ڕێبەر ئۆجالان بۆ ساکینە جانسز: سارا تۆ سەرکەوتوویت

ساکینە جانسز، لە پەرتوکی "ژیانم هەمیشە تێکۆشان بوو" باس لە دیداری خۆی و ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەکات، کە داوای لێدەکات بچێتە هەرێمی گەریلا، دەشڵێت: شەرم لە شەرمکردنەوەی خۆم دەکەم لە کورد بوونم، ئێستا تێگەیشتوم تا چەند لە زمانی دایکم بیانی بووم.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی- ساکینە ئیسماعیل جانسز، ناسراو بە سارا لە ١٢ی شوباتی ١٩٥٨، لە گوندی تەخت خەلیل سەر بە شاری دەرسیم لە باکووری کوردستان لەدایکبووە، دایک و باوکی ڕزگاربووی کۆمەڵکوژی دەرسیمن، ساکینە لەگەڵ چیرۆکی دڕندانەی کۆمەڵکوژی دەرسیمدا ژیاوە و گەورە بووە، لە ساڵی ١٩٧٤دا ئاشنای کۆمەڵەیەکی بچووک لە گەنجانی ڕیزەکانی تێکۆشانی ئازادی دەبێت و دەست بە خەبات و تێکۆشان دەکات، لە ساڵی ١٩٧٨دا، وەک ئەندامێکی دەستەی دامەزرێنەر و لەگەڵ ژنێکی دیکەدا بەشداری لە کۆنگرەی دامەزراندنی پارتی کرێکارانی کوردستاندا دەکات.

 

ساکینە بەهۆی خەباتی بێوچان و باوەڕنەبوونی بە یەک پارچەیی خاکی تورکیا، لە دوای کودەتا سەربازییەکەی ١٢ی ئەیلوولی ١٩٨٠ دەستگیر دەکرێت، بەدرێژای ١٠ ساڵ لە زیندانەکانی تورکیادا ڕووبەڕووی چەندین ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەی دەبێتەوە، دوای ئازادکردنی و لە ساڵی ١٩٩١ەوە لە کوردستان، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا لەپێناو ئازادی گەلی کوردستان و مرۆڤایەتی و ئازایەتی ژن، بەهێز و هەنگاوی گەورەوە برەو بە تێکۆشان دەدات، لە نێوان ساڵی ٢٠١٠-٢٠١١شدا لە دەرەوەی وڵات لەلایەن دەوڵەتی فەڕەنساوە بە تۆمەت گەلێکی سەمەرە و گاڵتەجاڕانە بۆ ماوەی چەند مانگێک زیندانی کرا، بەڵام پاش چالاکی و بەرخۆدانییەکی زۆری کوردانی دەرەوەی وڵات، دەوڵەتی فەڕەنسا ناچار بە ئازادکردنی کرا.

 

ساکینە ئیسماعیل جانسز-سارا دوای نزیکەی ٤٠ ساڵ لە تەمەنی پڕ لە تێکۆشان، هاوڕێ لەگەڵ فیدان دۆغان-ڕۆژبین و لەیلا شایلەمەز-ڕۆناهی، لە ٩ کانوونی دووەمی ٢٠١٣دا هەر لە وڵاتی فەڕەنسا بە پلانگێڕییەکی بەرفراوانی نێودەوڵەتی و بەدەستی ئەندامێکی میتی تورک لە ناوەندی ئینفۆڕمەیشنی کوردستان کە ناوەندێکی کاروباری دبلۆماسی بوو لە پاریس شەهید کرا.

 

ساکینە ئیسماعیل جانسز، ساڵانێک بە نووسینەوەی یاداشت و یادەورییەکانی خۆیەوە سەرقاڵ دەبێت، تا لە کۆتاییدا مێژوویەک دەنووسێتەوە و ناوی لێدەنێت "ژیان هەمیشە تێکۆشان بوو"، کە دەبێتە مێژووی ژن و مێژووی گەلێک.

 

ساکینە جانسز، لە پەرتوکەکەیدا باس لەو ڕۆژە دەکات کە باوکی بۆ ناو تۆمارکردن دەیباتە قوتابخانەیەکی شار و دوای ئەوەش قۆناغی یەکەمی بە هاتوچۆکردن بۆ شار و گوند بە زەحمەتیەکی زۆر لەگەڵ براکەی بەڕێدەکات، لە پەرتوکەکەیدا دەڵێت: "فێربوونی زمانی تورکی خۆی لەخۆیدا ئەشکەنجەیەک بوو، مامۆستاکانمان دەیانترساندین بەوەی لە دەریشەوە بە تورکی قسە بکەین و دەیانوت، ئەگەر بە کوردسی قسە بکەن لێدان دەخۆن"، باوکی ساکینە فەرمانبەری حکومی بوو، ئەمەش لە هەندێک ڕووەوە ئاستی ژیانی گۆڕیبوون و دەبووایە بە تورکی قسە بکەن، هەموو ئەمانەش بوون بە ئیلهامی بەرخۆدانی هەڤاڵ سارا تا ئازاد بوون.

 

"شەرم لە کورد بوونت مەکە"

ماڵی ساکینە جانسز لە شوقەی فەرمانبەراندا لە دەرسیم بوو، بەهۆی ئەوەی دراوسێکانیان تورک دەبن، ئەوانیش ناچارن بە تورکی قسە بکەن، دایکی هەڤاڵ سارا ناوی (زەینەب)ە، بەو ئامانجەی دایکی بە خێرایی فێری تورکی ببێت و لە کاتی قسەکردندا لەگەڵ دراوسێکاندا نەکەوێتە ڕەوشی گاڵتە پێکردنەوە، لە ماڵیشەوە هەڤاڵ سارا ناچاری دەکرد بە تورکی قسە بکات، هەڤاڵ سارا ئاماژە بەوە دەکات کە چەندین جار بە دایکی وتووە: "بە هەڵە قسە دەکەیت، شەرم دەکەم"، لەکاتێکدا دایکی هەموو کات پێی دەوتن: "شەرم لە کورد بوونت مەکە". لە ساڵانی دواتردا کە هزری کورد بوونی زیاتر چەکەرە دەکات و دەچێتە ناو شۆڕشەوە، ساکینە دەڵێت: "شەرم لە شەرمکردنەوەی خۆم دەکەم، ئێستا تێگەیشتووم تا چەند لە زمانی دایکم بیانی بووم".

 

ساکینە هۆکاری سەرکەشی و جەنگاندنی لەگەڵ باروودۆخەکان بۆ دایکی دەگەڕێنێتەوە

خێزانەکەی ساکینە جانسز لە ٧ خوشک و برا پێکدەهات، ساکینە کچی گەورەی ماڵ بوو و لە دوای براکەشی دووەم منداڵی خێزانەکەیەتی، بۆیە لە تەمەنێکی کەمدا ئەرک و بەرپرسیارێتیەکی زۆر دەکەوێتە سەرشانی، بەخێوکردنی خوشک و براکانی و هاوکاریکردنی دایکی دەبێتە کاری ڕۆژانەی سارا، بەڵام دایکی هەر لە کارەکانی ناڕازی بوو، دایکی ساکینە کەسێکی توندڕەو دەبێت و هەموو کات سەرزەنشتی دەکات، بەڵام هەمیشە هەڤاڵ سارا ئەو بارودۆخەی دایکی، بۆ نەبوونی باوکی و ئەو ئەرکانەی لە ئەستۆی دایکی بوو دەگێڕایەوە، بەڵام هەموو کات باس لەوەدەکات کە دایکی کەسایەتییەکی توڕە و سەرکێش و شەڕکەر بووە، لەبارەی دایکییەوە دەڵێت: "دایکم لەگەڵ ئەوەی بە کەسایەتیەکی سەرکەشی گەیاندم، فێری شەڕکردنیشی کردم، بەو هۆیەوە زۆر قەرزاری دایکمم".

 

سارا بەبێ ڕەزامەندی خۆی هاوسەرگیری دەکات

لە دوای ئەوەی لە ئەڵمانیا دەگەڕێتەوە ماڵەوە، ساکینە کچێکی پێگەیشتوو و ئازایە، لەلایەن کەسوکار و مامەکانیەوە پێشنیاری هاوسەرگیری لەگەڵ کوڕەکانیاندا بۆ دەکەن، بەڵام سارا بەم پێشنیارانە ڕازی نابێت، لەلایەن دایکیەوە زۆری لێدەکرێت بۆ هاوسەرگیری کردن و سەربەخۆ ڕەزامەندی دەردەبرێت کە ساکینە جانسز هاوسەرگیری بکات لەگەڵ کوڕە مامێکی بە ناوی مەتین، بەبێ ڕەزامەندی هەردوولا مارە دەکرێن، بەڵام هەر بە دەستگیرانداری هاوسەرگیرییەکەیان هەڵدەوەشێتەوە.

 

"دەبم بە شۆڕشگێڕ ناتوانن ڕێگریم لێبکەن"

هەڤاڵ سارا لە سەرەتای ژیانیدا بە سەرهەڵدێر و تێکۆشانی لەپێناو ئازادی و یەکسانی دەناسرێت، لە ساڵی ١٩٧٤دا، ئاشنای کۆمەڵێکی بچووک لە گەنجانی ڕیزەکانی تێکۆشانی ئازادی دەبێت و دەست بە خەبات و تێکۆشان دەکات، سەرەڕای ئەو هەموو ئاستەنگیەی لەلایەن خێزانەکەیەوە بەتایبەتر دایە زەینەبی دێتە ڕێگەی، لەگەڵ هەڤاڵان بە نهێنی چاوپێکەوتن و کۆبوونەوەی دەکرد، بەڵام دوای ماوەیەک بە ئاشکرا لەگەڵیان هاوڕێیەتی دەکرد و بەشداری کۆبوونەوە و پەروەردەکانیان دەبوو، هەڤاڵ سارا لەگەڵ دایکیدا بەردەوام لەسەر ئەو هەڵوێستەی دایکی، کە بەرامبەر شۆڕشەکەی هەیبوو، ڕووبەڕووی دەمەبۆڵە دەبوونەوە، هەڤاڵ سارا لە کاتی ناکۆکیەکانی لەگەڵ دایکیدا دەیوت: "دەبم بە شۆڕشگێڕ ناتوانن ڕێگریم لێبکەن"، ئەم پێداگری و هەوڵەی هەڤاڵ سارا ئەنجامی  دەبێت و دەگات بەوەی کە بە ئازادانە و بە ڕەزامەندی خۆی هاوڕێیەتی هەڤاڵان بکات و  بەشداری کار و چالاکیەکانیان ببێت.

 

بۆ درێژەدان بە خەباتی شۆڕشگێڕی و ئازادی سارا بڕیاری ڕاکردن دەدات

هەڤاڵ سارا بە بڕیار و ئیرادەی خۆی، لەژێر ناونیشانی شۆڕشگێڕی پێویستی بە ئازادی و بەکارهێنانی ئیرادەیە، دەست دەکات بە ئەنجامدانی کارێکی پیرۆز، کە ئەویش تێکۆشان بوو دژی داگیرکاری لەگەڵ هەڤاڵانی شاخدا، بۆیە بە بڕیاری خۆی لە ماڵ دووردەکەوێتەوە و بۆ ئەو هەوڵەشی دەڵێت، لەگەڵ سایمەی ئامۆزای دەچنە ماڵی مامی، لە ماڵ دەردەچێت بەپێی ئەو پلانەی بۆی داناوە بەڕێدەکەوێت، لەپاش ئەنجامدانی پلانەکەی دەچێتە ماڵی مامی، لەگەڵ سایمەی ئامۆزایدا بەڕێدەکەون بەرەو ئەنقەرە، دەچنە ماڵی مامە محەمەد عەلی و پاشان بارودۆخی خۆی بۆ محەمەد عەلی باس دەکات. لەبەر ئەوەی هەڤاڵ سارا لە ماڵەوە تاوەکو ئەنقەرە هەڵهاتبوو بە بیانووی ئەوەی لەگەڵ باقی ئامۆزای هاوسەرگیری بکات، بەڵام لەوێ ڕاستییەکەیان پێدەڵێت، کە ئەو بەنیازە بڕواتە لای هەڤاڵان و دەست بەخەبات بکات، پاشان محەمەد عەلی پێشنیار دەکات لەگەڵ باقی ئامۆزایدا هاوسەرگیری بکات، بەڵام هەڤاڵ سارا ڕووبەڕوویان دەبێتەوە و لە هەمانکاتدا لە ماڵی ئەوانیش هەڵدێت بەرەو کۆلێژی زانستە سیاسییەکان، بۆ لای عەلی حەیدەر قەیتان تاوەکو بارودۆخی خۆی بۆ باسبکات و هاوکاری بکات.

 

لەزیندانەکاندا درێژە بە بەرخۆدانەکانیان دەدەن

ساکینە لە گەنجییەوە لەناو بەرخۆداندا بووە، لە چەندین کارگەدا کاری کردووە و بۆ داواکردنی مافە ڕەواکانی کرێکاران چەندین مانگرتنیان ئەنجامداوە، لە کارگەی ڕستن و چنینەوە دەستیپێکرد، زیاتر لە ٣٠٠ کرێکار لەگەڵ ساکینە جانسز و هەڤاڵانی دەستدەکەن بە مانگرتن دژی ئەو نادادپەروەرییەی لەناو کارگەکاندا هەیە، داوای مافی ڕەوای کرێکاران دەکرا، ساکینە بە سەردەستەی کرێکارانی مانگرتوو هەڵدەبژێردرێت، باش چالاکییە چڕەکانیان لەلایەن پۆلیسی مەدەنیەوە هێرشیان دەکرێتە سەر، ساکینە  و هەڤاڵانی کە لەگەڵیبوون بەشێوەیەکی بێبەزەیانە دەستبەسەر دەکرێن، پاشان ئازاد دەکرێن و دووبارە هەوڵ بۆ درێژکردنەوەی مانگرتنەکە دەدەن بە شێوازێکی دیکە، ئەویش مانگرتنبوو لە خواردن، ساکینە و هەڤاڵانی پلانیان دانا و لە کاتژمێر ٥ ئێوارە لە مەیدانی کۆناک گردبوونەوە، چەندین دروشمیان وتەوە بەڵام ڕێگەیان پێنەدرا بەردەوام بن و ئەمجارەش لەلایەن پۆلیسەوە دەستبەسەرکران، پاشان لەوێوە بەرەو دادگا بەڕێیان دەکەن، دادگا بڕیاری دەستبەسەرکردنی بۆ دەرکردن، پاشان گواسترانەوە بەرەو زیندانی جۆبا و لەوێ دەستبەسەر دەکرێن، لە تەلەفزیۆن و ڕۆژنامەکاندا باسی بەرخۆدان و ئازایەتی مانگرتووان دەکرا، بەڵام ساکینە هەر لە بیری ئەوەدا بوو لە زیندان دەربازی ببێت و جانتاکەی بکاتە شان و بەرەو هەڤاڵان و شاخ بۆ درێژەدان بە خەباتەکەی بڕوات.

 

لە یەکەم دانیشتنی دادگادا بە تۆمەتی مانگرتنی بێ مۆڵەت و هێرشکردنە سەر پۆلیس تۆمەتباریان کردن، لەکاتێکدا ئێشتا شوێن گورزی پۆلیسەکان بە جەستەیانەوە دیاربوو، بەڵام دادگا هەڵوێستی سیاسی وەردەگرت. بە پێشەنگایەتی هەڤاڵ سارا لە زینداندا یادی ١ ئایار، ڕۆژی کرێکاران و ١٣ی ئایار، ساڵڕۆژی لەسێدارەدانی لەیلا قاسم دەکەنەوە، چونکە هەڤاڵ سارا بە کەسایەتی لەیلا قاسم سەرسام دەبێت و بە هەڵوێستی شۆڕشگێڕانەی سەرسام دەبێت، هەروەها ١٨ی ئایاریش یادی شەهید حەقی قەرار و یادەکانی دیکە دەکەنەوە.

 

ساکینە لە پاش ١٠ ساڵ ئامانجەکەی دەهێنێتە دی

بەرخۆدانی زیندانەکان دەبێتە سەرچاوەی هێز و ئیرادە بۆ ساکینە و هەڤاڵانی، پاش ١٠ ساڵ لە زیندانی، لە کاتی ئازادبوونیدا ئاواتی ئەوەیە ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجەلان و گەریلا ببینێت، بەڵام پاش ئازادکردنی ماوەیەک خەباتی شار بەڕێوەدەبات و دەچێتە ئەوروپا، دوای چەندین ساڵ ئەو دەرفەتە دەگونجێت کە ساکینە چاوی بە ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان بکەوێت و بە وردی بابەتەکان تاوتوێ بکەن، ساکینە لەپەرتوکەکەیدا دیدارەکەی خۆی و ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان دەگێڕێتەوە، بەم شێوەیە؛

 

"لە دوای پەروەردە لە دۆڵی بیقاع لە لوبنان، ساکینە داوا لە ڕێبەر ئۆجالان دەکات بچێتە چیاکانی کوردستان و خەونەکەی بەدیبهێنێت، هەرچەندە پێی دەڵێن دەبێت بمێنێتەوە، بەڵام ئەو سورە لەسەر ئەوەی بە ئاواتەکەی بگات، بۆیە ڕێبەر ئۆجەلان دەڵێت: "من و سارا پەکەکەمان دامەزراند"، دوای ئەوەش ڕێبەر ئۆجالان بڕیار دەخاتە دەستی هێزی پەروەردە. بەهۆی ئەوەی هەموو هەڤاڵان دەیانزانی هەڤاڵ سارا خەونی ئەوەیە بڕواتە شاخ بۆ تێکۆشان، بۆیە هەموویان پشتگیریان کرد و ڕێبەر ئۆجالان پێی دەڵێت: سارا تۆ سەرکەوتوویت"، دوای ئەوەش گەشتی سارا بۆ چیاکانی کوردستان دەستپێدەکات.