ژنانی ئەفغانستان لە مێژووی هونەر و تێکۆشاندا دەستێکی باڵایان هەیە...٦

"بەخشینی باج بە تاڵیبان خیانەتێکی نیشتمانییە!"

بەهاران لاهیب

 

کابول- لە ٢٠ ساڵی ڕابردوودا و لە ژێر دەسەڵاتی ناتۆ و حکومەتی بوکەڵەی ئەمریکادا، ژنانی ئەفغانی دووبارە بوونە قوربانی و لەبەرامبەریشدا درێژەیان بە خەباتی خۆیانداوە، سەرەڕای مەترسی و سەختییەکان ژنان لە پاش داگیرکردنەوەی ئەفغانستان بێدەنگ نەبوون و لە شەڕی چەند ساڵەیان بۆ مافەکانیان بەردەوامن.

 

ئەمریکا بە هاوکاری ٤٥ وڵاتی زلهێزی دیکە لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٠١ بە دروشمی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و دەستەبەرکردنی مافەکانی ژنان هێرشی کردە سەر ئەفغانستان، لە ٧ ئۆکتۆبەرەوە تا ١٥ی ئابی ٢٠٢١ حکومەتی بوکەڵەی ئەمریکا لە ئەفغانستان وڵاتەکەی کردە گەندەڵترین و نائاسایشترین، دژە ژن و ناخۆشترین وڵاتی جیهان. ئامانجی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بە داگیرکردنی ئەفغانستان دابینکردنی ئاشتی و ئارامی و مافی ژنان نەبوو بۆ ئەفغانییەکان، بەڵکو بەرژەوەندییە سیاسی و ستراتیژی و ئابوورییەکانی خۆیان لە پێشینەی کارەکانیاندا بوو.

 

لەو بیست ساڵەدا لە هەموو گۆشەیەکی ئەفغانستان شەڕ لە نێوان تاڵیبان و هێزەکانی حکومەت ڕوویدا، ئەو ئامارە فەرمییانەی کە حکومەتی ئەفغانستان ڕایگەیاندووە، دەریدەخات کە ڕۆژانە زیاتر لە دوو سەد سەربازی ئەفغانستان کوژراون، ژمارەیەکی زۆر لە قەزا و گوندەکانی ئەفغانستان بەدەست تاڵیبانەوە بوون، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئاماری هەژاری و بێکاری و هێرشی خۆکوژی و کوشتن و کوشتنی ژنان و توندوتیژی خێزانی و کوشتنی شەرەف و دەستدرێژی و بەردباران و سەدان تاوانی دیکە لە کۆمەڵگەدا زیادی دەکرد.

 

لەگەڵ ڕووخانی حکومەتی تاڵیبان و دامەزراندنی حکومەتێکی نوێ بە پاڵپشتی ئەمریکا، لۆیا جیرگە (کۆبوونەوەی سەرجەم نوێنەران) بۆ ڕێکخستن و پەسەندکردنی دەستووری نوێی وڵاتەکە پێکهێنرا، زۆرینەی ئەو کەسانەی بەشداریان لەم جیرگەیەدا کردووە، سەرکردە و فەرماندەی گروپە بناژۆخوازەکان لە ئەفغانستان بوون کە لە ساڵانی ١٣٧٠-١٣٧٥ لە شەڕی ناوخۆدا بەشدارییان کردووە و تاوانی جەنگیان ئەنجامداوە. ژنانیش بەشداریان لەم جیرگەیەدا کردووە، لە نێویاندا ژنێک بە ناوی مەلالی جۆیا کە خەڵکی پارێزگای فەرەح بوو، مەلالی بە کورتە وتارەکەی کاریگەری گەورەی لە جیرگەدا بەجێهێشت، جادووی بێدەنگی و ترسی بەرامبەر تاوانباران شکاند و بە تاوانباری جەنگ ناوی بردن و داوای دادگاییکردنیانی کرد، لەو ڕۆژەوە مەلالی جۆیا بوو بە ڕەمزی ئازایەتی و بەشدارییەکی بەنرخی لە شەڕی بناژۆخوازی و دژە داگیرکەراندا کرد.

 

لە ساڵی ٢٠٠٥ مەلالی جۆیا وەک نوێنەری گەلی فەرەح بە زۆرترین دەنگ هاتە ناو پەرلەمانی ئەفغانستان. بە بێدەنگی لەوێ دانەنیشت و درێژەی بە ئاشکراکردنەکانی دا، تا پەرلەمانی ئەفغانستانی بە "درێژ" ناوبرد و ئەمەش وایکرد تیمی ئیخوان لە پەرلەمان دەربکەن.

 

بەلقیس ڕۆشەن، دەنگی ئازار چێشتووانی ئەفغانستان

بەلقیس ڕۆشەن، نوێنەری گەلی ئەفغانستان لە پەرلەمان، خەڵکی پارێزگای فەرەح بوو، لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکاندا بۆ ئەنجومەنی پارێزگای فەرەح هەڵبژێردرا، بەهۆی ئەو خزمەتە زۆرانەی پێشکەشی خەڵکی ئەو پارێزگایە و بەتایبەت خەڵکی گوندە دوورەدەستەکانی کردبوو، لە خولی دووەمی ئەنجومەنی پارێزگاکاندا خۆی کاندید کرد و بە پێداگری و پشتیوانی خەڵکی ناوچەکە و سەرکەوتنی زۆرترین ژمارەی دەنگەکانی پارێزگای فەرەح بۆ ئەنجومەنی پیرانی ئەفغانستان هەڵبژێردرا.

 

لە ساڵی ١٣٩٢ کاتێک حکومەتی ئەفغانستان بە سەرۆکایەتی کارزای ٢٥٠٠ نوێنەری بانگهێشت کرد بۆ گفتوگۆکردن لەسەر واژۆکردنی ڕێککەوتنی ئەمنی نێوان ئەفغانستان و ئەمریکا، بەلقیس ڕۆشان تاکە ژن بوو کە دژی واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە بوو، بە دروشمی "پەیماننامە لەگەڵ ئەمریکا خیانەتە!" هۆڵی لۆیە جیرگەی بەجێهێشت.

 

لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ساڵی ٢٠١٧، بەلقیس ڕۆشان کاندیدی پەرلەمان بوو لە پارێزگای فەرەحەوە، بوو بە دەنگی خەڵکی ئازارچێشتووی وڵاتەکەی و بە بەکارهێنانی پلاتفۆرمی پەرلەمان و میدیایی لە دژی هەموو جۆرە نادادپەروەری و نەرێنییەک دەنگی بەرزکردەوە.

 

لە ساڵی ١٣٩٩ حکومەتی غەنی جارێکی تر لۆیا جیرگەی لە کابول ئەنجامدا بۆ ئازادکردنی ٥ هەزار تاڵیبان لە زیندان، بەلقیس بەشداری ئەم جیرگەیەی کرد، بە دروشمی "پێدانی باج بە تاڵیبان خیانەتێکی نیشتمانییە!" کە بە دەستییەوە بوو، ناڕەزایەتی دەربڕی و لەلایەن یەکێک لە ژنە ئەمنییەکانی غەنی هێرشی کرایە سەر.

 

هەرچەندە بەلقیس نوێنەری خەڵکی فەرەح بوو لە پەرلەمان، بەڵام بیرکردنەوە و قسەکانی هەمیشە ڕاستن، هەر بۆیەش لە دڵی هەموو گەلێکی ئەفغانستاندا جێگەی خۆی هەیە و خەڵک هەمیشە وەک ژنێکی قارەمان و ئازا و چاونەترس ڕێزی لێدەگرن.

 

سیلی غەفار، تاوانباران و گەندەڵکارانی ئاشکرا کرد

سیلی غەفار، وتەبێژی "پارتی هاوپشتی ئەفغانستان" (یەکێک لەو کەمە پارتە دیموکراسیانەی ئەفغانستان کە چالاکیی بەرفراوانیان هەبوو و بەشدارییەکی بەنرخی لە هۆشیاری خەڵکدا کردبوو) بوو، سیلی لە ماوەی چالاکییەکانیدا دەنگی خەڵکی ئەفغانستان بوو و هەمیشە تاوانباران و گەندەڵکارانی ئاشکرا دەکرد.

 

دوای گەڕانەوەی تاڵیبان و گۆڕینی ژیانی خەڵک، ژنانی ئەفغانستان لە سەرتاسەری وڵات، لە شوێنە دوورەکان ناڕەزایەتیان دەربڕی، هەرچەندە ڕووبەڕووی مامەڵەی دڕندانەی تاڵیبان بوونەتەوە، بەڵام هێشتا ژنان ئاڵای ئازادییان دانەناوە.