هەلهەلە، دەنگێکی ڕاستەقینە لە ناخی ژنەوە

دایکانی کورد لە سەردەمە جیاوازەکان و بەتایبەت لە شۆڕشدا ترسیان لە دڵی دوژمن و خۆشی سەرکەوتنیان بە هەلهەلە لێدان دەربڕیوە.

ژیان عەلی

 

سلێمانی- مرۆڤ بونەوەرێکە پڕە لە هەستی جیاواز، وەک تووڕەیی، شادی، کین و نەفرەت، خۆشەویستی، بۆ دەربڕینی هەریەک لەو هەستانە شێوازێکی جیاواز هەیە، کە ھەلھەلە یەکێکە لەو شێوازانە، لە خۆشی و ناخۆشیدا لەلایەن ژنانەوە لێدەدرێت.

 

لە هەر کۆمەڵگەیەکدا بۆ دەربڕینی هەستە جیاوازەکان، بە پێی دابونەریت شێوازی تایبەت بەکاردەهێنرێت، بەڵام بناغەی هەندێکیان دەگەرێتەوە بۆ ڕەنگی ژن و ژیان، بۆیە دەکرێت بڵێین هەلهەلە هەستێکی  هاوبەشی ژنانە، بەتایبەت لە کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆ دەربڕینی خۆشی و ناخۆشییەکانی ژیان.

 

ئەم شێوازە دەربڕینە لە سێ قۆناغی ژیانی مرۆڤەکان بەکاردەھێنرێت وەک شایی، شین یان گیان لەدەستدانی مرۆڤەکان و هاوکات لە کاتی بەدنیا هاتنی منداڵ دایە، لەلای هەندێک لە نەتەوەکان وەک عەرەب پێی دەوترێت زەغرووتا، کورد دەڵێت هەلهەلە یان تلیلی، فارسیش دەڵێت هێلهێلێ، ئەمەش هاوبەشی کولتوورەکان لەناو نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا نیشان دەدات.

 

بەڵام ئایا دروستبوونی هەلهەلە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ کەی و چۆن دروستبووە؟

چەندین بۆچوونی جیاواز هەیە لەبارەی ھەلھەلە لێدانەوە، بەپێی هەندێک سەرچاوە باس لەوە دەکرێت، بەرلەوەی وشە سەرهەڵبدات، هەر لە دێر زەمانەوە هەلهەلە ڕێگایەک بووە بۆ لەیەک تێگەیشن و قسەکردن لە بەینی تاکەکاندا. یەکێکی دیکە لە بۆچوونەکان باس لەوە دەکات یەکێک لە خوداوەندە ژنەکان بە ناوی لیلیت لە کاتی وێرانکردنی شاری ئووردا لەلایەن سەردەستەکانەوە، لە بەرامبەر بەو دۆخە وەکو هەڵوێست و ناڕەزایەتی دەربڕینێک هەلهەلە لێدەدات. 

 

لە ئێستادا ئەمە بووەتە نەریتێک و لەلایەن ژنانەوە لە شایی، شین و سەرکەوتن بەسەر دوژمن و بۆ دەربڕینی ناخیان لە خۆشی و ناخۆشییەکانی ژیانیان هەلهەلە لێدەدەن، هەست و هەڵوێستەکانی دەروونیان بەم شێوەیە پیشان دەدەن. زۆر کەسیش پێیان وایە هەلهەلە لێدان لاوازی ژن پیشان دەدات، بەڵام هەلهەلە لێدان نەک تەنها بەو واتایە نایەت، بەڵکوو واتای ئەوە دەگەیەنێت ژنان ناهەقی قبووڵ ناکەن و بەم شێوەیە بەرامبەر ناحەقی دا هەڵوێست وەردەگرن.

 

هەرچەندە لەلایەن سیستەمی سەردەست و ئەقڵییەتی پیاوسالارییەوە هەوڵدرا کە ئەم جۆرە هەڵوێستە لە ژنان قەدەغە بکرێت، بەڵام ژنان دەستیان لەم دەربڕینە هەڵنەگرت و لە زۆر شوێن و شۆڕشدا بووە هۆی ترس لەلای هێرشکار، بۆ نموونە ژنانی شەڕڤان لە کاتی هێرشەکانی داعش بۆ سەر کۆبانێ بە لێدانی هەلهەلە ترسێکی گەورەیان خستبووە دڵی دوژمن و لە هەر شوێنێک ژنان هەلهەلەیان لێدەدا داعش لەو شوێنە دوور دەکەوتەوە.

 

دایکان کاتێک لە باکووری کوردستان شکستیان بە هێرشە سەرکوتکەرانەکانی دەوڵەتی تورک دەهێنا، هەلهەلەی سەرکەوتینیان لێدەدا، ئێستاش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دایکان بەلێدانی هەلهەلە تەرمی ڕۆڵەکانیان، کە بەرامبەر زۆڵم و ستەمی دەیان ساڵەی ڕژێمی ئێراندا گیانیان بەختکردووە، دەنێژن.

 

هەلهەلە بووەتە سەرچاوەی شۆڕش، ئەم ڕەوتە تەنیا لە یەک شوێن قەتیس نەماوە بەڵکوو سوور پێستەکان، هیندییەکان، عەرەب و فارسیش وەکوو ڕێگای دەربڕنی هەستەکانیان لەلایەن ژنانەوە بەردەوامیان پێداوە، هاوکات لێدانی هەلهەلە لە لایەن ژنانی سەرھەڵدێرەوە لێدەدرا و لێدەدرێت.