هەراسانکردن و دەستدرێژی بۆسەر منداڵان؛ توندوتیژی لەبیرنەکراو
هەراسانکردن و دەستدرێژی بۆ سەر منداڵان، ئەو ئازارە لەبیرنەکراوەیە کە ئەگەر لە منداڵیشدا نەبێتە هۆی گیان لەدەستدانی منداڵەکە، لەگەڵ گەورە بوونیدا هەموو ڕۆژێک دەبێتە مەرگێکی بەردەوام، منداڵانی کچ بە تایبەت مەترسی زیاتری هەراسانکردن و دەستدرێژییان لەسەرە.
لاڤە کوردە
ناوەندی هەواڵ-١٨ تشرینی دووەم وەک ڕۆژی جیهانی بۆ خۆپاراستن لە هەراسانکردنی سێکسی و دەستدرێژی و توندوتیژی منداڵان دیاری کراوە. ئەم ڕۆژە کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دانپێدانراوە، گرنگی بە هۆشیارکردنەوە و نوێکردنەوەی پابەندبوون دەدات بۆ کۆتاییهێنان بە هەراسانکردنی سێکسی و دەستدرێژی سێکسی منداڵان، هەروەها بەرەوپێشبردنی چاکبوونەوە بۆ ڕزگاربووان.
لە ئاستی جیهانیدا، مندالان و گەنجانی بێشومار قوربانی هەڵسوکەوتی نادروستی سێکسی و هەراسانکردنن ئەم جۆرە پێشێلکاریانە بەربڵاون و هەموو نەتەوە و چینە کۆمەڵایەتییەکان دەبڕن.
منداڵان، بە تایبەت کچان، مەترسی زیاتریان لەسەرە بۆ ئەوەی تووشی سێکسی زۆرەملێ و هەراسانکردنی سێکسی، دەستدرێژی و توندوتیژی ببن، لەنێویاندا بە هەردوو شێوەی ئۆنلاین و ئۆفلاین، هەروەها دۆخێکی باو و ئاساییە لە کاتی شەڕە چەکدارییەکان، هروەک ؤچن لەکاتی ململانێ و جەنگدا ژنان دەکرێنە ئامانج و دەستدرێژییان دەکرێتەسەرو کۆیلە دەکرێن، منداڵانی کچیش بەهەمان شێوە بەئامانج دەگیرێن و رووبەڕووی مەترسی دەبنەوە.
کاریگەری نەرێنی درێژخایەنی دەبێت
لە چوارچێوەی جیهانی فرە ئاڵەنگارییدا– پاشهاتەکانی پەتای کۆڤید-١٩، ململانێکان، گۆڕانی کەشوهەوا و کارەساتەکان – کردەوەی ناتەواو، یان ڕێوشوێنەکان بۆ چارەسەرکردنی ڕەگ و ڕیشەی هۆکارەکان، وەک بەرزبوونەوەی نایەکسانی، قووڵبوونەوەی هەژاری، و هەڵاواردنی پێکهاتەیی لەسەر بنەمای یەکتربڕین، بەردەوامە لە خراپترکردنی ئەو دۆخانەی کە منداڵان بەرەوڕووی هەراسانکردن و ئازاردان و توندوتیژی دەبنەوە. منداڵانی قوربانی و ڕزگاربووانی ئەم جۆرە تاوانانە دەتوانن ڕووبەڕووی کاریگەریی نەرێنی درێژخایەن ببنەوە لەسەر تەندروستی و گەشەکردنی جەستەیی، دەروونی و سێکسییان. تەنانەت ڕەنگە ئەم جۆرە زەبر و زەنگە لەسەر منداڵان بگاتە ئەشکەنجەدان و مامەڵەی دڕندانە.
زۆرێک لە قوربانییەکان و ڕزگاربووان هەرگیز ئاشکرا ناکەن ویان بەدوای دادپەروەری، چاکسازی یان پشتگیریدا ناگەڕێن بەهۆی شەرمەزارییەوە. بۆ زۆرێک لە قوربانییەکان و ڕزگاربووان، ئەزموونی دەستدرێژیکردنە سەر منداڵان کاریگەری لەسەر تەندروستی جەستەیی و دەروونی و باشییان هەیە و هەندێکجاریش دەرئەنجامەکانی تەواوی ژیانیان هەیە.
چۆن منداڵەکەت لە دەستدرێژی و گێچەڵی سێکسی دەپارێزیت؟
دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر منداڵان بابەتێکی بڵاو و مەترسیدارە، ڕێژەیەکی زۆری کەسانی دەستدرێژیکەریش، کەسانی نزیک و ناسراون لە خانەوادەکەوە. هەرچەندە منداڵان لەژێر پاراستنی تەواودا نین، بەڵام ئەو منداڵانەی کە بە ڕێژەیەکی زۆر ڕووبەڕووی ئەم حاڵەتە دەبنەوە، ئەو منداڵانەن کە بارودۆخی خێزانیان گونجاو نییە و تێکچووە یان ئەو منداڵانەن کە پەیوەندییەکی بەهێزیان لەگەڵ خێزانەکانیان نییە، تاکوو بتوانن لەبارەی هەموو شتێکەوە گفتوگۆ لەگەڵ خێزانەکانیان بکەن. منداڵان لەهەر تەمەنێک مەترسیی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم حاڵەتەیان لەسەرە، زیانەکانی ئەم ڕووداوە لەسەر باری دەروونی و جەستەیی منداڵ یەکجار زۆرە.
-کات بۆ منداڵەکەت تەرخان بکە، پێکەوە دابنیشن و لەسەر هەندێک بابەت گفتوگۆ بکەن. بەم جۆرە دەتوانن هەست بە دڵنیایی بکەن کە دەتوانن لەهەر بارودۆخێکدا بێت گفتوگۆت لەگەڵ بکەن، یارمەتی منداڵەکەت بدە متمانەی بەخۆی هەبێت و بتوانێت پارێزگاری لە خۆی بکات.
-لە سەرەتای تەمەنی منداڵیدا منداڵەکەت فێری ناوی گونجاوی بەشەکانی جەستە بکە بۆ ئەم بابەتە باشترە ناوی زانستی ئەندامەکان بەکاربهێنی، لە تەمەنێکی گونجاودا دەربارەی فرمانەکانی ئەم بەشانە گفتوگۆی لەگەڵ بکە بەم جۆرە هەست ناکات قسەکردن دەربارەیان شەرمەزارکەر بێت، لەوانە بەشە تایبەتەکان. پێش ئەوەی بگەنە تەمەنی سێ ساڵی پێیان بڵێ کام بەشەی جەستەی گونجاو نییە کە دەستی لێ بدات یان سەیری ئەم بەشانەی کەسانی تر بکات، بەردەوام ئەم بابەتەی بۆ باس بکەرەوە تاکوو بە باشی تێ دەگات. ئەمەش منداڵەکەت فێر دەبێت کە ئاسایییە ئەگەر دەربارەی ئەم بەشانەی جەستە قسە بکات و لە کاتی هەبوونی هەرشتێکی هەڵە بێت و گفتوگۆت لەگەڵ بکات. هەروەها فێر دەبێت کە ڕەفتاری نەگونجاو لەلایەن منداڵانی تر یان گەورەکانەوە بناسێتەوە.
-فێری منداڵەکەتی بکە کە جەستەی تایبەتە بەخۆی، پێویستە ڕێزی لێ بگرێت و پارێزگاری لێ بکات.
-منداڵەکەت دڵنیا بکەرەوە کە هیچ کەسێک ناتوانێت بێزاری بکات و بەبێ ویستی خۆی دەست لە جەستەی بدات.
-هەر لەگەڵ گەورەبووندا منداڵەکەت فێر بکە گرنگی بە پێداویستییەکانی خۆی وەک خۆشۆردن، گۆڕینی جلوبەرگ و تەوالێت بدات.
-هەر لە تەمەنێکی منداڵییەوە فێری منداڵەکەتی بکە، کە نابێت هیچ نهێنییەک لەنێوان منداڵەکان و خێزانەکاندا هەبێت.
-دروستکردنی ژینەگەیەک لە ماڵەوە کە هەندێک لە بابەتە سێکسییەکان بە شێوەیەکی تەندروستانە گفتوگۆیان لەسەر بکرێت، بەم جۆرە منداڵەکان زیاتر ئاگادار دەبن لە بابەتە هەڵەکان و پارێزراوتر دەبن.
-چاودێری منداڵەکەت بکە و لە چالاکییەکانی ئەنجامی دەدات بەشداری بکە. هەموو ئەو کەسانەی لە ژیانیدا هەن بە باشی بناسە و ڕێگە مەدە لە هیچ ماڵێکدا کە بەباشی نایان ناسی بمێنێتەوە.
-هەڵبژاردنی چاودێر بۆ منداڵەکەت زۆر بە ئاگادارییەوە، پێویستە زۆر بەباشی لە چاودێریکەری منداڵەکەت دڵنیا ببیت چونکە ئەو کاتێکی زۆر لەگەڵ منداڵەکەت بەسەر دەبات.
-ئاگاداری ئەو کەسانە بە کە بەشێوەیەکی نائاسایی لە منداڵەکەت نزیک دەبنەوە، دیاری نائاسایی پێ دەدەن و داوای چوونە دەرەوە بە تەنها لەگەڵ منداڵەکەت دەکەن.
-نیشانە ئاگادارکەرەوەکان بزانە گرنگی بەهەر گۆڕانکارییەک کە بەسەر منداڵەکەتدا دێت بدە، گرنگ نییە گۆڕانکارییەکە چەندێک بچووک بێت لە ڕووی جەستەیی یان دەروونی بێت، تەنها گرنگی پێ بدە و هەوڵبدە لەگەڵ منداڵەکەت گفتوگۆی لەسەر بکەیت.
-داوا لە منداڵەکەت بکە لەهەر کەسێک کە ئازاری بدات یان هەڕەشەی لێ بکات و بێزاری بکات ئاگادارت بکاتەوە.
هەموو منداڵان شایەنی ئەوەن کاتێک گەورە دەبن هەست بە پارێزراوی بکەن. ئەرکی دایک و باوکانە ئاگاداری پاراستنی منداڵەکانیان لە دەستدرێژی سێکسی بن. منداڵەکان شایەنی ئەوەن لە تەمەنی منداڵی خۆیان بژین، پێویستە هەموو هەوڵێک بۆ پاراستنیان بدرێت.