پانۆڕاما، لە کامپی مەخموور ساڵێک بەرخۆدان و تێکۆشان بەڕێکرا

ساڵی ٢٠٢٣ ساڵێکی تری بەرخۆدانی بوو بۆ کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی-مەخموور و بە هاواری "ژن، ژیان، ئازادی" بۆ جارێکی تر بوو بە هێمای هێز و بەرخۆدانی ژنانی کورد.

بەرژین کارا

 

مەخموور- ساڵی ٢٠٢٣ کامپی مەخموور خەبات و بەرخۆدان و جێپەنجەی خۆی لەسەر مێژووی ٣٠ ساڵەی پەنابەران بەجێهێشت، لە بەرخۆدانیاندا هەر لەو ڕۆژەوە کە کۆچیان کرد تا ئەمڕۆ، هەموو ساڵێک و هەموو ڕۆژێک و هەر ساتێک بە ڕاپەڕاندنی چالاکییەکانیان بەڵێنیان بە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دووبارە دەکەنەوە، هەر لە مناڵانەوە کە تازە پێیان دانابوو تا دەگاتە کەسانی ٩٠ ساڵ لە بەرخۆداندان دژی هەر جۆرە داگیرکاری و هێرشێک و هەموو ئامانجدیان شکاندنی دەرگای ئیمراڵی و گۆشەگیری سەر ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالانە.

 

لە ناو ئەو بەرخۆدانییەدا، ژنان نەک هەر لە دژی هێرشەکان، بەڵکو لە بەرامبەر ئەو عەقڵیەتە دواکەوتووانەی کە ژنان بە کۆیلە دەکات، هێزی یەکلاکەرەوەی خۆیان نیشان دا، لە هیواوە ژیان و لە ژیانەوە هیوایان خوڵقاند، سەرەڕای ئەو ناخۆشی و سەختییەی کە ڕووبەڕووی دەبوونەوە، ساڵەکەیان بە هونەر و کولتوور و دەنگ و ڕەنگ و چالاکیی و خەبات ڕازاندەوە.

 

ژنان لە مەیدان بوون دژی گۆشەگیری

ئەمساڵ لە چوارچێوەی چالاکیی شکاندنی گۆشەگیری و ئازادی جەستەیی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری گەلی کورد لە کامپی پەنابەرانی مەخموور لە ١١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢ بە دروشمی 'دوێنێ تێپەڕی، سبەی درەنگە، ئێستا گۆشەگیری دەشکێنین' مانگرتنی ئازادی دەستی پێکرد و لە ١ی شوباتی ٢٠٢٣ گۆڕا بۆ مانگرتنی بازنەیی و لە ٨ی ئادار کۆتایی هات، لە ٢٠ی تەمموزیشدا جارێکی دیکە مانگرتن بە ئامانجی ئازادی جەستەیی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری گەلی کورد دەستیپێکردەوە و بە ئیرادەیەکی بەهێزەوە تا ئێستا بەردوامە.

 

دانیشتووانی کامپەکە لە دژی گۆشەگیری نێودەوڵەتی ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ ڕێپێوانێکی جەماوەرییان لە دژی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان ڕێکخست و بە توڕەیییەکی زۆرەوە پیلانگێڕی و پیلانگێڕەکانیان ئیدانە کرد.

 

هەروەها هەموو ساڵێک لە مانگی نیساندا بە فێستیڤاڵ و چالاکی جۆراوجۆر یادی لەدایکبوونی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان بەرز رادەگیرێت و ئەمساڵیش ئەنجومەنی عەشتار بە ئاهەنگ گێران یادی ٧٥ ساڵەی لەدایکبوونی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالانیان بەرز ڕاگرت، هەروەها لە زنجیرە چالاکییەکانی ناوچەی پەروەردەدا، پێشانگایەکی هونەری کرایەوە کە تیایدا خوێندکاران لێهاتوویی خۆیان پێشکەش کرد، پێشبڕکێی وەرزشی لە قوتابخانەکان ئەنجامدرا، نەمام چاندن و کات بەسەربردن ئەنجامدرا و بە ئاهەنگێکی جەماوەری و بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە ئەم ڕۆژە پیرۆز کرا.

 

بە پێشەنگایەتی ئەنجومەنی عەشتار کۆخەباتی "بە پارادایمی ڕێبەر ئاپۆ، ژنێکی ئازاد، کۆمەڵگەیەکی ئازاد سەرلەنوێ بنیاد دەنرێتەوە" بەڕێوەچوو، تیایدا باس لە گرنگی پێشەنگایەتی و دەستکەوتەکانی ژنان، چ جۆرە پەیوەندییەک لە نێوان ژنان و ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان هەیە؟ لایەنە فەلسەفی و ژیانییەکانی 'ژن، ژیان، ئازادی' چین؟ و ...هتد کرا.

 

هەروەها بە پێشەنگایەتی بزووتنەوەی ژنانی گەنج و بزووتنەوەی لاوانی مەخموور، بە دروشمی 'نامەیەک بۆ ڕێبەر بنووسە'، هەنگاوی نووسینی نامەیەک بۆ ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان دەستیپێکرد.

 

٩ی تشرینی یەکەم، ساڵڕۆژی پیلانگێڕی نێودەوڵەتی دژی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان بە بەیاننامەیەک و ڕێپێوانێکی جەماوەری ئیدانە کرا، دانیشتوانی کامپەکە بەشدارییان لە هەڵمەتی 'ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی کێشەی کورد' کرد و لە چوارچێوەی ئەو کامپینەشدا چەندن چالاکی بەڕێوەچوون.

 

دوای ئەو بوومەلەرزەیەی کە لە ٤ی کانوونی دووەم لە گەملیک ڕوویدا، دانیشتوانی کامپەکە زیاتر نیگەران و تووڕە بوون و ڕێپێوانێکی جەماوەرییان ڕێکخست بۆ تیشک خستنەسەر بارودۆخی ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان.

 

کار و چالاکییەکانی ژنان و خەڵکی کامپ:

ئەنجومەنی عەشتار لە ٨ی ئازار بە دروشمی 'بە هاواری ژن، ژیان و ئازادی تەونی ژیان دەچنین' دەستیپێکرد، ٨ی ئازار بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە پێشوازی لێکرا، پێشانگا کرایەوە، ڕێپێوانێک ئەنجامدرا و ژنانی گەنج کارتیان بڵاوکردەوە، چەندین سیمیناریش پێشکەش کرا.

 

بۆ ئاهەنگی نەورۆز ڕێپێوانی بە مەشخەڵ ساز کرا و ئاگر لەناو کامپەکە و لەسەر شاخی قەرەچوغ هەڵکرا، ٢١ی ئاداریش ئاهەنگی جەماوەری بەڕێوەچوو.

 

لەماوەی ئەمساڵدا ڕێپێوان ئەنجامدرا و لێدوان لە پرسە و گۆڕستانی شەهیدان لە دژی هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوای کوردستان، شەنگال، مەخموور، ناوچەکانی پاراستنی میدیا و خیانەتەکانی پەدەکە دران، لە هەموو چالاکییەکانیشدا خەڵکی کامپەکە پابەندبوونی خۆیان بە ئامانجی شەهیدان دووپات کردەوە.

 

هەروەها شەهیدان سێڤێ دەمیر، فاتمە ئویار، پاکیزە نایر، ساکینە جانسیز، فیدان دۆغان، لەیلا شایلەمەز، زەینەب ئەردەم، ڤیان سۆران، زیلان، ڕوکەن، سارا، بێریتان، ئەڤین گۆیی و گیانفیدایانی بواری پەروەردە، دایکی ئووەیش و ژنانی دیکەی تێكۆشەر بەبیرهێنرانەوە، بە بۆنەی یەکەمین ساڵیادی نەگیهان ئاکارسال، لێدوانێک بە دروشمی 'دەسەڵاتی جیهان لێپرسینەوە لە بکوژانی نەگیهان ئاکارسال دەکات' درا و دەنیز فیرات لەلایەن هاوکارەکانیەوە بە پێشانگایەکی وێنەیی یادی کرایەوە، یادی هۆزان مزگین لەلایەن گروپی کەوانی زێڕینەوە بەرز ڕاگیرا و لە مەراسیمەکەدا ناوی خۆیان گۆڕی بۆ ئەستێرەی زێڕین.

 

لەلایەن ناوەندی ژنۆلۆژی، ئەکادیمیای شەهید ژیان و ئەکادیمیای تەندروستی خولی پەروەردە بۆ ژنان کرایەوە، هەروەها دامەزراوەی ژنان چەندین خولی فێربوونی دروومانی کردەوە و ژمارەیەکی زۆر لە ژنان بەشداریان کرد.

 

بزووتنەوەی ژنانی گەنج سیمپۆزیۆمێکی بە دروشمی 'ئازادی لە بەرامبەر شەڕی تایبەتدا سەردەکەوێت' ڕێکخست،  ئەستێرەی زێرینیش خولێکی هونەری بۆ گەنجان و منداڵان لە پشووی هاویندا کردەوە و ماوەی سێ مانگ بە بەشداری ١٢٠ کەس بەردەوام بوو، هەروەها شەشەمین کۆنفرانسی تەندروستی بە دروشمی 'لە دژی سیستەمی سەرمایەداری، تەندروستی بەدیل بنیات دەنێین' بەڕێوەچوو.

 

لە ١٩ی تەمموزدا لە کامپەکە بە ئاهەنگێکی گەورە یادی شۆڕشی ڕۆژئاوا کرایەوە و ٢٤ی تەمموزیش بە بەیاننایەک لەلایەن گەلی مەخموورەوە ڕێککەوتنی لۆزان شەرمەزار کرا.

 

ژنانی مەخموور پشتگیری هەڵمەتەکەی کەژەکەیان کرد

کۆردیناسیۆنی کەژەکە لە ٣-١٥ی ئابدا هەڵمەتێکی بۆ ژنانی شەنگال و ئەفغانستان بە دروشمی 'ئێمە دژی هێرشی پیاوانی هەژموونخواز لەگەڵ ژنانی ئەفغان و شەنگالین' دەستیپێکرد، ئەنجومەنی عەشتاریش لە ٢ی ئاب بە بەیاننامەیەک دەستپێکردنی چالاکییەکانی ڕاگەیاند و بە دوای ئەوەدا، سیمینار، ڕێپێوان و پلاتفۆڕمی ئازاد ڕێکخران، چەندین پۆستەر لە کامپەکەدا هەڵواسران و نامە بۆ ژنانی شەنگال و ئەفغانستان بەناوی ژنانی کامپەوە نووسرا.

 

شەشەمین کۆنفرانسی ژنانی مامۆستایانی کامپی مەخموور بە بەشداری ١٢٠ نوێنەر، بە دروشمی 'ئامانجمان بەدەستهێنانی ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆیە' بەڕێوەچوو، ڕۆژی ١٦ی ئەیلولیش بە پێشەنگایەتی ئەنجومەنی عەشتار لە ساڵیادی سەرهەڵدانی "ژن، ژیان، ئازادی: بەیاننامەیەک خوێندرایەوە، یازدەهەمین کۆنفرانسی دەزگای بنەماڵەی خانەوادەی شەهیدان بە دروشمی "تۆڵەسەندنەوە لەگەڵ شەهیدان ژیانێکی ڕاستەقینەیە" بەڕێوەچوو.

 

ئەنجوومەنی عەشتار ٢٥ی تشرینی دووەم، ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، بە دروشمی "بە هاواری ژن، ژیان، ئازادی تەونی ژیان دەچنین" دەستپێکردنی چالاکییەکانی ڕاگەیاند و چەندین سیمینار و پانێڵ و ڕێپێوان ڕێکخران.

ڕۆژی ١٩ی تشرینی یەکەمیش، ١٣مین کۆنفرانسی ئەنجومەنی عەشتار بە دروشمی "لەگەڵ ژنێکی ئازاد بەرەو ئایندەیەکی ئازاد هەنگاو دەنێین" بەسترا.

 

سیاسەت و دۆخی کامپ:

لە ٢٠ی ئایار حکومەتی عێراق بە ئامانجی گەمارۆدانی بە سیاج و چاڵ ڕووی لە کامپەکە کرد، بەڵام دانیشتوانی کامپەکە بە خۆڕاگری خۆیان بۆ ماوەی ١٦ ڕۆژ ئامانجی حکومەتی عێراقیان تێکشکاند و لە ماوەی بەرخۆدانی ١٦ ڕۆژەیاندا چادر دانرا و بەیاننامە و گردبوونەوە ڕێکخرا.

 

لە ٧ی تشرینی یەکەم هێرشێکی ئاسمانی لەلایەن فڕۆکەیەکی بێ سەرنشینی دەوڵەتی تورکەوە بۆ سەر مزگەوتی کامپەکە ئەنجامدرا، لە ئەنجامدا ٢ منداڵ و دایکێک بریندار بوون، دوای ئەوە گەل بە توڕەیی زۆرەوە ڕێپێوانێکی جەماوەری ئەنجامدا و ئیرادەی خۆیان بۆ بەرەنگاربوونەوە دووپات کردەوە.

١٣ی تشرینی یەکەم، دەوڵەتی داگیرکەری تورک جارێکی دیکە ماڵێکی کامپێکی کردە ئامانج و بۆردوومانی کرد، لە ئەنجامدا دایکێکی تەمەن ٥٠ ساڵ بریندار بوو، خەڵکی ئۆردوگاکە بە بەیاننامەیەک و ڕێپێوانێکی جەماوەری ئەم هێرشبەرانە و هاوکارەکانیان شەرمەزار کرد، چوار ڕۆژ دوای ئەو هێرشە، لە ١٧ی مانگدا، هێرشێک بۆ سەر ئۆتۆمبێلی مەدەنیی کامپەکە لە کۆیە کرا و لە ئەنجامدا گەنجێک بە ناوی دیلۆڤان ئیشلەک گیانی لەدەستدا، دانیشتوانی کامپەکە دیلۆڤان ئیشلەکیان لە کامپەکە بە خاک سپارد و دڵسۆزی خۆیان بۆ شەهیدان دووپاتکردەوە.

 

لە هەمان ڕۆژدا ٥ کرێکاری کامپەکە لەلایەن پەدەکەوە دەستگیرکران، ١٩ی تشرینی یەکەمیش فەرماندەیی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، سەرجەم هێزەکانیان لە کامپی مەخموور کشاونەتەوە، دوابەدوای ئەوە، هێزەکانی لیوای ١٤ی سوپای عێراق لەو شوێنانە جێگیرکران کە هێزەکانی هەپەگە چۆڵیان کردبوو، لە ٢٢ی تشرینی یەکەمدا پێکدادانێک لە نێوان هێزەکانی عێراق و پەدەکە ڕوویدا و لە ئەنجامدا کوژراو و برینداری لێکەوتەوە.

 

بە درێژایی ساڵەکەش چەندین چالاکی دیکەی وەک، سیمینار، بەیاننامە و ڕێپێوان و ...هتد، دژی خیانەت و گەمارۆدانی پەدەکە و کردەوەکانی حکومەتی عێراق ڕێکخران.