هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق؛ ڕۆڵ وکاریگەری ژن تیایدا
ژن کۆڵەکەی خێزان و کۆمەڵگە، لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە بۆ ناوەندەکانی بڕیارو سیاسەت پەراوێز دەخرێن، لە پەرلەمانی عێراقیشدا کە ڕێژەی ٢٥٪ پێکدەهێنن و لە ساڵی ٢٠٢١ ڕێژەکە ٢٩٪بوو، بەهۆی عەقڵیەتی پیاوسالاری و حزبەکانەوە نەتواندراوە دەنگی راستەقینەی ژنان بن.

ئاڤان کەریم
ناوەندی هەواڵ- هەموو چوارساڵ جارێک ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەڕێگای کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکان لەعێراق هەڵدەستێت بە هەڵبژاردنی نوێنەرانی لەناو چین وتوێژەکانی کۆمەڵگەدا بۆچونە پەرلەمان ،ئەمساڵیش لە ١١ی تشرینی دووەم وابڕیارە ئەوپڕۆسەیە بەڕێوەبچێت.
ژنان لەهەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران بەڕێژەیەکی کەم بەشدارن
ژنان توێژێکی گرنگی کۆمەڵگەن، ڕۆڵ و کاریگەریشیان لە بونیادنانی تاک و پایەکانی کۆمەڵگەدا بەرچاوە، بە پێی ئەوەی پێگەی ژن لەخێزاندا پێگەیەکی گرنگەو هەرگیز پیاو بەتەنها نەیتوانیوە ئەو پێگەیە پڕکاتەوە، لە کۆمەلگەشدا بەهەمان شیوەیە، بەڵام بەپێچەوانەی گرنگی پێگەی ژن لەکۆمەڵگەدا، حکومەت ودەسەڵاتی حوکومڕانی لەعێراق ڕۆڵێکی زۆر کەمی داوە بەژن و ژمارەی کورسیەکانپەرلەمان جاری واهەیە تەنها دەگاتە چارەکێکی کورسییە گشتییەکانی پەرلەمان .
بەپێ ماددەی ٤٩ بڕگەی ٤ی دەستوری عێراق بۆ یاسای هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆساڵی ٢٠٢٠
نابێت ڕێژەی نوێنەرانی ژن لەپارێزگاکان ٢٥٪ کەمتر بێت، ئەوە نیشاندەری ئەوەیە کە ڕۆڵو کاریگەری ژن لەپەرلەمان وتەواوی دەسەڵاتەکانی ئەنجومەنی نوێنەران وناوەندی بڕیارداندا پێگەیەکی کەم وبچوکی هەیەو بەگرنگ نابیندرێت لەلایەن ئەودەسەڵاتەوە.
ژمارەی کورسیەکانی ژن لەئەنجومەنی نوێنەرانی پەرلەمانی عێراق بۆساڵی ٢٠٢١
بەپێ ی بڕیاری ژمارە ١٣٢٥ ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێوەدەوڵەتی کەتایبەتە بە "ژن وئاشتی وئاسایش" کەهەرزوو حکومەتی عێراقی دانی بەوبڕیارەدا ناو حیزب ولایەنەکانی ناچارکرد کەپ ابەندی بڕیارەکە بنم یەکێک لەپایەکانی ئەو بڕیارە بەشداری کردن وزیادکردنی ڕێژەی ژنانە لەپڕۆسەی سیاسی ودانوستانی ئاشتی وبڕیاردان، لەگەڵ ئەوەی حکومەت دانی بەو بڕیارەدا ناوە بەڵام تائێستا ڕێژەی کورسیەکانی ژنان ٢٥٪ تێپەڕی نەکردووەو جگە لەهەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٢١ کەژنان لەکۆی ٣٢٩کورسی پەرلەمان توانیان ٩٧کورسی بەدەسبهێنن کەئەوەش زۆرترین ڕێژەبوو لەماوەی پێنج خولی هەڵبژاردنی پەرلەماندا کەدەکاتە ٢٩٪ی کورسیەکان، ئەوەش بەهۆی فرەبازنەیی هەڵبژاردنەکان بوو کە جێبەجێ کردنی یاسای ژمارە ٩ی ساڵی ٢٠٢٠ کە لەقازانجی ژناندا بوو .
یاسای کۆتاکان بۆزیادکردنی کورسیەکانی ژنانە
یاسای کۆتاکان کە تایبەتە بەژنان وڕێگا لەکەمکردنەوەی کورسیەکانیان دەگرێت بۆخوار ڕێژەی ٢٥٪ سودی هەبووە بۆ زیادکردنی ژمارەی کورسی ژنان لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەڵام زۆر جار ئەو کورسیانە تەنها بەمەبەستی جێبەجێکردنی یاساکەو هیچ ئامانجێکی پشتگیری کردن یان هاندانی ژنانی لەپشت نیە بۆ هاتە ناو پەرلەمان وناوەندی بڕیاردان ،وە ئەوەش کۆمەڵگە دەخاتە بەرپرسیارێکی لۆژیکی کە بۆچی دەنگی خەڵک بۆژنان کەمترە وهەمیشە دەنگەکانیان بۆ پیاوە.
ژمارەی کورسیەکانی ژنان لەپەرلەمان نەیتوانیوە ببێتە دەنگی ڕاستەقینەی ژنان
لەگەڵ ئەوەی ژن لەناو ئەنجومەنی نوێنەرانی پەرلەمانی عێراقدا بەڕێژەی ٢٥٪ بەشداری کردوەو تائێستا نەیتوانیوە بەمافی ڕاستەقینەی خۆی بگات لەیاسای هەڵبژاردندا کەدەبوو نیوەی تەواوی کورسیەکان بۆ ژن بونایە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەونوێنەرە ژنانەی دەچنە ناو پەرلەمانی عێراق بەچەن هۆکارێک نابنە دەنگی ڕاستەقینەی ژنان، گرنگترین هۆکارەکانیش ئەوانەن کەژنان لەلایەن حزب وهاوپەیمانیەکانەوە کاندید دەکرێن بۆپەرلەمان، حزب وهاوپەیمانیەکانیش دروست کراوی دەستی خێڵ وعەشیرەت ومەزهەب وئایین ویاسای پیاوسالارین، ئەونوێنەرە ژنانە ناتوانن لەیاساکانی ئەوان دەرچن ودەبێت بەپێی ڕێنمایەکانی ئەوان داکۆکی لەژن بکەن ،هەربۆیه ڕێژەی کورسیەکانی ژن ئەگەر لەزیادبونیشدا بێت هێشتا ناتوانێ کاریگەریەکی باشی هەبێ بۆدەستەبەرکردنی مافەکانی ژنان لەنێو پەرلەماندا،نمونەی زیندووش ئەوەیە ماوەی ١٤ساڵە یاسای بەرەنگاربونەوەی توندووتیژی دژی ژنان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە ئاراستەی پەرلەمان کراوە کەیەکێکە لەو یاسایانەی زۆر گرنگە بۆ ژنان، بەڵام تائێستا نەک هەر یاساکە دەرنەچووە بەڵکو نەخراوەتە ناو کارنامەی پەرلەمانیشەوە تاخوێندنەوەی بۆبکرێت، ئەوە نیشان دەدات کەنوێنەرانی ژن لەناو ئەوپەرلەمانە تاچ ئاستێک پێداگرن لەسەر مافەکانی خۆیان وەک ژن، هۆکاری ئەم پێدانەگریەی نوێنەرانی ژن دەگەڕێتەوە بۆپابەندیان بەحزب وهاوپەیمانێتیەکانی کەبەربژێری کردوون یان پابەندیان بەیاسای خێڵ وئایین ومەزهەبەوە کە ڕێگرە لەبەردەم هاوتاکردنی ژن وپیاو لەکۆمەڵگەدا.
لیژنەی ژنان لەپەرلەمانی عێراق تائێستا نەیتوانیوە کاریگەری هەبێت
لەناو پەرلەمانی عێراقدا لیژنەیەک هەیە بەناوی ژنان بۆداکۆکی وپێداگری وپێشنیارکردنی یاسا ی تایبەت بەدەستەبەری مافی ژنان وخێزان، بەڵام ئەو لیژنەیە تائێستا نەیتوانیوە کاریگەری هەبێت لەسەرمافەکانی ژنان ودەستەبەرکردنی، لەماوەی ئەو ساڵانەی ڕابردوودا بەبیانوی جۆربەجۆر خۆیان لەهەموو ئەو بەرپرسیارێتیانە لاداوە کە لەسەر شانیانەو نەیانتوانیوە ببنە دەنگی ڕاستەقینەی ژنان، ئەوەش دەریدەخات کە ژنان لەناو پەرلەمان ناتوانن ڕۆڵی تەواوی خۆیان بگێڕن، لەساڵی ٢٠١٤وە تائێستا سەدان ژنی ئێزدی بێ سەروشوێنن و سەدانی تریش لەلایەن داعشەوە بە کەنیزەک کران ودەستدرێژیان کرایە سەر بەڵام تائێستا نوێنەرانی ژن لەناو پەرلەمانی عێراق نەک هەرنەیانتوانی یاسایەک پێشنیار بکەن بۆهێناوەو گەڕان بەدوای ونبووەکان وداکۆکی ودەستەبەری مافی ئەواندا، بەڵکو ناشتوانن هاودەنگیەک لەناو ژنانی پەرلەماندا دروست بکەن بۆ ئەو پرسە گرنگە.
کۆمەڵگەودەسەڵات هۆکاری سەرەکین بۆ بێ ڕۆڵ کردنی ژنان لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
بەپێی سەرچاوەیەکی ئاگادار لەکۆمسیۆنی دەستەی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لەعێراق پێش وادەی تیروپشک بۆ پێدانی ژمارە بە حیزب وهاوپەیمانی وکاندیدەکان بۆ هەڵبژرادنی پەرلەمانی عێراق کە بڕیارە لە ١١ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، دوو ژنی چالاکوان بەناوەکانی "قەمەر سامەڕائی" و "زەینەب جەواد" کەخۆیان بەربژێر کردبوو بۆ پەرلەمان لەخۆ کاندید کردن دوورخرانەوە لەلایەن دەسەڵاتەوە، ئەوەش بەبیانووی ئەوەی لەلێدوانەکانیاندا لەکەناڵ و ماڵپەڕەکان دژایەتی هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسی ژمارە ١٨٨ ساڵی ١٩٥٩ یان کردووە کەساڵی ڕابردوو لەپەرلەمانی عێراق خرایە دەنگدانەوە، ئەو دوو ژنە لەسەرسەخترین نەیارەکانی ئەو هەمووار کردنەوە بوون، ئەم دوورخستنەوەی کاندید بوونە دەریدەخات حکومەت ودەسەڵات ڕێگە نادات نوێنەری ڕاستەقینەی ژنان بڕۆنە نێو پەرلەمان وڕۆڵیان هەبێ لەچەسپاندنی مافەڕەواکانی ژنان.
بەهەما شێوە کاتێک ڕێژەی دەنگدەرانی ژن دەبینین لەکاتی ئاشکراکردنی دەنگەکان لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکان، تێدەگەین کەخەڵک وکۆمەڵگە پەیوەندەی متمانە بەنوێنەری پیاو دەکەن هێندە متمانە بەژن ناکەن کەئەوەش بۆخۆی ستەمێکی تری کۆمەڵگەی پیاوسالاریە کەئەو دەرەنجامەی ئێستای هەیە.
چۆنایەتی گرنگە نەک چەندایەتی
هەرچەندە ڕێژەی کورسیەکانی ژنان لەئەنجومەنی نوێنەرانی پەرلەمانی عێراقدا بەپێی خواست و مافی تەواوی ژنان نیە بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەو نوێنەرانە ئەگەر بەئەرکی ڕاستەقینەی خۆیان هەستن و بتوانن دەنگی ڕەوای ژنان بن ئەوا دەکرێت زۆرێک لەیاساکانی دژ بەژن لەناو ئەویاساو حکومەتەدا بگۆڕن، ئەوەش بەکۆدەنگی نوێنەرانی ژن وبەهیزکردنی پەیوەندیەکانیان وپێداگری لەسەرمافەکانی ژنان دێتە ئەنجام، بەڵام بەداخەوە ئەوە نەکراوە، بۆیە ئەوەندەی چۆنیەتی کارکردن گرنگە هێندە چەندایەتی وژمارەی کورسیەکان گرنگ نین لەئێستای دۆخی ئەم ووڵات وحکومەتەدا، کاتێک ئەوان بەو ڕێژەیەوە ناتوانن یەکگرتوو هاودەنگ وپێداگربن گەر دووهێندەش بن ناتواننم بۆیە زۆر گرنگە لەئێستادا کاربکرێت بۆ ئەوەی ژنانی داکۆکیکارو هۆشیار بەمافەکانی ژنان بەربژێر بکرێن بۆناو پەرلەمان وخەڵک زیاتر دەنگ بەوانە بدات کەهیوایەکیان تێدایە بۆ داهاتووی ژنان و ئەم گەلە.