ژنانی ئەفغانستان لە مێژووی هونەر و تێکۆشاندا دەستێکی باڵایان هەیە...٢

کاتێک ئاماژە بە مێژووی ئەفغانستان دەکرێت، کەمتر باس لە ڕۆڵی ژنان لە تێکۆشان یان ئەو ستەمانەی کە لەلایەن دەسەڵاتداران و کۆمەڵگەی پیاوسالارییەوە بەسەریاندا کراوە، دەکرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ناکرێت پشتگوێ بخرێن.

بەهاران لاهیب

کابول- دەکرێت بڵێین سەردەمی ئەمیر عەبدولڕەحمان خان (١٨٤٠-١٩٠١) قۆناغێکی تاریک بووە بۆ هەموو خەڵکی بە تایبەت ژنان، کاتێک بە پشتیوانی ئینگلتەرا لەسەر تەختی پاشایەتی دانرا و لە ماوەی حوکمڕانییەکەیدا وەک پاشایەکی ڕەها جگە لە شەڕە ناوخۆییەکان، چەندین تاوانی ئەنجامدا، لەوانە، واژۆکردنی هێڵی(دوراند) بوو لەگەڵ هندستانی ژێردەسەڵاتی بەریتانیا ؛ هێرشکردنە سەر بلورستان (بەهۆی ئایینی جیاوازەوە، موسڵمانەکان ئەم هەرێمەیان وەکوو کافرستان ناوزەد دەکرد و پاسانەکان بە زۆرەملێ ئایینیان گۆران و بوونە موسڵمان و وەکوو  نورستان ناویان دەبرد. ناچارکردنی خەڵکی ناوچەکە بۆئەوەی ببنە موسڵمان و فەرمانی کوشتنی بەکۆمەڵی نەتەوەی هەزارە.

 

کاتێک هێزەکانی عەبدوڕەحمان خان هێرش دەکەنە سەر ئوروزگان بۆ کۆمەڵکوژی نەتەوەی هەزارە، گەنجان و پیرەکان دەکوژن و ماڵەکان ئاگر تێبەردەدەن و دەستدرێژی دەکەنە سەر ژنان، لەم پڕۆسەیەدا ژنێکی ئازا بە ناوی شیرین، لەگەڵ ٤٠ هاوڕێی دیکەیدا دژی هەموو ئەو تاوانانە دەوەستنەوە کاتێک هێزەکانی عەبدولڕەحمان خان بەسەریاندا زاڵ دەبن، ئەم ژنە ئازایانە ناچار دەبن بە پێ لە هێڵی بەرگریدا پاشەکشە بکەن بۆ کابول و لە یەکێک لە چیاکانی کابول دەمێننەوە، بەڵام هێزەکانی عەبدوڕەحمان خان بەرەو لوتکەی شاخەکە هەڵدەکشێن و هێرش دەکەنە سەریان، شیرین و هەڤاڵەکانی بۆ ماوەی شەو و ڕۆژێک بە بەرد بەرگری لە خۆیان دەکەن، بەڵام دواجار شکست دێنن، ئەو ژنانە کاتێک تێدەگەن کە دوژمن لێیان نزیک دەبێتەوە، ناچار دەبن لە شاخەوە خۆیان فڕێ بدەنە خوارەوە و لە ئەنجامدا گیان لەدەستدەدەن، دوای ڕووخانی حکوومەتی خۆسەپێنی عەبدولڕەحمان خان، ئەم شاخە ناوی لێنرا "چیای چل کچ".

 

مەخفی بەدەخشی یان بیگم نەسەب، یەکێکە لە شاعیرانی سەردەمی ئەمیر عەبدولڕەحمان خانە کە لە ساڵی ١٢٥٥ لە شاری بەدەخشان لەدایک بووە و لە ساڵی ١٣٤٢ کۆچی دوایی کردووە، لە تەمەنی شانزە ساڵیدا دەستیکرد بە نووسینی شیعر و دوور لە سیاسەتمەداران و پیرانی گەلەکەی دەستی کرد بە فێربوونی زانست، عەبدولڕەحمان خانی، باوکیى(بەدەخشی) کە یەکێک بوو لە ئەمیرەکانی بەدەخشان دوور دەخاتەوە بۆ قەندەهار، بەدەخشی هەموو تەمەنی لە ئاوارەیی لەگەڵ بنەماڵەکەی بەسەر بردووە و دیوانێکی شیعری لە دوای خۆی بەجێهێشتووە.

 

بەدەخشی نامەیەکی بۆ مەحجوبە هێراوی نووسیوە کە تێیدا لەبارەی ئازارە باوەکانیانەوە دەنووسێت، ئەویش چەوساندنەوەی ژنان لەلایەن پیاوانەوەیە، شیعرەکانی بەدەخشی ڕەنگدانەوەی ئازارەکانی خەڵک و چەوساندنەوەکانی ئەمیر عەبدولڕەحمان خانە.

 

نموونەیەک لە شیعری مەخفی بەدەخشی:

بشكێنە ئەو دەستەی کە خەمی لە گەردن نەکردەوە

کوێر بێ، ئەو چاوەی کە چێژی لە بینین نەدیت

سەد بەهار تێپەڕی و هەر گوڵێک لە شوێنێک پشکوت

خونچەی باخی دڵمان جوان نەبوو

 

(بشکند دستی که خم در گردن یاری نشد        کور به، چشمی که لذت گیر دیداری نشد

صد بهار آخر شد و هر گل به فرقی جا گرفت   غنچه باغ دل ما زیب دستاری نشد)

 

بیبی سەنگی یان مریەم لە ساڵی ١٢٤٣ لە بنەماڵەیەکی چەکداری لەدایکبووە، باوکی ناسراوە بە بابا غازی و یەکێک بوو لە فەرماندەکانی جەنگ لە شەڕی یەکەم و دووەمی ئەفغانستان و بەریتانیا. بیبی سەنگی لە شیعرەکانیدا تاوانەکانی ئەمیر عەبدولڕەحمان خانی باسکردووە و ئەمەش وایکردووە بە فەرمانی عەبدولڕەحمان ڕەوانەی زیندان بکرێت، ترسی عەبدوڕەحمان لە قسەخۆشی و مەعریفە و هۆشیاری بیبی سەنگی کە نەکا ژنانی دیکە لەو زیندانە ئاگادار بکاتەوە و سەرئێشەیەکی دیکە بۆ حکومەتەکەی دروست بکات، بۆیە فەرمانیدا کە بینی سەنگی لە ژووری تاکەکەسیدا زیندانی بکرێت و بۆ ئەم مەبەستەش بەرپرسی زیندانەکە، بە فەرمانی عەبدولڕەحمان خان، لە ماوەی سێ ڕۆژدا ژوورێکی بەردی لە ناوچەی دووری شاری کابول دروستکرد و گواستییەوە بۆ ئەوێ، هاوژینەکەی بیبی سەنگی کە لە دادگای عەبدولڕەحمان کاری دەکرد، دەچێتە لای عەبدولڕەحمان بۆ ئەوەی لە سەنگی خۆش بێت و داوای ئازادکردنی دەکات، دوای ماوەیەکی زۆر ئەو شاعیرە ژنە ئازاد کرا، ئێستاش دوای تێپەڕینی ئەو هەموو ساڵە  دوو ناوچەی گەورە لە کابول بە ناویی بببیەوە ناو نراوە و بووەتە بەشێک لە مێژووی ژنانی ئەفغانستان کە ڕۆڵیان لە هونەر و تێکۆشاندا هەبووە.