤان بەردەوام دەیوت: "محەمەد لەگەڵ کچێک بە ناوی فرمێسک یان هەنسک خیانەتم لێ دەکات بۆیە سووتام"، بەهۆی زۆری سووتاویەکەی نەمدەزانی ناوی کچەکەی دەیهێنا چیبوو، بەڵام قژ و برۆکانی هەڵپڕوسکاویان پێوە دیاربوو، لە کاتی سوتانی ئاڤاندا خەزووری لە ماڵ نەبوو بەڵام محەمەد و خانەوادەی محەمەد لەوێ بوون، کاتێک بردمانە نەخۆشخانەی ئیمەرجنسی سلێمانی، محەمەدی هاوژینی لەگەڵدابوو، بەڵام پێیانەوە دیاربوو کە کێشەیەکیان هەبووە.
"کاتێک لێمان دەپرسی بۆ وات لە خۆت کرد دەیوت محەمەد خیانەتی لێکردووم"
یەکێک لە دراوسێکانی ماڵی ئاڤان جەزا، لەگەڵ سووتانی ئاڤاندا دەگاتە لایی و یەکێک دەبێت لە شایەتحاڵەکانی کەیسی سووتانی و ئاماژەی بەوەکرد، کە گەیشتوونەتە سەر ڕووداوەکە محەمەدی هاوژینی خەریکی کوژانەوەی ئاڤان بووە، وتیشی: کە گوێم لە داوای هاوکاریان بوو لەگەڵ هاوژینەکەم ڕامانکرد بۆلایان، کاتێک کە چومە سەر ڕووداوەکە ئاڤان لە حەمامەکە هێندرابووە دەرەوە، محەمەدی هاوژینی لە ڕێگەی سۆندەی ئاوەوە هاوکاری کوژاندنەوەی دەکرد، هەروەها کاتێک دەرگای حەمامەکەم بینی بە لەقە بۆ دیوی ناوەوە شکێندرابوو، بەڵام من زۆر لێی نزیک نەدەبوومەوە ژنەکان دەچوون هاوکاریان دەکرد، کاتێک بردمانە خوارەوە لە ناو ئۆتۆمبێلەکەدا لەگەڵ هاوژینەکەم قسەیان دەکرد، بەردەوام ناوی کچێکی دەهێنا زۆر ڕوون نەبوو کە ناوەکە چیبوو، بەڵام لە کاتێک لێیان دەپرسی بۆوات لەخۆتکرد، دەیوت ویستوومە محەمەد بترسێنم و ئیتر خیانەتم لێ نەکات.
"ئاڤان وتوویەتی کە هاوژینەکەی سەر و برۆی تاشیوە"
شایەتحاڵی سێیەم کە دەکاتە خاڵۆزای ئاڤان جەزا، لە یەکەم دادگایکردنی تاوانبارانی کوشتنی ئاڤاندا چەندین ڕاستی دەخاتەڕوو، کە ئاڤانی خاڵۆزای بە کوشتنی باوکی هەڕەشەیان لێ کردووە، سەرەڕای خراپی و خیانتی محەمەدی هاوژینی، بنەماڵەی هاوژینکەشی بەردەوام لە دژی ئاڤان دەوەستانەوە، هەرکات ئاڤان گلەیەکانی خۆی ببردایەتە لای ماڵی باوکی هاوسەرەکەی، بەردەوام سەرزەنشتی ئاڤانیان دەکرد، وتیشی: ئێمە هاوڕێیەتیمان هەبوو، بەڵام هەتا چەندڕۆژێک پێش ڕوداوەکە نەیوت لە ژیانیدا چی دەگوزەرێت، شەش ڕۆژ پێش ڕوداوەکە ئاڤانم بانگێشتی ئاهەنگی دەرچوونمکرد، بەڵام لە وەڵامدا وتی ناتوانم بێم، دواتر لە ڕێگەی پەیوەندی تەلەفونییەوە ئاڤان وتی: " نایەم بۆ ئاهەنگەکە محەمەدی هاوسەرم سەروپرچمی تاشیوە و خیانەتم لێ دەکات لەگەڵ کچێک بە ناوی هەنسک "، هەروەها محەمەد هەڕەشەی بە کوشتنی باوکی کە خاڵی من دەکات لێدەکات، پاشان هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنەی نەشیاوی ئاڤانی لێ کردووە، ئەو ڕۆژەی قسەم لەگەڵ ئاڤانکرد زۆرم هەوڵدا ئاڤان ڕازی بکەم کە خانەوادەکەمان ئاگادار بکەمەوە، بەڵام ئاڤان سوێدی دەدام کە قسەنەکەم، پاشان قسەمانکردەوە باسی دەکرد کە محەمەد خیانەتی کردوە و ئاڤان چووە بە دایکی محەمەدی وتووە کە خیانەتی لێدەکات و سەر وو برۆکانی تاشیوە، دایکی هاوژینەکەشی وتوویەتی دەستی خۆشبێت و دەبوایە سەری پانکردیتایەتەوە، کۆتا جار هەواڵی سووتانیم پێگەیشت و نەمتوانی هاوکاری بکەم.
لە یەکەم دانیشتنی دادگادا، لە لایەن دادوەر و پارێزەرەکانیەوە، لێدوان لە شایەتحاڵی ڕووداوەکان دەکەن، کە تەواوی شایەتەکان باس لە دەستێکی گوماناوی دەکەن لە کەیسی سووتانی ئاڤان جەزادا، لە کاتێکدا ئاڤان دوگیان بووە بە دوو منداڵی دووانە، لە کۆتایی دادگایکردنەکەدا بڕیار درا لە ١٧ی ئاداری ٢٠٢٥ دووەم خوێندنەوە بۆ کەیسی سووتانی ئاڤان جەزا دەکرێت.