مافە ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان لەژێر چەپۆکی داگیرکەراندا

مافە ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان-ESCR ئەو مافانەن کە هەموومان پێویسمانە بۆ دەستەبەرکردنی ژیانێکی شکۆمەند، بەڵام جەنگ، سەرکوتکردن، داگیرکاری و هێرشەکان هەموو ئەم مافانە پێشێل دەکەن.

لاڤە کوردە

 

سلێمانی- مرۆڤەکان پێویستییان بە هەندێک پێداویستی هەیە کە گرنگە بۆ ئەوەی ڕۆژ تێپەڕێنن، ماڵی پارێزراو بۆ ژیان و پاراستن، خۆراک، ئاو، ماددە پاککەرەوەکان، خزمەتگوزاریەکان بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ماڵەکان ژینگەیەکی تەندروستن بۆ ژیان، کاتی نەخۆشی پێویستی چوون بۆ نەخۆشخانە و چوونە لای پزیشک هەیە، بە تایبەتی منداڵان پێویستیان بە پەروەردە و دەرفەت هەیە بۆ ئەوەی بە تەواوی تواناکانیان گەشە بکەن.

 

بەشێک لە خەڵک و خێزانەکان لە سەرانسەری جیهاندا پارە و پاشەکەوتی خۆیان بەکاردەهێنن بۆ دابینکردنی ئەم پێداویستییانە، بەڵام بەشێکی دیکەیان بە زەحمەتییەکی زۆر دابینی دەکەن، زۆرجار لەبەر ئەوەی هەندێک کەس کارێک یان مووچەیان نییە یان کارێکی زۆر کەمیان هەیە و متمانە پێنەکراوە، ناتوانن پێداویستییەکانی خۆیان دابین بکەن، لە هەندێک وڵاتدا، تۆڕی ئاسایشی کۆمەڵایەتی لە شێوەی بەخشین، پاکەتی خۆراک و یارمەتی کۆمەڵایەتی، لەوانەیە یارمەتیدەر بێت بۆ پڕکردنەوەی ئەم بۆشاییە.

 

هەژاری لە وڵاتانی باشوور و باکووری جیهاندا بەرزە و نایەکسانی هەیە، هۆکارەکانی هەژاری و نایەکسانی لە کۆمەڵگەیەکەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی تر دەگۆڕێت بەپێی هۆکارە ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی، کولتووری، ژینگەیی و هۆکارەکانی تر.

 

بەرزبوونەوەی نرخەکان  زیادبوونی خۆپیشاندانە

خەڵک لە سەرانسەری جیهاندا خۆپیشاندانیان کردووە سەبارەت بەو هەژاری و نایەکسانییەی کە بەهۆی چەندین قەیرانی جیهانییەوە دروست بووە، تێدەگەین کە ئاسایشی کۆمەڵایەتی چەندە کاریگەرە لە پاراستنی خەڵک لە کاریگەرییەکانی ئەم جۆرە قەیرانانە، تێکەڵەیەکی ژەهراوی لە قەیرانە جیهانییەکان ملیۆنان کەس بەرەو هەژاری و برسێتی پاڵدەنێت و خۆپیشاندان لە سەرانسەری جیهاندا دروست دەکات.

 

کۆڤید-١٩، قەیرانی کەشوهەوا، داگیرکردنی ئۆکراینا لەلایەن ڕووسیاوە و ناکۆکییەکانی سەرانسەری جیهان بوونەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک و کەلوپەلی سەرەکی، نەک تەنها هەڵئاوسان، بەڵکو نایەکسانیش لە زیادبووندایە، نیوەی هەژارترینی جیهان خاوەنی تەنها ٢%ی سامانەکەیە، لە کاتێکدا ١٠٥ی دەوڵەمەندەکان خاوەنی ٧٦%ی سامانن.

 

حکومەتەکان گوێ لە خۆپیشاندەران ناگرن

بەهۆی بێکارییەوە خەڵک لە ناوچە جیاوازەکانی جیهان خۆپیشاندان دەکەن، زۆربەی خۆپیشاندانەکان دەربارەی نەبوونی خۆراک و کار و سووتەمەنی و کەلوپەلە سەرەکییەکانی دیکەیە کە ئێستا بۆ ملیۆنان کەس بەردەست نین، لە جیاتی گوێگرتن لە خۆپیشاندەران، زۆرێک لە حکومەتەکان سەرکوتیان کردووە و هێزی ناپێویست یان زیاد لە پێویست بەکاردەهێنن بۆ سەرکوتکردنیان.

 

ESCR چییە؟

مافە ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان "ESCR" ئەو مافانەن کە هەمووان پێویسیانە بۆ دەستەبەرکردنی ژیانێکی شکۆمەندی، کە تێیدا هەموو پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان دابین دەکرێن، هەرچەندە ESCR لە نزیکەی هەموو پەیماننامە نێودەوڵەتییەکاندا هەیە، بەڵام پەیماننامەی نێودەوڵەتی بۆ مافە ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان "ICESCR" زۆرترین کۆکردنەوەی باوەڕپێکراوی پاراستن بۆ مەودایەکی زۆر لە ESCR دابین دەکات. زیاتر لە ١٧٠ وڵات ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی پابەند بن بەو مافانەی کە دەیپارێزن، تەنانەت ئەو وڵاتانەی کە ڕازی نەبوون بە پابەندبوون بە ICESCR، وەک ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بۆتسوانا، مالیزیا، سعودیە، ساموا، سەنگاپورە و میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب، کۆمەڵێک پابەندبوونیان هەیە بە ESCR بەهۆی پەیماننامەکانی دیکەوە کە پەسەندیان کردووە.

 

مافەکانی وەک، مافی نیشتەجێبوون، مافی جل و بەرگ، مافی ته ندروستی، مافی کارکردن، مافی خوێندن، مافی خواردن، مافی ئاو، مافی پاکوخاوێنی، مافی بەشداریکردن لە ژیانی کولتووریدا، مافی سوود وەرگرتن لە پێشکەوتنی زانستی، مافی سوود وەرگرتن لە بەرهەمی هونەریی و زانستی و ئەدەبی، بە تێپەڕبوونی کات و لە چوارچێوەی جیاوازدا، مافی ژینگەیەکی پاک و تەندروست لەو مافانەن کە لە دەقی ڕێککەوتنەکەدا هەیە.

 

پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان تەنها ماف بۆ تاکەکان فەراهەم ناکەن، بەڵکو هەموو وڵاتێکیش بەرپرسیار دەکات کە ڕێز لە مافەکان بگرێت و پاراستن و جێبەجێکردنی دەخاتە ئەستۆیان.

 

یەکەم: مافی پاراستنی کۆمەڵایەتی

مافی ئاسایشی کۆمەڵایەتی بریتییە لە مافی خەڵک بۆ دەستگەیشتن بە سوودەکانی ئاسایشی کۆمەڵایەتی، بۆ دڵنیابوون لەوەی کە دەتوانیت چێژ لە ستانداردێکی گونجاوی ژیان وەربگرێت تەنانەت ئەگەر پارەی پێویستی نەبێت بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی خۆی، مافی ئاسایشی کۆمەڵایەتی بە تایبەتی ئامانجی کەمکردنەوەی هەژاری و دڵنیابوون لەوەی کە هەموو کەسێک دەتوانێت مافەکانی خۆی بەدەست بهێنێت.

 

پێویستە سیستمی ئاسایشی کۆمەڵایەتی هەموو کەسێک بپارێزێت، ئەو کەسانەی کە هاوڵاتی نین وەک، پەنابەران، کۆچبەران، ناتوانرێت لە پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی دووربخرێنەوە، تەنها لەبەر ئەوەی کە ڕەگەزنامەیان نییە، پێویستە مافی ئەوەیان هەبێت کە پاڵپشتی داهات وەربگرن، دەستگەیشتن بە چاودێری تەندروستی و پشتیوانی خێزانی بە نرخێکی گونجاو.

 

جاڕنامەی جیهانی لەسەر مافەکانی مرۆڤ "UDHR" لە ساڵی ١٩٤٨ دەرچووە، پەیماننامەیەکی یاسایی پابەندکەر نییە، بەڵام بە شێوەیەکی بەرفراوان قبوڵکراوە و پێگەیەکی یاسایی تایبەتی هەیە، چونکە ئێستا بە یاسایەکی ئاسایی دادەندرێت لەسەر بنەمای ئەوەی چۆن هەموو ویلایەتەکان لە ماوەی ٧٥ ساڵی ڕابردوودا جێبەجێیان کردووە، لەبەر هۆکارە مێژوویی و کرداری و سیاسییە جیهانییەکان، پرۆسەی پەرەپێدانی ئەو خواستانەی کە لە UDHR دامەزراون بۆ پابەندبوونی یاسایی بەستراو بۆ وڵاتان کە دابەش بوون بەسەر دوو پەیماننامەی سەرەتاییدا، کە هەردووکیان لە ساڵی ١٩٧٤ چوونە بواری جێبەجێکردنەوە:

پەیماننامەی نێودەوڵەتی بۆ مافە مەدەنی و سیاسییەکان "ICCPR"

پەیماننامەی نێودەوڵەتی بۆ مافە ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان "ICESCR"

 

دووەم: مافی نیشتەجێبوون

هەموو کەسێک مافی ئەوەی هەیە شوێنی نیشتەجێبوونی گونجاوی هەبێت، شوێنێکی پارێزراو کە بتوانیت بە ئاشتی و شکۆمەندییەوە تێیدا بژی، نیشتەجێبوون دەبێت ئاسایشی یاساییت پێ ببەخشێت، واتە مافی نیشتەجێ بوونت بە شێوەیەک بێت کە لە یاسا و کرداردا دانی پێدا بنرێت، ئاسایشی خاوەندارێتی دەتوانرێت بە چەندین ڕێگای جیاواز دابین بکرێت، لەوانە: ڕێککەوتنی کرێی دادپەروەرانە یان بەکرێگرتن، خاوەندارێتی یان ناونیشان بۆ زەوی و/یان نیشتەجێبوون، ڕێکخستنی نیشتەجێبوونی هاوکاری، یان نیشتەجێبوونی فریاکەوتن/کاتی، پێویستە یاسا هەبێت بۆ پاراستنی هەموو خەڵک لە دەرکردنی بەزۆر لە ماڵەکانیان و زەوییەکانیان، زیادبوونی کرێی هەڕەمەکی یان نادادپەروەرانە، یان بڕینی دیکەی دەستگەیشتن بە نیشتەجێبوون کە لەوانەیە ببێتە هۆی بڕینی خزمەتگوزارییەکان وەک ئاو و کارەبا.

 

پێویستە خانووبەرە بەبێ جیاکاری بەردەست بێت، نابێت هیچ کەسێک بەهۆی ڕەگەز، ناسنامە، کەمئەندامێتی، تەمەن و هۆکارەکانی دیکەی جیاکارییەوە ڕێگەی پێنەدرێت.

 

سێیەم: مافی کارکردن

هەموو کەسێک مافی کارکردنی هەیە و بەشێکە لە مافەکانی مرۆڤ، ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە هەموو کرێکاران پارێزراون بەو مافانە، ئەگەر لە کەرتی نافەرمیدا کار بکەن، کرێکارێکی کۆچبەر بن، کرێکارێکی کاتی بن یان خۆکار بن، چێژ وەرگرتن لە تەواوی مافی کارکردنی شیاو پێویستی بە حکومەتەکان هەیە کە کۆمەڵێک خزمەتگوزاری پشتگیری جێبەجێ بکەن بۆ ئەوەی یارمەتیدەر بن لە دۆزینەوە و دەستگەیشتن بە هەلی کار، پێویستە هەلی کار بۆ هەموو کەسێک بەبێ جیاکاری بەردەست بێت و کرێکاران دەبێت بتوانن ئازاد بن.

 

هەموو کرێکاران مافی ئەوەیان هەیە کە سەندیکاکان یان ڕێکخراوە کرێکارییەکانی تر پێکبهێنن و بەشداری بکەن بۆ پاراستنی مافەکانی شوێنی کار و بەرژەوەندییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانیان، یەکێتییەکان خۆیان مافی دامەزراندنی فیدراسیۆنە نەتەوەییەکانیان هەیە و لەژێر سنووردارکردنی یاسایی گونجاودان، بە ئازادی کار دەکەن، هەروەها مافی ئەوەیان هەیە کە مانگرتن و خۆپیشاندانی ئاشتیانە ئەنجام بدەیت.  

 

پێویستە یاساکان هەموو جۆرەکانی جیاکاری و هەراسانکردنی شوێنی کار قەدەغە بکەن، بە هەراسانکردنی سێکسیشەوە، هەراسانکردنی سێکسی دەبێت بە یاسا پێناسە بکرێت.

 

چوارەم: مافی ئاو

هەموو کەسێک مافی ئەوەی هەیە ئاو بەکاربهێنێت، نابێت هیچ جیاکارییەک لە دەستگەیشتن بە ئاو هەبێت لەسەر هیچ بنەمایەک (ڕەگەز، ئایین، کەمئەندام، باری کۆمەڵایەتی و ئابووری و هتد) ، جا جیاکارییەکە لەلایەن ئەندامێکی خێزانەوە بێت یان بازرگانی تایبەت یان خزمەتگوزاری گشتی.

 

لێکۆڵینەوەیەکی ڕێکخراوی لێخۆشبوونی نێودەوڵەتی لە ساڵی ٢٠١٧ ئاشکرای کرد کە چۆن ئیسرائیل کۆنترۆڵی دابینکردنی ئاو دەکات بۆ ئەو فەلەستینیانەی لە ناوچە داگیرکراوەکانی ئیسرائیل دەژین، بەکارهێنانی فەلەستینییەکان لە ڕۆژێکدا نزیکەی ٧٠ لیتر بوو بۆ هەر کەسێک، لە کاتێکدا بەکارهێنانی ئیسرائیل بە تێکڕای ٣٠٠ لیتر بوو بۆ هەر کەسێک لە ڕۆژێکدا، هەندێک لە فەلەستینییەکان ڕۆژانە کەمتر لە ٢٠  لیتر بۆیان بەردەست بوو، نزیکەی ٢٠٠ هەزار فەلەستینی بە هیچ شێوەیەک ئاویان پێنەدەگەیشت، هەروەها ئیسرائیل زیاتر لە ٨٠%ی ئاوی لە تاکە سەرچاوەی ئاوی ژێر زەوی لە ناوچە داگیرکراوەکان بەکارهێناوە.

 

هەروەها دەوڵەتی تورک سیاسەتی بڕینی ئاو لە ڕابردوو و لە ئێستاشدا وەک بەشێک لە داگیرکارییەکانی بەڕێوە دەبات، بە بڕینی ئاوی فوڕات ژیانی ملیۆنان کەسی خستووەتە مەترسییەوە، هەروەها لە هێرشەکانی کۆتایی ٢٠٢٣و ئەمساڵدا هەمیشە ناوەندە خزمەتگوزارییەکانی بە وێستگەکانی ئاویشەوە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کردووەتە ئامانج.

 

شەشەم: مافی پەروەردە

هەموو کەسێک مافی ئەوەی هەیە کە پەروەردە بە درێژایی ژیان لە هەموو ئاستەکاندا (سەرەتایی، ناوەندی، سێیەم) وەربگرێت، پەروەردە پێویستە بۆ بەدیهێنانی مرۆڤ و گەشەپێدانی کەسی، هەروەها بۆ ئەوەی بتوانیت بگەیت بە کۆمەڵێک مافی تری مرۆڤ لەوانە مافی کارکردن و ستانداردێکی گونجاوی ژیان، نابێت جیاکاری لە پەروەردەدا بکرێت، پێویستە بەرنامە و دامەزراوە پەروەردەییەکان لە ڕووی فیزیکییەوە بەردەست بن، پێویستە پەروەردە خۆی بگونجێنێت لەگەڵ گۆڕانی بارودۆخەکاندا، سیستمی پەروەردە و دامەزراوەکان و پرۆگرامەکان بە پێی پێویست نەرم بن بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ پێداویستییە گۆڕاوەکانی کۆمەڵگە و کۆمەڵگاکەن بە گشتی.

 

شەڕ و ململانێکان بوونەتە هۆی دەستبەرداربوونی هەزاران کەس لە خوێندن، وڵاتانی سودان، یەمەن، فەلەستین و هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەو شوێنانەن کە زۆرترین دابڕان لە خوێندنی تیادا تۆمار دەکرێت، بەهۆی ئەوەی بۆردوومانی بەردەوام لەسەر ناوەندە خزمەتگوزاری و ناوەندەکانی خوێندن هەیە و شەڕ لەناوخۆی وڵاتدا منداڵان لە خوێندن دادەبڕێت.

 

هەشتەم: مافی تەندروستی

هەموو کەسێک مافی ئەوەی هەیە بەرزترین ستانداردی تەندروستی جەستەیی و دەروونی بەدەست بهێنێت، پێویستە کەلوپەلی تەندروستی و خزمەتگوزاری بەردەست بێت، پێویستە نابێت جیاکاری لە خزمەتگوزاری تەندروستیدا بکرێت.

 

 پێویستە حکومەت ڕەچاوی هەڵبژاردنی چاودێری تەندروستی هەرزان بکات، هەروەها پێویستە لە ڕووی کولتووری و چوارچێوەییەوە گونجاو بن بە ڕێزگرتن لە ناسنامە و کولتوور و باوەڕە تایبەتەکانی خەڵک.

 

زۆرجار حکومەتەکان دەڵێن کە پارەی پێویستیان نییە یان سەرچاوەی دیکەیان نییە بۆ دابینکردنی پاراستنی تەواوی  مافە کولتووری، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان، لە کاتێکدا لەوانەیە ئەمە هەندێک جار حاڵەتەکە بێت، هەمیشە لەبەر ئەوە نییە کە حکومەت کەمی پارەی هەیە، بەڵکو لەبەر ئەوەیە کە حکومەت بە سادەیی بڕیاری داوە  بودجە بۆ خزمەتگوزاری و مافەکان دابین بکات.

 

لە کۆتاییدا پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت، ئەگەرچی لە دەقی جاڕنامەی جیهانی لەسەر مافەکانی مرۆڤ، پەیماننامەی نێودەوڵەتی بۆ مافە مەدەنی و سیاسییەکان "ICCPR"، پەیماننامەی نێودەوڵەتی بۆ مافە ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان "ESCR" و هەموو ڕێککەوتنەکانی دیکە جەخت لەسەر پاراستنی مافی ئاسایش و خۆراک و ژیانێکی شایستە دەکەنەوە، بەڵام جەنگ لە وڵاتانی وەک ئۆکراینا، سودان، یەمەن، فەلەستین و هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا-ڕۆژئاوای کوردستان و تورکیا-باکووری کوردستان، ئەوە ڕوون دەکاتەوە، کە ئەو دەقانە بەس نووسراوی سەر کاغەزن و تا ئێستا ملیۆنان کەس لە ژێر هەڕەشەی نەخۆشی و نەبوونی خۆراک و ئاو و ئاسایش و ژیانێکی شایستەدان و جیهانیش لێی بێدەنگە.