نەبوونی دیدگای ڕەگەزی لە زیرەکی دەستکرد، نایەکسانییەکی قووڵە بۆ ساڵانی داهاتوو
بۆ هەر پێشکەوتنێکی زانستی لەهەر بوارێکدا بێت، هەمیشە نەبوونی دیدگای ڕەگەزی ئاستەنگی بۆ ژنان دروستکردووە، لە زیرەکی دەستکردیشدا بەهەمان شێوە بووەتە نایەکسانی ڕەگەزی و لە ئەگەری بەردەوام بوونی قووڵتر دەبێتەوە.
ناوەندی هەواڵ
زیرەکی دەستکرد "Artificial intelligence" تەکنەلۆژیایەکە کە توانای بیرکردنەوەی بە جۆرێک لە جۆرەکان هەیە، بێگومان ئەم توانای بیرکردنەوە زۆر جیاوازە لەوەی کە ئێمە بە بیرکردنەوەی مرۆڤ دەیزانین، بەڵام لە ڕاستیدا هەوڵی لاساییکردنەوەی دەدات.
ئەمڕۆ ڕەنگە زیرەکی دەستکرد بەو شێوەیەی کە ئێمە خەیاڵمان بۆی دەچێت، بوونی نەبێت، بەڵام هێشتا زۆرێک لەو کارانەی کە ڕۆژانە ئەنجامی دەدەین، وەک گەڕان لە ئینتەرنێت یان گەڕان بە لاپەڕەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و... هتد، هەموویان زیرەکی دەستکردیان تیادا بەکارهاتووە و ڕۆژانە بەکاری دەهێنین، ئەم بەکارهێنانەی لەسەری ڕاهاتووین کە لەو ساتەدا هەست ناکەین کە زیرەکی دەستکرد بەکاردەهێنین، هۆکاری سەرەکی ئەوەیە کە نازانرێت زیرەکی دەستکرد بەڕاستی چییە و چی دەکات، لەبری ئەوەی خەمی زیرەکی دەستکرد بخۆین، باشترە فێربین چیمان پێدەکرێت و زانیاریمان لەو بوارەدا زیاد بکات.
زیرەکی دەستکرد، یەکێکە لە داهێنانە بەڵێندەرەکانی مرۆڤایەتی، ئامادەیە لایەنە بێشومارەکانی ژیانمان بگۆڕێت، لە چاودێری تەندروستی و پەروەردەوە بۆ دارایی و گواستنەوە، بەڵام لەگەڵ قووڵبوونەوەمان بۆ ناو کایەی یەکخستنی زیرەکی دەستکرد، نیگەرانییە ڕەوشتییەکان سەریان هەڵداوە، کە داوای سەرنجدان دەکەن، جێبەجێکردنی بەرپرسیارانە تەنها فەرمانێکی ڕەوشتی نییە، بەڵکو مەرجێکی پێشوەختەیە بۆ داهاتوویەکی تەکنەلۆژیای بەردەوام.
نایەکسانی ڕەگەزی لە زیرەکی دەستکرددا
جیهان کێشەی یەکسانی ڕەگەزی هەیە و زیرەکی دەستکرد "AI" ئاوێنەیەکی لایەنگری ڕەگەزییە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا، هەرچەندە لەسەر ئاستی جیهان ساڵانە ژمارەیەکی زیاتری ژنان دەستیان بە ئینتەرنێت دەگات، بەڵام لە هەندێک وڵاتدا تەنها ٢٠%یان پەیوەندییان بە ئینتەرنێتەوە هەیە، دابەشبوونی دیجیتاڵی ڕەگەزی بۆشایی داتا دروست دەکات، کە لە لایەنگری ڕەگەزی لە زیرەکی دەستکرددا ڕەنگ دەداتەوە، کێ دروست دەکات و چ لایەنگرییەک لە ئامارەکانیدا بونیاد نراوە، دەتوانێت بۆشاییەکانی یەکسانی ڕەگەزی بەردەوام بکات، فراوانتر بکات، یان کەم بکاتەوە؟
ناتاچا سانگوا، خوێندکارێکی خەڵکی ڕواندایە و ساڵی ڕابردوو بەشداری لە یەکەم هەڵمەتی کۆدکردندا کرد کە بە دەستپێشخەری "ژنانی ئەفریقی دەتوانن کۆد بکەن" بەڕێوەچوو، بینیویەتی کە چۆن ئەوە کاریگەری لەسەر ئەزموونی ژنان هەیە لەگەڵ ئەو تەکنەلۆژیایەدا، لەو بارەیەوە وتوویەتی: تێبینیم کردووە کە زیرەکی دەستکرد زیاتر لەلایەن پیاوانەوە پەرەی پێدراوە و لەسەر کۆمەڵە داتاکان ڕاهێندراوە کە بە پلەی یەکەم لەسەر بنەمای پیاوانن، کاتێک ژنان هەندێک سیستمی بەهێزی زیرەکی دەستکرد بەکاردەهێنن بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشیەکان، زۆرجار وەڵامی نادروست وەردەگرن، چونکە زیرەکی دەستکرد ئاگاداری ئەو نیشانانە نییە کە ڕەنگە بە شێوەیەکی جیاواز لە ژناندا دەربکەون.
ئەگەر ڕەوتەکانی ئێستا بەردەوام بن، تەکنەلۆژیا و خزمەتگوزارییەکانی بەهێزکراوی زیرەکی دەستکرد بەردەوام دەبن لە بە کەمی دیدگای ڕەگەزی و ڕەگەزی جۆراوجۆر و ئەو بۆشاییە دەبێتە هۆی دابەزینی کوالیتی خزمەتگوزارییەکان، بڕیاری لایەنگری سەبارەت بە کار، قەرز، چاودێری تەندروستی و زۆر شتی تر.
چۆن خۆمان لە لایەنگری ڕەگەزی لە زیرەکی دەستکرددا بەدوور بگرین؟
پێویستییەکی زۆر هەیە بۆ سوودوەرگرتن لە بوارە جۆراوجۆرەکانی شارەزایی لە کاتی پەرەپێدانی زیرەکی دەستکرد، لەوانەش شارەزایی رەگەزی، بۆ ئەوەی سیستمی فێربوونی ئامێری بتوانێت باشتر خزمەت بکات و پشتگیری لە پاڵنەرەکانی جیهانێکی یەکسانتر و بەردەوامتر بکات.
بواری زیرەکی پێویستی بە ژنانی زیاترە و ئەوەش پێویستی بە کاراکردن و زیادکردنی دەستڕاگەیشتن و سەرکردایەتیکردنی ژنان لە پەروەردە و پیشەی STEM و ICT هەیە، کۆڕبەندی ئابووری جیهانی لە ساڵی ٢٠٢٣دا بڵاویکردەوە، ژنان تەنها ٢٩٪ی سەرجەم کرێکارانی زانست، تەکنەلۆژیا، ئەندازیاری و بیرکاری STEM پێکدەهێنن. هەرچەندە ئەمڕۆ زیاتر لە جاران ژنان دەرچوون و دەچنە ناو کارەکانی STEM، بەڵام لە کارەکانی ئاستی سەرەتاییدا چڕبوونەتەوە و کەمتر پۆستی سەرکردایەتییان هەیە.
هێلین مۆلینیێر، ڕاوێژکاری ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاری یەکسانی ڕەگەزی دیجیتاڵی لە چاوپێکەوتنی ئەم دواییە لەگەڵ کۆمپانیای دیڤێکس وتوویەتی: لە ئێستادا هیچ میکانیزمێک نییە بۆ سنووردارکردنی گەشەپێدەران و پێویستی بە مۆدێلێکی جیهانی حوکمڕانی فرەلایەنە هەیە کە ڕێگری بکات لە جیاکاری کاتێک سیستمەکە لایەنگری ڕەگەزی پیشان دەدات.
دەرفەت بۆ ژنان، ژنان دەتوانن ببنە بریکاری گۆڕانکاری
بەهۆی ئەو دیدگا تەواوکەرانەی کە ژنان دەیهێننە ناو ئەو ڕێکخراو و بوارانەی کە پیاوان زاڵن، ژنان دەتوانن ببنە بریکاری گۆڕانکاری لە کردنی ئەم تەکنەلۆژیا نوێیانەدا کە زیاتر گشتگیر بن، دەتواندرێت ئەمە بکرێت بە باشتر دیاریکردنی ئەو لایەنگریانەی کە کاریگەرییان لەسەر کوالیتی ئەو داتایانە هەیە کە بەرهەم دەهێندرێن یان گەورەکردنی ئەو جیاکارییەی کە لە کۆمەڵگەکاندا هەیە، ئەمە جگە لەو سوودە زۆرانەی تر کە بەگشتی دانپێداندراون کە بوونی زیاتری ژنان بۆ ڕێکخراوەکان دەهێنێت، ئەم خوێندنەوە ئەرێنییە بۆ دۆخەکە خەونێکی ناڕوون نییە.
مەترسییەکانی زیرەکی دەستکرد چین؟
لەدەستدانی هەلی کار: پێشکەوتنە چاوەڕواننەکراوەکەی زیرەکی دەستکرد، گەیشتووەتە ئاستێک کە ئێستا شارەزایانی بواری تەکنەلۆژیا بە مەترسی بۆ سەر مرۆڤایەتی دادەنێن، پێشبینی دەکرێت تا ساڵی ٢٠٣٠، ٢٠ ملیۆن مرۆڤ کارەکانیان لەدەستبدەن.
نەبوونی ئاسایشی زانیاری و پاراستنی نهێنی: یەکێکیتر لە زیانەکانی زیرەکی دەستکرد نەبوونی تایبەتمەندی کەسێتی لە کاتی بەکارهێنانی ئامڕازەکانە، ئەگەر سیستمی زیرەکی دەستکرد وەک "بۆتی چاتی" زیرەکی دەستکرد یان سیستمی فۆتۆگرافی بەکارهێنابێت، دەبێت بڵێین زانیاری و داتاکانت هەڵگیراون و کۆکراونەتەوە، ئەم زانیاریانە یارمەتیدەرن بۆ سیستمەکانی فێربوونی زیرەکی دەستکرد وەک فێربوونی ئامێر و فێربوونی بەهێزکردن بۆ ئەوەی ئەو سیستمەی کە باسی لێوە دەکرێت بتوانێت باشتر کارەکانی ئەنجام بدات، بەڵام نازاندرێت ئەم زانیاریانە دەکەوێتە دەستی کێ و بۆ مەبەستی تر بەکاردەهێندرێن یان نا، بە تایبەت ئەگەر ئامڕازی زیرەکی دەستکرد بەخۆڕایی بێت، بۆیە نەبوونی ئاسایشی زانیاری و پاراستنی نهێنی یەکێکی ترە لە مەترسی و زیانەکانی زیرەکی دەستکرد.
توندوتیژی و هەراسانکردنی ژنان: لەو کۆمەڵگەیانەدا کە سیستمی دەسەڵاتداری پیاوسالاری هەمیشە ژنان دەکاتە ئامانج، زیرەکی دەستکردیش مەترسی دەبێت بۆ سەر ژنان، بە جۆرێک دەکرێت هەندێک شت وەک دەنگ و گرتە ڤێدیۆیی دروست بکرێت کە کاریگەری لەسەر ژنان و دەوروبەری دەبێت، ئەمەش ناوەڕۆکی ساختە بەڵام زۆر واقیعی دروست دەکات، لە هەندێک بارودۆخدا ئەم ئامڕازە بۆ زەوتکردن، فرۆشتنی نایاسایی ناوەڕۆکی ئاشکرا، دەستکاریکردنی وتارە سیاسییەکان، یان وەک جۆرێک لە گاڵتەکردن بەرامبەر بە کەسایەتییە ناودارەکان و کەسانی تایبەت بەکارهێندراوە، ئەمەش کردنە ئامانجە لەڕێگەی دیجیتاڵی، کە لە چوارچێوەی توندوتیژی و هەراسانکردنی دیجیتاڵی خۆی دەبینێتەوە.
لە ڕاپۆرتێکی یونسکۆدا ساڵی ڕابردوو کە لە ١٦ ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوەکراوە، بەتایبەتی ژنانی ڕۆژنامەنووس دەکرێنە ئامانج، ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە، ٧٣٪ی ژنە ڕۆژنامەنووسەکان باس لەوە دەکەن کە بوونەتە قوربانی توندوتیژی ئۆنلاین.
کەواتە دەردەکەوێت، سیستمەکە کە زۆر ڕێگا بۆ ئامانجکردنی مرۆڤ بەکاردەهێنێت، سەرەتا ژنان دەکاتە ئامانج، ئەمەش بۆ دوورخستنەوەی ژنە لە ژیانی کۆمەڵایەتی و کارو زانست و بەرەوپێشچووندا.
سەرچاوە: نەتەوە یەکگرتووەکان-ژنانی ئەفریقا