ژن سەرچاوەی دروستبوونی ژیانە لە مێژوو و ئێستای مرۆڤایەتیدا

ژن بەدەر لە ماڵ، منداڵ، دایکایەتی توانای پێشخستنی کۆمەڵگەی هەیە و پیرۆزی و هێزی ژن پەیوەستە بە بنەماکانی بەرەوپێشچوونی ژیانی مرۆڤایەتییەوە.

سلێمانی

 

ژن و ژیان دوو وشەی تەواوکەری یەکدین، کاریگەری ژنان لە سەرەتای دەستپێکردنی شارستانیەت و بەرەوپێچوونی مرۆڤایەتی و کۆمەڵگەکانەوە نیشان دەدات، بۆیەش ژن واتای ژیانەوە دەدات.

 

ئەگەر ژن مرۆڤێکی بێ ئیرادە بێت و خاوەنی کەسایەتییەکی نەخۆش بێت، خێزان و کۆمەڵگەیەکی نەخۆش و بێ ئیرادە بەرهەم دەهێنێت، بۆیە ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان دەڵێت: "ئازادی کۆمەڵگە پەیوەستە بە ئازادی ژنەوە"، ئەگەرچی تا ئێستا مێژووی ژنان نەنووسراوەتەوە و بە شاراوەیی ماوەتەوە، بەڵام نکوڵیش لە ڕۆڵ و پێگەی ژنان ناکرێت، کەلە سەرەتای مرۆڤایەتییەوە بە شۆڕشی کشتوکاڵ ژیانی تا ئاستی ئەمڕۆ گەیاندووە.

 

شۆڕشی کشتوکاڵ یەکەم هەنگاوی ژن بوو بۆ پەرەدان بە ژیان و بەرهەمهێنانی دانەوێلە کە تا ئەمڕۆش ئەو گەنمەی ژن دۆزییەوە و بەرهەمی هێنا، شەڕی گەورەی جیهانیی سیستمی پیاوسالاری و دەسەڵاتداری لەسەر دەکرێت، دروستکردنی کڵانەکان و کۆکردنەوەی مرۆڤەکان، بووە یەکەم کۆمەڵگە نیشتەجێبوونەکانی تا ڕۆژی ئەمڕۆش لە سایەی ئەو ڕێکخستنەی ژناندا، ژیان خۆی بە سیستم کردووە و هاوئاوازی یەکدی هەنگاو دەنێت، بۆیە سەرەتاییترین داهێنانەکان و هەنگاوی بەرەوپێشبردنی مرۆڤایەتی بۆ ژن دەگەڕێتەوە.

 

بە هێزی و پێشکەوتنی" ژن" واتا پێشکەوتنی ژیانی مرۆڤایەتی

بە پێشکەوتنی زانستی مرۆڤایەتی، شیکاری زەوی و شوێنەوارەکانی کۆمەڵگە شارستانییەکانی مرۆڤەکانی ڕابردوو، ئەوە دۆزراوەتەوە کە کۆمەڵگە مرۆڤایەتییەکانی پێشوو بە شێوەیەکی گشتی لەژێر بەڕێوەبردنی دەسەڵاتی ژناندا بوون، ئەمەش لەو وێنا سروشتییەوە سەرچاوەی گرتووە کە لەو سەردەمەدا بۆ ژن هەبووە و وایکردووە لە ڕابردوودا بگاتە ئاستی پەرستن، هەروەها ژنان لە مێژوودا خاوەن کۆمەڵێک پێگەی باڵادەستی وەکو دادوەر، ڕێنوێنیکار، سەرپەرشتیاری ژیانی کۆمەڵایەتی و پاراستنی کۆمەڵگە بووە، بەم پێیەش ناوی "خواوەندی ژن" یان "دایکی گەورە" یان لێدەنرا.

 

لە مێژوودا ژن بە فریشتەی ئاسمان و خواوەندی جەنگ دەناسرا، کە لەیەک کاتدا عاشقە و جەنگاوەریشە، ژن بەوە پێناسە کراوە کە دایکێکی دووگیانی میهرەبانە، مانگێکی پرشنگداری دیاری هەسارەی زوهرەیە، ڕووناکییەکی گەشە و هێمای درەوشانەوەیەکی هەمیشەییە، شۆڕشگێڕ و ساڕێژکاری برینەکانە، پاکیزەیەکی ئەبەدی و بەدیهێنەری مرۆڤە و شای دانایی و زاناییە، ئاوازی جەستەی هاوتایە لەگەڵ ئاوازی سروشتدا، هەریەک لەم سیفەتانە مرۆڤی کۆنی بە باوەڕییەکەوە گرێدا، کە ژن وەکو خواوەند سەیر دەکرا.

 

ئەگەرچی ڕۆڵی ژن لە ئاستی خوداوەندا بوو، بەڵام لەدوای دەوڵەتی ڕاهیبی سۆمەری و پیلانگێڕییەکانی شامانەکان بۆ لە پێگەی ژن دان و خستنی ڕۆڵەکەی لەسەر کۆمەڵگە و سروشت و ژیان و مرۆڤایەتی، کە ئەقڵیەتی پیاو ڕینوێنی دەکات، ئیدی خۆری باڵایی ژن ویسترا بەرەو ئاوابوون بچێت، دەوڵەتی ڕاهیبیی سۆمەر کە یەکەمین دەوڵەتی مێژووییە، لە ڕاستای پیلانگێڕیی سیستمی پیاوسالاریدا بونیاد نرا، دەوڵەت کە چەتەی مافەکانە بۆ یەکەم جار، ئیرادە و ورەی مرۆڤ زنجیر دەکات و زیگورات- زەقوراتەکان بنیاد دەنێت، تا هەموو کۆمەڵگە بکاتە چینایەتی و خۆشی وەک خودا و  شا لە بەشی سەرەوەی هەموو کۆمەڵگە بمێنێتەوە، لە دوای ئەوەش ئاستەکانی دیکەی کارمەندانی دەوڵەت و لە کۆتایشدا کۆیلە و بەندەکانی خودا و شا دەژین، کە بە کۆیلایەتی کۆمەڵگەکانی خوار خۆیان بەڕێوەدەبەن و تەنها پەیڕەوی لە خواستەکانی خۆیان دەکەن.

 

سیستمی دایک-ژن، ژیانێکی کۆمەڵایەتیی سروشتی بوو، خۆی لەسەر بنەمای پێکەوەژیان و سروشت و کارلێکە ژیانییەکان دەکرد، هیچ کەس باڵادەست نەبوو، دایکان بە پێی پێگەکەیان لەلایەن کۆمەڵگەوە کرابوونە خوداوەند، ئەم خوداوەندبوونەشی لەسەر بنەمای خزمەتەکانی بوو بە کۆمەڵگە، لە بەرامبەر ئەمەدا دەوڵەتی ڕاهیبی سۆمەری لەلایەن پیاوی بەرژەوەندخوازەوە دامەزرا و بە درێژایی هەزاران ساڵ تا ئەمڕۆ لە پێگەی ژن دەدات و بە ناوی فاحیشە و کۆیلە و ژنی ماڵ و دایک و ...هتد، ژن دەچەوسێنێتەوە و دەکوژێت و زیندەبەچاڵی دەکات و لە ژیان و کۆمەڵگە دووری دەخاتەوە.

 

لەم سەردەمەدا ژن ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە بەرەوپێشچوونی ژیان

ئەم ڕۆڵدانەی سیستمی سەرمایەداری و ئەقڵیەتی پیاو-دەوڵەت دەیداتە ژن، توانی هێزی خۆی تا سەدەی ٢١ بهێنێت، بەڵام لەم سەدەیە بە دواوە، ئەگەر سەیرێکی تێکۆشانی ژنان بکرێت، مۆری پێشکەوتن و گەڕانەوەی دەستکەوتەکانیان لەم سەدەیە داوە و "سەدەی ٢١ دەبێتە سەدەی ژن"یان کردووەتە دروشمی سەرەکی خۆیان.

 

ژنانی جیهان لە ساڵانی ١٨٠٠ەکانەوە بە ڕاپەڕین و داواکردنی سەرەتاییترین مافەکانیان توانیان دەستکەوتنی گرنگ لە بواری ژیانیدا بەدەستبهێنن، وەک مافی کارکردن، دەنگدان و بەشداری هەڵبژاردنەکان، یەکسانی ڕەگەزی، کۆتاییهێنان بە کۆیلایەتی نەتەوە بندەستەکان و .... چەندین مافی دیکە، ئەم هەنگاوەی ژنانیش تا ئاستی دەستکەوتی جیهانی بە جیهانیی بووە.

 

بەو پێیەی مرۆڤایەتی لە زنجیرەکانی زاگرۆس-تۆرۆس و میزۆپۆتامیا دەستی پێکردووە، کورد لەو ناوچەیەدا دەستێکی باڵای لە گۆڕانکارییەکان هەیە، ژنانی کورد، لە نەتەوە پێشینەکانی کە ئێستا وەک کۆک و بنچینەی کورد پێناسە دەکرێن، ئەم پێگە جیهانییەی ژنیان جێگیر کردووە و ڕەنگی خوداوەندیان بەخشیوە، ئێستاش کە کۆیلایەتی ڕەگی خۆی لە هەموو ئاست و کۆمەڵگەکان داوە، ژنانی کورد لە خۆڵەمێشەوە خۆیان دروستکردەوە و زیاتر لە ٤٠ ساڵە بە دوای حەقیقەتدا بە ئایدۆلۆژیای ڕزگاری ژن، شوێن پێی ژنانی خوداوەند دەدۆزنەوە و زیندووی دەکەنەوە، لە ١٠ ساڵەی رابردووشدا جگە لەو پێشکەوتنە کۆمەڵایەتییەی بە شۆڕشی کۆمەڵایەتی لە زیاتر لە ٤٠ ساڵدا بەدەستیان هێناوە، بە شەڕی چەکداری دژی تاریک پەرستترین هێزی جیهانی، کە داعشە و لە ناوەخنی خۆیدا ئیسلامی سیاسی و ئەقڵیەتی پیاو-دەوڵەتی وەرگرتووە و بنچینەکەی لە دەوڵەتی راهیبی سۆمەرییەوە دەهێنێتەوە، ژنان توانیان تێکی بشکێنن و جارێکی دیکە ژنانی کۆیلە بهێننەوە مەیدانی تێکۆشان و مۆری هێزی ژن لە هەموو کایەیەک بدەن.