گوڵستان تاراو هێرۆ بەهادین؛ دوو سیمبولی ڕۆژنامەنووسی ژنی ئازاد

لە٢٣ ی ئابی ٢٠٢٤ هەردوو ڕۆژنامەنووسی ئازاد گوڵستان تاراو هێرۆ بەهادین بەدەستی چەپەڵی سیخوڕی ناوخۆو هێرشی تورکیا شەهیدکران، ئەمە لەکاتێکدا بوو لەڕێگادا بوون بۆ ئەنجامدانی ئەرکی ڕۆژنامەوانیان لەشارەزووی سەر بە سنووری سلێمانی.

ئاڤان کەریم

 

ناوەندی هەواڵ-دوژمنانی ئەم گەل و نیشتمانە هەمیشە لەمرۆڤە ئازادو ڕۆژنامەنووس وبەرخۆدێرەکان ترساون چونکە ڕۆژنامەنووسی ئازاد هیچ بەربەستێکی نییە بۆ بڵاوکردنەوەی ڕاستیەکان، هیچ قازانجێکی تاکەکەسی لەبەرچاو ناگرن بۆ دروست کردنی بەرنامەو گەیاندنی کێشەکانی کۆمەڵگەو گەل ونیشتمان وگرفتەکانی بەردەم ئازادی بەتەواوی جیهان ودەوروبەر، ڕۆژنامەنووسی ئازاد هەرگیز سڵی لەگوتنی ڕاستیەکان نەکردۆتەوە هەربۆیە دوژمن هەمیشە لێیان ترساوەو هەوڵی تیرۆرکردن وزیندانی کردن وشەهید کردنی داوون لەڕێگای جیاوازەوە،دوژمنان چەندە لەڕۆژنامەنوسێکی پیاوترساوون کەلەهێڵی ئازاد کاردەکات دووهێندە لەژنی ڕۆژنامەنوسی ئازاد دەترسن، ئەوەش هۆکارەکەشی بۆئەوەدەگەڕێتەوە عەقڵی دوژمنکارانەی ئەو سیستمە ستەم کارو بەرژەوەندخوازانەی کە تائەمڕۆ بوونەتە مۆتەکەی مرۆڤایەتی وگەلی کوردیش وەکو نەتەوە هەمیشە هۆشیاری ژنیان بەمەترسی بۆسەر خۆیان زانیووە چونکە هەرگەلێک ژنەکانیان هۆشیارو ئازاد بن چیترئەوگەلە ناهێڵێت هەژموونی پیاوسالاری وتاوانکاری دەسەڵاتی خۆسەپێنی دووژمن بەسەریدا زاڵ بێ وشۆڕش وبەرخۆدان دەکات.


ئالێرەدا ڕوون دەبێتەوە کە بەئامانج گرتن وشەهید کردنی ڕۆژنامەنوسانی ژن لەمیدیا ئازادەکاندا کاری لەپێشینەی هەموو دوژمنێکی ئەم گەل وخاکە داگیرکراوەیە.

شەهیدکردن وتیرۆر کردن ناتوانن ببنە هۆی وازهێنانی ژنانی ئازاد لە کاری ڕۆژنامەوانی
لەو ڕۆژەوەی هەردوو ڕۆژنامەنووس گوڵستان تاراو هێرۆ بەهادین شەهید کراون هێڵی میدیای ئازاد زیاتر بۆتە جێگای بایەخی ڕۆژنامەنووسان وئەو ژنانەشی کەدەخوازن کاریان لەگەڵدا بکەن، هۆکاری ئەوەش بۆ ئەو پەیامە دەگەڕێتەوە کەشەهید کردنی دووژنی ڕۆژنامەنووس گەیاندیە گوێی ژنان وتەواوی گەلی کورد ،شەهید کردنی هەردوو ڕۆژنامەنوسی ژن گوڵستان تاراوهێرۆ بەهادین بویە پەیامی ڕاچڵەکین وبەئاگاهێنانەوەی ژنانی ئەم گەلە ،ئەوان بوونە دەروازەی کرانەوەی فکری ئازادی ژنانی ڕۆژنامەنووس وزۆرێک لەژنانی چالاکوان ،شەهیدکردنی ئەوان نەک هەرنەبویە هۆی کەم کردنەوەی ژن لەبواری ڕۆژنامەوانیدا بەڵکو بووە هۆی پشتگیری کردنی دەنگە ئازادەکانی ڕێکخراوو میدیا جیهانیەکان بۆ ژنانی ڕۆژنامەنووسی کورد، بۆیە دەتوانرێت بوترێت گوڵستان تاراو هێرۆ بەهادین نەک تەنیا شەهیدی ئازادی و ڕۆژنامەوانین بەڵکو هەوێنی شۆڕشێکی فکری بوون لەسەر هزری ژنانی کورد وگەلانی ناوچەکە.

٣٠ ساڵە ڕاگەیاندن ومیدیای باشوور ژنانی ڕۆژنامەنوس ئاراستەدەکەن بەرەو کۆیلەبوون
لەماوەی ئەم هەموو ساڵەی دەسەڵاتداری دەسەڵاتی حزبایەتی باشووری کوردستان ڕاگەیاندنەکان جگە لەوەی کاریگەری خراپیان لەسەر خەڵک داناوەو گەلیان ئاڕاستە کردوە بۆ  لەبیرکردنی ئازادی ودەستەمۆبون وسەپاندنی کلتورەجیاوازەکانی ووڵاتانی تربەسەر ئەم خەڵکەدا ،ڕۆژنامەنوسانی ژنیشیان بەتەواوی ژێردەستەی دەسەڵاتی سیستمی کاپیتاڵیزم وپیاوسالاری کردوە ،دەرەنجامەکەشیان بەڕوونی دیارە کە چۆن ژنانی ڕۆژنامەنوس وەکو بوکەڵەیەک بەکاردەهێنرێن بۆبەرنامە خراپ وبێ بەهاکانیان تەنانەت ژنانی ڕۆژنامەنوس نەک لەبیریان چۆتەوە کە ژنن بەڵکو بونەتە پیاوێک ی خێڵەکی لەبەرگی ژنێکدا،کەئەوەش بۆخۆی دووبارە خراپ نیشاندانی ڕۆڵ وئازادی ژنانە لەکۆمەڵگەدا، هەر لەو ڕێگەیەشەوە ژنانی ڕۆژنامەنووس دەبنە کاڵای سیستمی کاپیتاڵیزم وئەوەتا بەئاشکرائێمە ڕۆڵ وکاریگەری خراپیان  دەبینین لەمیدیاکانەوە .


لەدوای شەهیدکردنی هەردوو ڕۆژنامەنووسی ئازاد گوڵستان تاراو هێرۆ بەهادین خەڵک لەوەتێگەشت کەجیاوازی هێڵی ئازادی میدیایی چیەلەگەڵ ئەوهێڵە میدیایەی کەژنانی بەم ئاقارەی ئێستادا بردووە ،هەرلەبەر ئەوە ئێمە دەتوانین بڵێین شەهیدان گوڵستان تاراو هێرۆ بەهادین زەنگی بەئاگاهێنانەوەی کۆمەڵگە بوون لەمەترسی ئەو میدیا سێبەرانەی چەندین ساڵە کارلەسەر بەکارهێنان وبەکاڵاکردنی ژنان دەکەن.

شەهیدان گوڵستان تاراو هێرۆ بەهادین نموونەی ژنی ئازادو هۆشیارن لەبواری ڕاگەیاندن وڕۆژنامەوانیدا
هەمیشە ژنانی ڕۆژنامەنوسی ئازاد کارەکانیان زۆرجیاوازتربوە لەڕۆژنامەنوسانی دیکەی ڕاگەیاندنەکان ،ڕۆژنامەنوسێکی ژن لەڕاگەیاندنێکی ئازاد زۆربەقوڵی وبابەتیانە دەست لەسەربرینەکانی کۆمەڵگە دادەنێت، زۆرئازادانە باسی ئەوگرفتانە دەکات کە ژن و کۆمەڵگەی پێوە گیرۆدە بوون، ژنانی ڕۆژنامەنوسی ئازاد هەرگیز سڵیان لەوتنی ڕاستیەکان نەکردەوەو بەووردی گەڕان بەدوای سەرچاوەی ڕاستیەکاندا ،هەربۆیە هەمیشە دووژمن وسیستمە داپڵۆسێنەرەکانی دژبەئازادی ڕۆژنامەوانی لەدەرەوەوناوخۆش هەوڵی تەواویان ئەوەبووە ڕۆژنامەنووسی ئازاد شەهیدوزیندانی وسەرکوت بکەن..گوڵستان تاراوهێرۆبەهادین شەهیدی ڕێگای حەقیقەت و دەرخەری ئەوڕاستیەن کەژنیڕۆژنامەنوسی هۆشیار ئازاد دەتوانێت ببێتە بەربەستی ڕێگای چەوسانەوە لەڕێگای پێشکەش کردنی بەرنامەی باش ونوسینی باش وهەموکارەکانی تری میدیایی وڕۆژنامەوانی کەدەکرێ کۆمەڵگە بەرەو هۆشیاری وچارەسەری ئاراستە بکات،ئالێرەدا ڕۆڵی میدیاو ترس ودڵەڕاوکێ ی دوژمن بۆمانەوەی ڕۆژنامەنوسانی ئازاد دیاروئاشکرایە ولەهەموو لایەکەوە هەوڵی شەهید کردن وتیرۆر کردنیان دەدات.

سەندیکاو کۆمەڵەودەستە دروست کراوەکانی تایبەت بەڕۆژنامەنووس ومیدیاکاران لەبەردەم شەهیدکردنی دووژنی ڕۆژنامەنوسدا بێدەنگیان هەڵبژارد
بەبیانوی جۆربەجۆرو سڵکردنەوە لە دەسەڵاتی خۆسەپێنی باشوور کۆمەڵەودەستەو سەندیکای ڕۆژنامەنوسان هیچ هەڵوێستێکی دیارو ناڕەزایەتیەکیان دروست نەکرد بۆدژایەتی کردنی ئەوکارە قێزەونەی دوژمنان ،ئەوان دەیانتوانی کەیسی هەردووشەهیدی ڕۆژنامەنووس بەرنە دادگا نێودەوڵەتیەکان بەڵام لەبەر ئەوەی خۆیان هەڵگری باگراوندی حیزبی ونکۆڵی کردنن لەئازادی ڕۆژنامەگەری تائێستا ئەوکارەیان نەکردو بێدەنگن لەبەرامبەریدا ،ئەوەش دەرخەری ئەوڕاستیەیە کە سەندیکاودەستە داکۆکیکارەکان هەڵگری هەمان عەقڵیەتی خێڵ وحیزب ودەسەڵاتە سەپێنراوەکەی باشوورن

گوڵستان تاراوهێرۆبەهادین سیمبولی ژنی  ئازادو ڕۆژنامەنووسی ئازادن
زۆرن ئەوژنانەی لەڕابردو ئێستادا لەزۆر بواری جیاوازدا بەرخۆدان وتێکۆشانیان کردوە وشەهیدبوون  لەپێناوئازادی ژن وکۆمەڵگاو نیشتماندا ،گوڵستان تاراوهێرۆبەهادینیش بۆگەیاندنی دەنگی ڕاسەی وحەقیقەت بە ناوچەکەوجیهان گیانی خۆیان بەخشی وبوونە سیمبولی ئازادی ڕۆژنامەگەری وژنی ئازادو بەرخۆدەر،ئەوان بەوگیانبازیەی خۆیان توانیان بەئێمەو گەلی کووردوجیهانیش  بڵێن ژنی ئازاد وهۆشیاری ڕۆژنامەنووس نەلەمردن دەترسێ ونەئێوەش دەتوانن کۆتاییمان پێ بهێنن ،ئەوان توانیان ببنە ئەوسیمبولەی کەنەک هەرکورد بەڵکو تەواوی ژنانی دونیاوڕێکخراوو دەستەکانی داکۆکیارلەژنان شانازی بەوگیان بازیەی ئەوانەوە بکەن،گوڵستان تاراوهێرۆ بەهادین ئیتر تەنیا ناوێک وکەسایەتیەک نین لەناو ژنانی ڕۆژنامەنوسدا بەڵکو ئەوان سیمبولی ئازادی ڕۆژنامەگەری وژنی ئازادن ،هەرکات باسی ئازادی ڕۆژنامەگەری وژنی ڕۆژنامەنوس بکرێ ناوی ئەوان دێتە سەرزارمان وهەمیشە وەک سیمبولێک دەمێننەوە.