شادی سەمەد: دەوڵەتە زلهێزەکان دەیانەوێت دوای ١٠٠ ساڵ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەپێی بەرژەوەندی خۆیان ڕێکبخەنەوە

شادی سەمەد، چالاکوان دەربارەی جەنگی ئێران و ئیسرائیل دەڵێت: دەوڵەتە زلهێزەکان دەیانەوێت دوای ١٠٠ ساڵ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەپێی بەرژەوەندی خۆیان ڕێکبخەنەوە، ئێمەی کورد دەبێت یەکگرتوو بین و هەلەکە بقۆزینەوە.

دیڤان سیهاد

 

قەندیل-شادی سەمەد، چالاکوان دەربارەی ئەو جەنگەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی لە نێوان ئێران و ئیسرائیل ڕوو دەدات وتی: دیارە ئەو جەنگە کاریگەریەکی گەورەی هەیە لەسەر تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەواوی جیهان بە تایبەتی کوردستان، بەو پێیەی کوردستان دەکەوێتە ناو ئەو جەنگەوە بەشێکی کوردستان دەکەوێتە ئێرانەوە کە ئێران داگیری کردووە، هەڵبەتە شەڕێکی قورسە کە لە نێوان ئیسڕایل و ئێران و دەوڵەتە زلهێزەکاندا ڕوو دەدات ئەوە گرنگە بەلای ئێمەوە ئێمەی کورد نەبینە لایەنگری هیچ یەکێک لەو دەوڵەتانەی کە بەشدارن لەو جەنگەدا، دیارە وەک زلهێزەکان و دوژمنانی کورد بۆ بەرژەوەندی خۆیان دەیانەوێت نەخشەی ناوچەکە دووبارە دابڕێژنەوە بە پێی بەرژەوەندی خۆیان دیسانەوە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دابەش دەکەنەوە، ئەوەی بۆ ئێمە زۆر گرنگە لەم نێوانەدا ئێمەی کورد هاوڵاتیان بە تایبەتی فشار بخەینە سەر پارتە سیاسیەکانی کوردستان و سەرکردایەتی سیاسی لە هەر چوار پارچەی کوردستان کە یەکگرتوو بن لە ئێستادا دەتوانین ئەو جەنگەی ئێستا ڕوو دەدا لە بەرژەوەندی خۆمان بیقۆزینەوە، لە بەرئەوەی دیسانەوە دەوڵەتە زلهێزەکان دەیانەوێت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دوای ١٠٠ ساڵ دووبارە بە پێی بەرژەوەندیەکانی خۆیان ڕێکبخەنەوە.

 

"دەبێت لەهەر چوار پارچەی کوردستان یەکگرتوو بین"

ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ ئەوەی گەلی کورد نەبێتە سوتەمەنی، گرنگترین شت ئەوەیە کە یەکگرتوو بن لە هەر چوار پارچەی کوردستان بەبێ جیاوازی بیروبۆچوون و ناوچەگەرێتی وتی: ئەگەر بێتو ئێمەی کورد لایەنی هەر یەکێک لەو دەوڵەتانە بین کە تێوەگلاون لە جەنگەکە بێگومان ئێمە دەبینە سوتەمەنییەکی گەورە لەو نێوانەدا، بۆیە زۆر گرنگە کە ئێمە بێلایەنی خۆمان بپارێزین و ئێمەی کورد یەکگرتوو بین، فشار بخەینە سەر پارتە سیاسیەکانی کوردستان ئەگەر بێتو ئەم جەنگە درێژە بکێشێت پارتە سیاسیەکانی کوردستان یەکگرتوو نەبن دووبارە ئێمەی کورد دەبینەوە بە سوتەمەنی جەنگەکە، بۆ ١٠٠ ساڵی تر نەخشەی ناوچەکە دووبارە دادەڕێژن و بە پێی بەرژەوەندیەکانی خۆیان، بۆیە بۆ ئەوەی کە ئێمە بتوانین داهاتوویەکی گەش بۆ نەوەکانی داهاتوومان و هەم بۆ خۆمان فەراهەم بکەین، پێویستە فشار بخەینە سەر پارتە سیاسیەکانی کوردستان و لە ڕاگەیاندن لە هەمو ڕوویەکەوە ڕۆشنبیران و نووسەران فشار بخەنە سەر پارتە سیاسیەکانی کوردستان هەر چوار پارچە بێ ئەوەی کە ئەوان بیر لە بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان بکەنەوە یەکگرتووبن.

 

"لە جەنگدا ژنان و منداڵان زیانیان بەردەکەوێت"

لە کۆتایی قسەکانیدا شادی سەمەد وتی: ئەگەر بێت و ئەم جەنگە درێژە بکێشێت بێگومان بە پلەی یەکەم ژنان و منداڵان قوربانی یەکەم دەبن، بەو پێیەی پیاوەکان لە جەنگەکاندا دەبنە قوربانی و ژنانیش بێگومان بێبەش نابن لەم قوربانیە هاوژین لە دەست دەدەن، مداڵ لە دەست دەدەن، ماڵەکانیان لە دەست دەدەن و بێ ئیش و بێ کار دەبن، لە ڕووی دەروونیشەوە کاریگەریەکی زۆر گەورە دەکاتە سەر ژنان و منداڵانی کورد، بۆیە هیوادارم کە پڕوسەی ئاشتی سەر بگرێت بۆ ئەوەی چیدی هاوڵاتیانی ناوچەکە لەوە زیاتر نەبنە قوربانی سوتەمەنیەکانی جەنگ.