ئاماری پێشێلکاری مافی دەنگدەران لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەڕلەمانی هەرێمی کوردستان
دوای دوو ساڵ لە دواخستنی هەڵبژاردن بۆ خولی شەشەمی پەرلەمان، ئەمساڵ لە ١٨ و ٢٠ی تشرینی یەکەم، هەڵبژاردن بەڕێوەچوو و هاوپەیمانی چاودێرانی بێلایەن، لە ٦٩ ڕێکخراوی ناحکومی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی پێکدێن، ئاماری پێشێلکاری مافی دەنگدەران دەخەنە ڕوو.
هێلین ئەحمەد
سلێمانی- لە دوای ٥ جار پەکخستنی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، لە ١٨ و ٢٠ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا، هەڵبژاردن بۆ خولی شەشەمی پەرلەمان ئەنجامدرا کە لە کۆی گشتی هەر چوار بازنەی هەولێر، سلێمانی، هەڵەبجە و دهۆک ڕێژەی بەشداری بوون دوو ملیۆن و ٨٧ هەزار و ٩٧٢ کەس بووە، کە دەکاتە ٧٢٪ ڕێژەی بەشداری کردن لە بازنەی هەولێر ٧٤٪، هەڵەبجە ٦٩٪، دهۆک ٧٨٪ و لە بازنەی سلێمانیش ٦٥٪ بووە.
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان بە سەرپەرشتیی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە بەشداری ١٣٦ لیست و هەزار و ١٩١ بەربژێری لایەنە سیاسییەکان و سەربەخۆ کێبڕکێی بەدەستهێنانی ١٠٠ کورسی پەرلەمانیان کرد، کە ٨٢٩ بەربژێری پیاو و ٣٦٨ بەربژێری ژنی لەخۆ دەگرت بەڕێوەچوو، بەپێی یاسای کۆتای ژنان لە هەر خولێکی پەرلەمانی هەرێمدا دەبێت ٣٠٪ کورسییەکانی پەرلەمان بۆ ژنان بێت و لەم هەڵبژاردنەشدا لە کۆی گشتی کورسییەکان بەربژێرانی ژن ٣٠ کورسییان هەبوو.
بە پێی ئەو ئەنجامانەی ڕاگەیەندرا ، لە بازنەی سلێمانی هەریەک لە ژنانی بەربژێر، لەسەر لیستی یەنەکە، شیرین یونس، شنیار ئەنوەر، شلێر غەفور و لاوێن ئەردەڵان، لەسەر لیستی کۆمەڵی ئیسلامی، هێرۆ عەتار و لەسەر لیستی یەکگرتووی ئیسلامی هەڵاڵە محەمەد سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە، هەروەها لەسەر لیستی هاوپەیمانی هەرێمی کوردستان سەوسەن بابەکر مەجید توانی لەناو کێبڕکێکەدا دەنگی پێویست بە دەستبهێنێت، لە بازنەی هەولێریش ڤالا فەرید لەسەر لیستی پەدەکە توانی دەنگی پێویست بهێنێت.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەم بەربژێرانە یا لە بەر ئەویکە وەک ڤالا فەرید، بەربژێری پەدەکە لە بازنەی هەوڵێر سەرۆک لیستن دەنگیان هێناوە یا لە بەر سیستەمی کۆتا توانیویانە کۆرسی بەدەست بهێنن.
دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردن لە لایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، کە لە ٢٦ بنکە و لە ٧ هەزار و ٤٧ وێستگەی دەنگدان و جیاکردنەوەی ٪٩٩.٦٣ دەنگەکان زۆرێک لە لایەنە حزبی و بەربژێرەکان لە بارەی ئەنجامە بەرایەکانەوە ناڕەزایەتی خۆیان دەربڕی و وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ڕایگەیاند، سێ لیژنە بۆ پۆلێنكردنی ئەو سكاڵایانەی، كە لە هەردوو ڕۆژی دەنگدانی تایبەت و گشتیدا بۆ پەرلەمانی هەرێمی كوردستان تۆماركراون، كە كۆی گشتی ١٨٩ سكاڵایە پێکهاتووە و لە دەنگدانی تایبەتدا ٧١ سكاڵا لەلایەن كیانەكان و چاودێرانەوە لەبارەی پڕۆسەكە لە كۆمسیۆن تۆماركراوە، بەشێوەیەك لە دهۆك ١١ سكاڵا و لە هەولێر ١١ سكاڵا و لە سلێمانی ٢٥ سكاڵا و لە هەڵەبجەش ٢٤ سكاڵا تۆماركراون.
هاوكات لە دەنگدانی گشتیدا، ١١٨ سكاڵا تۆماركراون بەجۆرێك؛ لە هەولێر ٣٠، سلێمانی ٦١، دهۆك ٢٦، هەڵەبجە یەك سكاڵا تۆماركراون، كە سەرجەم سكاڵاكان لەلایەن كۆمسیارانەوە لێكۆڵینەوەی بۆ دەكرێت.
هەروەها لە ئەنجامی چاودێری کردنی هاوپەیمانی چاودێرانی بێلایەن، ڕاپۆرتی پڕۆسەی چاودێری کردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بۆ هاوڵاتیان و لایەنە سیاسییەکان و بەربژێران دەخاتەڕوو:
هاوپەیمانی چاودێرانی بێلایەن، پێکدێت لە ٦٩ ڕێکخراوی ناحکومی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی، لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە، کە چاودێری پڕۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی کردووە، لە سەرجەم پارێزگاکان، ئیدارە سەربەخۆکان، قەزاوناحیەکان و گوندەکانی هەرێمی کوردستان، کە بنکەی دەنگدانیان تێدایە چاودێرەکان بەردەوام لە بنکەکاندابوون.
لە دەنگدانی تایبەت، لە ١٨ی تشرينی یەکەمدا، هاوپەیمانی چاودێرانی بێلایەن لە ڕێگەی ١٥٩ چاودێر و مۆبایل تیم، ٥٩ تیملیدەر، لە چوار کاتی جیاوازی دەستپێک تا جیاکردنەوەی ئەنجامە بەرایەکان، چاودێری پڕۆسەی دەنگدان کراووە، سەرجەم پێشێلکاریەکانیان لە ڕێگەی تەواوی کارمەندانەوە تۆمار کراوە، لە دەنگدانی گشتی، ٢٠ی تشرینی یەکەم، لە ڕێگەی دوو هەزار و ٤٥١چاودێر و ٥٦ مۆبایل تیم و ٥٩ تیم لیدەر و ٦٥ پارێزەر، لە سەرجەم بنکەکانی دەنگدان، لە سەرەتای دەنگدان تا جیاکردنەوەی دەنگەکان، ئەندامانی هاوپەیمانی چاودێرانی بێلایەن بەشداریان تێدا کردووە، سەرجەم ساختەکاریەکانیان ئاڕاستەی داتا سەنتەری هاوپەیمانی چاودێرانی بێلایەن کراووە.
لە ڕاپۆرتەکەی هاوپەیمانی چاودێرانی بێلایەن، سەرجەم ڕێکارەکانی چاودێری کردنی هەڵبژاردنەکان دەخەنە ڕوو:
- هاوپەیمانی چاودێرانی بێلایەن، تەنها بە چاودێری کردنی پڕۆسەی دەنگدانەوە نەوەستاون، بەڵکو چاودێرەکان ئاماری ئامادەبوونی نوێنەری کیانە سیاسییەکانی بە درێژای پڕۆسەکە تۆمار کردووە، هەر تێبینیەک لەسەر پڕۆسەکە هەبوبێ و بیندرابێت ڕاستەوخۆ ئاڕاستەی کۆکردنەوەی ڕاپۆرتەکان کراوە.
- هاوپەیمانی چاوودێرانی بێ لایەن لەڕێگەی سیستمێکی ئەلکترۆنی ورد لە کردنەوەی بنکەی دەنگدان تا داخستن و ژماردنی دەنگەکان چاودێری کراوە، لە ڕۆژێکدا چوارجار لە کاتی جیاوازدا ڕاپۆرت ئاڕاستەی ناوەندی کۆکردنەوەی زانیاریەکان کراووە.
- لە ڕێگەی وتەبێژی هاوپەیمانی چاودێرانی بێلایەن، بەردەوام لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەکانەوە ئامارەکانی چاودێریکردنی بنکەکانی دەنگدانمان کردووە، دەنگدەران و ڕای گشتی و چاودێرانی نێودەوڵەتی لەسەر بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە ئاگادار کراونەتەوە.
لە هەردوو پڕۆسەی دەنگدانی گشتی و تایبەتدا، چەندین پێشێلکاری بیندرا و تۆمارکراو ئەنجامدراوە:
-بوونی بانگەشەی هەڵبژاردن لە ناو بنکە و وێزگەکانی دەنگداندا، لە بنکەی دەنگدانی باڵەکیان، مەجید ئاوا، هاودیان، شەهیدان، دێلێزیان و سروشت لە سۆران ،هەروەها لە بنکەی دەنگدانی ساوێن، سەرچنار، هەڤاڵان، ٢٦ی گوڵان، شاهەنگ، دڵدار، کۆسین، تریفە و دەرسیم، لە شاری هەولێر لایەنە سیاسیەکان بە ئاشکرا بانگەشەی هەڵبژاردنیان دەکرد، بنکەی دلێران لە قەسرۆک، بنکەی ڤەژین لە سەنتەری پارێزگای دهۆک بانگەسەی هەڵبژاردن ئەنجام دەدرا.
- نانەوەی پشێوی و دروستکردنی کاریگەری لەسەر دەنگدەران پڕۆسەی دەنگدان، بەکارهێنانی چەک لە ناو بنکەکانی دەنگدان و نزیک بنکەکانی دەنگدان، قەرەباڵخی و هەبوونی پاڵەپەستۆ لە ڕێزەکانی دەنگدان لە بنکەی شنیار لە سلێمانی، نانەوەی پشێوی لە لایەن کارمەندی هێزە ئەمنیەکان لە بنکەی ئاکۆیان لە سۆران، بوونی هێزی ئەمنی ڕێگە پێنەدراو لەبەردەم خوێندنگەی ڕێبەر لە قەزای خەبات لە پارێزگای هەولێر، داخستنی بنکەی دەنگدان لە ئاکرێ بەهۆی نانەوەی پشێویەوە، فشار خستنە سەر دەنگدەران بۆ بەکارهێنانی مۆبایل وێنەگرتنی کارتی دەنگدان لە کاتی هەڵبژاردنی لیستەکەیان.
- دەرکردن و هێرشکردنە سەر نوێنەرانی کیانی سیاسی لە ناو چڕەی سەر بە قەسرۆک لە پارێزگای دهۆک لە لایەن هێزە ئەمنیە ڕێگەپێنەردراوەکانەوە، چاودێرەکان لێیاندراوە و بریندار کراون، لە پارێزگای هەڵەبجە لە نوێنەری کیانە سیاسیەکان دراوە، ڕێگریکردن لە بنکەی قۆریتان لە هەولێر بۆ بەشدارکردنی وەک کیانێکی سیاسیی لە کاتی هەڵبژاردندا.
- لێدان لە ڕۆژنامەنوسان لە بنکەی مەئموون دەباغ لە شاری هەولێر، هەروەها لە شارەدێی باعەدرێ لە پارێزگای دهۆک ڕۆژنامەنوسان ڕوبەڕووی ئاریشە کراونەتەوە.
- دەنگدان لە بری کەسانی دیکە و دەنگدانی دووبارە، لە هەر دوو بنکەی دەنگدانی بارزانی نەمر و مەئموون دەباغ لە ڕۆژی دەنگدانی تایبەت و گشتی، دەنگدانی دووبارە و لەبری کەسانی دیکە تۆمارکراووە، لە بنکەی میدیای کچان و باداوە لە هەولێر دەنگدان لە بری کەسانی دیکە ئەنجام دراوە، دەنگدانی کەسانی ڕێگەپێنەدراو کە هاوڵاتی کوردستان نین بە ناسنامەی ساختە دەنگیان داوە، لەم حاڵەتە لە قەزای سۆران لە بنکەی سروشت و دلڤان تۆمارکراوە.
- ڕێگریکردن لە چاودێران؛ چاودێرانی هاوپەیمانی چاودێرانی بێلایەن لە بازگەی شانەدەر لە سنووری ئیدارەی سۆران ماوەی یەک کاتژمێر ڕێگریان لێ کرا تا نەگەن بە بە بنکەی دەنگدان لە ناوچەی بلی و بارزان تا نەتوانن چاودێری پڕۆسەکە بکەن، لە بنکەی دەنگدانی شارۆ لە سلێمانی بە بیانووی نەبوونی شوێنی دانیشتن بۆ چاودێری کردن ڕێگری لە چاودێران دەکرا، ڕێگەنەدان بە چاودێرەکان لە بەشێکی زۆر لە بنکەکانی دەنگدان لە پارێزگای دهۆک و بنکەکانی دەنگدانی بەستۆرە و دڵدار لە هەولێر، وەرگرتنی باجی چاودێران لە بنکەی مێرگەسۆر و شێخان.
- نەخوێندنەوەی کارتی دەنگدان و پەنجەمۆر لە بنکەکانی بازنەی سلێمانی لە بنکەکانی قازی محەمەد و ناوگردان و هەوارەبەرزە، هەروەها لە بازنەی هەولێر لە قوتابخانەکانی چیمە و بنکەی مهاباد و بنکەی شاهەنگ گرفتی بۆ بەشێک لە دەنگدەران دروستکردووە.
- ئیشپێنەکردن و کوژاندنەوەی کامێرای چاودێری لە بنکەی کەسنەزان لە هەولێر، بنکەی ڕوساک لە شەقڵاوا، ئیشنەکردنی کامێرا بۆ ماوەیەکی زۆر لە بنکەی دەنگدانی مەئموون دەباغ، بنکەی هەڵگورد لە سلێمانی.
- بەکارهێنانی مۆبایل لە هەر چوار بازنەی هەڵبژاردنی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە، مامەڵەی نەشیاوی کارمەندانی کۆمسیۆن لەگەڵ دەنگدەران لە بنکەی قۆریتان لە هەولێر، پوچەڵکردنەوەی دەنگێکی زۆر لەهەر چوار بازنەی دەنگداندا.
ئەم لە کاتێکدایە کە لایەنە سیاسیەکانی بەشدار لە هەڵبژاردن وەک كۆمەڵی دادگەری، یەكگرتوی ئیسلامیی، ڕەوتی هەڵوێست و بەرەی گەل، ڕەخنەیان لە پڕوسەی دەنگدان گرتووە و پێیان وایە کە لە بەرژەوەندی دولایەنی دەسەڵاتی هەرێم دیزاینی پێشوەختە کراوە، لە هەمان کاتدا ڕۆژی ٢٦ ئەم مانگە یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان ڕایگەیاند بەشداری لە کابینەی دەیەمی هەرێمی کوردستان ناکەن و بە ئۆپۆزیسیۆن دەمێننەوە و کۆمەڵی دادگەری ڕایانگەیاند بە هۆی ساختەکاری لە هەڵبژاردن ناچنە پەرلەمان.