"میراسی ڕۆژنامەگەری ئازاد ئەوەیە لەسەر ڕۆڵی جەوهەری ژن کاردەکات"

شۆخان میرزا، ڕۆژنامەنووس لە بارەی کوشتنەکانی ژنانەوە دەڵێت لەکاتی کوشتنی ژنێک یەکسەر ژنەکە تاوانباردەکرێت و بابەتی شەرەفی پێوە دەلکێندرێت، میراسی ڕۆژنامەگەری ئازاد ئەوەیە لەسەر ڕۆڵی جەوهەری ژن کاردەکات.

هێرۆ عەلی

 

سلێمانی- ئامارەکانی کوشتنی ژنان یاخود گیان لەدەستدانی گوماناویی ژنان بەردەوام ڕوو لە زیادبوونن، بەشێوەک لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٥ تا سەرەتای مانگی نیسان، لە باشووری کوردستان، ١٩ژن کوژراون و٥ ژنی تریش بەشێوەیەکی گوماناوی گیانیان لەدەستداوە، ئەمەش نیگەرانی چالاکوانان و ژنانی ڕۆژنامەنووسی لێکەوتۆتەوە. شۆخان میرزا، ڕۆژنامەنووس سەبارەت بەم پرسە قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کرد.

 

''ئێستا کوشتنەکان لە تاکەکەسی گواستراوەتەوە بۆ کۆمەڵکوژی"

شۆخان میرزا، ڕۆژنامەنووس باسی لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی ڕێژەی کوشتنی ژنان کرد، کە لە مانگی کانوونی دووەمی ئەم ساڵەوە تا سەرەتای مانگی نیسان، ١٩ ژن کوژراون و ٥ی دیکەش بەشێوەیەکی گوماناوی گیانیان لەدەستداوە، وتی ئێمە دەبینین ئێستا لە کۆمەڵگەدا توندوتیژیەکان نەک تەنها لەبەرامبەر ژناندایە، بەڵکو دەبینین توندوتیژیەکان یاخود کوشتنی کەسەکان یان ناچارکردن بەکوشتنی کەسەکان، خەریکە وەکو دیاردەی لێدێت، ئێمە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا ولە کەناڵەکانی ڕاگەیاندنەوە، هەرڕۆژە و بە هەواڵی کوشتنی کەسێک یان خۆکوشتنی کەسێک چاومان دەکرێتەوە، ئێستا کوشتنەکان لە تاکەکەسی گواستراوەتەوە بۆ کۆمەڵکوژی، واتە خێزان دەکوژرێت کە لەناویدا منداڵ و ژن هەیە، ئەمەش زەنگێکی مەترسیدارە بۆ کۆمەڵگە، دەبێت تێگەیشتن هەبێت بۆچی کۆمەڵگەی ئێمە گەیشتۆتە ئەم بارودۆخە، لەکاتێکدا ئێمە بە بەردەوامی داگیرکاریمان لەسەرە، بە بەردەوامی داگیرکەر لەئێمە دەکوژێت، دەیەوێت بەهەموو شێوازێک لە ئێمەبدات و لەناومان ببات، کە چی دەبینین لە ناوخۆشدا تاکی کورد دەستی دەچێتە خۆی و کەسەکانی تر، ئەمەش مەترسیدارە، بۆیە پێویستە خوێندنەوەیەکی قوڵ لە کۆمەڵگە بکەین کە ئەم کێشانە لە چییەوە سەرچاوە دەگرن، بۆچی دەگاتە ئەو ڕادەیەی کە مرۆڤێک مرۆڤێکی تر بکوژێت.

 

وتیشی: ئەگەر بێینە سەر کوشتنی ژنان دەبینین لەناو کۆمەڵگەی ئێمەدا، هەتا ئێستا ناسینی ژن بەشێوەیەکی دیارئاڕاستەیەکی ڕاستی وەرنەگرتووە، بە گشتی توندوتیژیەکان و ڕێژەی کوشتنەکان ئەوەمان پێدەڵێت، کۆمەڵگەی ئێمە هەتا ئێستا نەیتوانیوە نزیکبونەوەیەکی ڕاستەقینە لە جەوهەری ژن دروست بکات، هەروەها تێنەگەیشتن لەو پەیوەندیەی لە نێوان ژن و پیاودا هەیە، کە دروستکردنی ئەم جۆرە پەیوەندییە لە سەربنەمایەکی ناتەندروستە، چونکە لەسەر بنەمای باڵادەستی و زیهنیەتی پیاوە کە هەزارەها ساڵە لە کۆمەڵگەدا کاری خۆی دەکات، لێرەدا دەبینین کێشەکان قوڵتردەبنەوە، زۆربەی زۆری کوشتنەکانی ژنان کە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا ڕوودەدات، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ئەقڵیەتی پیاو سالارییە کە خۆی بە باڵادەست و بڕیاربەدەستی هەموو شتێک دەزانێت، لەوێدا هەبوونی ژن وەکو بکەرێک دەبینێت کە ڕۆڵە ڕاستەقینەکەی ژن لەبیردەکات، بۆیە هێرش دەکات و ڕەوایەتی بە کوشتن دەدات، دەڵێت من دەتوانم بکوژم و دەتوانم ئەوەی خۆم دەمەوێت بیکەم، ئەمەش سەرچاوەی کێشەکانە، تا ئەم زیهنیەتەش لەکۆمەڵگەدا باڵادەست بێت هەبوونی ڕاستەقینەی ژن ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبێتەوە، هەروەها ناچارکردنی ژنان بە خۆکوشتن ئەمەش جۆرێکی ترە لەوەی کە کەسێکی ترئەنجامی دەدات، چونکە هیچ کەسێک دەستی ناچێتە ئەوەی کۆتای بەژیانی خۆی بێنێت، مەگەرهۆکاری زۆر بەهێزهەبن، دەبێت ناچارکردن و پەستانێکی زۆر لەسەر ئەوکەسە هەبێت تا ئەو بڕیارەبدات، ئەمەش دۆخێکی خەمناکە، وەکو ژنان وەکو ڕۆژنامەنووسان خەمگینیەکی قووڵ لە دڵی ئێمەدا دروست دەکات، هێزی چارەسەریش بۆ ئەوە هەیە بەوەی ژنان بەئاگابێنەوە لەو بارودۆخەی خۆیانی تێدایە، دەبێت قبووڵ کردنی ئەم توندوتیژیانە لەسەر خۆیان لابدەن، بەمەش کاتێک ژن لە هەبوونی خۆی و لە پێش خستنی خۆی و چارەسەرکردنی کێشەکان بەئاگادەبێتەوە، بێگوومان ئاڕاستەی کۆمەڵگەش لەبارەی پرسی ژن و توندوتیژیەکانەوە گۆڕانکاری بەسەردادێت.

 

 

 

''دەبێت ژنان لەبەرامبەرئەو ئەقڵیەتە پیاو سالارییەدا تێکۆشانێکی بەهێز بەڕێوەبەرن''

 

شۆخان میرزا باسی بڕیاری ڕاگرتنی ڕووماڵەکانی کوشتنی کرد، کە بە نووسراوێک وەزارەتی ڕۆشنبیری ولاوانی هەرێمی کوردستان ئاگاداری سەرجەم دەزگاکانی ڕاگەیاندنی کرد بەوەی ڕووماڵەکانی کوشتن ڕابگیرێت، وتی لەماوەی ڕابردوودا لە باشووری کوردستان ئەوەمان بینیوە کە بکوژی ژنان داڵدەدەدرێن، یان لەڕێگەی سوڵحی عەشایەری و دادگاکانەوە کەیسەکان پەردەپۆش دەکرێن، لە باشووری کوردستان چەندەها ژن هەن کاتێک کوژراون لەسەر مەزارەکەیان هیچ ناوێک نیە، ئەمەش بەڵگە بۆئەوەی دەسەڵات لەم هەرێمەدا دوای ڕاپەڕین داڵدەی بکوژان دەدات، یاساش وەکوخۆی کاری خۆی ناکات و بکوژەکان بەسزای خۆیان ناگەیەنێت، لەبەرئەوە دەسەڵات هۆکارێکی دیکەیە چونکە بە عەقڵیەتی پیاو بەڕێوەی دەچێت، لەناو دەزگا و دامەزروایە یاساکاندا ئەگەر ژنان بەژداریەکیان هەبێت بەژداریەکی کارا نیە و ناتوانن خۆیان بڕیاردەربن لە سەرهەندێک بابەت، ئەمەش وادەکات ئەو تاوانانەی بەرامبەر ژنان دەکرێن پەردەپۆش بکرێن، لەماوەکانی ڕابردوودا بینیومانە لەناو دادگاکاندا نەتوانراوە هەندێک لەکەیسەکان یەکلای بکرێنەوە، هەرچەندە لەم ماوەیەدا توانراوە هەندێک لە بکوژانی ژنان سزای هەمیشەی یان سێدارەیان بۆ دەربچێت، بەڵام نە کۆمەڵگە و نە ژنانیش بروایەکی زۆریان بە داموودەزگا حکومیەکان ودادگاکان نەماوە، دادگا لە ئێستادا دەزگایەکی کۆمەڵایەتی نەماوە، بەڵکو دەزگایەکی دەسەڵاتە، لە بارەی  ڕووماڵنەکردنی ڕووداوەکانی کوشتن ڕاوبۆچوونی جیاواز هەیە، هەندێک بەباشی دەزانن کە هەندێک کوشتن ڕووماڵ نەکرێت، هەرچەندە لەباشووری کوردستان ڕۆژنامەنووسان ناتوانن بەئاسانی زانیاری ڕاستیان لەبارەی کوشتنەکانەوە دەست بکەوێت، کاتێک ژنێک خۆی دەسوتێنێت ئێمە ئەگەر بەدوای کەیسەکەیەوە بچین، ئەوا هۆکاری ڕوودانی ڕووداوەکە و بۆچی ئەو ژنە گەیشتۆتە ئەو دۆخە نازانین و ڕێگەنادەن ئێمە زانیاری ڕاسیمان دەست کەوێت، بۆیە پێویستە ئیترکۆمەڵگەی ئێمە ڕابچڵەکێ لەوهەمووکوشتنەی بەرامبەر ژنان دەکرێت، هەروەها تاکەکانی ئەم کۆمەڵگە بتوانن لە چوارچێوەی ناسینی ژندا پێناسەی ژن بکەن.

 

"ڕێکخستنی ژنانیش ڕؤڵی خۆی دەبینێت"

ئاماژەی بەوەشکرد، ڕێکخستنی ژنانیش ڕؤڵی خۆی دەبینێت و ژنانیش دەبێت بە ئاگابێنەوە ئیترئەم کوشتنانە بوەستێنن، لەبەرامبەرئەو ئەقڵیەتە پیاو سالارییەدا تێکۆشانێکی بەهێزبەڕێوەبەرن، بەتایبەتی ڕۆژنامەنووسان و تاکی کۆمەڵگە کە ڕۆژانە ئەم هەواڵانە دەبینن، کاریگەرییەکی دەروونی لەسەریان دەبێت، کاتێک تەلەفیزیۆن و سایتە ئەلکترۆنیەکان دەکەیتەوە، یەکسەر کوشتنی ژنێک دەبینیت و لە خۆت دەپرسیت لەم کۆمەڵگەیەدا چی دەگوزەرێت؟، ئایا ئەم ئەقڵیەتە تاکەی بەردەوام دەبێت کە ڕەوایەتی بە کوشتنی ژنان دەدات؟، دواجا ئەمە تەنها کوشتنی ژنێک نیە بەڵکو کوشتنی زیهنیەتێکە کە دەیەوێت گۆڕانکاری لە کۆمەڵگەدا بکات، بۆیە دەبێت کەناڵەکانی ڕاگەیاندن میکانیزمی دیکە بەکاربهێنن بەوەی چۆن مامەڵە لەگەڵ کەیسەکانی کوشتندا بکەن، چونکە لە باشووری کوردستاندا زۆرجار دەزگاکانی ڕاگەیاند لە جیاتی دادگاکان بڕیاردەدەن، کاتێک ڕووماڵی کوشتنێک دەکرێت دەیگەڕێننەوە بۆ کێشەیەکی کۆمەڵایەتی، باسی ئەو زهنیەتە ناکەن کە ڕەوایەتی بەکوشتن دەدات لەناوئەم کۆمەڵگەیەدا، بۆیە گرنگە بۆ ڕووماڵکردن میکانیزمی جیاواز و تێگەیشتن هەبێت لە بارودۆخی باشووری کوردستان.

 

''ئیتیکی ڕۆژنامەنووسی گرنگە لە هەموو پرسێکدا بە تایبەتیش پرسە کۆمەڵایەتیەکان"

شۆخان میرزا، ئاماژەی بەوەشکرد، ئیتیکی ڕۆژنامەنووسی گرنگە لە هەموو پرسێکدا بە تایبەتیش پرسە کۆمەڵایەتیەکان و ئەو پرسانەی هەستیارن لە ناو کۆمەڵگەدا، دەبێت ڕۆژنامەنووس بزانێت کۆمەڵگەکەی ئەو لەچی پێکهاتوە، چۆن دەتوانێت مامەڵە لەگەڵ هەست و سۆزی خەڵکی بکات، دەبینین لەکاتی کوشتنی ژنێک یەکسەر ژنەکە تاوانباردەکریت و بابەتی شەرەفی پێوە دەلکێنرێت، کە ئەم ژنە لەسەر بابەتێکی شەرەف کوژراوە، بەمەش کۆمەڵگە ئاڕاستە دەکەیت بۆ توندوتیژی، دەبینین لە ناو تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا کاتێک ژنێک دەکوژرێت، سەیری کۆمێنتەکان بکەیت دەبینیت ئەم کۆمەڵگەیە سەرکێشە بۆ توندوتیژی، ئەمەش دەزگاکانی ڕاگەیاندن هۆکارن، چونکە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی دەسەڵات دەزگای پەروەردەیی نین بۆ کۆمەڵگەی ئێمە، بەڵکو دەزگای چەواشەکارین بە تایبەتی لە پرسی ژناندا، لەماوەکانی ڕابردوو هەتا ئێستا نزیکبوونێکی زۆر نەرێنی لەسەر پرسەکانی ژنان هەیە، زۆرجارئاینیش بەکاردەهێنرێت لە پرسەکانی ژناندا، میمبەرەکانی مزگەوت لە ئێستادا کراونەتە بڵندگۆیەک بۆئەوەی بانگی کوشتنی ژنانی تێدابکرێت، بۆیە دەبێت ئەمە سنورداربکریت، دەسەڵات لە جێگەی ئەوەی هەوڵ بدات کۆمەڵگە توندبکاتەوە لە ڕووی پەروەردەییەوە، کەچی هەموو داموودەزگاکانی بەکاردێنێت بۆ پوکانەوەی کۆمەڵگە، لە کەسایەتی ژندا دەیەوێت هیز و وزەی کۆمەڵگە بکوژێت، لە باشووری کوردستان ڕێکخستنی ژنان لاوازە، ڕاستە هەوڵدانی ژنان و ڕێکخراوەکان هەیە، هێز و وزەی ژنانی باشووری کوردستان کەم نیە، بەڵام پەرتەوازەکراوە لە ڕێگەی ڕێکخراو وحیزبەکانەوە، بۆیە دەبێت ژن خۆی ئایدۆلۆژیایەکی سەربەخۆی خۆی هەبێت، لەڕێگەی ئەو ئایدۆلۆژیایەوە بتوانێت خۆی بەڕێکخستن بکات، هەروەها لە ڕێگەی ناسینی خۆیەوە بتوانێت ڕێگەچارەی کێشەکان بدۆزێتەوە و بتوانێت تێگەیشتنێکی باش لە کۆمەڵگەدا بۆ پرسەکانی ژنان دروست بکات.

 

''میراسی ڕۆژنامەگەری ئازاد ئەوەیە  لەسەر ڕۆڵی جەوهەری ژن کاردەکات''

لەکۆتایی قسەکانیدا شۆخان میرزا ئاماژەی بەوەدا دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئازاد لە پێشوتریشدا جەختیان لەسەرئەوەکردۆتەوە، دەبێت پرسی ژن پرسێکی ڕووکەشی نەبێت، فکری ئێمەی ڕۆژنامەنووسانی ئازادیش لەسەرئەوە دروست بووە، هەروەها میراتی ڕۆژنامەگەری ئازاد ئەوەیە  لەسەر ڕۆڵی جەوهەری ژن کاردەکات، لەباشووری کوردستان دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئازاد توانیویانە تاڕادەیەکی باش لە نزیکبونەوە لە ژن و دەرخستنی تواناکانیان وپرسەکانیان ڕۆڵێکی ئەرێنی ببینن، کۆمەڵگەی باشووری کوردستانیش شایەتی بۆ ئەوە دەدات، هەروەها ئێمە پێداگردەبین سەرەڕای کەمووکوڕتیەکان، بۆیە دەبێت ئێمە زیاترژن بناسین و لێیان نزیک بینەوە بتوانین بەزمانی کۆمەڵگە لە بارەی پرسەکانی ژنانەوە گفتوگۆبکەین، میراتی کۆمەڵگەی باشووری کوردستان میراتێکە لەسەر بەرخودانی ژنان، کاتێک پاشەکشەیەک دروست دەبێت دەزگای ڕاگەیاندنی ئازاد و ڕۆژنامەنووسانی کار لەسەر ئەو میراتە دەکەن، ئێمە پێداگری دەکەین لەوپرسانە، لەناو دەزگای ڕاگەیاندنی ئازاد کار لەسەر چەندین پرسی هەستیارکراوە، بۆیە ئێمە هەر لەسەر ئەو نەفەس و بیروبڕوایەین کەدەبێت لە باشووری کوردستان شۆڕشی سەدەی بیست و یەک ژن پێشەنگایەتی بۆبکات، چ ژنانی ڕۆژنامەنووس چ ئەو ژنانەی لەماڵدا کاری ئاسایی خۆیان ئەنجام دەدەن، دەبێت هەمووان لە بەرامبەر پرسەکانی ژنان و ئیرادەی ژنان، کارو خەباتی خۆیان پێکەوە بکەن، کارو خەباتی پێکەوەیی و ڕێکخستنی ژنان گرنگیەکی زۆری هەیە بۆ چارەسەرکردنی هەموو پرسەکان و ئەو گۆڕانکاریانەی لەناو کۆمەڵگەدا و لەدەوروبەرماندا لە ڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری دروست دەبێت.