لە شنگال تا ڕەققە بەرخۆدانی ژنان لەسەر شوێنپێی یەپەژە
لە نێوان گەمارۆدانی حەلەب و جینۆساید لە شنگال، لە نێوان ئازادکردنی شارەکان و ڕزگارکردنی ژنانی ڕفێندراو، یەپەژە وەک میراسێکی ژنان سەریهەڵدا کە سنوورە جوگرافییەکان تێدەپەڕێنێت، ئەزموونێک کە داوای ناساندنی فەرمی دەکات.
ئافرین ناڤدار
ناوەندی هەواڵ – زیاتر لە دە ساڵە یەپەژە لە هێزێکی ژنانی تازەپێگەیشتووەوە کە لە هەلومەرجێکی ناوازەدا دامەزراوە، گۆڕاون بۆ یەکێک لە دیارترین بزووتنەوە سەربازییەکانی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان.
یەپەژە لە سەرەتای دامەزراندنیەوە لە ٤ی نیسانی ٢٠١٣، لە ڕۆژئاوای کوردستان – بەروارێک کە بۆ هاوکات لەگەڵ ڕۆژی لەدایک بوونی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان هەڵبژێردرا، کە سیمبولی تەڤگەری هزری و سیاسییە بۆ ڕزگاری ژنان، یەپەژە پەیوەست بووە بە بەرگریکردن لە پێکهاتە ناوخۆییەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێکخراوە توندڕەوەکان، هەروەها پەیوەستە بە بەشداریکردنی ژنان لەو بوارانەی کە ساڵانێکی زۆرە لە بواری تایبەتی پیاوان بوون، دیارترینیان کەرتی سەربازی و ئەمنی.
هەڵبژاردنی ئەم بەروارە جەخت لەسەر پەیوەندییە ناوەکییەکەی نێوان یەپەژە و ئەو ئایدۆلۆژیایە دەکاتەوە کە لەلایەن ڕێبەر ئۆجالانەوە پەرەی پێدراوە سەبارەت بە ڕزگاری ژنان و خۆڕێکخستن و بەرگریی ڕەوا، ئەم ئایدۆلۆژیایە گریمانە دەکات کە ئازادی کۆمەڵگە لە ئازادی ژنەوە دەست پێدەکات و هیچ پڕۆژەیەکی دیموکراسی بەبێ بەشداری ژنان لە سەرکردایەتی و پاراستن و بڕیاردان سەرکەوتوو نابێت.
بۆیە لە سەرەتای دامەزراندنیەوە یەکەکان بنماکانی "کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک" و "رزگاری ژن"یان گرتۆتەبەر، کە ناوەکی هزری ڕێبەر ئۆجالان پێکدەهێنن، بەم شێوەیە یەپەژە نەک هەر بووەتە هێزێکی سەربازی بەڵکوو بووەتە چوارچێوەیەکی ڕێکخراوەیی کە ڕەنگدانەوەی دیدێکی فراوانترە بۆ ڕۆڵی ژنان لە بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی نوێدا.
لە ماوەی ساڵانی شەڕی سووریا و گۆڕانکارییە قووڵە سیاسی و سەربازییەکانی یەپەژە ڕۆڵی فرەلایەنەیان بینیوە کە لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان زیاتر درێژدەبێتەوە بۆ ئەوەی کایە کۆمەڵایەتی، ڕێکخراوەیی، سیاسی و هزرییەکانی بگرێتەوە.
ئەم ئەزموونە سەرنجی جیهانی بەرفراوانی بەدەستهێناوە، بە تایبەتی دوای بەشداریکردنی لە شەڕەکانی دژی داعش، ڕۆڵی لە پاراستنی خەڵکی مەدەنی و بەشداریکردن لە ڕزگارکردنی ئەو ناوچانەی کە لە ژێر کۆنترۆڵی تیرۆریستاندا بوون.
لە نێوان قەیرانی سووریا دامەزرا
یەپەژە لە قۆناغێکی گۆڕانکاری خێرادا لە سووریا لە ئەنجامی ئەو قەیرانەی کە لە ساڵی ٢٠١١ سەریهەڵدا، لە چوارچێوەی ئەو قەیرانەی کە بە "بەهاری عەرەبی" ناسرا، کە دەرگای بۆ شەپۆلێکی شۆڕشی گەلانی لە ناوچەکەدا کردەوە.
لەگەڵ فراوانبوونی ڕووبەڕووبوونەوە و شۆڕشەکان لە سەرانسەری بەشە گەورەکانی وڵاتدا، پێویستی پێکهێنانی هێزی ناوخۆیی بۆ پاراستنی ناوچەکان و دانیشتووان سەریهەڵدا، لە نێو ئەم گۆڕانکارییەدا، شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان لە مانگی تەمموزی ٢٠١٢ وەک پڕۆژەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی لەسەر بنەمای خۆڕێکخستن و دیموکراتیک بنەڕەتی، کۆمەڵگە بە هاوبەشی ڕاستەوخۆ لە بەڕێوەبردنی کاروباری خۆیدا، دەستیپێکرد.
لە دڵی ئەم شۆڕشەوە شۆڕشی ژنان وەک یەکێک لە پایە بنەڕەتییەکانی سەریهەڵدا ڕۆژئاوای کوردستان دیدگایەکی گرتەبەر کە ڕزگاری کۆمەڵگە لە ڕزگاری ژنەوە دەست پێدەکات و هیچ پرۆژەیەکی دیموکراتیک بەبێ بەشداری ژنان لە سەرکردایەتی و بەرگریدا سەرکەوتوو نابێت، بۆیە دامەزراندنی یەپەژە بەرجەستەکردنی کردەیی ئەم فەلسەفەیە نەبوو، نەک تەنها وەک هێزێکی سەربازی، بەڵکو وەک ڕاگەیاندنی لەدایک بوونی هێزێکی نوێی ژن کە بەشداربوو هەم لە پاراستنی کۆمەڵگە و هەم لە قاڵبدانی داهاتووی.
ئامانجەکە تەنها لە لایەنی سەربازیدا سنووردار نەبوو، بەڵکو پەیوەست بوو بە دیدگایەکی فراوانترەوە کە هەوڵی بەرزکردنەوەی ڕۆڵی ژنانی دەدا لە بوارە جیاوازەکانی ژیانی گشتی و بڕیاردان.
لەگەڵ فراوانبوونی چالاکییەکانی ئەم یەکانە لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ژمارەیەکی زۆرتر لە ژنان دەستیان کرد بە پەیوەندیکردن لەگەڵیان، ئەمەش بەهۆی خواستی پاراستنی کۆمەڵگەکانیان لە لایەک و نیشاندانی توانای ژنان بۆ هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی ئەمنی و سەربازی لە لایەکی دیکەوە.
لە گەمارۆدانی حەلەبەوە تا ڕیزەکانی یەکەکان

لە نێو ئەو هەزاران ژنەی کە لە ساڵانی شەڕدا پەیوەندییان بە یەپەژەوە کرد، شەڕڤان دەستینا مەزڵوم یەکێک بوو لەوانەی کە بارودۆخی ململانێکان بووە هۆی ئەم هەڵبژاردنەی.
دەستینا مەزلوم وتی: بڕیارەکەی بۆ بەشداریکردن لە ساڵی ٢٠١٦دا، دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی ئەو شتانە بووە کە گەڕەکەکانی شێخ مەقسعود و ئەشرەفیەی شاری حەلەب ئەزموونییان کردووە، کە لە ساڵانی شەڕدا خەڵکی مەدەنی گەمارۆ و هێرشی چەکداری و بۆردوومان کراون.
ئاماژە بەوە دەکات، کە ئەم بارودۆخانە وای لێکردووە بیر لەوە بکاتەوە کە چۆن خۆی و کۆمەڵگەکەی بپارێزێت لەو مەترسییە ڕۆژانەیانەی کە هەڕەشە لە دانیشتووان دەکەن.
ڕوونیشیکردەوە، پەیوەستبوون بە یەپەژە ئاسۆی نوێی بۆ کردەوە، لە خۆی و تواناکانی و ناسنامەکەی تێبگات، ئەزموونەکە تەنها لە ڕاهێنانی سەربازیدا سنووردار نەبوو، هەروەها لایەنە هزری و ڕێکخراوەیی و سیاسییەکانی لەخۆگرتبوو کە یارمەتیان دەدا کەسایەتییەکەی پەرەپێبدات و متمانەی بەخۆی بەهێزتر بکات، لەناو یەپەژەدا، فێری واتای ئیرادەی ئازاد بووم و چۆن ژن دەتوانێت ژیانێک لەسەر بنەمای هۆشیاری و کەرامەت بژی، پەیوەندیکردنەکەی وەڵامدانەوەیەک بوو بۆ ئەو زلهێزە هەژموونخوازانەی کە بە وتەی ئەو "جەنگیان لە دژی مرۆڤایەتی ئەنجامدا"، لەم یەکانەدا هێزێکی ژنانی دۆزیەوە کە لە سەرووی هەموو شتێکەوە هەوڵی پاراستنی مرۆڤایەتی دەدات.
دەستینا مەزلوم یەپەژە بەم شێوەیە پێناسە دەکات کە چیتر تەنها پێکهاتەیەکی سەربازی نییە، بەڵکو بە درێژایی ساڵان گۆڕا بۆ ئەزموونێکی کۆمەڵایەتی و ڕێکخراوەیی گشتگیر بۆ زۆرێک لە ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان، کە کردەی بەرگری و ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی و بەشداری سیاسی و دیپلۆماسی تێکەڵ کردووە، وتی: یەپەژە بۆتە ناسنامە و ئایدۆلۆژیای ژیان بۆ ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان.
ئاماژە بەوە دەکات، کە ژنانی شەڕڤانان هەر لە سەرەتاوە ڕووبەڕووی ئاستەنگی کۆمەڵایەتی و کولتووری بەرچاو بوونەتەوە، لەوانەش بۆچوونە نەریتیەکان کە توانای ژنانیان لە سەرکردایەتیکردن یان بەشداریکردن لە چالاکییە سەربازییەکان خستۆتە ژێر پرسیارەوە، بەڵام بەشداری ژنان لەسەر زەوی و سەرکەوتنیان لە ئەنجامدانی ئەرکە جیاوازەکاندا بەشدار بوو لە گۆڕینی زۆرێک لەو تێڕوانینانە، وتی: شەڕڤانانی ژن توانیان زاڵ بن بەسەر ئەقڵیەتی پەرچەکرداریدا و بوونە دیارترین هێزی ژن کە بەشداری کرد لە ڕزگارکردنی ژنان لەو کۆیلایەتییەی داعش بەسەر کۆمەڵگەدا سەپاندبووی
جەخت لەوە دەکاتەوە، کە ئەو هێرشانەی کە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریایان کردۆتە ئامانج بە تایبەتی ژنانیان کردۆتە ئامانج، ئاماژە بە پێشێلکارییەکانی گروپە توندڕەوەکان دەکات، لەوانەش کردەوەکانی هەتەشە دژی ژنانی شەڕڤانە کوردەکان لە شێخ مەقسود و ئەشرەفیە، وتی: هێزی ژنانی ئەمڕۆ ڕەگ و ڕیشەی لە ئازایەتی ئەو شەهیدانەدا هەیە کە گیانیان لە پێناو ئازادیدا بەخشی.
سەرهەڵدانی داعش و گۆڕینی یەپەژە بۆ هێزێکی کارا
ساڵی ٢٠١٤ وەرچەرخانێکی گەورەی بۆ ناوچەکە بەگشتی و یەپەژە بەتایبەتی بوو، لەگەڵ فراوانبوونی خێرای داعش لە سووریا و عێراق.
لە مانگی حوزەیرانی ٢٠١٤، داعش دەستی بەسەر شاری موسڵی عێراقدا گرت و دواتر دەسەڵاتی خۆی بۆ ناوچەیەکی فراوانی هەردوو وڵات درێژکردەوە، کە ئەمەش بووە هۆی ئاوارەبوونی بەرفراوان و پێشێلکارییەکانیش سەدان هەزار خەڵک مەدەنیی گرتەوە.
لەناو ئەم پێکهاتانەدا یەپەژە وەک یەکێک لە هێزەکانی بەشدار لە شەڕی دژی تیرۆر و بەتایبەتی لە باکووری سووریا سەریهەڵدا، لە نێوان مانگی ئەیلوولی ٢٠١٤ تا مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠١٥، ژنانی شەڕڤان بەشداری شەڕی کۆبانییان کرد، کە بووە یەکێک لە شەڕە هەرە بەرچاوەکانی شەڕی داعش، ئەم شەڕە یارمەتیدەر بوو بۆ ڕاکێشانی سەرنجی جیهانی بۆ ڕۆڵی ژنان لە هێڵی پێشەوە.
لەو ماوەیەدا، یەپەژە ناسنامەیەکی بەربڵاوی نێودەوڵەتیی بەدەستهێنا و وێنەی ئەو ژنە شەڕڤانانەی کە بەشدارییان لە بەرگریکردن لە شارەکەدا کردبوو، بوونە سیمبول بەرخۆدان لە دژی داعش.
یەپەژە تەنها لە شەڕی کۆبانێدا بەشدار نەبوون، هەرچەندە ئەو شەڕە ژنانی شەڕڤانی کوردەکانی خستە بەرچاوی جیهان. دواتر یەپەژە بەشدارییان لە زنجیرەیەک هەڵمەتی سەربازی گەورەدا کرد دژی داعش.
لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٥ بەشداریان کرد لە ئازادکردنی شاریگیرەسپی کە ناوچەی جزیرە و کۆبانێببەیەکەوە گرێدا، پاشان بەشدارییان لە هەڵمەتی بەنداوی تشرین کرد، کە لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠١٥ دەستیپێکرد و لە ئەنجامدا یەکێک لە گرنگترین پەڕینەوەکانی سەر ڕووباری فورات ئازادکرا.
هەروەها ڕۆڵیان له هەڵمەتی ڕزگارکردنی سیستەمە له نێوان حوزەیران تا ئابی ٢٠١٦ هەبوو، که ئامانجی پچڕاندنی یەکێک له گرنگترین هێڵەکانی دابینکردنی داعش بوو له نێوان سووریا و تورکیا، لەگەڵ گواستنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بەرەو مۆڵگە سەرەکییەکانی داعش، یەپەژە بەشداری شەڕی تەبقای کرد لە نێوان مانگی ئادار و ئایاری ٢٠١٧، بەشداری کرد لە ئازادکردنی شاری تەبقا و بەنداوی فورات و بنکەی ئاسمانی تەبقا، شوێنە ستراتیژییەکان کە ڕێگەی خۆشکرد بۆ پێشڕەویکردن لەسەر ڕەققە، لەم ئۆپەراسیۆنانەدا ژنە فەرماندەکانی یەپەژە سەریان هەڵدا، کە قۆناغێکی سەرەکی لە شەڕی داعشدا دیاری کرد.
ڕۆژی ٦ی حوزەیرانی ٢٠١٧، شەڕی ڕزگارکردنی ڕەققە، کە بە پایتەختی "خەلافەت"ی داعش لە سووریا ناسرابوو، دەستیپێکرد، شەڕڤانانی ژن لە یەپەژە، لە چوارچێوەی گەڕەکەکانی شارەکەدا شانبەشانی قەسەدە شەڕی درێژخایەنیان ئەنجامدا، پێش ئەوەی لە ١٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧ ئازادکردنی ڕەققە ڕابگەیەنرێت، دوابەدوای ئەوە هێزەکان ڕوویان لە بەرەی دێرەزوور کرد و بەشدارییان لە هەڵمەتی جزیرە و ئۆپەراسیۆنی گەردەلولی جزیرە و ئۆپەراسیۆنەکاندا کرد بۆ نەهێشتنی بوونی داعش لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات لە ماوەی ساڵانی ٢٠١٧ و ٢٠١٨، کە بەو شەڕانە گەیشتە لوتکە، کە بە کەوتنی دوا مۆڵگەی داعش لە ناوچەی باغۆز لە مانگی ئاداری ٢٠١٩ کۆتایی هات.
هاوپشتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی
لەگەڵ زیادبوونی ئامادەبوونی یەپەژە لە مەیدانی سەربازیدا، بەرژەوەندی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بۆ ئەو ئەزموونە پەرەی سەند، زۆرێک بەشداریی ژنانیان لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژ بە داعش بە ئەزموونێکی بێوێنە لە ناوچەکەدا زانی، بەتایبەتی کە یەپەژە خۆیان سنووردار نەدەکرد بە شەڕکردن بەڵکو خۆیان وەک پڕۆژەیەک پێشکەش کرد کە ئامانجی بەهێزکردنی ژنان و بەهێزکردنی ڕۆڵیان لە کۆمەڵگەدا بوو.
دستینا مەزلوم دووپاتی دەکاتەوە،کە ئەم ئەزموونە سەرنجی ژنانی وڵاتانی جیاوازی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە، کە هەندێکیان بۆ ئاگاداربوون لە سروشتی کار و ڕێکخستن لەناو یەکەکاندا سەردانی ناوچەکەیان کردووە، هەروەها ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و مافەکانی مرۆڤ، ئارەزووی خۆیان بۆ ئەم ئەزموونەی ژنان دەربڕیوە، کە لەژێر هەلومەرجی شەڕدا سەریهەڵداوە.
شنگال: ئەو جینۆسایدەی کە ژیانی هەزاران ژنی گۆڕی
ئەگەر شەڕی کۆبانێ خاڵی وەرچەرخانێکی لە شەڕی داعشدا دیاری کرد، ئەوا ئەوەی لە شنگال ڕوویدا، یەکێک بوو لە ڕووداوە کاریگەرەکانی مێژووی هاوچەرخی ناوچەکە.
لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ داعش هێرشێکی بەرفراوانی بۆ سەر ناوچەی شنگال لە باکووری عێراق دەستپێکرد کە زۆرینەیان ئێزدییە، لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا کوشتنی بەکۆمەڵ و ئاوارەبوونی زۆرەملێ و ڕفاندنی هەزاران ژن و منداڵای کچی ئێزدی ڕوویدا، ڕووداوەکان کە یەکسان بوون بە جینۆساید.
کردنەوەی ڕێڕەوی مرۆیی و ڕزگارکردنی خەڵکی مەدەنی
دوای ئەوەی داعش دەستی بەسەر بەشێکی زۆری شنگالدا گرت، دەیان هەزار خەڵکی مەدەنی خۆیان لە چیای شنگالدا بینیەوە کە لە هەلومەرجێکی مرۆیی لەڕادەبەدەر سەختدا گیریان خواردووە، لەو قۆناغەدا یەپەژە شانبەشانی یەکینەکانی ژنانی ئازاد (YJA STAR) بەشدارییان کرد، ئامانجیان کردنەوەی ڕێڕەوی پارێزراو بۆ خەڵکی مەدەنی و چۆڵکردنی ئەوانەی لە ناوچە مەترسیدارەکاندا گیریان خواردبوو.

ئاخین ئینتیقام، فەرماندەیەکی یەپەژە لە شنگال، ئەو قۆناغە بە شەڕی مانەوە پێناسە دەکات پێش ئەوەی قۆناغێکی سەربازی بێت، جەخت لەوە دەکاتەوە، کە هەزاران خەڵکی مەدەنی بەهۆی هەوڵەکانی یەکینەکانی ژنانی ئازاد (YJA STAR) و یەپەژە توانیان خۆیان دەرباز بکەن.
دووپاتی کردەوە، کە هێرشەکە نەک تەنها زەوی بەڵکو خودی بوونی کۆمەڵگەی ئێزدی کردۆتە ئامانج، هەروەها ئەو تاوانانەی دژی ژنان ئەنجامدراون، لەوانەش کوشتن، کۆیلەکردن، ڕفاندن و فرۆشتن لە بازاڕەکانی کۆیلەدا، لە قێزەونترین تاوانەکانن کە لە سەدەی بیست و یەکەمدا ئەنجامدراون.
ئاخین ئینتیقام پێی وایە ئەم ڕووداوانە و ئەو جینۆسایدەی ئەنجامدراون جێپەنجەیەکی قووڵی لەسەر هۆشیاری ژنانی ئێزدی بەجێهێشتووە، پاڵنەریان بۆ گەڕان بەدوای ڕێگایەکدا بۆ پاراستنی خۆیان و کۆمەڵگەکەیان لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە کارەساتانە، لە نێو ئەو ژنانەدا بوو، هەروەها ئەو ئازارانەی لە ساڵی ٢٠١٤دا گەلی ئێزدی بەرگەی گرتووە، هۆکاری سەرەکی بووە کە پاڵنەرێک بووە بۆ ئەوەی پەیوەندی بە یەپەژەوە بکات لە شنگال، ئەو ژنە شەڕڤانانەی کە بە ئیرادەیەکی بێوچان شەڕی داعشیان کرد، هەروەها ئەو ژنانەی کە سەرەڕای ئەو توندوتیژیانەی ڕووبەڕوویان بووەوە، پەیامی ئاشتی و ئازادییان هەڵگرتبوو.
ئاماژەی بەوەشکردووە، جینۆسایدەکە ڕووداوێکی لەناکاو نییە، بەڵکو دەرئەنجامی "پیلانگێڕییەکی نێودەوڵەتی" بووە کە ساڵانێکە دژی گەلانی ناوچەکە بەردەوام بووە، ئەو تاوانکاریانەی داعش لە دژی ئێزدییەکان ئەنجامی داوە، بە "شەڕی بوون" پێناسە دەکات.
ئازادکردنی شنگال و دامەزراندنی یەپەژە لە شنگال
لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١٥، دوای ئۆپەراسیۆنە سەربازییە بەرفراوانەکان کە چەند مانگێکی خایاند، ئازادکردنی شاری شنگال لە ژێر کۆنترۆڵی داعش ڕاگەیاندرا، ئاخین ئینتیقام وتی: ئازادکردنی ئەو شارە سەرەتای سەردەمێکی نوێ بوو بۆ گەلی ئێزدی، تەنها پەیوەندی بە وەرگرتنەوەی زەویەکانیانەوە نەبوو، بەڵکو پەیوەندی بە دووبارە بونیادنانەوەی کۆمەڵگەکەیانەوە بوو دوای کارەساتەکە.
جەختی لەوە کردەوە، کە ئایدۆلۆژیای ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کە ژنانی ناوچەکە بە دەسەڵاتێکی هزری دەزانن لە پرسی ئازادی و خۆڕێکخستن، ڕۆڵێکی سەرەکی بینی لە گەڕاندنەوەی هیوا بۆ گەلی ئێزدی دوای کۆمەڵکوژییەکە، دەتوانین بڵێین ئایدۆلۆژیای ڕێبەر کە سیفەتەکانی مرۆڤایەتی بەرجەستە دەکەن، ڕۆح و ژیانی گەلی ئێزدییان زیندووکردەوە.
لەم ماوەیەدا، هەوڵی ژنانی ئێزدی بۆ خۆڕێکخستن دیار بوو، بەشداریان کرد لە دامەزراندنی یەکینەکانی ژنان لە شنگال (یەژەشە) لە ساڵی ٢٠١٥، ئەم هێزە ژنانەی ئێزدی ئەرکی بەرگریکردن لە کۆمەڵگەی ئێزدی و پاراستنی ژنانی پێ سپێردرا، هەروەها بە سوود وەرگرتن لە ئەزموون و هێز و ئیرادەی یەپەژە، وتی: یەپەژە ڕۆڵی بەرچاوی هەبوو لە ڕزگارکردنی ژنانی ئێزدی لە دیلەکانی داعش، ئەمەش پاڵنەرێک بوو بۆ ڕێکخستن و دامەزراندنی یەکینەکانی پاراستنی ژنان لە شەنگال (یەژەشە)، کە دواتر بوو بە هێزێکی سەرەکی بەرگری لە ناوچەکە.
ئاخین ئینتیقام دامەزراندنی ئەو یەکانە بە یەکێک لە گرنگترین دەرئەنجامەکانی ئەزموونی بەرخۆدان لە دوای جینۆساید دەزانێت، کە "لە دایکبوونەوە" بۆ گەلی ئێزدیە، ڕوونیشیکردەوە، کە ڕۆڵی ڕاستەوخۆی بە ژنان بەخشی لە پاراستنی ناوچەکانیان و بەشداریکردن لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەکانیان، کە ئامانجی سەرەکییان "تۆڵەسەندنەوە لە جینۆسایدەکە" بووە لەڕێگەی پاراستنی کۆمەڵگەکانیان و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە تاوانانە، هاودەنگیی نێوان ژنانی شەڕڤانی ڕۆژئاوا و شنگال فاکتەرێکی یەکلاکەرەوە بوو بۆ شکاندنی دەسەڵاتی داعش لە ناوچەکەدا.
ڕزگارکردنی ڕفێنراوان و پشتیوانیکردن لە ڕزگاربووان
دوای ڕزگارکردنی زۆرێک لە ناوچەکان لە دەستی داعش، قۆناغێکی نوێ دەستیپێکرد، ئەویش گەڕان و ڕزگارکردنی ژن و منداڵە کچە ڕفێنراوەکانی ئێزدی و گەڕاندنەوەیان بۆ خێزانەکانیان، یەپەژە بەشدارییان لە هەوڵەکانی ڕزگارکردنی ژنە ڕفێنراوەکان و پێشکەشکردنی پاڵپشتی دەروونی و کۆمەڵایەتی بۆ ڕزگاربووان کرد.
ئاخین ئینتیقام جەخت لەوە دەکاتەوە، کە ئەم ئەرکە لە شەڕە سەربازییەکان کەمتر گرنگ نەبووە، چونکە کاریگەریی تاوانەکانی داعش تەنانەت دوای شکستی خاکیش هەر بەردەوام بوو.
هێزا، ئەو سەرکردەیە ئێزدیە کە لە دیلێتی داعش ڕزگاری بوو و دواتر پەیوەندی بە ڕیزەکانی شەڕڤانانیژنەوە کرد، وەک نموونەیەک لە توانای ژنان بۆ هەڵسانەوە لە دڵی کارەسات و گۆڕینی ئازارەکانیان بۆ هێزێک بۆ بەرگریکردن لەوانی دیکە. وتی:ئەو کچە نموونەی توانای ژنانە بۆ ئەوەی لە دڵی جینۆسایدەوە سەرهەڵبدات.
٠
بەشداریکردن لە هەڵمەتی ڕزگاری ڕەققە
لە ساڵی ٢٠١٧ یەپەژە بەشداری شەڕی ڕزگارکردنی ڕەققەیان کرد، کە لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەو ساڵەدا بە شکاندنی دەستی داعش بەسەر ئەو شارەدا کۆتایی هات، کە بە گرنگترین قەڵای ڕەققە دادەنرێت لە سووریا.
ئاخین ئینتیقام ئاماژە بەوە دەکات، کە ژمارەیەک لە ژنانی ئێزدیش بەشداریان لەم هەڵمەتەدا کردووە، بەشداریکردنیان لە شەڕەکەدا بە درێژەی ڕێبازێک دەزانن کە لە جینۆسایدی شنگالەوە دەستی پێکردووە و پەرەی سەندووە بۆ پڕۆژەیەکی بەرخۆدانی فراوانتر لە دژی داعش، وتی: ئەم ڕزگارییە دەرئەنجامی تەڤگەریەکی ژنانی جیهانی بووە کە لە دەوری بەهاکانی ئازادی و بەرخۆدان یەکگرتوو بووە.
دانپێدانانی فەرمی و میراسی ئەزموونەکە
یەپەژە دوای زیاتر لە ١٣ ساڵ لە دامەزراندنی، وەک یەکێک لە کاریگەرترین تڤگەریەکانی ژنان لە ناوچەکەدا دەمێنێتەوە، خەڵک و ئەو ژنانەی کە شانبەشانی یەپەژە شەڕیان کرد، بە فەرمی ناساندنی وەک پێزانینێک بۆ ئەو ڕۆڵەی کە ژنانی شەڕڤان لە بەرگریکردن لە ناوچەکە و ڕووبەڕووبوونەوەی داعش و بەشداریکردن لە ئۆپەراسیۆنەکانی ڕزگارکردن و ڕزگارکردندا دەبینن.
ئەم دانپێدانانە دەتوانێت بەشداری ژنان لە دامەزراوە ئەمنییەکان و بەرگرییەکان بەرز بکاتەوە و ئەو دەستکەوتانەی لە ساڵانی شەڕدا بەدەستیان هێناوە بپارێزێت.
ئاخین ئینتیقام جەختی لەوە کردەوە، کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست "قەرزدارە بە هێزەکانی ژنان وەک یەپەژە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە نکۆڵیکردن لە بوونی ئەو هێزانە نکۆڵیکردنە لە خودی مرۆڤایەتی، بانگەوازی لە ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد کە دژی ئەو هەڕەشانە بوەستن کە یەپەژە دەکەنە ئامانج، بەتایبەتی لە ژێر ڕۆشنایی ئەوەی کە بە "ەقڵیەتی جیهادی توندڕەو" پێناسەی کردووە کە چارەنووسی ژنان لە سووریا کۆنتڕۆڵ دەکات، هەروەها یەپەژە بووەتە "میراسێکی ژنان" لە ناوچەکەدا، ژنانی شەڕڤانی شنگال لە پاڵ ژنانی شەڕڤانی ڕۆژئاوادا "تا سەرکەوتن بەدەست دێت" بەردەوام دەبن.
لە کاتێکدا، دەستینا مەزلوم بەرخۆدانی ئەو ژنە شەڕڤانانە بەبیر دەهێنێتەوە کە لە شەڕەکاندا گیانیان لەدەستداوە و ئاخین ئینتیقام دووپاتی دەکاتەوە، کە ژنانی ئێزدی بەردەوامن لە کارکردن بۆ پاراستنی کۆمەڵگەکەیان، یەپەژە وەک ئەزموونێک دەمێنێتەوە کە بەستراوەتەوە بە ساتەوەختە سەرەکییەکانی مێژووی ناوچەکە، هەر لە بەرگریکردن لە شار و گوندەکان، بۆ ڕزگارکردنی خەڵکی مەدەنی لە شنگال، تا پاڵپشتیکردنی ڕزگاربووان و بەشداریکردن لە دووبارە داڕشتنەوەی ڕۆڵی ژنان لە ژیانی گشتیدا لە یەکێک لە ئاڵۆزترین قۆناغەکانی مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی هاوچەرخدا.