لە مانگی شوباتدا ٦ ژن کوژراون و ناچار بە خۆکوشتن کراون

توندوتیژی و کوشتنی ژنان تا دێت زیاد دەکات، لایەنی پەیوەندیداریش لەسەر ئەم بابەتە نایەتە دەنگ، چالاکوانانیش باس لەوە دەکەن کە داڵدەی تاوانباران دەدرێت و بە سزا ناگەیەندرێن.

شنیار بایز

 

سلێمانی-پرسی توندوتیژییەکان دژی ژنان تا دێت بەربڵاو دەبێت و نەتوانراوە ڕێگەچارەسەری بۆ پێشبخرێت، ساڵانە ئاماری توندوتیژی و کوشتنی ژنان بەرز دەبێتەوە و لایەنە پەیوەندیدارەکان بە گرنگییەوە کاریان لەسەر نەکردووە،
جۆرەکانی توندوتیژی گۆڕانکاری بەسەرداهاتووە و توندوتیژی ئەلکترۆنی بەرچاو ترینیانە کە بووەتە مەترسی بۆ سەر ژیانی ژنان، ئامارەکانی کوشتنی ژنانیش بە شاراوەیی ماونەتەوە و تەنها دەتوانرێت لەو کەمە هەواڵانەی لە میدیاکانەوە بڵاودەکرێنەوە سەیر بکرێن، لەم نێوەندەشدا تەنها ژنان زیانلێکەوتووی سەرەکین.

 

لەگەڵ ئەوەی لە باشووری کوردستان چەندین ڕێکخراو هەن بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی ژنان، بەڵام دۆخی ژنان تا دێت خراپتر دەبێت، چالاکوانانیش لایەنی پەیوەندیدار بە هۆکاری هەڵکشانی ئامارەکان دەزانن، چونکە لە جیاتی ئەوەی ڕێگەچارەسەری بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژییەکان بدۆزنەوە، حاڵەتەکان دەشارنەوە و داڵدەی بکوژان دەدات.

 

ئاژانسی نوژنها مانگانە ئاماری توندوتیژی دژی ژنان کۆدەکاتەوە و بە پێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاوکراونەتەوە و نوژنها کۆی کردووەتەوە، توندوتیژی و کوشتنی ژنان لە مانگی شوبات بەم شێوەیەی خوارەوەیە؛

 

ڕاپەڕین

لانە عومەر جەوهەر، تەمەن ٢٣ ساڵ و دانیشتووی شارۆچکەی قەڵادزێ لە هەرێمی ڕاپەڕین، کە خوێندکاری قۆناغی سێی بەشی بازرگانی کۆلێژی یاسا و کارگێڕی لە زانکۆی هەڵەبجە بوو و بە هۆی خوێندنەکەیەوە لە بەشە ناوخۆیی کچانی زانکۆکە دەمایەوە، بە شێوەیەکی گوماناوی شەوی ٢٥ی کانوونی دووەم کەوتە خوارەوە و بەهۆی سەختی برینەکەیەوە ١ی شوبات گیانی لەدەستدا.

 

سلێمانی

لە بەرواری ٣ی شوبات، لە شاری سلێمانى ژنێک بە هەڵواسراوی لە ماڵەکەی خۆیدا دۆزرایەوە کە ناوی "پەریزاد محەمەد"ە خەڵکی شارەدێی ئاشتیی سنووری شارۆچکەی کۆیەیە، ژیانی هاوسەرگیری پێکهێناوە و دانیشتووی گەڕەکی زێڕینۆکی شاری سلێمانی بووە، بەهۆی ئەوەی بە شێوەیەکی گوماناویی گیانی لەدەستداوە، بۆیە هاوژینەکەیان دەستگیر کردووە.

 

کەرکوک

ڕۆژی ٢٩ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ لە گەڕەکی کوردستانی شاری کەرکوک، ژنێک بە ناوی "ر. م. ح" دوای برینداربوونی بە گولـلە گیانی لەدەستدا و وترا کە منداڵە ٧ ساڵانەکەی لەکاتی یاریکردن بە دەمانچەکەی باوکی، گولـلەیەکی ناوە بە دایکیەوە.

 

دوای هەفتەیەک لە ڕووداوەکە، بەپێی وتەی پۆلیسی کەرکوک بۆ ڕاگەیاندنەکان ئاماژە بەوە کراوە، دادوەر بڕوای بە کەیسەکە نەبوو و داوای زانیاری زیاتری کردووە، بۆ ئەو مەبەستە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێکهێندرا و هاوژینی ژنەکە وەکو گومانلێکراو دەستگیرکرا، دانی بە تاوانەکەیدا ناوە کە تەقەی لە هاوژینەکەی کردووە و تاوانەکەشی خستووەتە سەر منداڵە تەمەن ٧ ساڵانەکەی.

 

هەولێر

١٧ی شوبات، لە شاری هەولێر چوار کەس بەتۆمەتی ڕفاندنی ژنێکی گەنجی تەمەن ١٦ ساڵ و دەستدرێژی کردنەسەری، دەستگیرکراون، بە پێی زانیارییەکانی پۆلیسی هەولێر، تۆمەتباران لەدوای ڕفاندنی ژنە گەنجەکە، بۆ ماوەی چەند رۆژێک لە شوقەیەک دەستبەسەریان کردوە و دەستدرێژیی سێکسیان کردووەتە سەری.

 

دهۆک

بەیانی ١٩ی شوبات، هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی دهۆک ئاگاداركراونه‌ته‌وه‌ له‌ بونی ته‌رمی ژنێک لە بەنداوی دهۆک، دوای ئه‌وه‌ی تیمه‌كانی پۆلیس و به‌رگری شارستانی گه‌یشتونه‌ته‌ شوێنی ڕووداوه‌كه‌ ته‌رمه‌كه‌ ده‌رهێندراوه ‌و ڕەوانەی پزیشکی داد کراوە، به‌گوێره‌ی زانیاریه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان ئه‌و ژنه‌ خەڵکی شنگالە و لە کامپی دۆمیز لە شاری دهۆک ژیاوە.

 

خانەقین

لە بەرواری ٢٠ی شوبات، لە شارۆچکەی خانەقین، ژنێکی تەمەن ٣٠ ساڵ، کە دایکی دوو منداڵە، گیانی لەدەستداوە، بەپێی زانیارییەکانی پۆلیسی شارۆچکەکە ئاماژە بەوە کراوە، خێزانی ژنەکە لە کاتی پێدانی زانیاری بە پۆلیس پێیان ڕاگەیاندوون، کردەکە خۆکوژی بووە و نەوتی بە خۆیدا کردووە و خۆی سووتاندووە و لێکۆڵینەوەش لە ڕووداوەکە دەستیپێکرد.

 

جێی ئاماژەیە، شەوی ٢٠/١٩ی شوباتی ٢٠٢٢، لە گەڕەكی كوردساتی شاری سلێمانی "شنیار هونەر"ی ٢١ ساڵ لەلایەن هاوژینەکەیەوە "هونەر ڕەشیدی ٢٤ ساڵ" سوتێندرا، شنیار دایکی دوو منداڵە و پاش پێنج ڕۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە ٢٣ی شوباتی ٢٠٢٢ گیانی لەدەستدا، ١٨ی شوباتی ئەمساڵ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا، ئاودێر عەلی، پارێزەری کەیسی شنیار هونەر ڕایگەیاند، دوای بڕیاری تاهەتایی بەسەر بکوژی شنیار هونەردا، هەردوو لایەن تانەیان لە بڕیارەکە داوە و کەیسەکەیان ڕەوانەی دادگای پێداچوونەوەی هەرێم کردووە، دوای پێداچوونەوە دادگا بڕیاریدا سزای لە سێدارەدان بەسەر تاوانبار هونەر ڕەشیددا بسەپێنرێت و بڕیارەکەش پەسەند کرا.