"هاوسەرگیری لە تەمەنی زوودا فاکتەری سەرەكی جیابوونەوەكانە"
پارێزەر ئەڤین جوبرائیل دەڵێت: هاوسەرگیری لە تەمەنی زوودا فاکتەری سەرەكی جیابوونەوەكانە، منداڵان کاتێک هاوسەرگیری دەکەن بیر لە کێشەکانی وەک ئابووری و کۆمەڵایەتی ناکەنەوە.

شیا کۆیی
کۆیە-هاوسەرگیری لە تەمەنی زوودا یاخود هاوسەرگیری منداڵان، بریتییە لەوەی یەكێك لە دوو هاوژینەکە یان هەردووکیان تەمەنیان لەنێوان ١٣ بۆ ١٨ ساڵدایە، بەپێی بۆچوونی زۆرینەی خەڵك زۆر پاڵنەر هەیە بۆ هاوسەرگیری لەو تەمەنەدا وەک خۆشەویستی، دابونەریت، ئایین، ئاسایشی خێزان و هەندێجاریش هۆکاری ئابووری و سیاسی لەپشت ئەم حاڵەتانەوە هەن، بەڵام توێژینەوەکان دەریانخستووە ئەوانەی لە تەمەنی منداڵیدا هاوسەرگیری دەکەن، کەمتر ئەگەری سەركەوتنیان هەیە و بەزوویی جیادەبنەوە، بەڵام بەگشتی هاوسەرگیری لە تەمەنی زوودا زیاتر لەو خێزانانە بەدی دەكرێت كە بەهەر هۆكارێك بێت تووشی هەڵوەشانەوەو داڕووخان بوون، ئەوە جگە لەوەی ئەومنداڵانەی هاوسەرگیری دەکەن تووشی چەندین گرفتی تەندروستی دەبنەوە زۆر جاردەبێتە هۆی گیان لەدەستدان.
ئەڤین جوبرائیل،پارێزەر لە دادگای بەرایی كۆیە، سەبارەی بەم بابەتە قسەی بۆ کردین و پێیوایە زۆربەی هۆكارەكانی ئەو جۆرە هاوسەرگیرییە خراپی باری ئابووری و كێشە سیاسییەكانن.
دەربارەی زۆربوونی جیابوونەوەكان و هاوسەرگیری لە تەمەنی زوودا وتی: هۆكارەكانی جیابوونەوە زۆرن و یەكێك لەوانەش كاتێك منداڵی تەمەنی ۱۸ ساڵ كەمترە هاوسەرگیری پێدەکرێت، بە ئەقڵێكی هەرزەكارانە و بیركردنەوەیەكی ئەورووپییانە هاوسەرگیرییەكی كوردی دەكەن، هیچ بیر لە دەرەنجامەكانی ناكەنەوە یان هەوڵبدەن بۆ ژیانێكی خۆشگوزەرانی و سبەی چۆن منداڵ بخەنەوە و چەندە بەرپرسیاری هەڵدەگرن بەرامبەر بە خێزانەكانیان، ئەوانەش سەرەكیترین هۆكارن بۆ هەڵوەشاندنەوەی هاوسەرگیرییەكە، لەگەڵ چەندین هۆكاری دیكە وەكو فەرامۆشكردنی ژن و منداڵ لەلایەن هاوژینەکانیەوە و درەنگ هاتنەوەیان بۆ ماڵەوە و بەسەربردنی كات لە كافتریاكان و بەرچاوتەنگی و نەدانی خەرجی بە هاوژینەکانیان، كە هەموو ئەوانە وادەكات ژنەكان جیاببنەوە و بچنەوە لای كەسوكاریان یان خۆیان بژێوی خۆیان دابین بكەن، ئەوەش قورسە.
"منداڵان کاتێک هاوسەرگیری دەکەن بیر لە داهاتوویان ناکەنەوە"
سەبارەت بە هەمواركردنەوەی یاسای هاوسەرگیری منداڵانی تەمەن نۆ ساڵ، ئەڤین جوبرائیل وتی: لە كوردستان تا ئێستا یاسای هاوسەرگیریکردنی منداڵانی نۆ ساڵی جێبەجێ نەكراوە، چونكە هەرێمی كوردستان یاسای تایبەت بەخۆی هەیە، لە یاسای باری كەسی و بەپێی ئەو یاسایە كچ مارەبڕینی بۆ دەكرێت. ئەڤین نەشیشاردەوە، كە لە كوردستانیش كچانی خوار ١٨ساڵی هاوسەرگیری دەکەن و دەڵێت: ئەگەر كچەكە تەمەنی گەیشتبۆوە ١٥ ساڵی بە ڕازیبوونی وەلی ئەمری دەتوانێ هاوسەرگیری بکات.
ئەڤین جوبرائیل پارێزەر ئاماژەی بەوەشكرد، كە كاتێك دەوترێت هاوسەرگیری لە تەمەنی زوودا واتە ١٠ ساڵ و ١٢ ساڵ، ئەوانەش منداڵن، ئەو بیركردنەوەیەیان نییە بڵێن سبەی كە هاوسەرگیریم كرد چۆن مامەڵە بكەم لەگەڵ ئەو هەموو شتەی دێتە ناو ژیانمەوە، تەنیا بیر لە هاوسەرگیری دەكەنەوە و بچتە ناو قەفەسێكی زێڕین، بیرلەوە ناكەنەوە كە چەندین كێشەیان بۆ دروست دەبێت، وەك كیشە ئابوورییەكان و كۆمەڵایەتییەكان، لە كۆتاییشدا ئەو توانایەیان نییە بەرگەی ئەو هەموو كێشەیە بگرن و جیادەبنەوە.
ئەڤین ئاماری ساڵی رابردووی خستەڕوو وتی: ڕێژەكە زۆربەرزە گەیشتووەتە ٢٥٪، لە ساڵی رابردوو ۱۲ هەزار ژن و پیاو جیابوونەتەوە، كە ئەوە تەنیا بۆ ساڵی ۲۰۲٤ ئەوەش بە ڕێژەی ۲٥% دەكات، كە هاوسەرەكان جیابوونەتەوە، هاوكات بە هۆی باری دارایی هەرێم و نەبوونی دامەزراندن و هەلی كار بۆ گەنجان و بارودۆخی ساسی، ژمارەی هاوسەرگیری زۆر كەمترە لەو ڕێژەی جیابوونەتەوە.